چۆن لەم سەردەمەدا بیربکەینەوە؟

نەوزاد جەمال
  2024-02-13     184

پاڵنەرێکی ئەم پرسیارە، ئە گاڵتەجاڕییەکە رای جیهانیی و هەڵوێستی وڵاتانە بەرامبەر جەنگ و توندوتیژییەکان، رژێمە فاشیستەکان بۆ منداڵانی غەززە ئەگرین، وەک چۆن ئەوەی بە "جیهانی ئازادیخوازی نیولبراڵ" دائەنرێت، پشتگیریی ملهوڕێکی وەک نەتنیاهۆ دەکەن! لە جەنگی ئۆکرانیا، رووسیاش نەخشەی سیاسیی جیهان بەو جۆرە وێناکرا.

لە سەردەمێکدا کە هەموو شت لەهەڵوەشانەوە و ترازان و دوورکەوتنەوەدایە، مەترسییەکانیش لە کارلێکێکی پێکەوەگرێدراودان. هیچ کات هێندەی ئەم چەند ساڵە، جیهان بێئۆقرە و ناسەقامگیر نەبووە. نەک لەبەرئەوەی پێشتر جەنگ نەبووە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئێستە روودەدات سەرتاپاگیرە. لە چەندان لاوە ئەکتەری جیاوازی دەوڵەتی و نادەوڵەتیی ئاژاوە و پشێویی و شەڕوشۆڕ دەنێنەوە. راستە خەسڵەتی سەردەمەکە ئاڵۆزیی بەردەوامە، بەڵام ئالێنگارییەکە لەوەدایە چۆن لە رۆژگارێکی وا لێڵدا بەدروستیی بیربکەینەوە؟

دەرگیربوونی هزر و ئاگایی بە جەنگی ئۆکرانیا، غەززە، ئاکامی ئەو ئاڕاستەکردنەیە کە لە میدیا و ناوەندە جیهانییەکاندا هەیە. هەڵوێستەکردن بە دژایەتی یان پاڵپشتییکردنییان، گرەوکردنە لەسەر هۆش و "ویژدانیی جهانیی". مێشک داشۆرین و فشارکردنی راستەوخۆ لە تۆڕەکاندا کە دەبێ  غەززە وەک تاکە کێشەی یەکەمی مرۆڤایەتیی دابنێیت. هەڵبەت وەک پرسێکی مرۆیی، قوربانیانی سیڤیل رەوایەتیی تێدایە. بەڵام، رێخۆشکەرێکیشە بۆ داپۆشینی قەیرانی و گرفتەکانی بەشەکانیتری مرۆڤایەتیی.

نووسەر و روناکبیرانی عەرەب و ئیسلامیستەکان و تەنانەت لە وڵاتانای خۆرئاواش دەیانەوێ بۆچوونێکی 'ئەدۆرنۆ' بکەنە بەرگی غەزە کە پاش غەزە چیتر شیعر و فەلسەفە بەهایان نەماوە. بەڵام، ئەم دیدە تاکڕەهەندەش گەیشتووتە ئیفلاسی بەهایی لە سایەی سیستمی سەرمایەداری نیوڵبراڵدا.

رەنگە 'ئیدوارد سەعید' وەک نووسەرێ توانیبێتی پرسی فەلەسستین بکات بە پرسێکی ویژدانی مرۆڤایەتی و پاڵپشتیی جیهانی هەبێت. بەڵام، دیسان ئەو نووسەریتری عەرەب و ئێرانییەکی وەک 'حەمید دەباشی' و ئەوانەی بەرەی پانئیسلامیی، دەیانەوێ غەززە وەک کلیلیی بە ئاگاهاتنەوەی عەرەب/خۆرهەڵاتییەکان وێنابکەن بیکەن بە سەرەڕمێک دژایەتی سیاسەی ئیپمریالیزمی ئەمریکی ئیسرائیل.

 ئامانجیانە جەنگەکە نەک هەر بە جیهانی بکرێت، بەڵکو بە شۆڕشێکی فەلسەفەتینییەکان دژ بە داگیرکەر دابنرێ کە لەڕێوە هەلومەرجی ناوچەکە و جیهانیش بگۆڕێت. ناونانیشی بە 'تۆفانی ئەقسا'، فۆرمولەیەکی ئیسلامیزەکراوی ئەو "شۆڕشە"یە.

لە کاتێکدا بیرکردنەوە بە واتای دیالۆگێکی گەردوونیی هاوبەشە کە لەسەر پرسەکانی مرۆڤایەتی، نەک ئەورپا/خۆرئاواسەنتەریی یان پانئیسلامیست سەنتەریی. تا ئێستاش پرسی 'مرۆڤی کورد' لە هیچ کام لەو دوو بلۆکەدا زوومی رەوای نەخراوەتەسەر.

