دیسانەوە هاوار!

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2026-01-10     3943

پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

چەند ڕۆژێکە هاوار و داواکاریی یارمەتی بۆ بەهاناوەچوون لەلایەن زۆرێک لە نووسەران و دڵسۆزانی نەتەوەی کوردەوە بۆ وڵاتانی بێیانە و سەرۆکانی دەرەوە سەبارەت بە دەستدرێژی سوپای عەرەبی سوریی بۆ سەر هاووڵاتیانی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوودی شاری حەلەب دەخرێتە ڕوو! هەڵبەت لەلایەک خەمخۆری و دڵسۆزی ئەوبەڕێزانە جێگەی ڕێز و پێزانینە، بەڵام کارێکی چەند بارە و بێ سوود و نەزۆکە!

هاوڕێیانی بەئەمەک.. نازانم تا کەی ئەم هاوار و پاڕانەوەیە بخەینە سەر لاپەڕەی کاغەزەکانمان و لەم بازنە داخراوەدا بسووڕێینەوە! ئێوە چاوەڕێی چی لە کۆنە تیرۆریستێک دەکەن، کە ئێستا دەسەڵاتدارە! ئێوە چۆن چاوەڕێی خێر لە سوپایەکی ڕەگەزپەرست دەکەن، کە سەرو ماڵی کوردان بپارێزێت! ئێوە چۆن چاوەڕێێ گوتەیەکی باش لە عەرەبەکانەوە دەکەن، کە خۆیان بیست ودوو دەوڵەتیان هەیە، بەڵام ئاوا ڕەفتار لەگەڵ میللەتی کورد دەکەن و یەکێکیان نییە دانی بە مافی ڕەوای کورددا نابێت! هەرزوو ئەمەم چاوەڕوان دەکرد و تۆمارم کردووە (١). ئێمە پێویست ناکات هاوار بۆ دەرەوە بکەین، ڕووداوەکان زۆر ڕوون و ئاشکران و ئەوە دەیان ساڵە دووبارە دەبنەوە، خاڵەلاوازەکان لەناو خۆی کورددایە، نەک لە هەر چوار پارچەی کوردستانی گەورەدا بەڵکو تەنانەت لەنێو یەک بەشیدا!

نازانم ئەم کوردە بۆ وانە لە مێژوو وەرناگرێت، جارێکی تر دووبارەی دەکەمەوە، کام دەوڵەت بە قسەی جوان و نەرمونیان و برادەرایەتی دروست بووە؟ کام نەتەوە تەنانەت ئەوانەی، کەئێستا زۆر ڕێز لەمافی مرۆڤ دەگرن، بەم شێوەیە هاتبێتە سەرشانۆی جیهانی و ئێستا لەدەسەڵاتدابن! سەرەڕای ئەمەش یەکنەبوونی میللەتی کورد لەیەک پارچەی کوردستانی گەورەدا هۆکارە بۆ دەستێوەردانی داگیرکەران لەنێوخۆی وڵاتدا و نەگەیشتن بە بڕیاری دروست لەکاتی گونجاودا!

بەکورتی و بەکوردی، کورد بەم عەقڵیەتییەوە، کە چاوڕێی بەفریاکەوتنی بێیانە بێت تا داگیرکەرانی لەکۆڵ بکاتەوە، چاوڕێی بەهاناوەهاتنی دراوسێ باشەکانی(٢) بێت، بارودۆخی هەروا دەبێت!  سەرم سووڕماوە لەم دانبەخۆداگرتن و بەویژدانییەی کورد بەرانبەر ئەو هەموو ستەم و زۆردارییەی داگیرکەرانی کوردستان بەرانبەری دەیکەن!کە چی کاتێک ئەو زۆردار و بکوژانە دەکەونە دەستی زۆر بە بەزەیی یە  و بەهێمنی و ویژدانەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات! کارێکی زۆر نابەجێیە و هەمیشە کوردە دەکەوێتە ئەوهەڵەیەوە و شتی لەبیردەچێتەوە! بنواڕە کاتی ڕاپەڕینی باشووری کوردستان ساڵی ١٩٩١ هەزاران سەربازی عەرەب، کە بە دڵنیاییەوە زۆرێکیان دەستیان بەخوێنی کورد سووربوو، بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک ئازادکران هەروەک ئەوەی هیچ نەبووبێت! هەرئەوانەبوون، کە دیسانەوە هاتنەوە سەر شارەکان و کۆڕەویان بەسەر میللەتی کورددا هێنا! لەوە ڕوونتر سەیری ئێستابکە: بۆ ئەوەی حکومەتی بەغدا لەگەڵ میللەتی کورددا دەیکات هیچی کەمترە لە ئەنفال و کوشتن و بڕین! ئەوە بەبەرنامە خەریکە کەرامەتی تاکی کورد لەکەداردەکات و شکۆی ناهێڵێت، کەچی دەسەڵاتدارانی کوردستان هەر بەهیوای بنیاتنانەوەی عێراقن و وەک ئەوەی دوعای دەمبەستیان لێکرابێت ناجووڵێن و هەڵوێست وەرناگرن! بەڕاستی کوردان خۆیان بەرپرسن لەحاڵی خۆیان و کەس تاوانبار مەکەن، چونکە ئەوان بەئاشکرا دوژمنن ئیتر چاوەڕێی چییان لێدەکەن، بەڵام کورد لەناوخۆیدا ئەم کەلە ڕەقی و پاشکۆیی و خۆفرۆشتن و خۆبەزلزانینە گەورەترین زیانی لێداوە، ئیتر نازانم ئەم حیزبانە بە نەزانی، یان زانایی تێیدەکەون (٣)!

پێش ئەوەی هاواری داهاتوو بۆ لەدەستدانی بەشێک، یان ناوچەیەکی تری ئەم کوردستانە بکەین، پێویستە هاوار لە یەکێتی و پارتی بکەین، کە بۆ ماوەی زیاتر لەساڵێکە نەپەرلەمان و نە حکومەتیان پێکنەهێناوە! لەوتارێکی پێشوودا درێژەم بەم بابەتە دابوو (٤) بۆیە دووبارەی ناکەمەوە، چونکە ئەم جارە ئەگەر دەربارەیان بنووسم کارتی سووریان بۆ باس دەکەم!

   

پەراوێزەکان:

(١) ئیبراهیم محەمەد جەزا، دواڕۆژی کورد لە سووریای عەرەبی! ماڵپەڕی ئاوێنە،  ١-٤-٢٠٢٥، بنواڕە لینکی: https://www.awene.com/article?no=24109&auther=2706

(٢) ئیبراهیم محەمەد جەزا، ٢٠٢٤، هەشتاگوتاری سیاسی، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، کوردستان،  ٢٥٥ل.

 (٣)ئیبراهیم محەمەد جەزا، ئایا دەتوانن قەرەبووی ئەم زیانانە بکەنەوە؟ ماڵپەڕی ئاوێنە، ٤-٧-٢٠٢٤، بنواڕە لینکی: https://www.awene.com/article?no=21413&auther=2706

(٤) ئیبراهیم محەمەد جەزا، کارتی زەرد بۆ یەکێتی و پارتی! ماڵپەڕی ئاوێنە، ٥-٥-٢٠٢٥، بنواڕە لینکی: https://www.awene.com/article?no=24199&auther=2706

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×