بەبۆنەی رۆژی جیهانی فەلسەفەوە: بۆ فەیلەسوفەکان لەبارەی رووداوە سیاسییەکان دەکەونە هەڵەوە؟

نەوزاد جەمال
  2023-11-15     387

لێکدانەوەی جەنگی حەماس/ئیسرائیل زۆر کەس و لایەن و گروپ و دەوڵەتانی هێنایە قسە و هەڵوێستنواندن، بەجۆرێ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دوو جەمسەر تۆخبوونەوە: پرۆحەماسی دژەئیسرائیلی، پرۆئیسرائیلی دژەحەماسی. وایلهات هەرکەسێ نەفرەتی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بکات، بەدژەسامی دابنرێت. هەر کەسێکیش دژ بەرەفتارەکانی حەماسبێت، بە "فۆبیای ئیسلامی" تاوانبارکرێت.

 هەڵەکردن لە بڕیاردان، ئەنجامی خوێندنەوەی هەڵەی جەنگەکە و لایەنە جیاوازەکانیەتی. هەڵەیەک کە تەنها بەسەر دەزگار هەواڵگیریی و شرۆڤەکارانی سیاسی تێنەپەڕی، بەڵکو فەیلەسوفەکانیشی خستەداوی لێکدانەوەی دژبەیەکەوە. بەڵام، 'هایدەگەر' ووتەنی-'هزری مەزن، هەڵەی گەورە ئەکات'.

بەردەوام فەیلەسوفەکان سەبارەت بەڕووداوە سروشتی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیەکان، بەرەڕووی رەخنەیەک دەبنەوە: بۆچی هەڵوێستی دیاریکراوییان نییە و لە قوللەی ئەندێشەکانیان نایەنە خوارەوە؟ بەپێچەوانەشەوە، هەندێ فەیلەسوف وەک بووکەڵەی سەرشاشە و تۆڕەکانییان لێهاتووە و لە هەموو بابەتێک ئەدوێن. بەڵام، وەکچۆن خۆدزینەوە لە کارەساتە مرۆییەکان بەرپرسیارێتی رەوشتی فەیلەسوف دەخاتەژێر پرسیارەوە، خۆهەڵقورتانیش لەبابەتی جیاواز بەبێ شارەزایی پێویست، فەڵتەی گەوەرەی لێدەکەوتەوە. 

بۆیە، فەیلەسوفەکان(زاناکانیش) لەنێوان دەروەستی و خەمساردییدا، دووچاری پرسیارێک دەبنەوە: ئەرک و رۆڵی فەیلەسوف چییە؟ هەندێ پێیوایە ئەرکی سەرەکیی بەشداریکردنە لە دروستکردنی بڕیارە رەوشتییەکاندا (فەلسەفەی کیشوەریی). هەندێکیش خۆخزاندنە نێو مشتومڕە سیاسییەکانەوە بەکارێکی هەرزەی دادەنێن. چونکە، سروشتی سیاسەت پڕە لە دژیەکی و ئاڵۆزیی و بەرژەوەندی پێچەوانە و ناماقوڵی(فەلسەفەی شیکاری).

سەربوردەی 'چاڵەکەی تالیس' و نەفرەتی پیرەژنەکە لە فەلسەفەی یۆنانی پێشسۆکراتدا ئەوەبوو؛ کە 'تالیس'ی یەکەم فەیلەسوف، بەردەوام هەڵەوگیریی وەڵامی پرسیارێک بووە؛ بنەمای گەردوون و جیهان چییە؟ بەڵام، ئەوەندەی سەیری ئاسمانیکرد، پێی کەوتە چاڵێکەوە و پیرەژن بەگاڵتەوە پێ ووت؛ "کە تۆ چاڵەکەی بەرپێی خۆت نابینی، چۆن لە نهێنی گەردوون و ئاسمان تێدەگەی؟

