کوردە لەشەیرکردنا شێرە: چۆن "رووداو" لەدانسقەیی دەکەوێ؟

نەوزاد جەمال
  2023-03-23     405

 وەکچۆن مرۆڤ ئامرازەکان ئاڕاستەدەکات، ئاوەهاش ئامرازە تەکنۆلۆجیەکان رەفتاری مرۆڤ دەگۆڕن. تەکنۆلۆجیای پەیوەندەی چەندە ئاسانکاری گەیاندن و ئاڵوگۆڕی هەواڵ و زانیاریی و پێکەوەبەستنەوەی تاکەکانە، ئەوەندەش دایبڕیوون و لێکی دوورخستوونەتەوە. بەدەربڕینێکیتر، پارادۆکسە-دژنوما-کە لەوەدایە: کاتێک مرۆڤ دڵنیا دەبێ و هەستدەکات پەیوەندیکردن ئاسانە و هەرکات بیەوێ دەستی پێدەگات، بەجۆرێکیش پاڵی لێدەداتەوە.

سەردەمانێ کە تەکنۆلۆجیای پەیوەندی بەمجۆرە نەبوو، تەلەفۆنی نێوماڵ کە ئەویش لە هەموو شوێن و لای هەمووان نەبوو، خەڵکی ناچاربوون راستەوخۆ سەردانی هاوڕێ و دۆست و خزموکەسی بکات. لە نەبوونی پنتی پەیوەندی راستەوخۆ و هەستکردن بە دووریی لەیەکتر، مرۆڤەکان حەز و جۆشی سەردانیان بۆ یەکتر هەبوو. هەمیشە، مەودا تاسە و پەرۆشی بەیەکگەیشتن دروستدەکات.

بەڵام، کاتێک مۆبایل و کورتەنامە و پاشان تۆڕەکان هاتنە ژیانمانەوە، مەیلی یەکتر بینین و سەردانیکردن بۆ حەزی 'خۆنیشاندان' بەرامبەر بە'ئەویتر' گۆڕڕا. لەجیاتی ئەوەی 'تۆ' سەردانی ناسیاوەکەت بکەی، وێنەی خۆت و منداڵ و ماڵ و ژەمە خواردن یان جلوبەرگ لە سەیران یان لە گەشت لە پەڕەی خۆت شەیری بکەی و ئەویش لەوێ سەردانیان بکات. واتە، لەو شوێنەی خۆتیان نیشان ئەدەی، هەر لەوێ ئەوانیش دەتبینین.

لێرەوە، پەیوەندییەکان لە خۆنیشاندان و یەکتربینین و شەیرکردن و لایکردندا کورتبوونەوە. بەمەش، زۆر واتا و رەهەندی کۆمەڵایەتی و ئەتەکێتی سەردان و پەیوەندی بزربوون و جۆریکیتر لە ئەتەکێتی دیجتیاڵی هاتنە جێیان. دواجار، هەستی لە دەستدانی گەرموگوڕی ئەو فۆرمە کۆمەڵایەتیەمان لادروستبوو. چونکە، سەرباری نزیکی و دەستڕاگەیشتن بەیەکتر لە تۆڕەکاندا، لە واقیعدا هەموومان نەک هەر لەیەکتر دوور کەوتووینەتەوە، بەڵکو تەواو دابڕاوین.

راستە، ئەمڕۆ بە رواڵەتیی ئاگامان لە دۆخی یەکتر و تەنانەت ژیانی تایبەتیشی یەکتر هەیە، بەڵام، رووبەڕوو و راستەوخۆ ئاگامان لە هەستونەست و ناوەڕۆکی ژیان و کێشەوگرفتەکانی یەکترمان نییە. ئێمە تەنها توانای ناسینەوە دەوموچاو و پۆشاک و دەرکەوتنی یەکترمان هەیە. بەڵام، لە ناخی دەروونی یەکتر دوورکەوتوونەتەوە.  

ئەمەش نە مەتەڵە و نەنهێنیی. دیاردەی لایڤ و چرکاندنی وێنە و فیلمی خۆت راستەوخۆ لە بۆنەکانی وەک جەژن و ئاهەنگەکاندا، وادەکەن ئەو رووداوانە دانسقەیی و نائاساییبوونی خۆیان لە دەستبدەن. ئێستە کە تازە نەورۆز بووە(رەمەزانیش بەهەمان شێوە)، بەشێکی زۆری ئەوانەی مۆبایلی زیرەکیان پێیە، سات بە سات ئەو بۆنەیە تۆماردەکەن و لە هەژمارەکانیان شەیری ئەکەن. دیاردەیەکی سەیرە کاتێ "هەموومان" کە ئەو گرتانە بۆیەکتری شەیرئەکەین وەک ئەوەی بینەرێ لەوێ نەبووبێ یان نەزانێ چ باسە.

بەمەش، رووداوەکە-بۆنەکە- دانسقەیی و تاقانەیی خۆی لە دەستدەدات و دەبێت بەشتێکی باو و گشتی کە لای هەموومان بەیەکسانی وەک یەک وایە. خاڵێکیتریش ئەوەیە، کە ئەوەی لە بۆنانەدا خەریکی چرکاندن و لایفکردنە، ئەوەندەی لەناو مۆبایلەکەی و تۆڕەکاندایە، هێندە لە نێو بۆنەکەدا ئامادەیی نییە.

لێرەوە، رەهەندێکیتری ئەم تەکنۆلۆجیایە نوێیە؛ نائامادەیی بەردەوامی مرۆڤە لە بۆنە و کایەکانی ژیاندا. تۆڕەکان وەک نیمچەژیانێکی ئەلتەرناتیڤ، مەیل و حەزی بە یەکگەیشتن و یەکتربینین و سەردانیکردنی راستەوخۆ و رووبەڕووی رۆژانەی ئەگەر نەکوشتبێ، ئەوا بۆ هاوکێشەی؛ 'بمبینە' و 'ئەتبینم' گۆڕیوە.

لەبەرئەوە، هەرچی ئەو بۆنانەی وەک رووداوێکی دانسقە و دەگمەن پەخشدەکرێن، لە راستییدا هیچیان رەسەن-ئۆرجیناڵ- و دەگمەن و بێوێنە نیین. بەڵکو، چیرۆکگەلێکی هەزاربارەن کە لە ملیۆنەها گۆشە و جەمسەرەوە پەخشدەکرێن و دێن و دەچن. لەمەشەوە بینەر و چرکێنەریان یەک کەسن یان هەمان بیرکردنەوەیان هەیە.

کەواتە، ئەوەی شەیردەکرێ نە رووداوە، نەبۆنە. چونکە، نەیەکجار روودەدەن و نە کەسەکانیش لە نێودا بەتەواوەتی ئامادەن. بەڵکو، نیمچە ئامادەبوونێکی فیزیکی-جەستەییان لە پێناو رووماڵکردنیدا هەیە. دەنا، لەوێ نیین بۆئەوەی کە دەبێ 'لەوێ' بن، بەڵکو لەوێن تا بزانرێ و بیبنرێ کە 'لەوێ' بوون. لێرەوە، ئەو شەیرکردنانە، بەردەوام ساتەوەختی "ئێستا"ی بۆنەکان دەکەن بە 'رابووردوو'. هەموو شتێ 'لەوێبوو'، 'روویدا'، بینرا و ئیتر کۆتاییشی هات!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×