چارەسەرکردنی قەیرانی پەروەردە، باشکردنی ژیانە

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2024-12-05   

چارەسەرکردن یان بەڕێوەبردنی قەیران،  بریتیە لە  خۆئامادەکردن بۆ ئەوەی ناڕێکی  ڕوونەدات و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوەی ڕوویداوە و دیاردەی قەیرانەکان یاوەری دامەزراوەکانە،  لە ھەموو قۆناغەکانی سەرھەڵدان و بەرزبوونەوە و دابەزین و بۆ بەدواداچوونی ڕەوتی ڕووداوەکان چ قەیرانێک بە ھەموو جۆرە ڕۆڵێک  کاریگەری لەسەر دامەزراوەکانی پەروەردە، چ لەسەر ئاستی ڕوخاندن و چ لەسەر  ئاستی گەشەپێدان  و ئاوەدانکردنەوە و خوێندنەوەیەکی ورد بۆ ڕۆڵی قەیرانەکان بەگشتی وامان لێدەکات دەست بۆ ئەو تاڵە باریکە ببەین کە پەیڕەوکردنی ھەڕەمی سەرکردایەتی دامەزراوەکانی پەروەردەیە، بە تایبەت و ئەوانەی  توانای  مامەڵەکردن و ئیدارەدانی باشیان ھەیە لەسەر ئەو گرفت و قەیرانانە، زیاتر کەسە بە ئەزموونەکان  و کارامە و لێھاتووەکان،  تا لەو ڕێگەیەوە بتوانرێت پلان و ستراتیژێکی گونجاو دابنرێت  و لەڕێگەیەوە دەستنیشانی خاڵە نەرێنیەکان بکرێت و ھەنگاوی  چارەسەریان بخرێتە بەردەم وبکرێنە ھەنگاوی کردەیی.
مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان دا ھەروا کارێکی سانا و سادە و ئاسان نیە، قورس و تاقەتپڕوکێنە  پێویستی بە پابەندبوون و بەردەوامی ھەیە،  وەک لەوەوپێش لە ووڵاتان کاری لەسەر کراوە، کە شێوازێکیان گرتۆتەبەر کە بریتییە لە چارەسەرکردن و مامەڵەکردنێکی پەروەردەیی و زانستی و سەردەمیانە کە گونجاوبێت لەگەڵ ڕاییکردنی  ململانێ و گرژییەکاندا، لە ئەنجامدا بۆتە ھۆی نەھێشتن  و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکانیاندا.
دامەزراوەکانی پەروەردە، دامەزراوەی کارگێڕی و پەروەردەیی و کۆمەلایەتین کە چەندین توێژی مرۆیی لەخۆ دەگرن وەک ئەندامانی دامودەزگا کارگێڕییەکان و مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەران و کرێکاران،  بەدڵنیایی ھانی ھەمووان ئەدەن کە بەردەوامبن لەسەر  ئەرکەکانیان و پاڵپشتی  ھەنگاوەکان دەکەن لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان کە خەونیان نەمانی قەیرانەکانە.
لەسەرەتادا بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی قەیرانمان ناساند، دەکرێ ئێستا قەیرانی پەروەردە پێناسە بکەین، تا لەڕێگەی ناسین و زانینی ئەو قەیرانانەوە  ھەنگاو بنرێت بۆ چارەسەرکردنیان.
قەیرانی پەڕوەردە بریتییە لە کۆمەڵێک کێشە و گرفتی قووڵ لە سیستەمی پەروەردەدا ، کە بونیان ھەیە و دەبنە لەمپەری  گەورە لەبەردەم پرۆسەکەدا، کە لەمانەدا کۆ دەکرێنەوە:
- نزمی ئاستی خوێندن و زانستی قوتابیان
- نەبونی پلانی  باش بۆ بەرزکردنەوەی توانایی مامۆستایان
- کەمی  بودجەی پەروەردە
- گرنگی  نەدان بە پرۆسەی پەروەردە و فەلسەفەی پەروەردەیی
- تێکەڵکردنی پرۆسەی پەروەردە بەمەبەستی  بەرژەوەندی تایبەت و بازرگانی
- بوونی کێشە وگرفت لە بەشەکانی ھەیکەلی وەزارەتی پەروەردە
- نەبوونی پلانێکی داڕێژراوی تاقیکراوەی پەروەردەیی لە پێناو کوالیتی بەرزی خوێندن و فێربوون
- گرفتی خراپی پرۆگرامەکان و نەگونجاندنیان لەگەڵ ژیان و ژیاریدا
- نەبوونی پەروەردەیەکی گونجاو لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم وەک بەکارھێنانی تەکنەلۆژیا و ھۆکارەکانیتر.
وا دەساڵە ژیانی کۆمەڵگەی کوردی بەھۆی بێپلانی و گەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی  پێگەکان و پایەکانی  شێوازی حوکمڕانی  لەم ھەرێمەدا، شیواوی و پاشاگەردانی و بەرەو دوا گەڕانەوە و عەقڵی  تەسک وبچوکی  خێلگەرا و ئابوری  بەناو سەربەخۆ، خەڵکی ئەم ھەرێمەیان توشی داڕمان و بێئومێدی و گرفتی گەورە کردووە، کە لایەنەکانی( ئابوری، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، زانستی، ....) گرتۆتەوە، کە جگە لە چەند بنەماڵەیەکی خاوەندەسەڵات و خۆسەپێنی  بێمۆڕاڵ، کەس لێی بێبەش نەبووە.
سێکتەری پەروەردەش وەک ھەموو بەش و سێکتەرەکانیتر بێخزمەت و پەراوێزخراوە.
ئەتوانین بڵێین کرمی گەندەڵی  لەو باخەی داوە و ھەرچی داری سەوزە بە ڕوونی نایەتە بەرچاو و بەرەو وشکبون دەچێت.
لە ڕوانگەی ڕاستی ژیانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، لەلای ئەوان تاکە ڕێگەی شادبون بە ژیاری تەنھا پەروەردەبوە، بۆیە ھەر کۆمەڵگەیەک تا پەروەردە نەخاتە پێشەوە و نەیکاتە ھەنگاوی یەکەمی  چارەسەری گرفتەکانی خۆی، ھیچکاتێک  ئارامی و خۆشنودی و ژیاری نابینێت.
لەمساڵی خوێندنی ٢٠٢٤بۆ ٢٠٢٥ لەسەرەتای مانگی دوانزەداین موچەی مانگی دە نەدراوە، ھەرچەند دەسەڵاتی کوردی خۆی لێبێبەری دەکات و دەیخاتە ئەستۆی حکومەتی ناوەند، بەغداش داوای داھاتی ناوخۆ داکات، لەم نێوانەدا ئەوەی زیانی بەرکەوتووە تەنیا خەڵکی ئەم ھەرێمە بێخاوەنەیە.
لەسەر گرنگی و بایەخی  پەروەردە بۆ گۆڕانکاری ژیان (نیلسۆن ماندێلا ) وتوێتی: (پەروەردە بەھێزترین چەکە بۆ گۆڕینی جیھان و گەشەی مرۆڤایەتی).
بۆ دەرچوون لە قەیرانی فێربوون و پڕۆسەی پەروەردە، دەتوانم چەند ڕێگەچارەیەکی گرنگ پێشنیاز بکەم:
- باشترکردنی دۆخی ژیانی مامۆستایان لە ڕووی دارایی و کۆمەڵایەتییەوە
- دانانی شکۆ و ڕێز بۆ مامۆستایان وەک پارێزبەندی 
- ڕاھێنانی بەردەوامی مامۆستایان و خولی بەھیزکردن بۆیان
- دروستکردنی سیستەمێکی دادپەروەرانەی ھەڵسەنگاندن بۆ مامۆستایان نەک وەک ئەوەی ئێستا
- پەرەپێدانی خوێندنی ئەلیکترۆنی 
- دروستکردنی ژینگەیەکی فێربوونی چالاک و بەشداری پێکەر
- گرنگیدان بە پەروەردەی زیرەکی ھەستیار
- دۆزینەوەی سەرچاوەی داھاتی نوێ بۆ پەروەردە
- کەڵک وەرگرتن لە یارمەتی نێودەوڵەتی و ئەزمونە سەرکەوتووەکان
- بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە پڕۆژەکانی پەروەردەدا
- گرنگیدان بە پەروەردە وەک پڕۆسەیەکی بەردەوام
- گرنگیدان بە گەشەی کەسایەتی قوتابی و بە چەقکردنی لە پرۆسەکەدا
- پەروەردەی ئاکاری  و نیشتمانی
- دابینکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ ھەمووان
- لابردنی کۆسپەکانی بەردەم پرۆسەی پەروەردە و فێربوون