 ئەم جەنگە، چاڵیکیترە کە هەریەک لە 'پیتەر سینگەر و ژیژەک و هابەرماس' خستەنێو رای گشتییەوە. وەک بەڵگە نەویستێ بۆ بڕیاردان لەسەر رەوایەتی و ناڕەوایەتی جەنگەکە، پتر جەختیان لە بنەما مۆراڵی و مرۆییەکان کردەوە. گرفتەکەش لەوێوەوەیە؛ درککردنی رەوشتیی بوو هۆی، مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ کارەساتەکە. نادیدەگرتنی دینامیکیەتی هێز لە جەنگەکە و هاوکێشە و جەمسەرەکانی بەرژەوەندی و فاکتەرەکانی جەنگ و پاڵنەرەکانی، بووە چاڵەکەی تالیس.

 سەرەتا کە جەنگەکە هەڵگیرسا، مژارەکە گەرم بوو بەڵام تابڵێی دیمەنە ناڕوون بوو. دواتر، بەرە بەرە بوو بەشێک لە هەواڵەکانی رۆژانە و رێچکەی خۆی لە کۆی کێشە و قەیرانەکانی جیهاندا دۆزییەوە. هەمان شتیش بۆ شەڕی روسیا و ئۆکرانیا راست بوو.

ئەو گرفتەی یەخەی پیتەر سینگەری فەیلەسوفی لە نووسینێکیدا گرت، بەڕای 'بن بورگەر' ئەوەیە؛ هەمان پێوەری رەوشتی رەچەتەئاسای رەها و ئامادەیە کە بۆ هەردوولای قوربانیان و هێرشکەران بەکاربێت. ئەمەش پێچەوانەی بۆچوونە رێژەییەکە بۆ ژمارەی قوربانیانی هەر دوولا. لەبەرئەوەی 'سینگەر' سەر بەرێبازی(utilitarian) سوودگەرایی رەوشتییە و لەسەر رێسایەک بەندە: کەمکردنەوەی ئاکامە خراپەکان، هاوکات زیادکردن زۆرترین سوود، رەوایە. ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی بەرفراوانکات، کەمترین قوربانی سیڤیلی فەلەستینی لێکەوێتەوە، ئیتر رەوایە!

بۆردومانکردنی نەخۆشخانە و داوای چوڵکردنی بەشێکی غەزە، هەڵوێستی دژیەکی لێدەکەوێتەوە. پاساوی بەرگریکردن و پاکتاوکردنی حەماس کە تونێلی لەژێر شوێنە سیڤیلەکاندا لێداوە، کارتێکی دووسەرەیە؛ حەماس خەڵکەکە وەک قەڵغانێک و خراپکردنی وێنەی ئیسرائیلە بەکاریهێناوە. لە لۆجیکی جەنگی ئیسرائیلشدا رێپدراوە، مادام قوربانییەکان لەستۆی حەماسن، چونکە وەک تاکتیکێکی جەنگی بەکاریاندەهێنێت.  

لە پێشانگای کتێبی فرانکفۆرت 'ژیژەک' هەڵوەستەیەکی توندی لەسەر دوورخستنەوەی خانمەنووسەری فەلەستینی کرد کە پێش جەنگ بڕیاری خەڵاتکردنی دراوبوو و ووتی 'کەمێ هەست بەشەرمەزاری دەکەم کە من لێرەم"! هاوکات، راشکاوانە پەلامارەکانی حەماسی بۆسەر خەڵکی سیڤیلی ئیسرائیلی ئیدانەکرد. هابەرماسیش دوێنێ لەگەڵ دوو کەسیتردا پەیامێکیان بەناوی 'بنەماکانی هاوسۆزی' بڵاوکردەوەو بەپێی بەیاننامەکە؛ ئیسرائیل نیازی کوشتاری بەکۆمەڵی فەلەستیینیەکانی لە هێرشەکانیدا نەبووە، تەنها پەرچەکردارێکی کۆکوژیەکانی حەماسە. بۆیە، بەمەرجێ پرۆسەکە رەوایە؛ ئەگەر رێژەی قوربانیانی سیڤل هەڵنەکشێ.

