لەهەموو دونیادا حزبی ئۆپۆسزیۆن خەباتو کاری لە چوارچێوەی سیستەمێکی دیموکراسیدا بۆ گەیشتنە بە دەسەڵات . لەهەڵبژاردنەکاندا حزبەکان کێبڕکی دەکەن بۆ دەسەڵات ، ئەوەی دەیباتەوە دەسەڵات وەردەگرێ ، دۆڕاوەکانیش دەبنە ئۆپۆسزیۆن لەناو پەرلەماندا وەک چاودێرو محاسەبەکار رۆڵی خۆیان دەگێرن . لێرە لە هەرێمی کوردستانەکەی ئێمەدا زۆربەی ئەو حزبانەی خۆیان بە ئۆپۆسزیۆن دەزانن کارو ئەرکەکانیان تەنها لە شۆی ئیعلامیدا دەبیننەوەو لە ناو پەرلەمانیشدا هەمیشە بوونەتە پاشکۆی حزبی دەسەڵات و بڕیارەکانی بۆ تەسدیق دەکەن . بۆیە دەبینین زۆربەی سەرکردەی حزبە ئۆپۆسزیۆنەکان دەبنە ئەستێرەی ئیعلامی سەر شاشىەکان ، بەڵام لەناو پەرلەماندا هەمیشە لەگەڵ ویستو خواستی حزبی دەسەڵاتن . بۆ نموونە تا ئێستا نەمزانیوە هیچ یەکێک لەم حزبانە لەکاتی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی حکومەت لەناو پەرلەمانەوە توانیبێتی کاندیدی حزبی دەسەڵات رەتبکاتەوەو دەنگی پێنەدا مەگەر زۆر بە دەگمەن . ئینجا ئەمە یان لە ترسی نانبڕینیان بێت لەلایەن حزبی دەسەڵاتەوە ، یان سیاسەتی دووفاقی خودی حزبەکان بێت ، لەهەردوو حاڵەتدا حزبی ئۆپۆسزیۆن مصداقییەتی خۆی لەدەست دەدات .
ئـێستا کوردستان بە تارکیترین رۆژگارەکانیدا تێدەپەڕێ . قەیرانە قووڵەکانی ژیاری و نەبوونی وگرانی و باجو سەرانە و زوڵموزۆرداری دەسەڵات برستی لەخەڵکی بڕیوە ، رەمزەکانی ئۆپۆسزیۆنیش تەنها لەسەر شاشەکانەوە رەخنەو گلەیی لەدەسەڵات دەکەن ئەمەش نە کێشەکان چارەسەر دەکات نە کاریگەریشی دەبێت بەسەر دەسەلاتدا ، وەکو سەرکردەیەکی دەسەڵات لەکاتی خۆپیشاندانەکانی سلێمانیدا وتبووی ( با بۆ خۆیان هەڵپەڕن ) !.
یەکێتی وپارتی ٣٤ ساڵە حوکمڕانی کوردستانن ، چەندین حزبیش هەر لەو ساڵانەدا تاکو ئێستاش خۆیان بە ئۆپۆسزیۆن دەزانن . لەماوەی ئەم ساڵانەشدا هەموو کاتێک پارتی حوکمڕانی راستەقیینە بووەو یەکێتیش بەشدار بووە لەدەسەڵات . تەنها دوو ساڵ لەکابینەی شەشەمدا دکتۆر بەرهەم صالح بوو بەسەرۆکی حکومەت ، بە شایەدی زۆربەی خەڵکی کوردستانیش ئەو ماوەیە باشترین حکومەت بوو کوردستان بەڕیوە ببات لە خۆشگوزەرانی و پرۆژەو ئاوەدانیدا . بەڵام کاتێک پارتی هەستی بەوە کرد کە یەکێتی خەریکە نموونەیەکی باشتری حوکمڕانی پێشکەش بکات ، هەرزوو دەسەڵاتەکەیان لێسەندەوەو تاکو ئێستاش بە درێژایی ١٥ ساڵ هەر خۆیان حوکمڕانی تاکڕەوی کوردستانن .
