[ خەڵک کۆمەڵێک گەمژە ئەکەن بە سەرکردایەتی
خۆیان ، دوایی ئەڵێن چۆن ماڵوێران بووین.. ؟..
وینستن چێرچڵ ]
...... لە کۆتایی شەست و حەفتاکانا سلێمانی لە سەد ھەزار کەس زیاتر نەئەبوو بەڵام دوو کارگەی لێبوو [ چیمەنتۆ و جگەرەکە } کە بە سەدان خێزان سوودیان لێوەرگرتبوو جگە لەوەی خانوو و گەڕەکی تایبەت بە کرێکارەکانیان دروست کرابوو ، ئێستا سلێمانی خۆی ئەیا لە ملێون و نیوێ کەچی یەک دانە کارگەی تیا نیە .. بازاڕی ئەو سەردەمە پڕ بوولە شت و مەکی ئینگلیزی و عێڕاقی و ووڵاتی تریش بە کوالیتی بەرزەوە ، ئەمڕۆ کاڵای سەقەت و دەرەجە سفری ئێرانی و تورکی وامان لێ ئەکا وا بزانین لە ئەنکەرە یان لە تارانین.. لەو سەردەمەیا بەو ژمارە کەمەی دانیشتوانەوە چەن ھۆڵێکی شانۆیی: مەکتەبی خالدیە ، اعدادییەی سلێمانی ، ھۆڵی نەقابە . زانکۆ و چەن مەکتەبێکیش ھۆڵی بچووکی تایبەت بە خۆیان ھەبوو ، ئەمڕۆ لە پایتەختی ڕۆشنبیری !! ھۆڵێکی مۆدێرنی تایبەت بە شانۆ نیە جگە لەوەی ئەو تیپە ھونەرییانەی لەو کاتەیا ھەبوون سەرتاپا لەبەر نەبوونی داخراوون یان لە عەمارەیەکا ھەڵگیراون " گوایە حکومەت پارەی نیە " واتا حسابی مەسرەفی مانگێکی ئەسپێکی کوڕی سەرۆکی بە ناو حکومەتەکەی و شەوێکی "باشماخ:" بۆ ئەو تیپانە ناکرێ ..لەو سەردەمەیا ھەمووشارەکە سێ چوا مەکتەبەی لێبوو لەوانە: مەکتەبەی گەلاوێژ ، مەکتەبەی گشتی ، و یەک دوانێکی تر و لەگەڵ ئەوەشا خوێنەوار لە شارەکەیا لە ئێستا زۆر زیاتر بوو سەرەڕای ئەوەی بەدەیان مەکتەبە ھەن ..لە حەفتاکانا بە ڕاداری فەزائیش موحەجەبەیەکت نە ئەبینی کەچی ئەمڕۆ بە مامۆستای زانکۆکەشەوە ! مەگەر تاق و تەرا سفورێک ببینی بە مەرجێ ئەوسا و ئێستاش خەڵک ھەر موسڵمان بوە ،، لەو ڕۆژگارەیا عەرەبی نەزانین جۆرێک لە عەیبە بوو ، کەچی لەم سەردەمەیا بەشێکی زۆری شارەکە بە" پاشا " شەوە عەرەبی نازانن !! تەلەبەی متەوەسگەی ئەو سەردەمە مێشکیان پڕ بوو لە ئینگلیزی ، کیمیا، جوگرافیا ،ڕیازیات، مێژوو ....ھتد ، بەڵام ئەمڕۆ تەلەبەکانی ھەمان قۆناغ ھەر لە خەیاڵی ئایفۆن و سامسۆنگ و نێرگەلە و دۆلار و تمەن بەچەنە و کامیان تەپڵەکەی ،ببورن کەپڵەکەی گۆڕی و ئەم جۆرە بابەتانەن .. لە حەفتاکانا تا کەسێک دکتۆرای بەدەست ئەھێنا زۆری ئەخایان بۆیە تەنانەت لەسەر ئاستی زانکۆش کەم بوون ، بەڵام ئەمڕۆ لەسایەی قبول خاێەی حیزب و دال نوقتەی چوار سەد دۆلاری ژمارەی دکتۆرەکانی ھەر کۆلیجێک لە دۆمینە چییەکانی چآخانەی حەمە ڕەقی جاران زۆرترن ئەمە جگە لەوەی دال نوقتە ھەیە عەرەبی نازانێ !!..ئەو زەمانە یەکێک مفوەز بوایە ئەیانووت : واو فڵان کەس مفەوەزە ، ئەمڕۆ کاکم نەبوە بە سی ساڵ نەقیب یان لوایە دیارە ئەو لە دەساڵییەوە زابت بوە ، تەنانەت مەسئولەکان وەک مونافەسە پلەی حیمایەکانی خۆیان ئەگۆڕن .....لەسەردەمی حەفتاکانا لەسەر سیستەمی بەریتانی ھەر گەڕەکێک عیادە شەعبیەکی ھەبوو و دەرمانیش بەلاش بوو ، ئەمڕۆ خەستەخانەی حکومی نەماوە لەوانی تریش ھەقی ھەڵمژینی ئۆکسجینیشت لێئەسەنن کە مردیشت سەیارەی تایبەتی گواستنەوەی تەرم !! بە پارە ئەتگەیەنێتە دوا مەنزڵگات ، بە مانای لەم شارەیا .لە دایک بوونت تا قەبرەکەشت ھەر بە پارەیە....حەفتاکان لە شارەکانی ترەوە ئەھاتن بۆ بینینی سەرچنار کەچی ئێستا سەرچنار فرۆشراوە و و ئەکرێ بە " سەرشوققە"!!... لە زەمانی حەفتاکانا خەڵک دەیان ساڵ خەباتی ئەکرد تا پێی بووترێ نیشتمان پەەوەر، بەڵام ئەمڕۆ بسنسمانێک بە ھەفتەیەک ئەبێ بە سەرمایەداری نیشتمانی !!
جا بەراوردێکی بچووک بکەین ئەزانین ئێمە ئەمڕۆ لە چاو دوێنێ یا چەن ھنگاوی گەورە و خێرامان ناوە بۆ دواوەوە و سەلماننی ئەو ڕاستییەیە کە : دیکتاتۆرێکی خوێنەوار باشترە لە بە حیسان " نیشتمان پەرەوەر" ێکی نەخوێنەوار..