چۆن ئایینی کریستیانێتی بەرەو ئەقڵانیبوون پەرەی سەند؟

نەوزاد جەمال
  2021-03-11     208
سەردانەکەی پاپا و گوتەکانی، بایەخی جیاوازیان هەیە، بەلای منەوە ئەو پاشخانە ئەقڵانییەی لەگوتارەکانیدا رەنگیدایەوە، پەرەسەندنێکی بەرچاوە، چونکە بەرئەنجامی پرۆسەیەکە کە بە (ئەقڵانیکردنی ئایینی کریستیان و دامەزراوەکانی) ناودەبەم.


 لەبەرئەوە باسی ئەو دیوە سیاسیە ناکەم، کە لەپشت دیدار و سەردانەکەوە چ پلانێک بەگوێ دەسەڵاتدارانی ئێراقدا دراوە. پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن کەنیسە و پیاوانی لە رەوتی مێژووکردا لە 'دۆگما'وە بەرەو کرانەوە، لەدژایەتیکردنی زانست و ئەقڵەوە، بەرەو ئەقڵانیەتی پەرەی سەند؟ وەڵامی ئەمانە چەندە تایبەتە بە ڤاتیکان، دوو هێندە بۆ دیاردەی ئایینداری و دامەزراوەکانی لە ناوچەکەماندا گرنگە. لەبەرئەوەی بەئەقڵانیبوونەکە بەرئەنجامی کۆمەڵە فاکتێکە.

سەردانەکە وەکخۆی

 لەسایتی فەرمی ڤاتیکاندا(vatican.va) سەردانەکەی پاپا ناوی "گەشتێکی پەیامبەران" (Apostolic Journey)ی لێنراوە. سەردانێک کە خاڵی نییە لە ریسک و کاردانەوە لە میدیاکاندا. ماچکردنی پێی پەنابەرێک لە ساڵانی رابردوودا، یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێشانەکانی پاپا بوو. 

ئەمجارەش،  ماچکردنی ئاڵای وڵاتێکی بیانی وەک نوێنەری کریستیانەکان، پەیامێکە کە کریستیانەکانیش لە ژێر ئاڵایەکدان، کە دەبێت هاوماف و هاونیشتمانبن، چونکە بێبەشکردنیان و گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکانیان، کە بە دەشتی نەینەوا دەناسرێت، مەترسیە چاوەڕوانکراوەکەیە. جوانیێکی رێوڕەسمەکان، ئامادەیی ئافرەتان بوو لەگەڵ گەنج و لاو و خەڵکی ئاسایی و فەرمیدا. لەبەر مەترسی کۆرۆنا نەبوا، ئاپۆڕەکە گەورەتر دەبوو. 

گوتارێک لە نێو سەردەم و شوێندا


ئاماژەدان بە ناسۆر و نەهامەتییەکانی خەڵکی ئێراق بە کریستیانەکانەوە، مانای ئەوەیە، کە هەر جەخت لە شوێنکەوتوانی خۆی ناکاتەوە، چونکە "باوەڕ تەنها بەوە بە راست و رەوا دانانرێت، کە پیرۆزە، بەڵکو لەبەرئەوەیە ژیان پڕ لە هەستی جوانی و شکۆمەندی و خۆشی دەکات". پێداگرتن لەسەر بەهای ئێستاتیکی ئاین لە ژیاندا گرنگە. ئایین وزەیەک بە ژیان بدات، نەک ژیان بکوژرێ بەناویەوە. 

هەروەها گوتەکانی وەک هەقیقەتی رەهای پیرۆز ساخنەکردەوە. پەیامەکەی بۆ بەیەکگەیاندن و لێکنزیکبوونەوە و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش بوو. "زۆرجار مرۆڤ دەکەوێتە تەڵەی ئەوەی کە خۆی بە بەهێز یان دانا پیشانبدات"، پاپا لەکاتێکدا ئەرکی ئایینی لە ئۆباڵکێشاندایە (خستنەئۆباڵی خۆت) کە ژیان و مان و داهاتووی ئەوانیتر لە ئەستۆت بگریت، ئەمەش دەرهێنانی گوتاری ئایینە لە گوتارێکی رەق و زبر و چەقبەستوو، گۆڕینیەتی بۆ پەیامێک کە ژیانی لەسەر بکرێت. بۆیە درێژکردنەوەی پردی پەیوەندی نێوان ئایینەکان، تەنها لە کریستیانەکاندا چڕنابێتەوە، بەڵکو پێکهاتە و ئاینەکانی دیکەش دەگرێتەوە.  

