چارەنووسی هەرێم دووبارەبوونەوەی کارەساتی میرنیشینە کوردییەکانە؟

نەوزاد جەمال
  2023-08-01     371

"ئەوانەی ناتوانن رابردوو بەبیری خۆیان بهێننەوە، مەحکومن بەدووبارەکردنەوەی" جۆرج سانتیانا

 

ئەم وتارەکە سەرێکی لە مێژوویەکەوە دەردەهێنت و سەرەکەیتریشی گرێدراوی پرسە هەستیارەکانی ئەمڕۆیە. باسێکە لەو هەلومەرجەی کە چارەنوسمان بە دەردی میرنیشیەکان دەبات و وامان لێدەکات لە خۆمان بپرسین: بۆچێ میرنیشینەکان تیاچوون؟

لە بنەڕەتدا هەوێنی باسەکە لە (2/1/2018) دوای ئۆکتۆبەری ( ٢٠١٧)، چەکەرەیکرد. ساتێ کە گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی سفری پاش راپەڕین کەوتەڕێ. سەروەختێ کە دۆخی ئابوری و بژێویی بە سیاسەتێکی سەرەتاییانە و لە جەمسەرگەریی حزبیدا دەڕۆی. ئەوەی ئێستە ناوی "رێکەوتنی هەولێر بەغدا"یە ماراسۆنێکە بەرەو سفربوونەوەکەوە.

هەشت ساڵ لەمەوبەریش لە کتێبی 'ژانی دیموکراسی'دا ئاسۆی گۆڕانکارییەکانم خستبووەڕوو. وەک هەر نووسەریکیتریش، رەنگە ئێستا نەتوانم شتێکی ئەوتۆ بخەمە سەرئەوەی کە پێشووتر ووتوومە. ئەوەی پێویست بوو، ووتراو ووترایەوە. ئێستە لە قۆناخێکداین کە قسەکردن وەک 'ئاکتێکی رەخنەیی' لە ئاست قەبارەی کێشەکاندا مایەپوچ و زەبوونە.

 

سەری بەنەکە-کێشەکان- کوێیە؟

گرفتی نووسینی کوردیی بە شرۆڤەی سیاسی و ئەکادیمی و رۆژنامەوانییەوە، لەوەدایە کە کێشە بنەڕەتیەکانی پێدەستنیشان ناکرێت. چونکە، خاوەنی پرسیار نییە و لە دۆخێکی ئیستهلایکیتدا دەژی. هیچ نەتەوە و شارستانیەتی و کولتور و مرۆڤێ، بەبێ قەیران نییە. بەڵام، چۆنیەتی مامەڵەکردنیان خاڵی جیاکەرەوەکەیە. بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەکان بکەی، دەبێت لێیان تێبگەی و بە توێژینەوە رێچارەیان بدۆزیتەوە. دەشبێ مل بۆ راستی هەبوونی کێشەکانیش بدەیت. نەخۆش تا لەناخەوە قایل نەبێ بەنەخۆشی و چارەسەرەکەی، دەرمان کاری تیناکات!

دیاردەیەکیتری نووسەرەکانمان ئەوەیە بە بیروڕا و تێزەکانی فەیلسوفێ یان سیاسەتناس و کۆمەڵناسێکی ئەمریکی و ئەوروپی، بیر لەکێشەکانمان دەکاتەوە. سوودوەرگرتن لە تێزەکانیان پێویستە. بەڵام ناشکرێ تویژینەوەی زانستی لە کۆمەڵگای کوردیی بە راڤەیەکی کۆمەڵناسیی نەرویجی بکرێ. دەبێ لە هزر و تێگەیشتنی خۆتەوە، مۆدێلێکی خوێندنەوە و توێژینەوە بدۆزیتەوە، نەک گواستنەوەی ووتە و تێزەکانی ئەوانیتر.

یەکدووساڵە بە پرسیارێکەوە ئەتلێمەوە؛ ئایا کێشەی سەرەکی و بنەڕەتی ئێمە لە چییەوە سەریهەڵداوە؟ دەزانم، ئەمە پرسیاری روناکبیرانی پێشووتری وەک خانی و پێش ئەویش 'شەرەفخان' و هتدە. ئەوان دەردەسەرەکیەکان لە یەکنەگرتوویی کورد و نەبوونی میرێکی لێزان و کارزاندا دیاریکردووە. ئەوەش راستە، کە بەشێکی زۆری کێشە و داڕوخانەکانی کورد، سەرکردەکانە!

