نووسین و باسکردنی ھونەر کارێکی ئاسان و سادە نییە، بەتایبەت لەسەر بابەتێک کە چەندین ڕەھەندی جۆراوجۆری ھەیە. لە ناو ھونەریشدا، لەسەر دەنگ و سۆز و چریکەیەکی ناوازە و پڕ جۆش و خرۆش و ئەفسانەیەکی دووبارە نەبووەوەی وەک حەسەن زیرەک.
ھونەر بە بەشێکی گەورە و گرنگی کەلتووری گەلان دادەنرێت. تەنانەت کاریگەریی زۆری ھەیە لە گەشەسەندن و پێشخستنی مرۆڤایەتی، جوانکردنی ژیان، بەخشینی خۆشی بە دڵی مرۆڤ، ئاودانی گەرووی تینووی ھەست و سۆز.
ئارنەست فیشەر وتوێتی: «ھونەر لەگەڵ مرۆڤدا لەدایک بووە، تا چاکتر و باشتر لە ژیان بگات و بیگۆڕێت».
لێرەوە دەردەکەوێت کە ئاراستەی بەدیھاتنی ژیانێکی خۆشتر و باشتر بۆ مرۆڤ، ھونەر ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت.
ھونەر ئەگەر بۆ گەلان گرنگ بێت، بۆ نەتەوەی کورد گرنگییەکەی زۆرتر و کاریگەرترە؛ چونکە بۆتە قەڵایەکی سەخت و بەھێز بۆ مانەوەی زمانەکەی، پاراستنی، و نەھێشتنی لەناوچوون.
ئەمە پێناسەیەکی گرنگە کە بە ھەموو بەشەکانی کەلتوور، بە ھونەری گۆرانیشەوە، ئەو ڕۆڵەیان بینیوە. ھەر بەتەنھا بە گۆرانیبێژێک ئەم کارە نەکراوە، بەڵکو سەدانی تر لە شار و شارۆچکەکانی ھەموو بەشە داگیرکراوەکانی کوردستان بوون بە ھۆکاری مانەوە و زیندووھێشتنەوەی زمانی کوردی.
لە وتارێکی ئاوادا ناکرێت باس لە ھەموو گۆرانیبێژ و ھونەرمەندانی کوردستان بکرێت، ئەوە پێویستی بە دەیان کتێب و چەندین دامەزراوەی زانستی و ئەکادیمی ھەیە. ھەرچەند لێرە و لەوێ وەک ھەوڵی تاکەکەسی و پڕۆژەی ھونەری و توێژینەوەی زانکۆکان کار کراوە، بەڵام کەم و کزن، نەک زۆر و زیاد.
کۆنفیشیۆس، فەیلەسوفی چینی، وتەیەکی گرنگی ھەیە کە تیایدا ڕۆڵی ھونەری گۆرانی بە پێوەری پێشکەوتنی ھەر گەل و نەتەوەیەک پێوانە دەکات و دەڵێت: «بۆ شارەزابوون و ناسینی ئاستی پێشکەوتنی شارستانییەتی ھەر نەتەوەیەک، گوێ لە گۆرانییەکانی بگرە».
زۆرجار و لە زۆر جێگە و شوێنی جیاواز گوێمان لەو وتەیە بووە کە وتراوە: «نەتەوەی کورد نەیتوانی ڕێزی داھێنەر و بەھرەمەندێکی گەورەی وەک حەسەن زیرەک بگرێت».
بۆیە ھەمیشە بەشی ئاوارەیی و دەربەدەری و کۆڵ بە کۆڵ بووە. ماڵ و جێگەیەکی جێگیر و ئارامی نەبووە. ھەژاری، بێدەرەتانی، سەختی ژیانی زیرەک ناچاری کردبوو بە ئەنجامدانی کاری جیاواز، وەک: چایچی، شاگردی، حەماڵی، و...
ڕاستە ئەم ھۆکارە سەخت و دژوار بووە بۆ سەر شانی خودی زیرەکی نەمر، بەڵام لە لایەکی ترەوە بووەتە ھۆی فراوانی، دەوڵەمەندی، داھێنان، فێربوونی زیاتر، و شارەزایی لە ئاستی تاکەکەسێک زۆرتر، کە ئەمەش ھونەرەکەی مەزنتر و دەوڵەمەندتر کردووە.
