ڕۆڵی پەروەردە لە پاراستنی نهێنی پیشەییدا

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2025-08-04     469

پاراستنی نهێنی واتە نەدرکاندن و هێشتنەوەی ڕازێک لە ناو هزری کەسێکدا، زۆرجار ئەو نهێنییە تایبەتە بە کەسێک یان چەند کەسێک، کاتێ ئەو نهێنیە ئاشکرا بکرێت و بخرێتە ڕوو، ئاکامێکی خراپ و نەرێنی دروست دەکات، دروستکردنی گرفت و ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی، یان دەبێتە گرێ و ئاستەنگی دەرونی بۆ تاک.

هەر بۆیە نهێنی جۆرێکە لە تایبەتمەندی و ناکرێ بە ئاسانی و سادەیی لێی بڕوانرێت.

نهێنی زۆر مانای هەیە و دەتوانرێت بەسەر چەند جۆرێکی سەرەکی دابەش بکرێت: نهێنی پەیوەندیدار بە زانیاری، نهێنی پەیوەست بە کردار یان ڕووداوەکان، نهێنی پەیوەست بە بیروباوەڕ یان بابەتە ڕۆحییەکان.

نهێنیەکانی مرۆڤ بەسەر چەند جۆرێکدا دابەش دەکرێن، دەتوانرێت بە پشتبەستن بە چەند پێوەرێک پۆلێن بکرێن بۆ ئەمانە:

یەکەم: لە ڕووی سروشتی نهێنیەوە:

نهێنی کەسی تایبەت: ئەمانە نهێنییە پەیوەندیدارەکان بە ژیانی تایبەتی تاکەوە، وەک هەست و خەون و یادەوەری و ترس و ئامانج.

نهێنی کەسانی تر:

ئەمانە ئەو نهێنییانەن کە لەلایەن کەسێکی ترەوە بە تاکێک دەسپێردرێت، جا چ کەسی بێت یان پەیوەندی بە بابەتە گشتیەکانەوە هەبێت.

نهێنییە گشتیەکان:

ئەمانە نهێنین کە پەیوەندییان بە دامەزراوەکانەوە هەیە و گرنگییەکی تایبەتیان هەیە و پێویستیان بە پاراستن هەیە.

دووەم: لە ڕووی گرنگییەوە:

١- نهێنی ڕاگوزەر:

ئەمانە نهێنی سادەن کە ئەگەر ئاشکرا بکرێن کاریگەرییەکی بەرچاویان نییە.

2- نهێنی وێرانکەر:

ئەمانە ئەو جۆرە نەهێنیانەن ئەگەر ئاشکرا بکرێن زیانێکی بەرچاو بە تاکەکان یان کۆمەڵگا دەگەیەنن.

سێیەم: لە ڕووی کاریگەرییەوە:

-نهێنی فشارو ترس: ئەمانە ئەو نهێنیانەن کە دەبنە هۆی فشاری دەروونی و جەستەیی لەسەر خاوەنەکەیان بەهۆی باس نەکردن و هێشتنەوەیان بە نەهێنی.

-ئەو نهێنیانەی کە جیاوازی بەرز دەکەنەوە:

ئەمانە نهێنین کە ڕەنگە بەشێک بن لە تایبەتمەندی و جیاکاری تاک، و ڕەنگە یارمەتی بدەن بۆ پەرەپێدانی خۆیان.

چوارەم: لەڕووی پەیوەندییان لەگەڵ ئەوانی تردا:

-نهێنیەکانی هاوڕێیەتی:

ئەمانە ئەو نەهێنیانەن کە لەگەڵ کەسە نزیک وهاوڕێکانیاندا هاوبەش دەکرێن بۆ بەرزکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.