 

دۆخێکی شلۆق و نەگۆڕ

دۆخی هەرێم ناوی دەنێی "ئەزموونێکی پێگەیوو" یان نا، روونە کە بنەما و راگرەکانی مانەوەی و ژیانی گونجاو و شایستەی لە دەستداوە. ئەوەی لە پێناوییدا دروستبووە، دەپوکێتەوە. حکومەت/ حزب جگەلە بەرەژەوەندی بازرگانی هیچ شتێکی ئەوتۆی نەماوە کە پێی بژی.

  سازشکردنیش لەسەر حسابی گەل و نیشتمان لە ئانوساتدایە. هەر خۆی دۆخەکە لە بنەڕەتەوە بە هاوکێشەیەکی جیۆسیاسیی هاتۆتە ئاراوە. پولێکی دۆمینەکە لابە، باڵەخانەکە ئەڕوخێ! دۆخی چەقبەستوویی هەرێم، بەجۆرێک ملکەچی سیاسەتی دیفاکتۆیەکە کە هەلومەرجێکی نێودەوڵەتیی پاش داگیرکردنی ئێراق دروستیکردووە.

پەرچەکرداری توندوتیژانەی خەڵکیش بەرامبەر پێگەی هەرێم، ئەنجامی فەرزکردنی سیاسەتی ئەمری واقیعە لەلایەن کاربەدەستانی هەرێـمەوە کە بە درێژایی سێ دەیە، مانەوەیان بەهۆیەوە مسۆگەرکردووە.

ئەگەر بەپێی تێزەی 'ئیبن خەلدون'بێ 'هەموو شارستانیەتێک (٣٠) ساڵ جارێک گۆڕانکارییەک بەخۆوە ئەبینێ، ئەبێ چی لەبەر دەرگامان بێت؟ لە بەردەم ئەمری واقیعدا 'ویستی مرۆڤی کورد' چەماوەتەوە. لە مەنگەنەی بەغدا/ هەرێمدا، مافەکانی هاوڵاتیان کراوە بەکارتێک.

لە بەرامبەریشدا، کەسانێک بێئەوەی بپرسن ئاسۆی گۆڕانکاری لە بەغدادا ئەبینیەوە. ئایا بەغدا دۆزەخێکیتری کوردستان نییە؟ کام بەغدا و کام سیاسەت ئەوێ ئاڕاستە دەکات؟ چ گەرەنتییەک ماف و شایستەکانی هاوڵاتیانی هەرێم مسۆگەرکردنی دەکات؟

 بەڕای ڤاسلییڤیا(کوردناسی روسی) بە درێژایی مێژوو، هەر لە سەردەم و سەدەکانی دوای خەلافەتەوە، کوردستان سترەکتورێکی کۆمەڵایەتی و سیاسەت و میکانیزمی ئابوری و کارگێڕیی لە دەرەوەی 'ناوەند' هەبووە. هەمیشە 'ناوەند' وەک سیستمی بەڕێوەبردنی لاوەکی کاریکردووە. بەردەوامیش ناوەندگەریی کاردانەوەیەکی نەرێنی لە هزری کوردا هەبووە. هەڵوێستی کورد بەرامبەر بە ناوەند، جۆرێکە لە رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتخوازی و پاوانخوازێتی.

 بۆیە، هەموو سەدساڵێکیش لە سەدەی ٧-١٦، راپەرینی فرەژمارەی کورد روویانداوە. کەژوکێوەکان لەمپەرێ بوون لە بەردەم دەستڕاگەیشتنی دەسەڵاتی ناوەندیی بە کوردنشینەکان. بۆیە، دەستوەردانی راستەوخۆی ناوەند بەبێ میرێکی خۆجێیی نەکراوە. بەڵام، ئەمڕۆ بانگەشەیەکی لەخۆڕازیی ساویلکانە هەیە کە کلیلی چارەسەر لە دەوڵەتسالاری ناوەندییدا دەبینێتەوە!

 

ئایا چارەنووسی هەرێم بەدەردی میرنیشەکان دەچێت؟

ئەگەر بڵێن بەڵی، ئەوا گریمانەی 'دووبارەبوونەوەی مێژوو' دەسەلمێنین. تێزی دووبارەبوونەوە مێژووی لای 'هیگڵ' لەوەوەیە کە 'رووداوە هاوشێوەکان لە مێژوودا دووبارەن'. بەدەربڕینێکیتر " ئەگەر شیاوبێت بووترێ، هەموو روودواو و کەسێتیە مەزنەکان لە مێژووی جیهاندا، دووجار دەردەکەون". بەو پێیە، مێژوو خۆبەخۆ لە دەرەوەی ویست وخواستی مرۆڤ دەسۆڕێتەوە. بەڵام، 'مارکس' پتر دەخاتەسەر ئەو تێزە و ئەڵێ: 'هیگڵ' لە بیریچووە ئەوەشی بخاتەسەر؛ جاری یەکەم وەک تراجیدیایەک و دووەمجاریش وەک کۆمێدیا دووبارە دەبنەوە"!