پەندوەرگرتن لەئەزموونە تاڵەکانی مێژوو

شەڕ و داگیرکاری بە دروشمی ئایینی، مێژوویێکی خوێناوی هێنا. لەسەدە تاریکەکاندا خوێن و دەق تێکەڵکران. ئەو سەردەمانە تاقیکرانەوە، دەرئەنجامەکانیشی بوونە باشترین وانە. ئیتر ئەوروپا/خۆرئاوا جیاوازییەکان لە ناکۆکی و یەکتر سڕینەوەوە بۆ هاوکێشەیەکی یەکتر تەواوکەر برد. لەنێو جیاوازییەکانەوە رەنگاڵەیەکی دەوڵەمەندی شارستانی بوژایەوە. بەپێچەوانەشەوە، لەخۆسەپاندن و ستەمکاری باوەڕدار و چەوساندنەوەی ئەویترەوە، داڕوخان دەستپێدەکات. 

پەیوەندی ئایینەکان پێکەوە، وەک تاڵەدەزووی تەونی جاڵجالۆکەیە. هەریەکە تاڵێکی باریکی لەدەستدایە و نەدەبێ دەستی لێبەردات، نەدەشبێت بەتووندی بەلای خۆیدا رایبکێشیت. پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن وەک ئەو تەونە ناسک و هەستیارە. 

بەشێکی ئایینەکان، سەروەختێک بە زەبری هێز جێی خۆیان لەبەرامبەر ئایینەکانی پێشوودا قایم دەکرد و ناکۆکییەکانیان بە جەنگ یەکلا دەکردەوە. ئێستە سەردەمێکی دیکەیە، کە نابێ لە ئازادی رادەربڕین و جیاوازی باوەڕەکان بترسن. پێویستە لەنوێنەرایەتیکردنی خوداوە، بۆ نوێنەرایەتی خەم و خواستەکانی مرۆڤایەتی بڕۆن. هەر لەم وێنەگەورەوە کەنیسە و پیاوانی، پەیام و پلانی کار و گوتاریان دادەڕێژن. ئەمە بەرهەمی بەئەقڵانیبوونە، کە پاش ئەزموونی تاڵ و بەخوێن ئاڵی سەدە تاریکەکانەوە پێگەیشت.  

ئایین و سیاسەت: دووانەیەکی جیاواز


پاپا لە هەڵسوکەوتەکانیدا، دەریخست کە چی دیکە کڵێسە و ئایینەکەی نابنە دەمڕاستی دەوڵەت و سیاسەت. بۆیە پەیامی بۆ سیاسییەکان لەمرۆڤایەتیدا چڕکردەوە و پێی گوتن: "پێکەوەژیانی دۆستانە پێویستی بە ئارامی و دیالۆگی راستگۆیانەیە، کە دادوەری و قانونێکی رێزداری هەبێت. جیهان بەدڵشادی نەک هێز دەگۆڕێت'.  لەمەدا ئایین پرۆژەی سیاسەتگرتنەدەست نییە، بەڵکو لەسۆنگەی پەیامەکانیەوە لە مرۆڤ و مافەکانی نزیکتر دەبێتەوە. 

وەکچۆن لەمێژوودا دەسەڵات ویستویەتی بەرگی پیرۆزی بپۆشێت، دامەزراوەی ئایینیش ئەو خواستەی سیاسییەکانی قۆستووەتەوە، بەڵام پاش ئەزموونی جەنگی ئایینی و شۆرشی زانست و رۆشنگەری و هیومانیزم، سێکۆلاریزم، لێکتێگەیشتن و ئاشتەوایی جێدەکەوێت. وەک فەیلەسووفی ئەڵمانی 'هابەرماس' دەڵێت: "ئاین لەپرۆسەی سێکۆلاریزمدا خۆی دەبێتە ئامرازی وەرگێڕانەکە و هەڵگری پاڵنەری ئەقڵانی، کە لە سێکۆلاریزمەوە کەوتووەتەوە. لەبەرئەوە ئاین پاڵنەری سێکۆلاریزمە و پرۆسەی سێکۆلاریزم ئەنجامی ئایینە". چونکە بەئامرازنەکردنی ئایین وانەیەکە مێژوو فێرماندەکات. 