پەروەردە ڕۆڵ وبەرپرسیاریەتی بنچینەیی لە فێرکردنی چۆنێتی و شێوازی بەرپرسیارێتی، ڕەزامەندی، ئەخلاقی پاراستنی نهێنییەکان هەیە. بێ ئەم ڕۆڵە، کاری پیشەیی دەبێتە کارێکی بێبایەخ و ناتەواو.

پەروەردە بە شێوەیەکی بنچینەیی، خوێندکاران فێردەکات و مامۆستایان ڕادەهێنێت، چۆن پەیوەندی بە تایبەتمەندی و فێرکردنی ئەخلاقی پیشەیی و زانیاری نهێنییەکانی خەڵک بکەن، بە تایبەت لە بوارەکانی(پزیشکی، ئابوری، ئامار و زانیاری کەسی، ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی، وتەبێژی و ڕاوێژکاری، یاسایی، سەربازی، زانیاری تەکنەلۆژی و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان .....) پاراستنی ئەم جۆرە زانیارییانە، بنەمای باوەڕسازی و سەلامەتی ئەندامانی کۆمەڵگەیە.

پەروەردە وا دەکات کە خوێندکار فێربکرێت بە پاراستنی نەهێنی زانیارییەکان و دەرنەخستنیان بە بێ رەزامەندی، ئەو کاتە دەزانێت کە تێپەڕاندنی ئەم سنوورانە تاوانی ئەخلاقییە.

پەروەردە خوێندکار فێر دەکات کە چ کاتێک دەتوانرێت نەهێنیەکان بڵاوبکرێنەوە، بۆ نموونە:

- ئەگەر مەترسی لەسەر ژیان و سەلامەتی کەسێک هەیە

- یاسا ڕێگە بدات بە پەسەندکردنی لە دادگاوە

- ڕوودانی کارەساتی تەندروستی مەترسیدار

هەرکات خوێندکاران زانیان زانیارییەکانیان بە دڵنیاییەوە پارێزراوە، ئەوا دڵنیا تر دەبن لە بەشداریکردن و بڕیاردان، ئەمەش بنەمای دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی باوەڕپێکراوە.

لە پەروەردەی نوێدا، خوێندکارەکان فێری ئەو یاسایانە دەکرێن کە پەیوەندیدارن بە پاراستنی نهێنی، شکۆپارێزی و ماف و تایبەتمەندییە کەسییەکان و گشتییەکان.

فێرخواز دەبێ بزانێت کە بە پاراستنی نهێنی، دڵنیایی لەسەر بەرپرسیاریی خۆی دروست دەکات. ئەمە وا دەکات کە هەریەکە و بگەڕێتەوە بۆ ڕەزامەندی پێش ئەنجامدانی هەر کارێک کە پەیوەندی بە زانیارییە تایبەتییەکان هەیە.

لە وتارێکی وادا ناتوانرێت ئەوەی مەبەستمە بە کامی دڵ پەیامەكەم بگەیەنم، بەڵام هەر وەک باسێکی گرنگ و جیی بایەخی ئەم کات و سەردەمە، بەباشمزانی لەسەری بنوسم، هەرچەند لەم ڕۆژگارەدا بابەتی درێژهەرچەند پڕ بایەخیش بێت لای زۆربەی خوێنەران ڕەواجی کەمە، ئەوە هۆکاری سەرەکی بو کە بەکورتی نوسیم.

وتارەکەم بە وتەیەکی (مایكڵ ساندێڵ) کۆتایی پێدەهێنم کە لەسەر ئەخلاقی پیشەیی وتوێتی:

(ئەخلاقی پیشەیی، پشت بە پرۆسەی فێرکردنی مروڤی دڵسۆز دەبەستێت کە بە یاسا پارێزراو بیت).

 

سەرچاوەکان:

١- إفشاء السر المهني

بين الضوابط القانونية واعتبارات المصلحة

الكاتب : نصيرة ماديو

٢- المسـؤولية المدنـية النـاجمة عن تسريب الأسـرار المـهنـية للمـحامـي

د. سعد حمزة ناصح

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×