(ئەوە نییە کە من بلیمەتم، تەنیا ئەوەم کە زیاتر لەگەڵ کێشەکاندا دەمێنمەوە- ئەلبێرت ئەنیشتاین).
پێشتر لە وتارێکماندا ئاماژەمان بە گرفت و کێشە و کاریگەرییان لەسەر پەروەردە بەگشتی کردووە، ھۆکارو چارەسەرمان خستەڕوو. لە وتاری ئەمجارەماندا، باسی گرفتەکانی ناوەندەکانی خوێندن دەکەین کە بۆ ئەمساڵی خوێندن بەرچاون و ئاڵۆزییان بۆ پرۆسەکە دروستکردووە.
بوونی کێشە لە ھەر شوێنێکدا واتە نەبونی ھاوسەنگی و تێکچونی شیرازەی ڕایەڵەی نێوان بەشەکان و خراپ بەکارھێنانی پلان و نەخشەی بەڕێوەبردن، ئەمەش وا دەکات ئەڵقەکانی زنجیرەکە لێکبترازێن.
پرۆسەی پەروەردە لەبەرئەوەی پرۆسەیەکی پڕ جموجوڵ و زیندوە، لە کایە و سێکتەرەکانی تر زیاتر ھەستیارترە، لە ناو خوێندنگە و قوتابخانەکانی ئێستای ھەرێمی کوردستان کێشە و گرفتی زۆر دیار و ھەستپێکراو بەدیدەکرێن، کە بونەتە بەربەستی بەردەم پرۆسەکە، بەشێک لە گرفتەکان لەمانەدا کورت دەکەمەوە:
یەکەم: گرفتەکانی پەیوەست بە مامۆستایان:
- پێنەدانی مافی مامۆستایان و بارگرانی ژیانیان لەلایەن حکومەتەوە
- نەشارەزایی لە تەکنیکی وانە وتنەوەی نوێ
- قورسی پرۆگرامی خوێندن
- کەمی یان نەبونی خولی ڕاھێنان، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و کارامەییەکانیان
-کەمتەرخەمی وھەوڵنەدان
-کەمی سەرچاوە و پێداویستی
- کەمی کتێب، کۆمپیوتر، تاقیگە
دووەم: گرفتەکانی پەیوەست بە قوتابیان و فێرخوازان:
- توندوتیژی بەرامبەریان
- دڵەڕاوکێ و خەمۆکیی خوێندکاران
- کەمی ڕێز و ھاوکاری لە نێوان خوێندکار و مامۆستا
- نەبوونی ھاندان
- کەمی ئارەزووی خوێندن
- بێ ھیوایی بەھۆی دۆخی ئابووری یان خراپی جۆر و سیستمی کارگێڕی
سێیەم: گرفتەکانی پەیوەست بە پڕۆ گرامی خوێندن:
-نەبونی ھاوسەنگی بابەتی وانەکان لە پۆلەکانی خوێندن
-قورسی و قەبارەی کتێبەکان و کردنیان بە چەند بەشێک
-نەبونی ھۆیەکانی ڕونکردنەوە و فێربوون
-جیاوازی لە گرنگیدان و جۆری خوێندن(حکومی و ئەھلی)
-ڕەنگدانەوەی خراپی باری ئابوری خەڵک لەسەر قوتابیان و خوێندکاران
چوارەم: گرفتەکانی پەیوەست بە ژینگەی قوتابخانە:
-کۆنی و خراپی بینای خوێندن
- نەبونی ژوری تایبەت بە (تاقیگە، وەرزش، ھونەر....)
-ڕەچاونەکردنی باری دەرونی فێرخوازان
- زۆری ژمارەی قوتابیان لە پۆلەکاندا
-ڕەچاونەکردنی ھەندێک بینای خوێندن بۆ فێرخوازانی خاوەن پێداویستی تایبەت
پێنجەم: گرفتەکانی تایبەت بە دایبابان و فێرگە:
-نەبونی تێگەیشتنێکی دروستی پەروەردەیی لەنێوان فێرگە و دایبابان.
-بەھۆی ئەرکخستنە سەر دایبابان لە بابەتی(نۆژەنکردنەوەی فێرگە و دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستی و کۆکردنەوەی پارە لەڕێی لیژنەکانی دایبابان) وایکردووە کەمترین کەس لەوان بەشداربن لەو لیژنانە.
-بەھۆی خراپی دۆخی ئابوری خەڵک، دایبابان ناتوانن پێداویستیەکانی مناڵەکانیان دابینبکەن.
- کەمی ھاوکاری دایبابان بۆ مناڵەکانیان.
- شارەزانەبون و بێئاگایی خێزان لە باری دەروونی فێرخواز لە ماڵەوە.
- بەکارھێنانی زۆری و کوشتنی کاتی زۆری بە ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا لەلایەن مناڵانەوە.
بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی گرفتەکانی ناوەندەکانی خوێندن، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەنگاوی خێرا بنێن و ئەوەی دەکریت بیکەن تا متمانە بگەڕێتەوە بۆ ھەموو ئەو لایەن و جەمسەرانەی گرفت و کێشە بۆتە لەمپەری بەردەمیان، لەسەرو ھەموویانەوە چارەسەرکردنی کێشەی دارایی و ئابورییە، وەک لە کۆنەوە وتراوە(کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە)
لەوەش گرنگتر دانانی پلانی زانستی پەروەردەییە بۆ ئەم دۆخە سەختەی پەروەردە، وتویانە(شەڕ بە چەک و مامەڵە بەدراو).
بەڵام ئەگەر ڕێگەچارەی گرفتەکان نەدۆزینەوە و وەک ھەموو بابەتەکانیتر بیانخەینە خانەی لەیادچونەوە، ئاکامەکەی قەیرانی گەورەتری بێمتمانەیی و ڕوخانی کەسێتی تاکی ئەم کۆمەڵگەیە لە داھاتوودا دەبینرێت.
لەلایەکیترەوە باشکردن و چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە ھەنگاوەکانی چۆنێتی و بەرزکردنەوەی کواڵیتی خوێندن بەدیدێت.
بۆیە ڕاکردن و لەبیربردنەوە و شاردنەوەی کیشە و گرفتەکان، ناکاتە ئەوەی خۆیان چارەسەر ببن.
وتارەکەم بە وتەیەکی شاعیری ناوسراوی عەرەب(نزارقەبانی) کۆتایی دەھێنم، کە دەڵێ:
(ئەگەر بە ڕاکردن کێشەکان چارەسەر بکرانایە، زەوی دەبووە ھەسارەیەکی چۆڵ).