هابەرماس پێوایە کۆمەڵێ 'بنەمای جێگیر' هەن کە ناکرێ رەتبکرێنەوە: - رێگریکردن لە بەئامانجگرتنی خەڵکی سیڤیل، -شەڕکردن بەمەرجی ئەگەری ئاشتی لە داهاتوودا. بەڵام رستەیەکیتر دەخزێتە راگەیاندنەکەیەوە؛ 'سەرەڕای نیگەرانییەکان سەبارەت بەچارەنووسی دانیشتوانی فەلسەفەتین، پێوەرەکانی بڕیاردان تێکدەچن کاتێ کە تاوانی جینۆساید بخرێتەپاڵ رەفتارەکانی ئیسرائیل. نابێ رەفتارەکانی ئیسرائیل، ببنە پاساو بۆ هەڵوێستی دژە سامیەت لە ئەڵمانیاو بەگشتی لە جیهان'!

گرفتی سینگەر یان هابەرماس یان ژیژەک بریتییە لە: دابڕانی کارامەیی-سکیڵ- پێویست کە یارمەتی بیرکردنەوە و شرۆڤەی فەلسەفیی وورد لە راڤەکردنی رووداوێکی کردەییدا. هۆکارسازیی و ئەرگومێنستازیی رەوشتی لەسەر ئاستی ئەقڵی پەتی ئۆتۆماتیکیانە ئامانجەکە ناپێکێت. بەڵکو دەبێ مێژوو، پەیکەرەی دەسەڵات و هێز، ئاڕاستەی رووداوەکان و کاریگەرییان لەسەر ئێستا و داهاتوو و لێکەوتە یەک بەدوایەکەکانیشی، پەیڕەوبکرێن. بەتەنها راهێنانی فەلسەفیی بۆ ئەو شرۆڤەیە بەس نییە. چونکە دینامیکیەتی هێز و توندویژی لە ژیانی واقیعیدا هەر لە بەکارهێنانی چەقۆیەکەوە تا هێرشی سایبەر-ئەلێکترۆنی و پێشبڕکێی منداڵخستنەوە چووە.

ئاسان نییە، بەتەنیا هەڵوەستە لە رووداوێک بکرێ بەرمەبنەمای هەواڵێکی رۆژنامەیی جیهانی یان کەناڵێکەوە. چونکە، بەهۆیانەوە مرۆڤ بەهەستێکی راستەوخۆی مۆراڵی بارگاویدەبێت کە لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکەدا کورت ئەهێنێت. جەنگەکە بۆ فەیلەسوفەکان هەڵویستەیەکە بە پێودانگێکی رەوشتیی کە تاچەندە رەوا و پاساودراوە؟ جەنگ لەخۆیدا جگەلە ماڵوێرانی و توندوتیژی هیچیترنییە. لای هەندێ فەیلەسوف جەنگی رەواش هەیە کە بەرگریکردن و پاراستنی سامان وماڵ و گیانە.

 ئەگەر لەرووی رەوشتیەوە توندوتیژی ناڕەوابێ، بەرگریکار لە هێرشبەر جیاناکرێتەوە. چونکە؛ توندوتیژی هەمیشە توندوتیژی پتر بەرهەمدەهێنێتەوە. بۆیە، باشترین رێنمایی بۆ فەیلەسوفەکان لەم بارانەدا، ووتەکەی 'ئەڵتوسێر'ە؛ سیاسەت جەنگێکی درێژمەودایە، پەلەت لێی نەبێ، هەوڵبدە پێشتر شتەکان ببینیت و فێربە کە چۆن ئەمڕۆ چاوەڕوان بیت و خۆت بە هەڵوێستنواندن ناچارنەکەیت".

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×