بناغەی  پەروەردەی  سەردەم،  خۆشەویستییە

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2025-04-29     65

ئەوەی  بۆتە ھۆکاری  نوسینی  ئەم وتارە لای  بەندە، کەمبایەخی  و بەھەند وەرنەگرتنی  خۆشەویستییە  لە ناو پرۆسەی  پەروەردەدا، یان وەدەرنانی ھەست و سۆزە لە و بوارەدا.
ڕۆژانە لەڕێی تۆڕەکانی  سۆشیالمیدیاوە، چەندین ھەواڵی ناخۆشی شکاندنی ھەستی  خوێندکاران دەبیستین، بەڵام  کاردانەوەکان بۆ چارەسەرکردن و بنەبڕکردن، جێی ڕەزامەندی دڵی  خەڵک نین، ئەوەش بۆ چەندین ھۆکار دەگەڕێتەوە، بەشێکیان دروستکراون و بەشێکیشیان پەیوەستن بە شێوازو سستمی پەروەردەی ئەم ھەرێمەوە. 
لەبەر ئەوەی پرۆسەی  پەروەردە  مامەڵەکردنی  مرۆڤە  لەگەڵ ھەست و سۆزدا، ھەرکاتێ  بە گیانێکی  مرۆڤدۆستانە و لەبەرچاوگرتنی  شکۆی مرۆڤ،  ئەو پرۆسەیە خرایە بواری  پڕاکتیکییەوە، ئاکام و ئەنجامی  باش بەدیدێنێت.
 دەکرێ  پەروەردە  وا پێناسە بکەین کە  پرۆسەی  ئاراستەکردنێکی  پەروەردەیی  ڕێنماییە  لە پێناو ئامانجێکی گەورەی  ژیان، ئەویش  گەشەپێدانی تاک و بەرزکردنەوەی توانا و کارامەییەکان و لێھاتووییەکانی.
 پەروەردەکردنیش لایەنی جیاواز لەخۆدەگرێت بۆ تاک  لەوانە: لایەنەکانی  دەروونی و سۆزداری و جەستەیی.
پێمباشە خۆشەویستیش  ھەڵویستەی لەسەر بکەین و بزانین چیە و ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی  لەناو پرۆسەکەدا چین؟
دەکرێ  بڵێین  خۆشەویستی ھەستێکی ئەرێنی  ڕوحی  بەھێزە کە مرۆڤەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
یان دەکرێ بڵێین ھەستێکی  دڵخۆشکەری  پڕ ڕێزی  ئەرێنییە، دەردەبڕدرێت بۆ کەسی بەرامبەر.
خۆشەویستی  ڕۆڵێکی  گرنگی ھەیە لە ژیانی تاکدا، وادەکات ڕوناکییەکەی  وەک  تیشکی  خۆر پەخش ببێت بەسەر زەویدا و ناو کۆمەڵگەش  ڕوناک بکاتەوە،  بەو پێیەی دەتوانێت کاریگەری لەسەر ھەست و ڕەفتاری تاک و کۆمەڵ ھەبێت.
ئەکرێ نزیکی  و پەیوەندییەکی  بەھێز لە نێوان پەروەردە و خۆشەویستیدا ھەبێت، چونکە پرۆسەی پەروەردە  بەبێ  بونی  خۆسەویستی  ناگاتە  ئاکام.
لەم  روانگەیەوە  ئەبێ  پەیوەندی  گرنگ و بەھێز لە نێون فیرکار(مامۆستا) و فێرخواز(قوتابی) ھەبێت لەسەر بنچینە و بنەمای ڕێز و خۆسەویستی، کە  ئەمەش  ھەنگاوەکانی  پرۆسەی  فێربون خێراتر و باشتر دەکات.
ئەوە سەلمێنراوە کە خۆشەویستی  بەرکەماڵ، ژیانیش  پڕ دەبێت لە ئومید و ھیوا و متمانە و سەرکەوتن. بۆیە نوسەری گەورەی ئینگلیز(شکسپیر) وتوێتی: (خۆشەویستی ئومێدە، ھیواش ژیانە).
پەروەردەکردن لەسەر بنەمای خۆشەویستی دەتوانێت زۆر سەرکەوتوو بێت، بەو پێیەی خۆشەویستی ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە گەشەپێدانی تاک و بەرزکردنەوەی توانا و لێھاتووییەکانی. لێرەدا چەند ھۆکارێک دەخەینەڕوو کە  بۆچی  پەروەردەکردنی  خۆشەویستی کاریگەرە و بەسودە بۆ مناڵان  لە پەروەردەدا، کە ئەمانەن:
١- دروستکردنی  متمانە: خۆشەویستی دەتوانێت متمانە لە نێوان تاکەکاندا بونیادبنێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی دروست.