حەسەن زیرەک وەک گەشتیارێکی گەڕۆکی ھەمیشەیی، بە ناوچە و پارچەکانی کوردستاندا، شاخ و دۆڵ و دەشت و زنوێرەکانی پشکنیوە و لە ناو سۆزی دەنگە ناوازەکەی لەگەڵ ھونەرەکیدا ئاوێتەی کردوون و بە گوێگرانی کوردزمانی ئاشنا کردوون.
چەندین جار لە گۆرانییەکدا زیرەک دەمانبات بۆ سەحرای چین و لە جوانناسی و بەرزدانانی چاوی خۆشەویستەکەی، تا دەیکاتە چرایەک کە ئەو بیابانە گەورەی چین ڕووناک بکاتەوە. کام جوگرافیناس و گەڕیدە وەک زیرەک توانای لەو جۆرەی ھەیە؟
کاتێک زیرەک دەچریکێنێت، مرۆڤ ھەستی دەڕوات بۆ سروشت، جوانی و خۆشی بە دڵی مرۆڤ شاد دەبن. زیرەکی نەمر ئەوەندە بە جوانی و پیاھەڵدانی ھونەرییانە باسی ژن و ئافرەتی کورد دەکات، ئەوەندەی تر جوانیی کچان و ژنانی کورد پڕ بەھا و نرخ کردووە و سەرسامیی دەگاتە لوتکەی گەورەیی ئەو مروارییە بەنرخانەی کۆمەڵگەکەمان.
بوارێکی تری گرنگی ھونەری حەسەن زیرەک بەکارھێنانی ھۆنراوەی شاعیرە ناودارەکانی کورد بووە، وەک: نالی، وەفایی، پیرەمێرد، بێکەس، سەید کامیلی ئیمامی و زۆری تر لە گۆرانییەکانیدا. ئەوەش ڕێگایەکی دیکە بوو بۆ پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی پێگەی زمانی کوردی لە بواری ھونەری گۆرانیدا.
حەسەن زیرەک و جوانناسی (ئیستاتیکا)
فەلسەفەی جوانناسی یان ئیستاتیکا لقێکی گرنگی فەلسەفەیە کە لەسەر جوانی، ھونەر، چێژ، و سۆز دەوەستێت و پێوەری لەقالبدان و دیاریکردنی ئاستی چۆنێتی بۆ دەستنیشان دەکات، جا بە جوان یان ناشیرین، یان باش و خراپ.
جوانناسی وەک لقێکی سەربەخۆی فەلسەفە، لە سەدەی ١٨ـدا پەرەی سەند. فەیلەسوفی ئەڵمانی ئەلێکساندەر گۆتلیب بۆمگارتن لە ساڵی ١٧٥٠ وشەی Aestheticaی بەکارھێنا و جوانناسیی وەک بوارێکی تایبەتی فەلسەفی ناساند. لێرەوە جوانناسی بە شێوەیەکی زانستیتر و فەلسەفیتر پەرەی سەند. دواتر فەیلەسوفانی گەورەی وەک کانت، ھێگڵ، شۆپنھاوەر، نیچە، و زۆرانی تر بە شێوەی جیاواز بە پرسی جوانی و ھونەرەوە خەریک بوون.
بۆمگارتن پێی وابوو تەنھا عەقڵ و زانین نییە کە دەتوانێت جیھان بناسێت، بەڵکو ھەست و تێگەیشتنیش جۆرێکە لە زانین.
بیرکردنەوە لە جوانی زۆر کۆنترە لە وشەی «جوانناسی». لە فەلسەفەی یۆنانی کۆندا، فەیلەسوفان بەتایبەتی لەسەر جوانی و ھونەر بیریان دەکردەوە. ئەفلاتوون جوانی بە شتێکی زۆر قووڵتر لە دیمەن و ڕووکار دەزانی. لە دیدی ئەوەوە، ئەو جوانییە تایبەتانەی دەیبینین دەتوانن مرۆڤ بەرەو تێگەیشتن لە «جوانیی خۆیی» ڕابکێشن.
ئەرستۆ زیاتر لەسەر ھونەر و تایبەتمەندییەکانی وەک ڕێکخستن، یەکگرتوویی، و کاریگەریی ھونەر لەسەر مرۆڤ قسەی کرد و بەتایبەتی باس لە تراژیدیا و کاریگەریی دەروونیی ھونەر دەکات.
