پەروەردە وھاندانی گیانی دڵسۆزی   

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2025-08-27   

دڵسۆزی بە مانای ئاکاری باش و بەرزی مرۆڤ دێت، ڕەنگدانەوەی ھەستی پاکییە دوور لە دوفاقی ودوڕوویی و بەرژەوەندخوازی، ئەم خەسڵەت و تایبەتمەندییە لە مرۆڤدا لە گفتارو و ڕەفتار و بۆچون و ھەست و خواست و ئارەزوو ھەستەکانییەوە دەردەبڕێت و دەردەکەوێت.
 ھەمیشە پێوەری ڕاستگۆیی و ھاوسەنگی لە نێوان وتە و کرداردا یەکانگیر دەبن ئەوسا  دڵسۆزی ھەستی پیدەکرێت.
مرۆڤ لەسەرەتاوە و لە قۆناغی مناڵی ئەو ھەستەی تیا بەدی ناکریت، لەبەر ئەوەی نە تەواو فێری  وتە و دەربڕین  بووە، نە ڕەفتارەکانی  بەچاوی  سەرنج  دەبینرێن، ئەگەر ڕەفتارێکی  نەشیاوی کۆمەڵایەتیش بکات، بێ چەند و چون دەڵێن منداڵە، کەواتە ھەڵەکانی لەسەر کەسێتی  ناکەون. 
لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا کاتێ مناڵێک ھەڵسوکەوت و وتەکانی باش و ڕاست و ڕەوانبن، دەبێتە جێی سەرنجی دەوروبەر، یەکسەر پێی دەڵێن ئەم منداڵە دایک وباوکی کێن و کاریان چییە؟
لێرەوە سەرنجی دەوروبەر بۆ شێوازی پەروەردەی خێزان دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەگەر وتە و ڕەفتاری مناڵێک  پێچەوانەی مناڵەکەی تر بوو، سەرنجی خەڵک دیسان دەچێتە سەر دایک و باوکی، بەتایبەت دایکی مناڵەکە، ئەوەی فایەق بێکەس لە شێعرێکدا ئاماژە بە ڕۆڵ و بایەخی دایک دادات لە پەروەردەدا و وتوێتی:
تەربیەت  لەلای  داکە
داک چاک بێ ئەولاد چاکە.
جگە لە پەروەردەی خێزان کە کاریگەری  بنەڕەتی ھەیە بۆ دروستکردنی کەسێتی مرۆڤ، بەتایبەت ناساندن و ئاشنا کردن و فێرکردن و ڕاھێنانی منداڵ لەسەر بەھا و ڕەفتارە ئەرێنییەکانی ناو کۆمەڵگە، چاندنی ھەستی بەرپرسیارێتی و ڕێزگرتن و خۆشەویستی و ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی، ڕەنگدانەوەکەیان ھەستی ئاکاری مرۆڤ  لەڕووی پەروەردەوە دەخەمڵێنن، ھەروەھا  کارلێکی  گوتار و رەفتار ئاوێتە دەبن، دەبنە یارمەتیدەرلەپێناوی چاندنی ھەستی ئاکاری بەرزی پەروەردەیی لە کۆمەڵدا، ئەمانە بەشێکن:
لایەنەکانی  چاندنی ھەستی ئاکار: 
١-فێرکردنی بەھا ئاکارییەکان لای منداڵان(ڕاستگۆیی، دڵسۆزی، دەستپاکی، ڕێزگرتن، بەرپرسیارێتی)فێرکردنیان لەژیانی ڕۆژانەیاندا
٢- ھێنانەوەی نموونەی  پێشەنگیی :
فێرکاران پێویستە نمونەی باش بن بۆ منداڵان لە ڕەفتاری ئاکاریدا، تا منداڵان بە سەرسامی و شێوازی ئەوان  ڕەفتار بکەن و لێیانەوە  فێربن.
٣- ھاندانی منداڵان بۆ ڕەفتاری  ئاکاری:
بە ستایشکردن و ھاندان و پاداشت کردنیان و گرنگیدان بە لایەنی ئەرێنی  ڕەفتاری باش.
٤. فێرکردن و چۆنیەتی بڕیاردانی ئاکاری:
 یارمەتی منداڵان دەدات کە فێربن چۆن دەرئەنجامەکانی کردەوە و ڕەفتارەکانیان  لەبەرچاو بگرن و بڕیاری باشی لەسەر بدەن. 
٥- ئاراستەکردنی باش ڕووە و بەرپرسیارێتی:
فێرکردنی منداڵان کە بەرپرسیاربن  لە کردار و ڕەفتارەکانیان، بەئاسایی وەرگرتنی ڕەخنە و داننان بە ھەڵەکان و دەرئەنجامەکانی و قبوڵکردن و فێربوون لێیان.
٦-دروستکردنی کەسێتی بەھێز:
ئەمەش  یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی کەسایەتیی بەھێز و جێگیر لە منداڵاندا.
٧- بەھێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان:
کاتێ منداڵان فێری بەھا ئاکارییەکان دەبن، لە دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا خۆیان باشتر دەگونجێنن.
٨- بەھێزی و متمانە بەخۆبوون:
 مامەڵەکردن بە شێوەیەکی ئاکاری متمانە بەخۆبوون و ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرز دەکاتەوە.
٩-بەشداری و کاریگەری:
ئەو منداڵانەی فێری بەھا ئاکارییەکان دەبن، زیاتر توانای بەشداریکردنی ئەرێنییان ھەیە لە ناو کۆمەڵگەدا.
دەمەوێ وتارەکەم بە پەندێکی بیرمەندی گەورەی کورد  پیرەمێد، کۆتایی بێنم، کە ئەو پەندە ڕۆچوونی ھەستی دڵسۆزی تاکە بۆ ئەوانی تر و وەرگرتنەوەی پاداشتی ئەو ئاکارە بەرزەیە لای کۆمەڵگە، بۆیە وتوێتی:
کەسێ دڵسۆز بێ بۆھەموو کەسێ
دەرگایشی نەبێ، لە دز نەترسێ.
 