٢- بەھێزکردنی پەیوەندییەکان: پەروەردەکردنی مناڵ لەلایەن  دایک و باوک لەسەر بنەمای خۆشەویستی دەتوانێت پەیوەندی  نێوان  تاکەکان  باشتر بکات، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ھاوسەنگ.
٣- جێگیرکردنی ھەستی ئارامی: خۆشەویستی دەتوانێت ھەستی ئارامی  تاک بەرز بکاتەوە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی کەسایەتییەکی بەھێز.
٤- ڕەخساندنی تەندروستی دەروونی: پەروەردەکردنی منداڵ لەسەر بنەمای خۆشەویستی دەتوانێت تەندروستی دەروونی تاک باشتر بکات، یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی فشار و دڵەڕاوکێ و نائارامی.
پەیوەندی نێوان پەروەردە و خۆشەویستی  پەیوەندییەکی  نزیک  و بەھێزە، و دەتوانین  بەم  خاڵانە ئاماژەی  بۆ بکەین:
١- خۆشەویستی یارمەتیدەرە لە پەروەردەکردندا: بە دابینکردنی ژینگەیەکی پاڵپشت و ھاندەر بۆ تاک.
٢- پەروەردە خۆشەویستی بەرز دەکاتەوە: پەروەردە دەتوانێت خۆشەویستی بەرز بکاتەوە بە فێرکردنی بەھا تاکە کەسییەکان و بنەما ئاکارییەکان.
خۆشەویستی و پەروەردەکردن بەیەکەوە گرێدراون، بەو پێیەی خۆشەویستی دەتوانێت کاریگەری لەسەر کوالیتی فێرکردن ھەبێت، فێرکردنیش دەتوانێت کاریگەری لەسەر کوالیتی خۆشەویستی ھەبێت.
نوسەران و شارەزایانی  بواری پەروەردە و کۆمەڵناسی  پەروەردەکردنی منداڵ لەسەر بنەماکانی خۆشەویستی و سۆز لەگەڵ پتەویی و بەھێزی منداڵ دروست دەکەن کە لە ژیانی داھاتوویاندا سەرکەوتووترئەبن، چونکە فێرکردنی منداڵان لە ڕوانگەیەکی خۆشەویستییەوە چەمکی  پابەندبوون و دیسیپلین، یارمەتیان دەدات بۆ گەیشتن بە توانا  تەواوەکانیان بەبێ ئەوەی پێویستیان بە بەکارھێنانی شێوازی پەروەردەکردنی ستەمکارانە ھەبێت. کەواتە ئەو بنەمایانە دەبنە سەرچاوەی دروستبونی ھەستی  مرۆڤی ئاشتیخواز و ڕەخنەگر لە چەوسانەوە و ئازاردان و نادادی کۆمەڵایەتی  لە داھاتووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.
 ھەر بۆیە ئەگەر ئێمە مەبەستمان بێت ببین بە کۆمەڵگەیەکی شارستانی و سەردەمیانە، پێویستە ھەنگاو بنێین بۆ دامەزراندنی سستمێکی  پەروەردییانەی وابەستە و گرێدراو بە خۆسەویستی، نەک  ڕق و کینە و ئازاردان و شکاندنی ھەستە پاکەکانی  مناڵان .
ئەوەی گرنگە بەشێوەیەکی  ورد کار لەسەر شێوازی دروستکردنی سستمێکی پەروەردیی  گونجاو بکرێت، کە خۆسەویستی بکرێتە بنچینەی پەروەردە، ئەو کاتە پرۆسەی فێربون و ئاستی  بەرزی کوالیتی  خوێندن  بەدیدێت.
نەک ھەر پەروەردە بەڵکو ژیان بەگشتی بەبێ بونی خۆسەویستی تام و بۆی خۆشی و ئارامی و ئاسودەیی نادات.
وتارەکەم  بە وتەیەکی ئەرستۆ فەیلەسوفی  یۆنانی کۆتایی پێدەھێنم کە وتوێتی: (خۆشەویستی  ژیانە، ژیانیش  خۆشەویستییە).

سەرچاوەکان:
١- التربیە بالحب : اھمیە وچرورە الاجتماعیە (شبکە المعارف الاسلامیە).
٢-احمد حسن (اپر الحب فی التربیە).
٣-اقوال المشاھیر عن الحب mawdoo٣.com

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×