هەرەها، بۆچوونێکی 'نیتچە' کە هەمیشە کارەساتە سروشتی و کوشتن و نەخۆشی و دەردوپەتاکان لە مێژوودا روودەنەوە' کە بە تێزی "گەرانەوەی هەتاهەتایی" ناسراوە. لێکدانەوەکەی ئەم، بنەمایەکی میتافیزیکی وەک هیگڵ نییە کە ویست و خواستێکی گەردوونی بانمرۆیی چەرخەکە هەڵدەسوڕێنێ. بەڵکو دووبارەکردنەوەیەک ئاکامی زنجیرەی هۆکار و ئەنجامەکانە.

ئاخر، لە سەردەمێکدا کە 'خەنجەرلەقەد' و 'چایپەز' و 'دیوەخانگەڕ' لە شەڕکەر زۆرترن، چی چەند بارە نابێتەوە! وەک لە نامەیەکی 'فرەیزەر'دا  بۆ خۆشەویستەکەی(١٨٣٤)، لە سلێمانییەوە دیمەنی پاشکەوتوویی و ململانێی براکان باسدەکات و چۆن میرنیشنێ بۆ خۆبەدەستەوەدان ئامادەدەکرێت. لەوێدا 'فرەیزەر' ئاماژە بە ململانێی 'مەحمود پاشا' کە عەجەمزەدە-ئێران لەگەڵ 'سلێمان پاشا' کە رۆمزەدە-عوسمانی دەکات کە ئەوەندە ملی یەکتریان شکاند، تا 'بابان' لە دەستچوو!

راستە، کوردستان لە چاڵدیرانەوە(١٥١٤) بە هێڵێکی فەرمی دابەشکرا. لەگەڵ ئەوەی کوردستان یەکەیەکی نەتەوەیی جڤاکی نەبوو، بەڵام جوگرافیاش کرایە فاکتەرێکیتری دابەشبوون. پەیمانی ئەرزڕۆم(١٨٤٧) کە بە چاودێری دەوڵەتەگەورەکانی بەریتانیا، روسیا  لەنێوان ئێران و تورکی ئوسمانیدا ئیمزاکرا، کۆتابزمارێ بوو لە تابوتی میرایەتی بابان درا. راستەوخۆ دەرگای هاتنی لەشکری عوسمانلیی بۆ سلێمانی کەوتەسەرپشت. هەروەها، ململانێی درێژخایەنی بابان/ ئەردەلان، لەشکرکێشی دژبەیەک، بەهاندانی دەرەکی هەردووکیانی رەتاند و پووکاندنییەوە.

ئیتر، هەرکاتێ دەوڵەتە ناوچەییەکان زانیبێتیان، میرنیشنێ لەنێو قەڵەمڕەوەکەیاندا لاوازە و لەناوەڕا داخوراوە، ئیتر بیانوی کۆتایی پێهێنانی کەوتۆتە دەستیان. بنەماڵەگەری 'بابان' و ناوچەگەرێتی 'ئەردەڵان' کە لە رکی یەکتر، هەریەکەی بەلای زلهێزێکدا خۆی چەماندۆتەوە. چۆن پارتی ویستی بە هەموو توانایەوە، یەکێتی لە قاڵبدات و بیخاتە تونێلی ئێرانەوە، دواجار ئەو سەنتەر –بەغدا- کرد بەدەروازەی رزگاربوون.

هەر ئەوانەشی کە زەنگی 'هەرێم لە گیانەڵەدایە' لێدەدەن، بزانن یان نا، هاوارەکەیان راهێنانی ویستی هاوڵاتی هەرێمە لەسەر خۆبەدەستەوەدان و خۆڕادەستکردن پاش ئەو هەموو قوربانی و ئاوارەیی و ئەنفال و هەڵبجە و گرانی و ئابڵوقەیە!

کارەساتە، هێزی چەکداری کورد لە پێناو دەستکەوتی کاتییدا خۆی لە سەفقەی هێزەگەورەکان بگلێنێت. ئەزموونی مێژوویی دەریخستووە؛ ئێران و تورکیا لە چەندان وێستگەدا پشتی تێکردوون.

لە کۆتاییدا ئەڵێم؛ رووی قسەکانم لە 'سادق زیباکەلام'ە، ساخوا بەبای سەفادا بۆ ئەوانەی حەز بە ئاخاوتنە شەکربارەکانیەتی، لە زمانییەوە پێیان بگات!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×