قارداش..

پشکۆ ناکام​
  2019-10-14   

دوابەدوای هێرشە بەڕبەڕییەکەی سوپای دەوڵەتی پاشماوی عوسمانی بۆ سەر رۆژئاوا، زۆرێک لە وڵاتان و دامەزراوە جیهانییەکان هەریەک بەجۆرێک و بە ئاستێک ئیدانەی ئەو هێرشەیان کردوە لە ئیدانەی زارەکی تا سزادانی ڕژێمەکەی ئێردوگان، بەڵام نە ئەوەی ناویان ناوە پارلەمان و نە ئەوەش کە خۆی ناوناوە حکومەت!!! لە هەرێم تا ئێستا و بەڕەسمی هیچ هەڵوێستێکی پشتگیریی لە رۆژئاوا دەرنەبڕیوە و" کالعادة" خۆیان کردوە بە کەڕەی شەربەت نەبادا پریشکێکی ئەم ئاگرەیان بەرکەوێ چونکە خۆیان لە فیتی خۆیان باش ئەزانن و خۆیان چاک ئەناسن.

پارلەمانی "سوید" کە پارلەمانی بەشێک لە کوردستان نیە بەهەزاران کیلۆمەتر لە رۆژئاواوە دورە و ئاڵای کوردستان بەسەرییەوە نیەو لەوحەی هیچ جامانەبەسەرێکی لێ نیە بڕیاری سزایانی تورکیای دەرکردوە، بەڵام بەناو پارلەمانەکەی هەرێم!! نقەی لەخۆی بڕیوە، ئاخۆ پارلەمانێک کە پاشکۆی حیزب نەک خەڵک بێت بەهیچ تەڕ ئەبێت..؟ لەوانەشە پارلەمان سەرقاڵ بێ و نەپەرژێتە سەر ئەوەی چی ئەقەومێ ئەوەی پارلەمانتاران لە گفتوگۆیەکی مێژویی و فەرهەنگیان کە ئاخۆ ڕێکەوت یان بەروارە!! تا ئێستا بۆیان ساغ نەبۆتەوە کامیانە تا ئەگەر بەیاننامەی ئیدانەیان دژی تورکیا نوسی بزانن لەسەری بنوسن ڕێکەوت یان بەروار.

هەرچی حکومەتیشە خۆی گرمۆڵە کردوە و ئەوەنەی تر بچوک بۆتەوە، خواخوایەتی کەس پێی نەڵێ"بۆ قسە ناکەی؟" چونکە باش ئەزانێ بڵێ لەل تورکیا هەمو نهێنییەکان ئەخاتەڕو"نهێنی گرێبەستە نەوتی و سەربازییەکان"، جگە لەوە بەناو حکومەتەکەی هەولێر ڕۆحی چوە گەر خوانەکردە زمانی زەلەی کردو منجەمنجێکی کرد بەدڵی تورکەکان نەبێت ئەو کاتە تورکیا بکشێتەوە لەپارێزگاریکردنی بنەماڵەو پارتی پاشکۆی لە ناکۆکیەکانیان لەگەڵ هێزی گەریلای باکور، جگە لەوەش داخستنی سنور بەڕوی بەقاچاخبردنی نەوت و داهاتی گومرگ و لەلایەکی تریشەوە "ئەنقەرە" گرێبەستە نەوتیە نهێنییەکان هەڵبوەشێنێتەوە، جا بەناو حکومەتەکەی هەولێر کە بنەماڵە وەک "کێک" خۆی دروستی کردوە تا بینەقاقای لەقەرزایە ئەو کاتە گۆڵمەزەکە خۆش ئەبێت...

ئەمانە هەموی لە لایەک و ئەوەی ئەمڕۆ تورکیا ئەیکات دەسەڵاتی هەولێر بەشێوازی بچوکتر و پێشتر ئەنجامی داوە هەر لە هەڵکەندنی چاڵ بەدرێژایی سنوری ڕژئاوا و نەهێشتنی گەیشتنی هاوکاری ئینسانی و پزیشکی بۆ خەڵکی مەدەنی و چاوساغی کردن بۆ "میت" و دروستکردنی هێز و حیزبی کارتۆنی، کەواتە زیا وتن نیە گەر بڵێین ئەم هێرشە تورکیە بە جۆرە ئەجندایەک لە خزمەتی دەسەڵاتی هەرێم و دژ بە خەڵکە، دەسەڵاتێک خەڵکی بەشەکانی تری کوردستان لە کەمپێکا ئابڵۆقە بات چۆن بڕوا بەهاوسۆزی ئەکرێت. كاتێک کە چەند سەربازێکی تورکی کوژران بەناو سەرۆکی حکومەتی ئەوکاتە بە پەلەپروسکێ و لەخۆیان لاوانەوەوە گەشتە تورکیا و پرسەی بنەماڵەو حکومەتەکەی ڕاگەیاند، ئاخۆ جورئەتێک شک ئەبرێت کە هەمان بنەماڵە و هەمان دەسەڵات ئیدانەی ئەم هێرش و مەرامە داگیرکارییەی تورکیا بکات..!!

ئەوەی لەڕۆژئاوا روئەیات زامێکی کوشەندەو تراجیدیایەکی ئینسانیە، هەرچیەک بکرێت بۆ تیمارکردنی کەمە، بەڵام ئێمەش خۆمان لە باشور توشی زامێکی درێژخایان بوین کە رێگرە لە بەتەنگەوەچونی رۆژئاوامان و یارمەتی و هاوکارییان، ڕۆژئاوا ڕوبەڕوی هێرشی تورکیا بۆتەوە، ئێمەش لەژێر دەستی دەسەڵاتێکی گرێدراوی هەمان تورکیا  کەنەفت کراویین، تورکیا نازی ئاسا بەربۆتە ڕۆژئاوا، حکومەتی هەرێمیش خەریکی نەوت ناردنە بە بەلاش، چونکە پارەکەی دەمێکە وەرگیراوەو خەشنۆش کراوە...ئێمە شەرفانانمان لە سەردەمە ئەوانیش قارداش....

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×