پەیوەندیەکان،  لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2025-11-01     134

{گەورەیی مرۆڤ ئەوە نیە  کە مرۆڤە، بەڵکو گەورەیی  لە مرۆڤبوونیدایە - مەھاتما گاندی}

 

پەیوەندی بریتییە لە ڕایەڵەی  بەیەکگەیشتنی کەسیک یان چەند کەسێک بە مەبەستی لێکتێگەیشتن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا، یان ئەنجامدانی کارێک و بەرنامە و پڕۆژەیەکی ئامانجدار. 
زۆرجار ڕیدەکەوێ پەیوەندیەکە (ئابوری، ڕامیاری، کۆمەڵایەتی، .... )بێت.
پەیوەندی بەئاراستەی نزیکی و بەرژەوەندی لایەک یان ھەدوولا دێت. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە باس و ھەڵوێسەتەی لەسەر بکەین، پەیوەندیەکانی ناو پرۆسەی پەروەردەیە، دیارە ئەم پەیوەندیانەش  گرنگ و کاریگەرن لەسەر کۆی پرۆسەکە، چونکە بوونی پەیوەندی بەھێز و پتە و کێشە و گرفتەکانی پرۆسەی پەروەردە کەمدەکاتەوە، یان دەیانکاتە خاڵی بەھێز و سەرخستن و بە ئەنجام گەیشتنی  بەرژەوەندی ھاوبەش.
لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا یەکەم ھەنگاو،  پەیوەندی مامۆستا و فێرخوازە(قوتابی)ئەم پەیوەندییە دەبێتە بەردی بناغەی  ھەموو پەیوەندیەکان و پرۆسە گەورەکەی فێربوون.
کاتێ فێرخواز ھەست بە ئارامی و دڵنیایی و خۆشەویستی مامۆستاکەی بکات، ھەموو دەرگاکانی بۆ دەکرێتەوە(سۆزو میھرەبانی، متمانە و دڵنیایی، ڕاستگۆیی و ووردی، فێربوون).
ئەو چەند دێڕەی  سەرەوە لە مامۆستاوە پەخش دەکرێت بۆ منداڵی فێرخواز، ئەکرێ لێرەوە بزانین ھەموو پەیوەندیە گرنگەکانی ناو پرۆسەی پەروەردە لە مامۆستاوە ئەنجامدەدرێت. کاتێ مامۆستا بەباشی کاربکات ڕەنگدانەوەی  پەیوەندی ئەرێنی  لەناو فێرخوازاندا دروست دەکات. ئەو کاتەی فێرخوازانیش  پەیوەندیان باش و بەھێزبوو، پەیوەندی دایبابانیشیان باش دەبێت.
ھەر بۆیە پەیوەندییەکان لە پەروەردەدا ھەموو کارلێکەکانی نێوان تاکەکان لە پرۆسەی پەروەردەدا دەگرێتەوە، وەک پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندکار، نێوان خودی خوێندکاران، نێوان قوتابخانە و کۆمەڵگا، و نێوان خێزان و قوتابخانە. ئەم پەیوەندیانە زۆر گرنگن بۆ بنیاتنانی ژینگەیەکی فێربوونی پاڵپشت کە سەرکەوتنی  پرۆسەی  پەروەردە و گەشەپێدانی گشتگیری ھۆشیاری ئاستی خوێندکاران بەرەوپێش ببات.
پەیوەندی لە پرۆسەی پەروەردەدا تەنیا لە نێوان مامۆستا و فێرخوازدا نییە، بەڵکو تۆڕێکی پێکەوە بەستراوی  ئاڵۆزە کە ھەموو لایەنەکان و بەشەکانی کایەی کۆمەڵایەتی و سیستمی  پەروەردەیی لەخۆ دەگرێت.
 ئەو پەیوەندییەی  ئێستا لە ناو پرۆسە و سیستمی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان دەبینرێت، کە پێویستی بە ھەڵوێستە لەسەرکردن و پێداچونەوەیە، ڕاستە لە شێوازەکەی بەڕوکەش  سەردەمیانەیە و سود لە شیوازە پێشکەوتووەکانی جیھان بینراوە، بەڵام لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی دروستە، ئەویش بەھۆی  ئەو جۆرە پەیوەندییە  خراپەی  کاری پێدەکرێت.
خراپی جۆر و شێوازەکانی پەیوەندی  لە ناو سیستمی  پەروەردەی ھەرێمی کوردستان بەمجۆرەیە:

١-پەیوەندی  ھەیکەلی وەزارەت و بەشەکان 
بەھۆکاری  تایبەتمەندی و دەسەڵاتی  زۆری و ناتەبایی زۆن و پابەندییەکانی یەکە کارگێڕییەکان بە دەسەڵاتی دەرەوەی وەزارەت، ھەرچەند بڕیار و ڕاسپاردەکان  زانستی و پەروەردەییشبن، ھەنگاوەکانی جێبەجێکردن و ئەنجامدانیان دەبنە مەحاڵ.
٢-پەیوەندی نێوان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان
ئەمانش بەھۆی ھەمان دابەشبوونی زۆن و دەسەڵاتە لۆکاڵییەکان، یاساکان و ڕێنماییەکانی وەزارەت وەک خۆی ناخرێنە تەرازووی جێبەجێکردن.
٣-پەیوەندی نێوان بەڕێوەبەرە گشتییەکان و یەکەی دڵنیایی جۆری و سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی
ئەم پەیوەندییەش  ھێندە  جۆری کەسایەتی  ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت، کەمتر پەیوەندییەکی  فەرمی و دیاریکراوە، چونکە بەھۆی سەربەخۆیی کارگێڕی  و بوونی  زنجیرەیی  پەیوەستی کارگێڕی، جۆری پەیوەندییەکەیان لاواز یان ھەر نیە، بۆیە زۆرجار لەجیاتی  ھەماھەنگی  ناڕێکی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر کوالیتی پرۆسەی پەروەردە.
٤- پەیوەندی نێوان یەکەی ڕاھێنان بەشەکانیتر
ماوەی چەند ساڵێکە  بەھۆی بوونی گرێبەستێک لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، یەکەی ڕاھێنانی وەزارەت لەگەڵ یەکەی ڕاھێنانی  پەروەردەی پاێزگاکان سەرقاڵی خولی ڕاھێنانە بۆ مامۆستایان یان پێداگۆجی و دیداکتیک، کە بەڕای بەندە ھەنگاوێکی باشە تا سیستمی پەروەردەی ئێمە ھەنگاوبنێت و ئاراستەیەکی باش وەربگرێت. 
بەڵام لەم ھەنگاوەشدا گرفت و ئاڵۆزی یەخەی پرۆسەکەی گرتووە، لەوانە بەشێک لەو کەسانەی دیاریکراون بۆ کاری ڕاھێنان، وەک پێویست ئامادەنەکراون، خراپی و دۆخی سەختی ئابوری و بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن ھۆکاربووە کە نەتونراوە کارەکە بەباشی ئەنجامبدرێت.
٥-پەیوەندی نیوان بەڕێوەبەرەکان و مامۆستایانی قوتابخانە و خوێندنگەکان
ئەم پەیوەندییە، جۆرێکی بنەڕەتیە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و گەیشتن بە ئاکامێکی خوازراو، چونکە لێرەوە ئەو ئەڵقەیە دادەنرێت کە زنجیرگەلێک بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەم پەیوەندییەش لە زۆربەی ناوەندەکانی خوێندن باشنیە، بەھۆی جێبەجێنەکردنی ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی پەروەردەیی، کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە وە ڕێکخراوە. یەکێک لە ڕاسپاردەکان ئاڵوگۆڕکردنی بەڕێوەبەرەکانە بەپێی سالی خزمەت، ئەمەش بەھۆی دەستوەردانی کەسانی دەستڕۆیشتوو یان لایەنداری حیزبەکان ئەم کارەش ئەنجامنەدرا. تەنانەت بەڕێوەبەر ھەیە زیاد لە بیست ساڵە ھەر خۆیەتی، لەبەرخاتری خاتران لانابرێت. 
٦-پەیوەندی نێوان دایباب و قوتابخانە
لەسەرەتای نوسینەکەم باسی گرنگی پەیوەندی نیوان فێرخواز و مامۆستامکرد، وام بەباشزانی لەو شوێنەدا ئاماژەی پێبدەم، ئەوەی ئێستا بۆتە خاڵی لاواز لەنێوان پەیوەندی دایبابی فێرخوازان و فێرگەیە. چونکە زۆربەی دایباب و کەسوکاری فێرخوازان نەک نایەنە نێو پەیوەندیەکەوە بگرە خۆیان دەدزنەوە، بەو ھۆکارەی ئەرکێکی قورسی دارایی دەخرێتە سەرشانیان، ئەویش کۆکردنەوەی پارە و پەیداکردنی کەلوپەل، تا دەگاتە نۆژەنکردنەوەی فێرگە و بەشەکانی.
لەھەموو ئەمانە سەمەرەتر ئەوەیە، لە بەڕێوەبەرەکان یاساغکراوە پارەکۆبکەنەوە، ئەوانیش بەناوی لیژنەی خەرجی و داھات، چەند دایبابێک دەکەنە لیژنە و کارەکەیانی پێدەکەن.
لەکاتێکدا ئەمە ئەرکی حکومەتە نەک خەڵک. لەم دۆخە سەختەی ئابوریدا. بۆیە خراپترین پەیوەندی لەم کاتەی پرۆسەی خوێندندا پەیوەندی نێوان دایباب و فێرگەی پەروەردەییە.
سەرکردەی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ (نێڵسۆن ماندێلا )بەمجۆرە لەسەر مافخواردنی مرۆڤ وتوێتی) بێبەشکردنی مافە مرۆییەکانی خەڵک، زەوتکردنی  مرۆڤایەتیانە).
لەم وتارەمدا ئەوەی بە گرنگمزانی لە پەیوەندییەکانی ناو پرۆسەی پەروەردە ئاماژەمپێداون، بەدڵنیایی بەش و یەکەی تریش ھەن لەناو ھەیکەلی وەزارەت، کە پێویستە پەیوەندییەکانیان ڕێکبخرێنەوە و ئاراستەیەکی باشتر وەربگرن، لە پێناو دامەزراندنی سیستمێکی باشی پەروەردەیی و سەردەمییانە، دڵنیاشم چاککردنی ئەمانە پەیوەستە بە دابینکردنی بودجە و داھاتێکی پێویست بە پەروەردە و باشکردنی ژیانی مامۆستایان و کردنەوەی خول و ڕاھێنانی بەردەوام.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×