بەرگری لەکورد یان لەپەکەکە!

هونەر تۆفیق
  2020-06-26   
بەتەنیا سەیرکردنێکی سەرپێی ی لەو نەخشەیەی تورکیا بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ئامادەی دەکات ، بەناوی عەهدی میللیەوە بەسە، بۆئەوەی لە دیدی سیاسی و جیوگرافی دەوڵەتی تورکیا تێبگەین بەرانبەر بەکورد و نیشتمانەکەی .
پەیوەندی کورد و تورک دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٩٠٠ ساڵ پێش ئێستا . کاتێک تورکە سەلجوقیەکان لە خۆرئاوای ئێستای تورکیا ( ئانادۆڵ )وە پاڵیان بە بەیزەنتەکانەوە ناو خۆیان لە شوێنەکەیان دەوڵەتی سەلجوقی ڕۆمیان دامەزراند کەدواتر عوسمانیەکان بوونە میراتگریان .
کورد هەمیشە دیواری بەرگری خۆرهەڵاتی تورکەکان بووە ، لەشاڵاوەکانی مەغول و دواتر سەفەوەیەکاندا ، کوردەکان تورکەکانی ئانادۆل ( تورکیای ئێستا)یان پاراستووە .
لە جەنگی جیهانی یەکەمەدا ، هەرچی نەتەوەی ناو دەوڵەتی عوسمانی هەبوو ، بە ئەرمەنی ، مەقدۆنی ، یۆنانی و عەرەبەوە لە تورکەکان هەڵگەڕانەوە و دژی عوسمانیەکان بوونە هاوپەیمانی ڕوس و ئینگلیز و فەرەنسیەکان . تەنیا کورد نەبێت تا دوا سات لەگەڵ تورکەکاندا مانەوە . دژی بەریتانی و فەرەنسی و ڕوسەکان دەجەنگان . بەشداری کاریگەری دروستکردنی کۆماری تورکیاش بوون .
بەڵام پێچەوانەی هەڵوێستی کوردەکان ، تورکیا لەهەردوو بۆچوونی سیاسی و فەرهەنگیدا کورد بە دوژمن و مەترسی گەورەی سەر خۆی دەزانێت .
بۆچوونی فەرهەنگی تورک لەو پەندەوە دەناسرێتەوە کە دەڵێن : کورد گیرفانێکی دڕاوە ، بەکەڵکی ئەوە نایەت هیچی تیادا هەڵبگریت . لە دیدە سیاسیەکەشیانەوە لەزمانی تەواوی سەرکردەکانی تورکەوە دەگوترێت : تەنیا ئەو کوردە دۆستە کە مردووە ، دەنا زیندووەکانیان دەبێت وەک دوژمن سەیربکرێن .
لەو باگراوندە کورتەی پەیوەندی نێوان تورک و کوردەوە ، پێم سەیرە لەناو کورددا ، بۆچوونێک هەبێت کە پێ ی وابێت پەکەکە بیانو دەدات بەتورکیا هێرش بکاتە سەرمان ؟! یان بۆچی پەکەکە قەندیل چۆڵ ناکەن ؟!
پەکەکە هەبێت یان نەبێت بە نەخشەی عەهدی میللیەکەی تورکیادا دیارە و نایشارێتەوە ، ئەوان تا سلێمانیش بە مستەعمەرەی خۆیان دەزانن و ئیش بۆ داگیرکردنەوەی دەکەن . پەکەکە بە بەربەست دەزانن . کەچی کورد هەیە خۆی بە پەکەکە دەڵێت : با قەندیل چۆڵ بکەن ! بەمانای با تورکیا پرۆژەکەی بهێنێتەدی !!
پەکەکە دەستی وەرنەداوەتە کاروباری سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان ، بەڵکە پێش دروستبوونی پەکەکەش تورکیا دەستی لەژیان و بوونی ئێمەدا هەیە و هۆکاری هەرچی نەهامەتی سیاسیە بەسەر کورددا هاتووە :
- ١٩٣٦ کاتێک دەوڵەتی عێراق و بەریتانیەکان داوایان لە کوردەکانی عێراق کرد ڕێنووسێکی تایبەت بەخۆیان دیاری بکەن ، بۆئەوەی بەکوردی پێ ی بخوێنرێت . کوردەکان پیتی لاتینیان هەڵبژارد . تورکەکان بوون دەستیان خستە خوێندنی کوردی عێراقەوە ، فشاریان خستە سەر عێراق نابێت کورد بە پیتی لاتینی بنوسێت و بخوێنێتەوە !
- ١٩٧٠ کاتێک کوردەکان لەگەڵ عێراقدا گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ئۆتۆنۆمی ، تورکەکان بوون ، شڵەژان و داوایان لە عێراق کرد ڕازی نابن جێبەجێ بکرێت .
- حیلفی سەنتۆ ( بەغداد) لە ١٩٥٥دا تورکەکان بوون لەدژی کورد دروستیان کرد .
- مفاوەزاتەکەی ١٩٨٤ ، بە فشاری تورکیا ، هەڵوەشایەوە .
- فەشەلی کۆمەکی سیاسی نێو دەوڵەتی و دروستکردنی هەرێمێکی سەربەخۆ بۆ کورد لە عێراقدا ، تورکیا پەکی خست .
ئەمانە هەمووی دەست تێوەردانەکانی تورکیان لەکاروباری ناوخۆی کورد و عێراق لە دژی کورد ، بەر لەوەی پەکەکەش بوونی هەبێت لە هەرێمی کوردستاندا . کەچی بێ لەوەی ئاگامان لەخۆمان بێت ، خەریکە پەکەکە تاوانباردەکەین ، گوایە هۆکاری دوژمنکاریەکەی تورکیایە بەرانبەر بەئێمە .
بەڕای من بۆ ئەوەی بەرگری لە پلانی داگیرکاریەی تورکیا بکرێت کەوەک لەنەخشەی عەهدی میللیەکەی تورکیادا هەیە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە ، پێویستە بەرگری لەمانەوەی پەکەکە بکرێت ، چونکە بەبوونی ئەوانەوە ناهێڵرێت ئەو پلانەی تورکیا سەربگرێت .
هێرشەکەی دوێنێ ی کونە ماسیش باشترین بەڵگەیە بۆ وەک یەک سەیرکردنی تورکیا بەبێ جیاوازی بۆ کورد ، کە دەست پارێزی لەژن و منداڵ و خەڵکی مەدەنی کورد ناکەن ، لەناو سەیرانگەکانیشدا بێمنەتانە کورد دەکوژن . ئەگەر دەوڵەتێک زەڕەیەک شەرەفی عەسکەری هەبێت ، لەکاتی بۆردمان کردنی دوژمنەکانیدا ، خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵ ، لە دوژمنەکانی جیادەکاتەوە و دەست پارێزی دەکات . بەڵام تورکیا ، دوێنێ هەمووانی بەیەکەوە بەبێ جیاوازی کۆمەڵکوژ کرد .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×