راپەڕین و خۆپیشاندانەکان لەدوو پرسیاردا: تۆ بڵێی "موعجیزەکە" رووبداتەوە؟

نەوزاد جەمال
  2024-02-02     186

 پرسیارکردن لەبارەی 'راپەڕین'، خەمی راستەوخۆی نەوەی 'دوای-راپەڕین- نییە. چۆنیەتی ژیان لە سایەی دەردراوەکانی راپەڕیندا خەمێتی. ئیشی 'فەلسەفەی مێژوو'ش بیرکردنەوەیە لە پرسیارێکی سیناریۆیی: ئەگەر 'راپەڕین' رووینەدایە، ژیان و گوزەران چۆن ئەبوو؟ پرسیارەکە بۆ ئەوە نییە کە بڵێین 'راپەڕین' لەخۆیدا هەڵەیەکە و سیستمی بەعس باشتربوو. بەڵکو، دەبایە راپەڕین چی بێنێتەدی و بمانگەینێ بەکوێ. لێرەوە، دوای سێ دەیە پرسیاری گشتیی ئەوەیە: ئایا راپەڕینمان بۆ ئەم دۆخەی ئێستاکرد؟

هەموو دەزانین کە دۆخی ئێراق پێش(٢٠٠٣) چۆن بوو و دواتریش چی لێهات. بەڵام، دوای 'راپەڕین' ئەوەی بەدیهات کەمترە لە ئاستی ئەوەی هەیە. چۆن قوربانیدان، لە پێناو باشتربوونی ژیان و گوزەران و داهاتووی خەڵکدا، بەم رۆژەگەیشت؟ ئێستا لای زۆربەی نەوەی  پێش و پاش راپەڕین دەرکەوتووە کە 'راپەڕین' گۆڕانکاریی بنەڕەتیی نییە، بە ئەندازەی ئەوەی ئاڵۆگۆڕیی رووخساری کەسەکانە.

 لەم سۆنگەوە، راپەڕین وەڵامێکی خواستەکانمان نەبووە، بەڵکو سەرەداوی پرسیارەکەیە: بە کوێ گەیشتیین؟ هاوشێوەی ئەم پرسیارە، 'هاشم ساڵح' لە ووتارێکیدا سەبارەت بە'راپەڕینی عەرەبی'، ئەپرسێ ئاخۆ راپەڕینەکان رووداوێکی مێژوویین یان گەردەلوولێکن لە فنجانێکی قاوەدا؟ بەڕای ئەو، تەنها دەردانی مەیلە پەنگخواردووەکانی رکوکینە، توڕەیی و کێمی تایفی و توندڕەویی بوو.

ئەو ساتەی 'هاشم' پرسیارەکەی وروژاند نزیکەی ساڵێ بەسەر 'خۆپیشاندانەکان شوبات' لای خۆماندا تێپەڕیبوو. هەرێم لە ماوەی سی ساڵیی تەمەنییدا، بەدوو تەکانی شڵەقێنەردا تێپەڕیووە: راپەڕینی بەهاری(٩١)و بیستساڵ دواتر خۆپیشاندانەکانی شوبات. یەکەمیان؛ لەپێناو رزگاربوون لە دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی رژێمی پێشوو. دووەمیشیان؛ لەپێناو راستکردنەوەی دامودەزگا و سیاسەتی گەندەڵبووی فەرمانڕەوایەتی هەرێمەکە.

لەبەر رۆشنایی فەلسەفەی مێژوودا ئەو دووتەکانە، رەوتێکی ئاسایی دروستە. ئەگەرچی، لە هەردوو وێستگەکەدا ئامانج و پەیامەکانیان بەدەستنەهێنا. راپەڕین سەرکەوت، بەڵام بۆ لە فەراهەمکردنی ژیانێکی شیاو بۆ خەڵک شکستی هێنا؟

ئەوانەی بەکردەیی راپەڕینیان کرد، تەواو جیاوازبوون لەوانەی دواتر رێبەرایەتی رووداوەکانیان کرد. چونکە، ئیتر  گۆڕینی کاراکتەرەکانی حوکمڕانی لە دەسەڵاتدا بووە ئامانج. هەمان ئەقڵیەتی دەسەڵاتداریی پێشوو درێژەی هەبوو، بە رەنگ و رووخساری جیاوە کە دواتر شەڕی ناوخۆی لێکەوتەوە. لەبنەڕەتەوە، گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی و دەسەڵات، دروشمێکی رواڵەتخەڵەتێنبوو. وەکچۆن، ئەلتەرناتیڤی هێزە خۆماڵییەکان بۆ رژیمی پێشوو، هەر بۆخۆی بەشێک بوو لە مێژووی پێشتری دەسەڵاتداریی. بەهەمان ئەقڵیەت و لۆجیکی هێز، بەرامبەر ئەوانەی جیاوازتر بیردەکەنەوە، رەفتاریانکرد.

فراوانکردنی دەسەڵات و پاوانکردنی سەرچاوە و ژێرخانەکانی هێز هەر لە ئابووری و چالاکی بازرگارنییەوە تا خوێندن و پەروەردە و هتد.. شۆڕبووە. راپەڕین کە دەبایە دژە-تێزەی رژێمی پێشووبێت، کۆپیکردنەوەی کوردیانەی بوو.

