سەرقاڵکردن بەهیچ: ئایا لەسەردەمی بێ واتاییدا ئەژین؟

نەوزاد جەمال
  2024-03-10     197

لێرەدا باسی سایکۆلۆجیای کاردانەوە و هەستوسۆزی مرۆڤەکان ناکەم، بەڵکو مەبەستم لە دیوێکیتری تەکنۆلۆجیای پەیوەندیی و تۆڕەکانە لەسەردەمێکدا هزر و مێشکمان پەرتوبڵاوبڵاوبووە. سەرقاڵبوون و خڵافاندن(Distraction) بەهۆی بە کارهێنانی تۆڕەکان و تەکنۆلجیای نوێیەوە، مێشکی داگیرکردووین. بەردەوام سەرقاڵیین و هیچیش دیارنییە.

 ئیتر هایدەگەرییانە بڵێین؛ بوونمان داگیرکراوە و لە جوڵە سنووردارە تەکنیکیەکاندا بچووکراوەتەوە. وەیشوومی تەکنۆلۆجیا، ژیان و بوونیشی لە بیر بردووینەتەوە. ئەگەر شتێک بە ناوی قەیرانی واتا هەبێت، ئەوا لە سەردەمی هەژموونی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوودا لە هەمووکات زیاتر و تۆخترە.

بۆیە، جیهانێکی لە واتابڕاو و لە پەیام دابڕاو لە تۆڕەکاندا ئەزموون ئەکەین. نەپەرژانە سەر ژیان خۆی، جگەلە "قەیرانی واتا" هیچتر ناگرێتەوە. لێرەوە، گرفتێکی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی زۆریی و جۆراجۆریی قەیرانەکان نییە، بە ئەندازەی پەرشوبڵاویی هەستوهۆشەکانەوە. ئەوەندەی سەرقاڵی باس و هەواڵی کێشە و گرفتەکانیین، سەرگەرمی چارەسەرکردنییان نیین.  

چونکە، مرۆڤ پێگەکەی لە تۆڕەکاندا سنووردارکردووە، دانپێدانانی خۆی بە لایک و بەسەرکردنەوە و رادەبڕینەوە بەستۆتەوە. ئیتر ئەوەی وەک بەشێک لە ئەزموونکردنی زاتی خۆی کورتکردۆتەوە و هەستدەکات بوونی خۆی لە هەژمارێکی فەیسبوک/ئینستادا پڕبۆتەوە.

بەڵام، خۆبینینەوە لە تۆڕەکاندا، یەکسانە بە هەستکردن بە بچووکی خۆت. زۆری راوبۆچوون و رەنگ و دەنگەکان و پاڵنەرێکی فریودەرن کە "تۆ"ش شتێک بڵێی. هەڵوێستێک بنوێنیی یان نمایشێک بەجەستە و رووخسارت بکەیت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر تەکنۆلۆجیای نوێ لەخۆیدا، خاڵی بێت لە واتا، هەوڵدەدات بەو زەمینەیەی کە بۆ مرۆڤی خۆشکردووە قایلمان بکات. وائەزانین زیندەچالاکی ژیان بووە بە –سکرۆڵین- هاتنەخوارەوە بە نامە و هەواڵ و پۆستەکاندا.

 جیهانێکی بێسنوور و بێگیان و بێهەستوهۆش لە تۆڕەکانەوە جارێکیتر فڕێمان ئەداتەوە باوەشی 'خۆشباوەڕی' خۆمان. لە سەردەمێکدا پتر هەست ئەکەیت "خوا" مناڵەکان و دروستکراوەکانی خۆی بۆ چارەنووسێکی تاڵ و بێداد بە جێهێشتووە. بێهۆشبوون بە ژیانێکی دروستکراو، پاڵنەرێکە له گەڕان بەدوای ‌واتای ژیاندا، به‌رەو راکردن به ‌دوای ژیاندا لە ناشوێندا.