بێئۆقرەیی فەلسەفە لەم سەردەمەدا، بیرکردنەوەیە لە جیهانێکی بزۆز. بیرکردنەوە، بەرپریسارێتییە بەرامەر هەنووکە و ئاییندە. بەڵام، لە سایەی نیولبراڵیزمی بازاڕخوازدا باوکەرۆحیی و دەرووناس و بانگخوازەکانی پەرەپێدانی مرۆیی، ئامۆژگارییمان دەکەن باری خۆمان بەبیرکردنەوە قورسنەکەین. لەبەرئەوەی بیرکردنەوە ئاودیویی هەنووکەمان دەکات و لە "ئێستە" دامانئەبڕێت و بەهۆیەوە لەخۆ بێگائەبیین!

بەناوی بە ئاگاهاتنەوە(Mindfulness)، بیر لە ژیان، گوزەران و کێشەکانی دەوروبەر مەکەرەوە. با ئاسودەیی ناخ نەژاکێیت، خەریکی دەروونی خۆت بە. ئەمە رەچەتەی بەختەوەری مرۆڤی سەردەمی نوێیە! ئەوە چ ئاگاییەکە کە "تۆ" لە ناوخۆتدا بزربیت، لە پرسەکانی دەروربەر بێئاگابیت؟ گەوجاندنێک هاوشێوەی گوتاریی دۆگماتیکی ئاییندارەکانی سەدەگەلێکە کە بەناوی گەشتی رۆحیی پاک بەرەو جیهانی هەرمان و کامڵ.

لەسایەی تۆڕەکانەوە، باوکە رۆحی و ئایدۆلۆجیست و رۆژنامەنووس و بەناو زانا و سیاسیە تەڵەکەباز و راوێژکارە رێوییەکانییان و کۆمپانیاکان "بیرمان بۆ ئەکەنەوە"! ئەزانن بەچی ئاسوودە ئەبین، بەچی خۆشگوزەران ئەبیین! لە کۆڵکردنەوەی ئەرکی بیرکردنەوە، رێیەکە بۆ خۆڕادەستکردن بەوانەی بڕیار لەسەر ژیان و چارەنووس ئەدەن.

بەڕای 'هایدەگەر' ئەو کاتە ئەزانین بیرکردنەوە چییە کە خۆبەخۆ بیرئەکەینەوە. ئەکرێ فێری بیرکردنەوەبین و لەسەری رابهێنرێین. بیرکردنەوە کارامەیی و چالاکییەکی ئازادانەی مرۆڤە کە نابێ لەقاڵب بنرێت. ناشکرێ رەچەتەیەکی داخراوی بۆ دابڕێژرێت. لە چێوەنانیی، دژ بە سروشتی ئازادی خۆیەتی.

 بەڵام، دەشبێ بیرکردنەوەی دروست و گونجا و راست لە جۆرەکانیتر جیابکەینەوە. بیرکردنەوەی رەخنەیی کە بە دیدێکی رەخنەییانە لە جیهان و پرسەکان بیردەکاتەوە، تەنها فۆرمێکی لۆجیکیی نییە. گرێدانەوەی پرسەکانی ژیانە بە هزرەوە و هاوکات بیرکردنەوەیە لە خۆی.

زۆرجار لە خۆم ئەپرسم؛ ئایا رەخنەکردنی بەردەوامی هەلومەرجیی 'ئێمە' روانینێکی رەشبینانە و نەرێنییە لە جیهان؟ ئەگەر لە هەموو سەردەم و کات و شوێنیکدا کێشە و قەیران و هەڕەشە هەبووە، من وەک نووسەرێ هۆکارێکی دروستکردنی نائومێیدییم؟ یان دۆخەکە هەر بەڕاستی خۆی وایە؟

 ئەوە راست نییە کە نووسەرە رەخنەییەکان، بکوژی ئیرادەی ژیان و هیوان. زۆرینەی خەڵکی ئاسایی ئەم سەردەمە باش لە دۆخەکە گەیشتوون. ئەزانن کێشەکان بۆ چۆنیەتی نووسینی رەخنەیی نووسەرەکان ناگەڕێنەوە. جگەلەوەشی خەڵکەئاسیاییەکە نەک هەر ئەو نووسینانە ناخوێننەوە، بەڵکو رۆژانە بەرکەوتییان لەگەڵ کێشە بنەڕەتییەکاندا هەیە.

بەڵام، لەروانگەی حزبەکانی دەسەڵات و قەڵەم بەدەستەکانیانەوە، بەدرێژایی سێ دەیە نووسەرە رەخنەییکان کانگای 'کولتوری رەشبینی'ین. تەنها لە ئەندێشەی ئەواندا، دۆخەکە بە نووسینی پاکانەیی و پاساودانەوەی بەرژەوەندیخوازانە سپی ئەکرێتەوە.

