پەنجە لەشایەتمانەوە بۆ مۆرکردنی لەدەنگداندا

نەوزاد جەمال
  2021-10-14     685
سەرەڕای هەر سەرنجێ لەسەر هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدان، ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئەرکی بێگارانەی 'پەنجە' بوو. وەک ئەندامێکی دەست، پەنجە ڕۆڵێکی سیاسی پێسپێردرا : پەنجەکردن بە شووشە مەرەکەبدا. ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ مێژووی پەنجە، هیچ لە ئەرکی دەنگدان و ڕەنگکردنی بە مەرەکەب نادۆزیتەوە. هیچ لەبارەی ڕۆڵی سیاسی پەنجە نابینیتەوە. بەڵام، لەرووی قانونیەوە، "پەنجەمۆر" وەک دەستنیشانکردنی ناسنامەو ژێدەری ناسینەوەی تاوانبار/مرۆڤ لەسەر سنوورەکان، یان دادگاو پۆلیسخانە یان ساتی پەناخوازیدا وەردەگیرێت. وەرگرتنەکە وەک سامپڵ لەسیستمی داتای ئەو وڵاتەدا تۆماردەکرێت.
ئیدی، پەنجە شایەتیدەرێکە لەسەر خاوەنەکەی. سیفەتی قانونی پەنجە لەناوچەکانی خۆرهەڵاتدا مێژووییەکی دێرینی لەڕایکردنی بیرۆکراسی ئیداریدا هەیە. لە یادەوەری زۆربەماندا هێشتا دیمەنی پەنجەوەرگتن لەسەر کاخەز و پیسبوونی جلەکانمان و هاواری دایکوباوکمان هەر ماوە. بەڵام، هێشتا لەم ناوچەیەش پەنجەمۆر بۆکاروباری قانونی-بەناوکردنی ئۆتۆمبیل تا تاپۆو هەڵبژاردن و هتد... هەر کارپێکراوە. لەکاتێکدا لە ئەورپا ئەلتەرناتیڤ هەیە.
لەڕووی ئایینیشەوە، پەنجەی شایەتمان پەنجەیەکی ناسراوە. بەڵام، هێندەی پەنجەیەک پەیوەندی ئەرکگەریی بەشایەتمانەوە هەیە، ئەوەندەش پەنجەمۆرکردن شایەتحاڵی نادیموکراسبوونی دەنگدانە لە هەڵبژاردنەکاندا. پەنجەکردن بە مەرەکەبەکەدا، نەک هەر ئەرکێکی میکانیکی و تەکنیکی نییە تا دەنگدەر جارێکیتر گزینەکات و دەنگنەداتەوە، بەڵکو ئەرکێکی سیاسی حزبی هەیە: شایەتیدانە لەسەر دەنگدەرەکە. بەڵام، شایەتیدانەکە لەسەر بەشداریکردن لە دەنگدانەکە نییە، بەڵکو لەسەر ئەوەی بەڵگەی تۆمارییە کە خاوەنەکەی دەنگی بەحزب و کادیرەکانی داوە.
لێرەوە، دەنگدان چیتر پەیوەندی ڕەسەنەکەی بە دیومکراسیەوە کە مافی هەڵبژاردنی کاندیدێکی دڵخوازە- نەماوە. چونکە، جێبەجێکردنی فەرمان و تەوجیهێکی حزبە. بەتۆبز "تۆ" دەبێ دەنگ بە لیستی حزبەکەت بدەیت. سەرخستنی لیستەکەت، ئەرکە نەک مافێکی دیموکراسیانە!
کەواتە، "تۆ" دەنگدەدەی لەبەرئەوەنا کە 'مافت' هەیە و ڕێز لە ئیرادەی ئازاد و بژاردەکەت گیراوە دەنگدەدەیت. نەخێر، لەبەرئەوەی دەبێت هەر دەنگ بەوەبدەیت کە دیاریکراوە. لێرەوە ڕۆڵی پەنجە و ئەرکە ئەندامیەکەی بۆ جۆرێ لەبێگاری جەستەیی و پاشکۆیەتی هزری مرۆڤ دەگۆڕێت.
