کێشە و گرفتەکان، کاریگەریان لەسەر پەروەردە 

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2025-09-18   

کێشە یان گرفت  ئەو ئاڵۆزیانە دەگرێتەوە، کە کار لە دەروونی تاک  دەکەن و کاریگەری نەرێنی  جێدەھێڵن لە سەر کەسێتی  و شێوازی  مامەڵەی ئەو کەسەی  کە کێشەکەی توش بووە.
زۆرجار شێوازی پەروەردەکردنی  منداڵ لە ناو خێزاندا، بەھۆی  نەبونی  پلان  و بەرنامەی  زانستی  و پەروەردەیی و نەشارەزایی  مامەڵەکردن لەگەڵ تەمەنی منداڵدا دەبێتە ھۆکار و ڕەنگدانەوەی کێشە و گرفت بۆ ئەو منداڵە.
ئەو چەند دێڕەی سەرەوە زیاتر دەچێتە قاڵب و بۆتەی کێشەی پەروەردیی، کە کاریگەری زۆر جێدەھێڵی و ئاوێتەی کەسێتی ئەو تاکە دەبێت، لەو کاتەدا تاکەکە دەبێتە کەسێکی شەڕەنگێز و توندڕەو، یان دەبێتە کەسێکی دورەپەرێز و گۆشەگیر و بێزار وخەمۆک.
کاتێک مرۆڤ دەکەوێتە ئەو خانەیەی پێی دەوترێت مرۆڤی خەمۆک کە لەڕووی دەرونیەوە  زیانی  گەورەی بەردەکەوێت، چونکە ڕەفتارەکانی نامۆ دەردەکەون لە ڕووی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ھەست و سۆزلاواز دەبێت،  یان گێچەڵکردن و شەڕەنگێزی و تەنانەت لەگەڵ کەسە نزیکەکانیشی نادروست دەبێت.
ئەو کەسانە ھەستی کەمی متمانایان بە خۆ ھەیە، ئەگەر زۆر بە وردی و باشی مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت ئەو شێوازە نەرێنیە تا تەمەنی گەورەیی لە گەڵی بەردەوام دەبێت.
جۆرەکانی گرفت وکێشەکان لە ناو کۆمەڵگەدا:
کێشەکان بە پێی پێوەرە زانستی و جیاوازەکان دابەشدەکرێن، لێرە بەشێکیان دیاری دەکەین، کە ئەمانەن:
١-کێشەی دەرونی (خەمۆکی، شەڕەنگێزی، دورەپەرێزی.....
٢-کێشەی کۆمەڵایەتی(ھەژاری، جیاکاری...)
٣-کێشەی ژینگەیی (پیسبونی ئاوو ھەوا...)
٤-کێشەی پەیوەست بە سیستمی ڕەفتاری تاکەکەسی
٥-کێشەی تەندروستی(نەخۆشی زگماکی....)
٦-کێشەی سیستمی پەروەردیی(گرنگینەدان بە کوالیتی خوێندن و وابەستە بوون بە ئایدۆلۆژیای ناڕوون)
٧-کێشەی ئابوری و دارایی
٨-کێشە و گرفتە خێزانیەکان
زۆر دەوترێت ھەرشتێک سەرەتای ھەبێت، کۆتاییشی ھەیە. کاتێ کێشە و گرفت بوونی ھەبێت گومانی تیا نیە چارەسەریشی ھەیە،
زۆربەی شارەزایانی  بواری کۆمەڵناسی(سیسیۆلۆژیا) ئاماژە بە ڕێگاکانی چارەسەری کێشەکان لەمانەدا دەبیننەوە:
١-دەستنیشانکردنی کێشەکان: گرنگە  کێشەکە دیاریبکرێت و شیکاری بۆ بکرێت و پێناسە بکرێت تا زانیاری لەسەر کۆبکرێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگەی چارەسەریان بۆ دیاری بکرێت.
٢-شیکاری کێشەکان: ئەم ھەنگاوە دوای کۆکردنەوەی زانیاری ئەنجام دەدرێت و ھۆکارەکانی دیاریدەکرێت.
٣-گرنگیدان بە چارەسەرو ئەگەرەکان: دوای شیکردنەوەی کێشەکە، چارەسەرو ئەگەرەکان، واباشە شێوازی ساکار و سادە و کارپێکراو بن، چارەسەرکردنی تەنگژەکان  و گەیشتن بە ئامانجی دیاریکراو، ئەوەش گرنگە  بزانین تا بیرۆکەکان زۆرتربن چارەسەرەکان ئاسانتردەبن.
٤-ھەڵسەنگاندنی چارەسەرەکان: چارەسەرەکان بەراورد دەکرێن لەگەڵ یەکتر بە ڕەچاوکردنی  شێوازی  کارکردن لەسەریان  و جێبەجێکردنیان دەکرت، لەم بوارەشدا پێویستە  کۆمەڵێک خاڵ ڕەچاوبکرێن  کە بریتین لەمانە:
‌ڕ-ئاکامەکان لە چارەسەرەسەرەکانەوە.
ب- ئەو چارەسەرانەی لەگەڵ ڕێگاو و یاساکان تەبان.
ج-بەراوردی چارەسەرەکان لەگەڵ ئەنجام و مەترسییەکان.
٥-ئەنجامدانی  چارەسەری دیاریکراوی گونجاو: دوا ھەنگاوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پێویستە ڕەچاوی ھەموو ھەنگاوەکان بکرێت کە پێشتر ئاماژەی پێدراوە، پلان و ڕێگەی چارەسەر وەک پێویست و ھەنگاوەکان بڕوات و مەترسییەکان کەمبکرێنەوە و چارەسەربەدیبێت.
بەڵام ئەگەر ئەو ھەنگاو و شێواز و ڕێگایانەی سەرەوە کە بۆ چارەسەری کێشەکان دیاریکراون، کاری پێنەکرا، ھیچ چارەسەرێک نابینین، بەڵکو گرفت و کێشەکان بەردەوام دەبن و ئاکامێکی خراپ دێتە بەرچاو.
 ئەوەی لە ئێستای پرۆسەی پەروەردەدا دیارە و ناشاردرێتەوە، بوونی چەندین کێشە و گرفت و ئاستەنگە، ئەگەر حکومەتی ھەرێم  و وەزارەتی  پەروەردە پلانی خێرای جێگرەوە بۆ جارەسەرەکان دانەنێت، مەترسی ئەمساڵی خوێندن ھەیە، یان شێواوی و شپرزەیی و نزم بوونەوەی ئاستی کوالیتی خوێندن دەبێتە ئاکامێکی نەخوازراو. ئەرێ براگەل لە کام شوێن و کام جێگا و جوگرافیای ئەم سەر زەمینە ھەیە سێ مانگ مامۆستایان موچە وەرنەگرن و داوای ئاکام و کوالیتی باشبکرێت؟
ئەزموونی ئەم ماوەیەی کە سێ دەیە و نیوی تێپەڕاند لە حوکمڕانی خۆماڵی، دەکرێ بەرنامە و پلان و شیوازی کارکردن، بە ئاراستەیەکی تر بگۆڕدرێت و واز لەم شێوازی خراپ بەکارھێنانە بێنین کە نادادی و گەندەڵی خەریکە نوزەمان لەبەر دەبڕێت، بۆیە پێویستە  ئاراستەی ڕێگەکە بگۆڕین.
ھەروەک چۆن (فرانتس کافکا دەڵێ:(ئەو ڕێگەیەی کە پێیدا دەڕۆین، مەج نیە ڕێگە ڕاستەکە بێت، بەڵکو ڕێگەیەکی تر ھەیە و پێویستە بیدۆزینەوە). 
ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان کەوتوینەتە گومانێکی شاراوەی ناڕوون، کە کات کوشتن و ڕێکنەکەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەند، باجێکی قورسە کە تەنھا خەڵک دەیدات. دەسەڵاتدارانی ئەم ھەرێمە ناکرێ بێخەمبن، چونکە مێژوو ڕەح بە کەس ناکات، جگە لە پاشاگەردانی و دواکەوتوویی و ھەژاری ھیچ ئاکامێک بەدینایەت، پڕۆسەی پەروەردەش کە تاکە ھەگاوە بۆ گەیشتن بە ڕێگەی ڕێبوارانی شارستانی، ناکرێ وا بخرێتە پەراوێزەوە، بۆیە بەڕای بەندە کاتێ  چارەسەری ئەم کێشەیە نەتانھەژێنێ، واتە بێخەم و بێباکن لە ئایندەی نیشتمان و نەوەکانمان.
فایەق بێکەسی نەمر لە خۆڕا ھاواری نەکردووە بۆ بێخەمانی گەل کە لە شێعری قەومی کورد، کە لە بەشێکی  شێعرەکەدا دەڵێ:
وا وەتەن دیسان بەمەحزوونی ئەڵێ ئەی لاوەکان

