ونبوونی سلێمانی لەنێو گەمەی یەکترسەرزەنشتکردن

نەوزاد جەمال
  2022-04-11     590

"کاتێک تۆ ئەوانیتر سەرزەنشتدەکەیت، دەست لەتوانای خۆشت بۆ گۆڕانکاریی هەڵدەگریتن". رۆببەرت ئەنتۆنی

 

شارێک بەوتەمەنە کەمەیەوە، وەک پڵێنگێکی پیرو ماندووی لێهاتووە. بەهۆی ملنەدانی بۆ خواستی گوتاری سیاسی و بەرپرسەحزبییەکان تۆڵەی لێدەکرێتەوە. ئینجا بەهۆی کەمکردنی دەنگەکانیان لەم شارەدا، هەر لە یەکێتی و پارتی و گۆڕانەوە، تائەوانیتریش هەوڵی کوشتنی رۆحیەتی شارەکە دەدرێت.

راستی ئەم بۆچوونەش نەمانی نەختینەیە لەبانکەکاندا. بابەتەکەش کراوە بە'کراسەکەی عوسمان' هەر حزب و بەرپرس و لایەنێک ئەویتر تاوانباردەکات. بەداخەوە پەرلەمانتارو میدیاکارانی دووزۆنەکەش، پرسی موچەیان کردۆتە ئامرازی فشارو دەستشکاندنەوەی یەکتر.

ئەوەشی تەواو بێزاکەرو هێڵنجهێنەرە، میدیاکارو قەڵەمبەدەستی هەردوو زۆنەکەیە، بەربوونەتەیەکترو وەڵامدانەوەی یەکتر. سی ساڵە، میدیاو قەڵەمبەدەستەکان نەیانتوانیووە کۆتایی بەمیراتی شەڕەدەنوکێنەی سەردەمی 'شەڕی ناوخۆ' بهێنن!

سەیرە، ئەوە چ خولیاو تەنکبیرکردنەوەیەکە کە 'تۆ' لەو گۆشەنیگاوە بکەویتە شەڕەقەڵەم و راستییەکان لەپشت خراپەو بەدکاریەکانی ئەویتردا بشاریتەوە. 'من باشم چونکە، لەبەرئەوەی ئەو خراپە' بیرکردنەوەیەکی سەقەتە. خراپەە بەدکاری و گەندەڵی ئەویتر، ناتکاتە پیاوچاک ئەگەر خۆت چاک نەبیت. وەکچۆن ناتوانیت بەو ئەقڵەی گەندەڵ و خراپە، چاکسازی بکەیت، ئاوەهاش بەخراپەکانی ئەویتر ناتوانی خراپەکانی خۆت پەردەپۆشکەیت.

بۆیە، تاوانبارکردنی یەکتر بەقەیرانەکە، دیزە بەدەرخۆنەکردنێکە کە مافی هاوڵاتیان دەفەوتێ و راستیەکە ووندەبیت. ئاسانە هەموو لەبەرپرسیارێتی خۆبدزنەوەو پەنجەی تاوان بۆئەویتر درێژبکات. لەبەرئەوە، دۆخەکە جگەلە لە گەمەی یەکتر سەرزەنشتکردن هیچتر نییە.

دۆخێک کە کەسێ یان گروپی جیا هۆکاری شکست و گرفتەکان دەخەنەسەر ئەوانیتر. وەک شارەزایان دەیڵێن؛ نیشانەکانی خۆدزینەوەو گەمەی سەرزەنشتکردنی ئەوانیتر بریتیە لەوەی؛ بەلاتەوە سەختە دان بەهەڵەکانتا بنێیت. لەهەڵوێستەکاندا پتر جەخت لەرابووردوو نەک ئێستەو داهاتوو دەکەیتەوە. جگەلەوەش، رەفتاری نابەرپرسانەی ئەوانیتر بۆ پاساودانەوەی بەدکردارەکانی خۆت بەکاردەهێنیت. بەلاتەوە قورسە، داوای لێبوردن لەوانیتر بکەیت. پێتوایە ژیان بێبەزەییەو دڵت بەخۆت دەسوتێت وەک بێدەسەڵاتێک خۆت بەقوربانی یەکەم بزانیت! واتە، مایەپوچی خۆت لەهەر چاکسازی و گۆڕانکاریەکی دۆخەکەدا رابگەیەنیت. لەجیاتی ئەوەی جەخت لەرێچارەکان بکەیتەوە، هەمیشە هەڵەکان زەقدەکەیتەوە. لەمەوە، ئەوەندەی نکوڵی لەراستییەکان دەکەیت، هێندە بەهەند وەریان ناگریت.

 خۆدزینەوە لەبەرپرسیارێتی شکست یان سەرکەوتن، نیشانەی ناڕاستگۆیی و ناسیاسیبوونیشە. ئەگەر، هەموو خۆی بەقوربانی و ئەویتر بەتاوانکارەکە دابنێت، کەواتە، کەسێک نییە بەرپرسیاربێت. هیچ کەسێکیش خاوەنی دەسەڵاتی بڕیارو چاسەرکردن نییە. ئیتر، ئەوە وێرانەو کاولستانێکە. کە هەموو حزب وبەرلەمان و حکومەت و دەسەڵات و کاربەردەستە مووچەخۆرەکانیشی لێزیادەن.  

بۆیە، پاساودۆزی بۆ خۆ بێبەریکردن لەگرفت و کێشەکان رەفتارێکی ناکامڵانەیە. کە کاتێ دەموزمانت پڕەدەبێ لەسەرزەنشتکرنی ئەوانیتر، دەروونیشت بەتوڕەیی و رۆحی تۆڵەکردنەوە بارگاویدەکەیت. ئەگەر پارتی و حکومەتەکەی لەڕێی مایەپوچکردنی سلێمانییەوە ناکۆکی خۆی لەگەڵ یەکێتیدا یەکلادەکاتەوە، دەیسەلمێنێ حکومەتی هەموو هەرێم نییە. ئەگەر یەکێتی خۆی ئەو کارەدەکات، واتای لەدەستدانی تەواوی جەماوەرو شارەکەیەوە کۆتاییەتی. ئەگەر گۆڕان وادەکات، تۆڵەی دەنگەکانیەتی و جارێکیتر کەس ناڵێ سڵاو.  

دانیشتوانی سلێمانی چەندان رێگەی مەدەنی و شارستانی لەخۆپیشاندان و بایکۆت و دەنگنەدانی لەداواکاردنی مافەکانی بەکارهێنا، هەرکەسێکیش بیەوت بیکاتە ئەسپی تراودەو لەسەرشانی بەرژەوەندیەکانی خۆی بەدیبهێنێت، درەنگ یان زوو دەیگلێت. چونکە، شارێکە مل بۆ هیچ گوتارو ئایدۆلۆجیایەک نادات کە بیکاتە گۆڕەپانی خۆسەرخستن و دادۆشینی ژێرخانی ئابوری و کولتورییەکەی. ئەمە بۆ ستایشکردن نییە، بەڵکو بڕۆن مێژووەکەی بخوێننەوە. چەندان فەرمانڕەواو دەسەڵاتداری بەڕێکردووەو خۆشی هەمیشە وەک ئەزمڕو گۆیژەو پیرەمەگەروون و بەرانانەکەی ماوەتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×