ئایین بەرزراگرتنی ئەقڵە

پاپا وەک کەسێکی دۆگما نەبوو، کە تەنها گوتارێکی ئاینی بەرتەسک بەگوێی باوەڕدارانی خۆیدا بدات و بەوەش هێندەی دیکە جیاوازی ئایینی لەناوچەکەدا تۆخبکاتەوە. دەیزانی گوتاری بەرتەسکی ئایینی، باوەڕدانی خۆی لەم وڵاتەدا کردووەتە قوربانی. بۆیە گوتارێکی کۆکەرەوە و هەموو لەخۆگری پێشکەشکرد. هەموانی بەناوی مرۆڤ و برا و خوشک، خوداباوەڕ بانگکرد.  

 ڤاتیکان باش لەوە تێگەیشتووە، ناکرێت ئاین دژ بەبیرکردنەوەی ئەقڵانی بووەستێتەوە. وەک فەیلەسوفی ئەڵمان (کانت) گوتوویەتی: "ئەو ئاینەی جەنگ دژ بە ژیری بەرپابکات، بەتێپەڕبوونی کات ناتوانێت خۆی لەبەرامبەریدا رابگرێت". چی دیکە کاری ئایین نییە دژایەتی زانست، ئەقڵ و فەلسەفە و بیر و هونەر و ئەدەب بکات، بەڵکو پێوستە لە ئامانجە باڵاکانی ئەو بوارانەوە خاڵی هاوبەشی خۆی بدۆزێتەوە. دەبێت ئایین روو لە زەوی و خەم و کێشەکانی سەردەمەکە بێت، نەک خەیاڵی لە ئاسماندا گیربێت.

دیوێکی دیکەی ئەقڵانیەتەکە لەوەدایە پاپا خۆی نەکردە فریادڕەس و رزگارکەر! بەڵکو گەیەنەری پەیامی ئاشتەوایی و دڵنەوایی و سەپۆرتی مۆراڵی بوو. هاوخەمی و تێگەیشتن لە داوا و نیگەرانی پێکهاتە ئایینیەکان، سەرباری وێرانبوونی پەرستگای پیرۆزی ئایینەکەی بەدەستی تووندڕەوان، بەڵام نەکەوتە تۆمەتبارکردنی شوێنکەوتوانی ئایینێکی دیکە یان بانگەشەی تۆڵەسەندنەوە، چونکە ئایین تەنها پاڵنەری پێکەوەژیانە، نەک کانگەی خرۆشاندنی گیانی دوژمنکارانە.

زانست و ئایین

 لەدەستپێکی سەردانەکەیدا، پاپا باسی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنای کرد، کە چەند سەختە. هاوکات پێداگیریکرد لەوەی 'خودا پیکۆتە-ڤاکسینی پێبەخشیوون'. واتە پەتاکە بە زانست چارەسەر دەبێت نەک بەشتی دیکە. دیارە سەردەمێک کە بە 'دادگاکانی پشکنین' لە ئەوروپا ناسرا، بە سووتاندنی زانا و کتێبەکان دەستیپێکرد. بەڵام ئێستا کڵێسە لەتەک زانستدا ئاشتبووەتەوە. لەهەنگاوێکی بوێرانەدا 'پاپا پیوس'(Pope Pius XII-1950) دووپاتیکردەوە 'کاتۆلیزم لەگەڵ تیۆری پەرەسەندندا ناکۆک نییە'. هەروەها، پاپا فرانسیس پێی وایە؛ زانست و ئاین نەک هەر دژی یەکترنین، بەڵکو تیۆری 'پەرەسەندن'  لەگەڵ دەقدا دەگونجێت. 

هاوئاهەنگی لەگەڵ زانستدا وایکرد کڵێسا دابڕاونەبێت لەسەردەم. راستە ڤاتیکان دامەزراوەیەکی زانستی نییە، بەڵام لە(١1994)ەوە 'دەزگای ئەکادیمی باڵای ژیان'ی دامەزراند، کە لیژنەیەک لە زانای پسپۆڕ رێنمایی و بەرچاوڕوونی لە بواری زانستدا بە کڵێسا دەدات. کڵێسا هانی توێژینەوەی زانستی دەدات، کە لە خزمەتی مرۆڤایەتیدابێت (Vatican observatory). لەبەرئەوەی یەکەم، سەختە لەم سەردەمەدا گومان لەدۆزینەوە بنەڕەتییەکانی زانست بکرێت. باشترە دەستگیرۆیی توێژینەوەی زانستی بکات تا لە سەردەمەکە دانەبڕێت.