بەپێی ئەو پێوەرەی فەلسەفەی جوانناسیمان ناسی، لێرەوە لایەنە فەلسەفییەکانی ھونەری حەسەن زیرەکی بلیمەت و خاوەن ئەو ھەست و سۆز و بەھرە پڕشنگدارە بە کورتی دەخەینە ڕوو:
١. سۆزداریی کاریگەر لەسەر ھەست و سۆز «دیۆنیسیۆسی»
فەیلەسوف فریدریش نیچە باسی دوو ھێز دەکات لە ھونەردا: ئەپۆلۆنی (لۆژیکی) و دیۆنیسیۆسی (سۆزداری و سەمای ڕووحی).
دەتوانین بێ ھیچ گومانکردنێک ھونەری حەسەن زیرەک تەواو بە «دیۆنیسیۆسی» دابنێین. ئەو بەبێ ھیچ فلتەرێکی ھەست و بیر، جوانی و قوڵی ناخی مرۆڤ دەردەبڕێت. دەنگی حەسەن زیرەک لە پانتاییەکی سۆزداریی بێسنووردا دەگات بە ھەستی مرۆڤ و دەیجوڵێنێت.
٢. فەلسەفەی سادەیی و دابڕان لە بۆتەی کۆمەڵایەتی
زیرەک ژیانێکی سادەی ھەبوو لە قاڵبە کۆمەڵایەتییە دەستکردەکان خۆی قوتار دەکرد و لێی ھەڵدەھات؛ واتە یاخی بوو، تەنھا شۆڕشەکەی ھەست و پەیامی ھونەر بوو. زیرەک ھونەرەکەی پێویستی بە ستۆدیۆ و مەشق نەبوو، بەڵکو لەناو خەڵک، شەقام، سەر جادە، چایخانە، و سروشتەوە سەرچاوەی دەگرت. ئەوەش نیشانەی فەلسەفەی «ئازادیی ڕەھا»یە کە ھونەرمەند حەسەن زیرەک خۆی نەبەستووەتەوە بە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی لەقالبدراو.
٣. ڕەسەنایەتی لە بوونگەراییدا
لای فەلسەفەی بوونگەری، مرۆڤی ڕەسەن ئەو کەسەیە کە خۆیەتی و کۆپیی کەس ناکات. حەسەن زیرەک کەسایەتییەکی بێوێنە بوو؛ شێوازی وتنی مەقام و گۆرانی و بەستەکانی تایبەت بە خودی خۆی بوون. ئەو زمانەی ئەو بەکاری دەھێنا، زمانی زیندووی ناو خەڵک بوو.
٤. دەنگ و ھونەرەکەی وەک زمانێکی گشتگیر بۆ ئازار
لە ڕووی فەلسەفەی زمانەوە، ھەندێک جار وشەکان مانا ناپێکن و کورت دەھێنن بۆ دەربڕین لە ئازار. حەسەن زیرەک بە چرپە، بە لایەلایە، و بە ھاوارەکانی، مانا بە دەنگ دەبەخشێت کە لە سەرووی سنوری زمانەوەیە و دەیگەیەنێت بە گوێی ئەوانی تر.
بە بۆچوونی من، حەسەن زیرەک تەنھا بە دەنگی خۆش و گۆرانییەکانی جیاواز نییە، بەڵکو چەند تایبەتمەندییەکی کۆکراوە وای کردووە لە نێو تاکی کورد و گۆرانیبێژانیشدا جێگایەکی تایبەتی ھەبێت.
دەنگی حەسەن زیرەک پڕ سۆز، بەرز، تایبەت، خۆش، نەرمە و ناسراوە. دەنگەکەی خەسڵەتێکی خەمگین، قووڵ، و پڕ لە ھەستە، بە جۆرێک کە لە یەکەم دەنگەوە دەکرێت بناسرێتەوە. پڕە لە: ھەست، سۆز، ئەوین، جوانی، میھرەبانی، بیرەوەری، خۆشی، بەخشندەیی، بەھێزی، و دڵنشینی.
لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم: حەسەن زیرەک گەنجینەی ھونەری گۆرانیی کوردی دەوڵەمەند کرد. ئەو زۆری بەخشی بە کورد، بەڵام کورد جگە لە خەم و ئازار ھیچی پێ نەبەخشی.