پەرلەمان و بەیاساییکردنی ناعەدالەتی

نەوزاد جەمال
  2020-01-21     972

لەو تەمەنەی کە دوودەیە زیاترە پەرلەمان و پەرلەمانتار لەهەرێمدا هەیەتی، بەردەوام شکۆی شکێندراوە. شکاندنەکەش بەشێوازو میکانیزمی جیاوازکراوە. سەروەختێک، دامەزرانی پەرلەمان خاڵێکی پۆزەتیڤ بوو لەڕەوڕەی بەرەودیموکراسییدا چووندا. بەڵام، هەرزوو ئەرک و رۆڵی پەرلەمان لەمۆرکردن، پەنجەبەرزکردنەوەو ئاراستەکردن لەژوورە داخراوەکاندا کورتکرایەوە. چیتر وەک دامەزراوەی دەسەڵاتی یاسادان و بڕیاردان نەبووە. بەڵکو، ئەرکەکانی تێپەڕاندنی یاسایەکە بە کۆدەنگی پێشتر لەدیوەخانی حزبەوە. 
 ئەوەشی کە ناوی رێساو یاسایە بەفەرمانی بەرپرسەحزبییەکان فۆرمەلەو ئاراستەی فراکسیۆنەکان دەکرێن. زۆربەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، پێشتر رێکەوتن لەسەر بڕیارەکانی کراوەو تەنها خوێندنەوەو دەنگدان بۆی لەنێو هۆڵدا دەکرێ! کەواتە، ئامانج وەرگرتنی شەرعیەتە بۆ ویستی حزب و بەرپرسەکانی و جێکردنەوەیەتی لەفۆرمێکی قانونیدا، دەنا بڕیاردراوە.
پەرلەمانتاریش وەک شانۆکارێک رۆڵی لەووتنەوەی دەقی سیناریۆو خواستی دەرهێنەرەکاندایە. شانۆگەری "چیرۆکی دیموکراسی" پەرلەمانی، چەند دیوێکی هەیە کە پەرلەمانتار خۆشی لە گەمەیەکی نمایشکارانەدا هاوبەشە. ئەوەتا، لەهەرای دەنگدان و رەتکردنەوەی یاسای چاکسازی خانەنشیندا، جارێکتر شکۆی پەرلەمان لەدامەزاوەی داکۆکیکردن لەبەرژەوەندی گشتی و چاکەی باڵا، کرایە جێگەی مسۆگەرکردنی ئیمتیازاتی پلەباڵاکان و چەسپاندنی بێدادی کۆمەڵایەتی بەفۆرمەلەیەکی یاسایی.
بۆیە، سەیرنییە کە کۆی مشتوومڕەکە لە خانەنشینی پەرلەمانتاراندا کورتکرایەوەو کەسێتی پەرلەمانتار ئەوەندەیتر پچووکبووەوە. چونکە، کەوتە پشتگیری خواستی پلەی یەکەمی خۆی و خرایە بەردەم تەڵەی رەتکردنەوە یان وەرگرتنی خانەنشینیەوە! ئەمە، گەمەیەک بوو بۆ شاردنەوەی دیوە نەوتراوەکە کە هیچ مییدیاو سەرچاوەیەک بەووردی بۆ رای گشتی دەرنەخست؛ ئیمتیازاتی پلەباڵاکان. نەزانرا بەڕوونی ئەمانە چەندن و کێن و ئەرکیان چییەو چەندیان لەبودجە بردووەو بەچ میکانیزم و رێوشوێن بۆیانکراوە؟ 
ئیدی، کاسەکە لەسەری پەرلەمانتاردا شکێنراو بەشێکییان بێئاگا کەوتنە گەمەکەوە. ئەگەر رێژەو تەمەن و پرسی وەزیفی پەرلەمانتاریش لێکبدەینەوە، بەداخەوە لەکوردستان کەسێتی پەرلەمانتار کراوەتە سیمبولی پارەلوشدان و بچڕینی دەرماڵەی بەرزو ئیمتیازاتی چەور. دواجار، ئەمە وێنەگەورەکەی ناعەدالەتیشی شاردۆتەوە. ئەگەرچی، ئەم دیاردەیە خۆی بەشێکی دانەبڕاوە لە نایەکسانی نادادپەروەرانە.
 مافی هەموو هاوڵاتیەکە لە ماف و ئەرکەکانی پەرلەمانتار بکۆڵێتەوە. چونکە ئەوان بۆ نوێنەرایەتی هاوڵاتیان نەک خۆیان لەوێن. پەرلەمانتاری پیشەیەکی وەزیفی نییە تا دامەزراندن هەمیشەیی و خانەنشینی بیگرێتەوە. جگەلەوەی کەسانێک دەچنە پەرلەمان کە پێشتر فەرمانبەر نەبوون، بە چوارساڵ و دووساڵی وەک خولی پێشووتر، بەمووچەیەکی زۆربەرزتر لەمووچەی فەرمانبەرانیتر خانەنشین دەکرێن. کەواتە، ناشرینکردنی پەرلەمانتار بەمووچەی چەوری خانەنشینی، جۆریکترە لەسوکایەتی. کاتێک گەنجێک کە لێنەکەوتووە، تواناو بەهرەکانی بەپێناسەی خانەنشنینی بمرێنی. 
بەڵام، لەوڵاتی ئێمەدا قەیرانی سیاسەت لەوەدایە کە سیاسەتکاری راستینەت نییە. زۆرێک بۆ باشکردنی بژێویان، سیاسەت دەبێتە مایەی خۆدەوڵەمەندکردن و حزب دوکانێکی گەورە. بۆیە، ناعەدالەتی و نایەکسانی و گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەبەرگی قانوندا رەوایەتیان پێدەدەرێ. هیچ گەندەڵیەک چیتر نایاسایی نییە، بەڵکو چەندە فێل و بەرگی یاسایی بۆ پۆشراوە خراپ و باشی دەردەخات. لەمێژەوە، ئێمە لە "گەندەڵی دەسەڵات"ەوە، بەرەو دەسەڵات و هەژموونی گەندەڵی قانونی چووین. لێرەوە، دیموکراسی پەرلەمانی شانۆگەریەکی تراجیکی چیرۆکی سیاسەت لە هەرێمدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×