کاریگەری  کەسێتی  مامۆستا،  ڕەنگدانەوەی  لەسەر فێرخواز

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2026-03-09     125

کەسێتی  بریتیە لەو کۆمەڵە  تایبەتمەندیەی کە ھەموو مرۆڤێک لە ھەڵسوکەوت و ڕەفتار و مامەڵەیدا دەردەکەوێت. لە لایەنی جەستەیی  و دەرونی  و سۆزداری  کە  لە  بواری  تێکەڵ  بوون  و  بەریەککەوتنی  کۆمەڵایەتی  ڕەنگدەداتەوە.
واتە جیھانبینی و شێوازی بیرکردنەوەی ھەر تاکێک  لەگەڵ  ھەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی ژیانی ڕۆژانەیدا  کارلێک  دەکات، بەمە دەوترێت کەسێتی(کەسایەتی).
ئەوەی  سەرەوە پێناسەیەکی  کورتی  کەسێتی  بوو  بۆ ھەموو مرۆڤێک، جا ھەر کەس و تاکێک لە ھەر پێگە  و شوێنی  کارکردن  و مامەڵەی  کەسێتی  ئەو  مرۆڤە  جیادەکرێتەوە و دەناسرێتەوە.
کاریگەری کەسێتی مامۆستا لەسەر فێرخواز(قوتابی) گەورەیە و بڕیاردەرە لە پرۆسەی فێربوون و پرۆسەی  پەروەردەکردندا،  ئەم کاریگەرییە لە چەند بوارێکدا دەردەکەوێت:
١. ھاوکاری و ھێزپێدان و ھاندان:
کەسایەتی مامۆستا ـ وەک بەڕێوەبەری پۆل ـ ڕۆڵێکی گرنگ  دیاری دەکات لە بەرزکردنەوەی ھەوڵ و بەشداری قوتابی و فێرخواز.
مامۆستا دەتوانێ گیانی ڕەخنە و ڕەخنەگرتن  لە ناو ھەستی  فێرخواز دروست  بکات بە ئاراستەی جوان بیبنین و ھەڵسەنگاندن  لەلایەن  فێرخوازان،  کە دەکرێت وەک سەرچاوەی ھێز و چالاک  ببینرێت و لە بواری  ئەرێنی بەھێز بۆ ئایندەیان  ڕەنگڕێژبکرێت. 
لەم حاڵەتەدا ھەستی نەرمونیانی  و جوان  بڕیاردان، فێرخواز دوور دەخاتەوە لە ترس، شەرم، توندوتیژی و ڕەتکردنەوەی ئەوانیدی.
٢. دروستکردنی پەیوەندییەکی باوەڕپێکراو ومتمانە بەخش: 
مامۆستای خاوەن کەسێتی بەھێز، باوەڕ و ھێز لای  فێرخواز دروست دەکات،  وایلێدەکات ھەست بە ئاشنایی، ئارامی بکات و ئیتر سڵ  لە ھەڵە کردن نەکاتەوە.
کەسێتی مامۆستای  دڵسۆز و خاوەن کەسێتی گەورە، ئاکامی باشی دەبێت بۆ دروستکردنی ئەو پەیوەندییە.
٣. نموونەی باڵاو گونجاو:
فێرخواز زۆرجار مامۆستایەکی  باوەڕپێکراو و باش، وەک نموونەیەک دەبینێت بۆ ڕەفتار و ڕەوشتەکانی ژیانی.
کەسێتی  مامۆستا  لە ڕوخسار، ڕەفتار، مامەڵەی کاردانەوە، ڕەنگدانەوەی درێژخایەنی دەبێت لەسەر بیر و رەفتاری  فێرخوازان.
٤. ئەرک وبەرپرسیارێتی:
 مامەڵەی  دروست و ھاوڕێیانە و نەرمونیانی و وتەی شیرین و بەجێ  وا لە فێرخواز دەکات، بەباشی ھەست بە ئەنجامدانی  ئەرک و بەپرسیارێتی  بکات  و بەسەر کێشە و گرفتەکاندا زاڵ بێت.
٥. کاریگەری بۆ ھەستی خودویستی و ژیانبینی و خۆشەویستی ژیان و ژینگە:
مامۆستای  بەھێز و سەرکەوتوو خاوەن کەسیتی  بەھێز وا لە فیرخواز دەکات گرنگی بە خۆی بدات و ژیان  و ژینگەی  لا مەبەست بیت  و ڕۆڵ و بایەخی خۆی و ئەوان بەرز بنرخێنێت، ھەستیارانە مامەڵە بکات و ھەست بە کەسێتی  بەرز بکات.
ڕۆڵ و کاریگەری کەسێتی مامۆستا دەبێتە پەخشی ڕوناکی بۆ ژیان، لەوێوە ڕێز و شکۆ بۆ خۆی و پیشەکەی  دروست  دەبێت.
لەناو ئەدەبیاتی  کوردی  و جیھانیش کەسێتی مامۆستا بایەخی وەرگرتووە، ئەوەتا عەبدوڵا گۆران شاعیری ناسراوی کورد لەسەر کەسێتی  و ڕۆڵ  و ئەرکی  مامۆستایان  بەمجۆرە وتوێتی:
ئەگەر دوێنێ مامۆستاکان
سوڵتانێکیان پێ ئەگەیان
ئەمڕۆ ئەبێ مامۆستای کورد
دانیشێ، بە ڕاوێژی وورد
ڕێگەی پێگەیاندن دانێ 
بۆملیۆنان، نەک سوڵتانێ
ھەروەھا شاعیری ناسراوی عەرەب (ئەحمەد شەوقی) بە ڕەچەڵەک کورد، لەسەر ڕێزگرتن لە کەسێتی مامۆستایان وتوێتی:
  قم للمعلم وفە التبجیلا 
کاد المعلم ان یکون رسولا 
واتە: 
ھەستە لەبەر مامۆستا دەستە ونەزەر
مامۆستا خەریکە ئەبێت بە پەیامبەر

 لەم وتارە کورتەدا، ئەوەی گرنگ بوو لەسەر کاریگەری کەسێتی مامۆستا لەسەر فێرخوازان، ئاماژەمان پێدا، دەکرێ لایەنی بەرپرس و پەیوەندیدار بە ئەرکی  ئاکاری  و پەروەردەیی ھەڵبستن و بایەخ  و ڕۆڵی  مامۆستا  لە  ناو کایەی ژیان و پرۆسەی  پەروەردەدا بەرز ڕابگرن، تا شکۆی مامۆستا و کەسێتی ببێتە بۆتەی داڕشتنی  کەسێتی  قوتابیان  و فێرخوازان  بەشێوازێکی  زانستیانە و پەروەردەییانەی سەردەم.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×