سەرچاوەکان:
١-پەندەکانی پیرەمێرد
٢-بحث عن الاخلاص(مراد الشوابكة-2018)

3-الاحلاص فى التربية الابناء(د.طالب بن عمر حيدرة الكثيري)

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی توركیا: سوپای توركیا ناچێته‌ هیچ پێكدادانێك له‌گه‌ڵ حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن
د. مەحمود عوسمان باس لەوەرگرتنی سێ ملیۆن دیناری حزبی بەعس بۆ بەستنی کۆنگرەی سۆسیالیست دەکات
سه‌عدی پیره‌:‌ شه‌راكه‌تێكی گوماناوی ناتوانێت كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكات
"شه‌پۆلێكی باران بارین رو له‌ هه‌رێم ده‌كات و كه‌شی زستانه‌ ده‌ستپێده‌كات"
ئیكۆ عێراق: داهاتی نه‌وتی عێراق له‌ نۆ مانگی ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 37 ملیار دۆلار بوه‌
بەغدا لەبەردەم ئەگەری خۆپێشانداندا؛ سەرجەم هێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی «ئامادەباشی ج»ـەوە
ئه‌مریكا داوا له‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات گه‌شتی عێراق نه‌كه‌ن: مه‌ترسی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌مریكییه‌كان
هێمن هه‌ورامی: ره‌شنوسی بودجه‌ی عێراق خراپترینه‌ و بۆ سزادانی هه‌رێمی كوردستانه‌
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئەگەر پشت بە بەغدا ببەستین دەبێت هەمومان ببین بە كاتبی وەزارەتی دارایی عێراق
سوپاسالاری ئێران: رێگه‌ناده‌ین كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئاوه‌كانی كه‌نداو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×