ئەگەر جاران باوەڕێکی گشتی هەبوو کە 'خوا' سەرچاوەی واتای بوون و ژیانە، ئەو قەناعەتەش ترازاوە. تەنانەت، لەسەر دەمی تۆڕەکاندا هەستدەکەیت "خوا، ئایین و کەسێتییە پیرۆزەکانیش" پیویستیان بە تۆڕەکانە. بۆ ئەوەی ببنرێن، یادبکرێنەوە و بەرزڕاگیرێن، دەبێ ببنە بابەتی پۆستکردنێک.

لێکەوتەیەکی ئەم تەکنۆلۆجیایە، کوشتنی دەستەبژێرە. تۆڕەکان هەموومان دەخاتە یەک ئاستەوە، بەڵام یەکسانمان ناکات. کۆتایی دەستەبژێری سیاسی و روناکبیری و زانستییش، تەریبە بە گەردیلە-ئەتۆمەیزەشن-کردنی کۆمەڵگاکان. هاوکات، "رۆحییەتی" قبوڵکردنی بابەتەکان بە بیانوی بەردەستخستنی زانیاریی بەهێزتردەکات. ئەگەرچی تۆڕەکان مرۆڤەکان لە یەکتر دانابڕێت، بەڵام هەریەک لە هەژمارەکەی خۆیەوە-'دیوەخانەکەیەوە' رایەڵکراون و تەنها لە وێوە پەیوەندیی ئەبەستێت. تادێت تۆڕەکان فراوانتر و بەرینتر دەبن، پەیوەندییەکانیش ووردتر و پەرترئەبن. هەروەها، لە ئاپۆڕای هەواڵەکان و سەرڕێژیی و لێشاوی زانیارییەکاندا نقومدەبن.

لێرەوە، لە هەموو کاتێ زیاتر، دیاردەی "ساخته‌کردنی واقیع" له‌ جیاتی گۆڕینی بنەڕەتیی لە ئارادایە. مەبەستم له ‌ساخته‌کردنی دۆکۆمێنت و به‌ڵگه‌نامەکان نییە، به‌ڵکو ئەو‌ کۆششه‌ رێکخراوە‌ی ده‌زگا و ئایدۆلۆجیای ئایینی/ سیاسییە کە لە رووپۆشکردن و داپۆشینی راستییه‌کان ئەکرێت. دروستکردنی وێنه‌یه‌کی درۆینه بۆ بابەت و پرسە هەستیارەکان. ئیتر ئێمە له ‌کۆمه‌ڵگا‌ی 'پاش هه‌قیقه‌ته'‌وه‌ بەرەو کۆمه‌ڵگای 'واقیعدزراو' ئەچین.

 تەکنۆلۆجیا مرۆڤی لە رەگەوە هەڵکیشا و نامۆیکرد بە خۆی. تۆڕەکان چاوت ئەکاتەوە، بەڵام هۆشیارییت پێنادات. وەک ئەوەی هەزارقن نوکتەت بۆ ئەگێڕێتەوە بێئەوەی بتوانێ بتخاتە پێکەنیین. هۆشیاریی پرۆسەیەکی خۆکردە و بەرئەنجامی پرسیار و گومانکردنە. بیرکردنەوەی رەخنەییانە بە فۆرمات دانەبەزێت.

ئەگەرچی چیتر لە قاتوقڕی زانیارییدا ناژین، بەڵام مرۆڤەکان هەر بەو هۆیەوە تەمەڵترن. چونکە، هەستدەکەن لە بەردەسبوونی زانیارییەکان تێرن. زانیاریی و داتاکان بە پرۆسەیەکی –ئەلۆگیرتیزم- خەواریزمییانە ریزئەبن. ئیتر، دەکرێ بڵێین لە کۆتایی مرۆڤی ژیرمەند-هۆمۆ ساپینس-داین.

دەکرێ هاوڕای ووتەکەی 'ژان بۆردیار'، فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی بین: 'ئێمه‌ له‌جیهانێکدا دژین که‌ زۆرترین و زۆرترین زاینایری به‌رده‌سته‌و که‌مترین و که‌مترین واتا هه‌یه‌'.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×