وتارەکەم بە وتەیەکی گرنگی  (جۆن دیوی) فەیلەسوفی پەروەردەی ئەمریکی دێنم کە دەڵێت: 
(پەروەردە ژیانە، نەک ئامادەکردن بۆ ژیان، پەروەردە گرنگترە لە زانیارییەکان، گرنگترە لە  چۆنیەتی بیرکردنەوە).

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی توركیا: سوپای توركیا ناچێته‌ هیچ پێكدادانێك له‌گه‌ڵ حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن
د. مەحمود عوسمان باس لەوەرگرتنی سێ ملیۆن دیناری حزبی بەعس بۆ بەستنی کۆنگرەی سۆسیالیست دەکات
سه‌عدی پیره‌:‌ شه‌راكه‌تێكی گوماناوی ناتوانێت كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكات
"شه‌پۆلێكی باران بارین رو له‌ هه‌رێم ده‌كات و كه‌شی زستانه‌ ده‌ستپێده‌كات"
ئیكۆ عێراق: داهاتی نه‌وتی عێراق له‌ نۆ مانگی ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 37 ملیار دۆلار بوه‌
بەغدا لەبەردەم ئەگەری خۆپێشانداندا؛ سەرجەم هێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی «ئامادەباشی ج»ـەوە
ئه‌مریكا داوا له‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات گه‌شتی عێراق نه‌كه‌ن: مه‌ترسی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌مریكییه‌كان
هێمن هه‌ورامی: ره‌شنوسی بودجه‌ی عێراق خراپترینه‌ و بۆ سزادانی هه‌رێمی كوردستانه‌
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئەگەر پشت بە بەغدا ببەستین دەبێت هەمومان ببین بە كاتبی وەزارەتی دارایی عێراق
سوپاسالاری ئێران: رێگه‌ناده‌ین كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئاوه‌كانی كه‌نداو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×