کێشەی مرۆڤی ستەملێکراو بەڕای 'پاولۆ فێرێری' ئەوەیە کە بەدەست دووفاقەییەکی ویژدانییەوە دەناڵێنێ: لەلایەک هەست بە پێوستیی ئازادی دەکات، لەلایەکیتراوە لێی ئەسڵەمێتەوە و ئەترسێت! بزوتنەوەی چەکداریی کورد، سەردەمانێ کە بە دروشمی 'ئازادی' دژی رژێمی پێشوو ئەجەنگا، ئێستا ترسێکی قوڵی لە ئازادییەکان هەیە. ترس لە رەخنە، دەربڕینی راوبۆچوونیتر هەیە.

لێکەوتەیەکیتریش ئەوەیە کە چیتر متمانە بە رووتووشەکانی دیموکراسیی نەماوە. کاتێ ئاو و کارەبا خراپە، باج زیادکراوە، موچە نادرێ و گوزەرانی خەڵ دابەزیووە، چۆن ئەکرێ حزبەکانی دەسەڵات دەنگ بهێنن و بەمجۆرە سوودمەندبن لە دۆخەکە؟ ئیتر هەڵبژاردن لە دیدی خەڵکییدا نەک هیچ ناگۆڕێت، بەڵکو ئامرازی راستیی گۆڕانکاریی نییە.

هاوڵاتییان ئەبینن کە هەر شتێ لە بەرژەوەی گشتی خەڵکی بێت ناکرێت. هەرچییەکیش لە بەرژەوەندی کاربەدەستەکان بێت، بە رۆژی رووناک کراوە. خەڵک باوەڕی وایە کە هەرێم لە بنەڕەتەوە 'ستاتۆسێکی ئاوارتە'-یە دوای کۆڕەوەکەیە نەک راپەڕین، لەبەرئەوە هیچی پێناکرێت. ئەشزانێت ئەم هەرێم دابەشووە ناڕاستەوخۆی بە فیکەی تورکیا و ئێران خەڵکی ئەچەوسێنرێتەوە.

بۆچی دوای راپەڕین لە جیاتی ئەوەی یەک کێشەی سەرەکیمان هەبێت کە رزگاری و ئازادبوونە لە دەستی رژێمی پێشوو، ئێستاش دەیان گرفت و هەڕەشەی جیاوازتر بەرەوڕوومان بۆتەوە؟ جاران یەک کێشەی سەرەکی هەبوو، کە هەوێنی بەرگری و بەرهەڵستی بوو، ئێستە نەک نەماوە بەڵکو چەندان گرفتی جەوهەریتر ڕووی تێکردوویین.

 ئایا جارێکیتر راپەڕین و خۆپیشاندانی یەکلاکەرەوە روودەدات؟ ئێمە توڕەیی و ناڕەزایەتییمان لە دۆخەکە تا بینەقاقا هەیە، بەڵام ترس لە داهاتووی خراپتر، نەبوونی هیوا و ئومێد بە باشتربوون لاوازە. وانەیەکی گرنگی میژوونووسی یۆنانی 'تیۆسیدیدس' ئەوەیە؛ مرۆڤ لەبەرئەوەی ئومێدی سەرکەوتنی هەیە، هەوڵ ئەدات. یاسای شۆڕش بەڕای 'گۆستاڤ لۆبۆن' بریتییە لە 'هیوا' بەباشتر. ناڕەزایەتی و تووڕەیی یەکسەر نابنە رێخۆشکەری هەڵگیرسانی شۆڕش. دەبێ نارەزایەتییەکان تەریب بێ لەگەڵ ئومێدی گۆڕانکاری باشتربوونی هەلومەرجەکە. باشتربوون بژاردەیەکی ئەقڵانی-یە کە سوودی ئابووریی گشتی و تاکی تێدابێ، ئەیگۆڕێت بۆ هیوا.   

دەسەڵاتی هەرێم کە هاتەسەر خەرمانی مرۆڤێکی تێکشکێنراو و چەوساوە، ئەوەی بەقازانجی مانەوەی خۆی درێژەپێدا. ئەو ئەقڵیەت و سیستمەی کە لە مرۆڤخستنبوو، دەستکاری نەکرد. مرۆڤی ئێمە زهنیەتی ژێردەستەیی بۆ ماوەتەوە، بەگەورەییش دەستنابات "کەلەپچەکەی" دەستی دابماڵێت. وەک بەسەرهاتی 'فیل و گوریسەکە' لەسەر خۆبەدەستەوەدان قوڕمیشکراوە کە لەگەڵ گەورەبوونیشیدا باوەڕی نەتوانینی خۆرزگارکردنی قۆناغی پێشووتری لاماوەتەوە. لە کاتێکدا، کە بەهێزیشە، خۆی لە گوریسەکە-ستەم-ی دەربازناکات!

راستە، راپەڕین و لێکەوتەکانی رووداوگەلێکی پێشبینی نەکراو بووە، وەکچۆن دەرئەنجامەکانیشی هەروەها، بەتایبەت بۆ ئەو کۆمەڵگایانەی بەزمانی هیگڵ "کۆمەڵگا دەرەمێژوویی"ن بەوەستاو دادەنرێن. بەڵام، ئەوەش راستە ئێمە بەهۆی راپەڕین/ خۆپیشاندانەکانەوە، هاتینەنێو مێژوویەکەوە، بەڵام لە پەنجەرەوە نەک دەرگاکانەوە، کە خەریکە ئێستە لە دەرگاوە لێی ئەڕۆینەدەرەوە. راپەڕین رەتبوونێک بوو بەنێو ئەڵقەکانی مێژووی ستەمدا، خۆپیشاندانەکانیش درێژەدان بوو بە پساندنی ئەڵقەیەکیتری ستەمکاری ناوخوێی کە وەک ئەگەرێکی کراوە هەر دەمێنێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×