بۆچی وا مات و مەلوولن، بەسیەتی شین و گرین

ڕۆژی تێکۆشانە سا دەی ھیمەتێ، تاکو زووە

بەشکو لەم حاڵە نەجاتمان بێ و لە دیلی دەربچین

گەرچی ھەندێ کەس خەریکن ورگ و گیرفان پڕ ئەکەن

شەو بەبێ خەم سەر ئەنێنە سەر سەرین، ھەر سەرسەرین

پیاو ئەبێ دائیم خەمی قەوم و وڵاتی خۆی ھەبێ

ئەو کەسانەی بێ خەمن حاشا نەوەی ئەم خاکە نین.


سەرچاوەکان:
١-دیوانی فایەق بێکەس 
٢-ڕنواع المشاکل التربویە
ولید سرحان
٣-خگوات حل المشکلە،  کیف ڕحل مشاکلی؟
دلال قێری
٤-اقوال المشاھیر عن حل المشکلە 
٥- ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکان
ژیوار سەلاح- ماڵپەڕی زانیاری
٦-فرانتس کافکا

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی توركیا: سوپای توركیا ناچێته‌ هیچ پێكدادانێك له‌گه‌ڵ حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن
د. مەحمود عوسمان باس لەوەرگرتنی سێ ملیۆن دیناری حزبی بەعس بۆ بەستنی کۆنگرەی سۆسیالیست دەکات
سه‌عدی پیره‌:‌ شه‌راكه‌تێكی گوماناوی ناتوانێت كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكات
"شه‌پۆلێكی باران بارین رو له‌ هه‌رێم ده‌كات و كه‌شی زستانه‌ ده‌ستپێده‌كات"
ئیكۆ عێراق: داهاتی نه‌وتی عێراق له‌ نۆ مانگی ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 37 ملیار دۆلار بوه‌
بەغدا لەبەردەم ئەگەری خۆپێشانداندا؛ سەرجەم هێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی «ئامادەباشی ج»ـەوە
ئه‌مریكا داوا له‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات گه‌شتی عێراق نه‌كه‌ن: مه‌ترسی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌مریكییه‌كان
هێمن هه‌ورامی: ره‌شنوسی بودجه‌ی عێراق خراپترینه‌ و بۆ سزادانی هه‌رێمی كوردستانه‌
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئەگەر پشت بە بەغدا ببەستین دەبێت هەمومان ببین بە كاتبی وەزارەتی دارایی عێراق
سوپاسالاری ئێران: رێگه‌ناده‌ین كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئاوه‌كانی كه‌نداو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×