دووەم، دۆزینەوە و بەرەوپێشچوونە زانستییەکان بە جۆرێک لێکەوتەی مۆراڵییان هەیە. دەرهاوێشتە ئاکارییەکانی زانست، کەنیسە رادەکێشێت. ئەم بایەخدانە بە زانست وادەکات دەزگا و پیاوانی ئایین، ئاگاداری گۆڕانکاری پەرەسەندن و بەرەوپێشچوونی زانستی بن. هاوکات نەکەونە بڕیاری دژە زانستییەوە، کە لەسەر ئاینەکە بکەوێت. مادام زانست لە خزمەتی مرۆڤایەتیدایە، هاوبەشی ئاینە لە بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکاندا. 

مرۆڤایەتی رۆحی ئایینە نەک تیرۆر 

 تیرۆر ئاینیی نییە. لەبەرئەوە قوربانی یەکەمی تیرۆر کوشتنی پەیامی ئایینە و گۆڕینیەتی بە ئامرازێکی قێزەون. نابێت لەئایینەوە رەوایەتی بە تووندوتیژی بدرێت. پاساوی تیرۆر ئایین نییە، چونکە ناکرێ کەسێک باوەڕی بەخوابێت، لەجیاتی خوا بڕیاری کوشتن جێبەجێبکات. هەر بۆیە 'تیرۆر خیانەتە لە ئاین' پاپا گوتی. ئەوەش لەسۆنگەی ئەو بڕوایەوە، کە "دەبێت ئایین بە سروشتی خۆی لە خزمەتی ئاشتەوایی و کۆمەڵگادابێت. نابێت ناوی خودا بکرێتە پاساوی کوشتن، دەربەدەرکردن و تیرۆر و سەرکوتکردن". 

پێکەوەژیان و ئاشتەوایی

وەک لە پێشەکی رێورەسمەکەی هەولێردا پاپا گوتی: "ئەگەر خودا، خودای ژیانە، کەواتە هەڵەیە خوشک و براکانمان بەناوی ئەوەوە بکوژین. ئەگەر خودا خودای ئاشتییە، هەڵەیە جەنگ بەناوییەوە هەڵگیرسێنین. ئەگەر خودا، خوای خۆشەویستییە، هەڵەیە بەناویەوە، رق و کینە بەرامبەر خوشک و براکانمان هەبێت. 

لێرەوە بەسەرکردنەوەی ئاوارە و رزگاربووان، سەرکەوتنی ژیانە بەسەر مەرگدا. پەیامی ژیاندۆست داوا دەکات چەک بێدەنگبێت، کوشتن و دابەشبوون و رق و کینە بوەستێ. بۆئەوەی ژیان پێکەوە دروستبکرێتەوە، لێخۆشبوون، لێبووردەیی و لەخۆبووردویی، سوپاسگوزاری پێویستە. 
 ئەوەندەی جەخت لە بەها ئاکارییە مرۆییەکان کراوەتەوە، هێندە پێداگیری لەسەر ئەوە نییە کێ لەسەر باوەڕەکەی "منە". ئاکار و رەوشتیش لەوەدا بە واتای ئەوە نییە 'هەر کەسێک لەسەر باوەڕ و پەیڕەوکاری ئایینم بێت بە رەوشتە'. نەخێر، بەزەیی و یەکترقبوڵکردن و بەهاناوەچوونی لێقەوماو و ئاوەدانکردنەوە ئامانجەکەیە. کەواتە پێوەری رەوشتبەرزی سەرزەنشتیکردنی ئەوانە نییە کە جیاواز بیردەکەنەوە. 

برایەتی و پێکەوەژیان مەرج و ئامانجی رەوشتییە، نەک هاوباوەڕیی و هاوئاینیی. هاومرۆڤایەتی خوانی کۆکردنەوەی هەمووانە. وەکچۆن جیهان ماڵی هەمووانە، خۆشەویستیش زمانمانە و ئاشتەوایی ئامانجمانە.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×