زۆر کەس کە باسی دەسەڵات دەکەن ، یەکێتی وپارتی بە یەک چاو سەیر دەکەن ، لە هەڵسەنگاندندا هەردووکیان دەخەنە ناو یەک تای تەرازووەوە ، ئەمەش لەکاتێکدایە هیچکات یەکێتی خاوەن دەسەڵاتی ڕەها نەبووەو لەهەمو کابینەکانی حکومەتدا تەنها بەشدار بووە لەدەسەڵات نەک دەسەڵاتدار .
راستیەک هەیە هەموو کەس لەم کوردستانە هەستی پێدەکەن ودەیزانن ، ئەویش ئەوەیە ئەگەر یەکێتی زۆر جیاوازتر نەبێ لە پارتی خۆ تۆزێک لەو باشترە ، هەر هیچ نەبێ لە زۆنی یەکێتیدا تۆزێک ئازادی تاک و کۆمەڵ فەراهەمکراوە بەپێچەوانەی زۆنی پارتی کە سەرباری ئەم هەموو زوڵموزۆرەی بەڵام هێشتا هاوڵاتییان ناوێرن بێنە سەرشەقام و خۆپیشاندان بکەن چونکە بە تانکو تۆپ زرێپۆش دەوریان دەگیرێ .
لەم روانگەیەوە رۆڵی خراپی حزبەکانی ئۆپۆسزیۆن زۆر بە زەقی بەدیار دەکەوێ . ئەگەر سەیری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکەین دەبینین لە کۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمان پارتی تەنها ٣٩ کورسی هەیە ، ئەمەش رێژەی سێ یەکی کورسییەکانە . هێشتا ٦١ کورسیتر ماوە کە هی پارتی نیە و پێکهاتوون لە یەکێتی وحزبە بە ناو ئۆپۆسزیۆنەکان . کەواتە بۆچی ئەم حزبانە ناچنە ناو بەرەیەکی فراوان بۆ ئەوەی قوڕسایی خۆیان لەکایەی سیاسیدا بسەپێنن .حزبێکی وەکو کۆمەڵی دادگەری کە لە پەرلەمان کشاوەتەوە ، ئایا واجیب نیە لەسەری بێتە ناو بەرەیەکی کوردستانیەوە لەدژی نا دادی پارتی ؟. حزبێکی وەکو یەکگرتووی ئیسلامی کە فیکرو دروشمەکەی دژایەتی زوڵموزۆرداریە ، ئایا هەق نیە بچێتە ناو بەرەیەکەوە دژی دەسەڵاتێکی زاڵمو ستەمکارەوە ؟. حزبێکی وەکو هەڵوێست چی پێکراوە غەیری قییژەقییژی سەر شاشەکان کوا هەڵوستى؟. حزبی خاوەن یەکدوو کورسی پەرلەمان کاریگەری چییان هەیە لەسەر حزبی دەسەڵات ؟.
لێرەوە دەتوانم بڵێم ئەگەر پارتی جارێک خەتابار بێت لەم هەمووە زوڵموستەمەی لەخەڵکی دەکات ، حزبەکانی ئۆپۆسزیۆن دە جار خەتابارن ، چونکە هەم بێ هەڵوێستن و دەنگ ناكەن ( بێدەنگ شەیتانێکی ڵاڵە ) ، هەم هەوڵ نادەن تەنانەت رۆڵی سیاسی خۆشیان بگێڕن . ئەوەتا پەرلەمان داخراوە و حکومەت پێکنەهاتووە و وەزعی میللەتیش لەوپەڕی خراپیدایە ، حزبەکانی ئۆپۆسزیۆنیش تەنها لەسەر شاشەکانەوە قسەی زل دەکەن .
گومانی تێدا نیە ئەو حوکمڕانییەی هەرێمی کوردستان لەوەتەی ٣٤ ساڵی رابردووا نەخشەی بۆ راکێشراوە ، هەرواش دەمێنێتەوە تاکو حزبەکانی ئۆپۆسزیۆن بەم شێوەیە سیاسەت بکەن و رازی بن بەو وەزعەی پارتی ودەسەڵاتەکەی خوڵقاندوویەتی. کەواتە بوونو نەبوونی حزبی ئۆپۆسزیۆن هیچ لەوەزعەکە ناگۆڕێ ، وپارتیش بەردەوام حوکمی تاکڕەوی خۆی بەسەر هەرێمدا دەسەپێنی و وەزعی ئەم کوردستانەش رۆژلەدوای رۆژ بەرەو هەڵدیر دەڕوات . باقی وەلسەلام .