بڕوانامە لاپەڕەیەکە کە ئەیسەلمێنێ تۆ خوێندوتە، بەڵام ھەرگیز نایسەلمێنێ کە تێیگەیشتوویت....
نجیب محفوظ
لەوە ئەچێ دوای کۆبونەوەکانی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتوەکان بیرێک لەوە بکرێتەوە دەوڵەتێک بۆ کورد دروست بکرێ ئەویش دوای ئەوەی لە ھەرێمەوە چەن ڕاپۆرتێک نێردرابوو بۆ ی.ن کە چۆن کورد بە سەدان ھەزار ساڵە گەر بە ملیۆن نەبێ ھەیە کەچی خاوەنی دەوڵەتێکی خۆی نیە ، ڕاپۆرتەکانیش لە ئامادەکردنی چەن ئەکادیمیستێکی بلیمەت و شارەزایە کە نەک لە مێژوا بگرە لە جوگرافیاشنمونەیان نیە ،
ڕاپۆرتی سۆمەر: لەم ڕاپۆرتەیا باس لەوە کراوە کە کورد خاوەنی شارستانیەتی سۆمەرێکانەو ھەر ئەسڵەن سۆمەرێکان کورد بوون و کاتی خۆی بەعس بەمەی زانی بەپەلە کەوتە خۆی و یەک جگەرەی سۆمەری لە بازاڕا نەھێشت و مەعمەلەکەی داخست نەبادا ھەستی نەتەوایەتی !! کوردی پێ بجوڵێ و بەغا تووشی گێچەڵ بکەن..
ڕاپۆرتی پاقلاوە: شارەزایانی زمان لەم ڕاپۆرتەیا سەرنجی ن.ی بۆ ئەوە ڕاکێشاوە کە زمانی کوردی کۆنترین زمانی کەونە تەنانەت چینییەکان زمانەکەیان لە کورد دزیوە دوایی گۆڕیویانە بە ڕەسم لەجیاتی پیت و ووشە تا دزییەکەیان نەکەوێتە ڕوو و تەنانەت بە ووتەی چەن خاوەن بڕوانامەیەکی بەرز بڕوایان وایە ھەموو زمانە ھیندوئەوروپییەکان لە کوردستانەوە بڵاو بۆتەوە بە ڕووسیشەوە تا ئەو ئاستەی لە کۆنی و شیرینی کوردی بە “ پاقلاوە” ناو ئەبرێت...
ڕاپۆرتی دیناسۆر: بە حوکمی ئەوەی کورد کۆنترین میللەتی سەر ئەرزەو لەلایەکی تریشەوە دیناسۆر بەکۆنترین کائنی دونیا حیساب ئەکرێ ساغ نەبۆتەوە لەو دوانە کامیان کۆنترنو بۆ یەکلاکردنەوەی کۆنیی کورد و دیناسۆر ن.ی سەرپشک کراوە بەدواچوونی بۆ بکا..
ڕاپۆرتی شایەرەکان: چەن شایەر و نەڕەنەڕکەرێک لە م ڕاپۆرتەیا نەخشەیەکی کوردستانیان داناوە کە لە م.ھورمزی بەرامبەر قەتەر دەست پێئەکا تا ئەولای ئەرمینیا ئەگرێتەوە، بەڵام یان بە بارانی زۆر تەڕ بوە و چۆتە ئاو یان بەشەڕو شۆڕ کورد ھەر کشاوەتە دواوە وەک ئەمڕۆ کە سنووری ھەرێم قەرە ھەنجیرە!!
ڕاپۆرتی خەفیفە: گرنگی ئەم ڕاپۆرتە لەوەیایە کە باس لەوە ئەکا کە کورد گەر چی دەوڵەتی خۆی نیە بەڵام چەن بەخشندە وبە لێبوردنە لەگەڵ ھەموو کەس تەنانەت ئەو جاش خەفیفەو عەشایارانەی پێش ڕاپەڕین بە چەکی بەعس دژی کورد بوون ئێستا ھەموویان پلە و پایەی بەرزی حکومی و حیزبییان ھەیە و بۆ ئەوەی بێتاقەت نەبن دیوەخانیشیان ھەیە بە شێوەیەک کە کەسێ شارەزا نەبێ وا ئەزانێ کاتی خۆی ئەو خەفیفانە لە شاخ بوون و پێشمەرگەش لای حکومەت !! شایانی باسە سەرۆکی لیژنەی ئەم ڕاپۆرتە "تاریق ڕەمەزانە"... جا میللەتێک ئەوەنە میھرەبان بێ چۆن ئەبێ بێ دەوڵەت بێ؟
ئەوەی جێی نیگەرانییە کە بڕیاریان لەسەر دەوڵەتی کوردی خراوەتە مانگی نیسانی ساڵی ئایندە ترسەکەش ئەوەیە لە "یەکی نیسان" بێ.