ئەگەر سەیری ناوی پەنجەکانی دەست لەزمانی کوردیدا بکەین، دەبینین بەجۆرێ یەکسانن بەو ئەرک و رۆڵانەی کە هەیانە. ناوەکانی: 'توتە'، 'برای تووتە'-پەنجەکلکەوانە-، باڵابەرزە-زەڕنەقوتە- و 'دۆشاومژە'-شایەتمان- و 'ئەسپێکوژە'-پەنجەگەورە-ن ڕوونن. لەم ناونانەدا ڕەگی فەرهەنگی کشتوکاڵی دەخوێنرێتەوە. بۆنموونە، پەنجەتەقاندن نیشانەی دەستبەتاڵی و بێکارییە.
بەڵام، هەندێکجار پەنجەکان ئاماژەیەکن بۆ جنێو بەتایبەت لەفەرهەنگی ئەوروپیدا زەڕنەقووتە ئەو ئەو ڕۆڵە دەبینێت. یان پەنجە ڕاوەشاندن، نیشانەی هەڕەشەوگوڕەشەن. بۆنموونە لەزمانی جەستەی 'دیمەنەکانی سەدام حسێن یان هیتلەر' و زۆر سەرکردەی جیهاندا، ڕاوەشاندن ئاماژەی هێزو تۆقاندنی بەرامبەرە. یان پەنجەی تەقاندنی پەلەپیتکەی دەمانچە یان یەکگرتنی پەنجەکان، دەبنە مشت بۆ وەشاندن.
لێرەوە، کە تەماشای ئەو پەنجانەی لەچەند ڕۆژی رابووردوودا بەشووشە مەرەکەبەکانداکراون، چەندان پرسیار دەخەنەوە. هەر وەک، کادێرێکی حزبی ووتی "ئەوەندە پەنجەم لەشوشە مەرەکەبەکدا ڕاداوە تا بەخەستی بمێنیتەوە پیشانی بدەم دەنگمداوە!
لێرەوە، پرۆسەی دەنگدان لەپەیام و واتاکانی خۆی بەتاڵبووەوە. لەمافەوە، لە ئازادی هەڵبژاردنەوە بۆ ئەرکێکی ناچاریانە گۆڕڕا. جگەلەوەی، دەنگدانی ئەم سەردەمە، زۆر لە پرۆسەی فرۆشتنی پسوڵەی چوونەبەهەشت دەچوو. لەسەدە تاریکەکانی ئەوروپای نزیکخستینەوە کە چۆن بەناوی ئایینەوە پسوڵەیەک بەناوی پارچەزەوی لە بەهەشت و دابەشکردن بەگوێی باوەڕداراندا ئەدرا!
لەبانگەشەکاندا بەناوی دیموکراسییەوە، مزگێنی ژیانی باشتر جارێکیتر چیرۆکی نێو ئەفسانەو ئایینەکانی بیرخستینەوە: دەنگم پێبدە دەتبەمە بەهەشتێ. ژیانی باشترت دەوێ، بادەنگت بۆمن بێ! بەڵام، لەلایەکیترەوە، تۆنی بانگەشەکان هەر لە پیتاککردن و پاڕانەوە بۆ تکاکردن تا هەڕەشەو چاوسورکردنەوە رۆیشت. پەیمان نوێکردنەوەی ئەندام و لایەنگرانی حزبەکان، لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە بە بەڵێندان و گوڕەشەکردن بوو.
ئیتر، پەنجەکان لەپرۆسەیەکی ئاڵوواڵادا بەکارهاتنەوە. بەڵام بەبێ ویستی خاوەنەکانیان بەکۆیلەکران!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×