لە رۆژگارێکی ئاڵۆز و خێراگۆڕاودا، کە مەترسیی کتوپڕ دەرئەکەون، هەواڵ و زانیاری ناخۆش لە تیڤی، مۆبایل و تۆڕەکانەوە کەمتر ئومێدی باشبوون لە ئاسۆدا دەرئەخەن. ئەمە بە دبینیی نییە  بە ئەندازەی ئەزموونکردی راستەوخۆی واقیعە. هەرچەندیش دڵمان خۆشکەین، وەک شەکر بکەیتە دەریایەکی تاڵەوەیە. جگەلەوەی کە لەنێو لەپەکانماندایە، هیچیتر شیرین نابێ!

 وەکچۆن لە هزر و دەروونماندا، دەیان ناوچەی کوێر و تاریک هەن، ئاوەهاش لە ناخماندا شێوایی و ناڕوونی و ئاڵۆزکاویی هەن. وەکچۆن رووداو و پێشهات و کێشەکانی جیهانیش لە دەستەواژەیەکدا کورتنابنەوە، ئاوەهاش یەک جۆر لەبیرکردنەوە نییە.

لە پەروەردەوفێرکردن تا زانکۆکانیش، فێریی بیرکردنەوەی سەربەخۆ نابین. بەردەوام بیرمان بۆ ئەکرێتەوە. سەرەڕای بەردەستبوونی زانیاریی و داتا، خۆمان لە ئەرکی بیرکردنەوە ئەدزینەوە. بۆیە لەهەر سەردەمێکیتر، ئەگەری داگیرکراوێتی و کۆیلەیەتی هزریی زیاتربووە.

لە جوگرافیایەکدا ئەژین کە ئاخنراوەە لە وەڵام، پڕە لە بەربەستی بیرکردنەوە. سیاسەت، ئایین، زانکۆ و پەروەردە، راگەیاندن و ژیانی رۆژانەمان سەرڕێژە بە موسەلەمات -بەراست دانان- (Postulates) و بەلگەنەویست (Axiom)ەکان. دڵنیابوونێکی 'رەمەکی' و رهها بە باوەڕەکان، بەپێشداوەرییەکان بەبێ بەڵگەی ئەزموونکرد و زانستیی ئاڕاستەمان دەکات.

 کورتکردنەوەی کێشەکان لە رستەی کورت، زاڵبوونی جیهانبینییەکی داڕشتنییانە لە گێڕانەوەی شیعریی و ئایینیدا کاریگەرترە لە بیرکردنەوەی قووڵ! هەموو زانینێک لە 'خوادا' کورتکراوەتەوە، بەرپرسیارێتیش لە چارەنووسێکی بڕاوەدا دیاریکراوە. ژیان لە چارۆکەیەکدا بۆ جیهانێکیتر پێچراوەتەوە. کەم هەوڵدەدین ئەوەی هیوای بۆ دەخوازیین، بەکردەیی لە ئێرە و ئێستادا، بەدەستی خۆمان بەدیهبهێنیین. ژیان وەک بیرکردنەوە، لەپنتێکدا بە نەگۆڕە بەڵگەنەویستەکانەوە هەڵواسراوە!

هزری رەخنەیی نەک پەسەندکرانییە بەڵکو بێزراویشە. چونکە، پێچەوانەی هەرچی دۆگمای موسەلەمات و بەڵگەنەویستی باوەڕپێکراوە. هێشتا رەخنە رەزای گرانە و 'مرۆڤی ئێمە' وەک تاکێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی ئاپۆڕە بیرناکاتەوە. ئەو وەک ئێمەیەکی گشتەکی ئەدوێ و هەڵوەستە دەکات.

ئیدی، وەڵامەکانی مامۆستای زانکۆیەک، روناکبیرێ، مەلایەک، فرۆشیار و بازرگان و حزبی و سیاسی و کابانی ماڵێک و هتد... لەیەکتر زۆر جیاوازترنیین. هەموو وەک "یەکێک" وەڵامێک ئەدەنە، بەیەک ئاڕاستەی بیر تێئەگەن. بیرکردنەوەی سەربەستانە، سەرزەنشتکراوە. لادانە لەو کۆدەنگیی و کۆبیرە کە ناوی "ئێمە"ی باڵایە لە هەر منێکی تاکەکەسدا! بۆیە، جیاوازی بیرکردنەوە، بژاردەی جیاجیا لە پۆشین، خواردن، باوەڕ و هەڵسوکەوتدا وەک ئەنامۆڵی-نائاسایی- نەشاز رەتدەکرێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×