گۆڕان‌و تروسکایی ئەوسەری تونێلەکە

هۆشیار عەبدوڵا
  2019-09-17   

هەڵبژاردنی خانەی راپەراندن‌و سەرپێکەوتنی هەنگاوەکانی خۆ رێکخستنەوە لەئێستاوە تا سێ مانگی داهاتو وا دەکا چەند سەرنجێکی پوخت بخەمەڕو:

یەک: بۆ حزبی سیاسیی زیندو لەهەمو شتێک گرنگتر روئیاو دونیابینیە، لەماوەی رابردودا ئەوەی وایکردوە گۆڕان بێتە دواوە هۆکارەکەی نادیاری و قەلەقی و زۆر جار نەبونی روئیایەکی رون بوە بۆ پرسەکان، بۆ کێشەکان، بۆ چاوەڕوانیەکانی خەڵک. لێرەوە دەبێ ئامانجی هەمو جوڵە سیاسی و رێکخراوەییەکانیی داهاتو؛ رۆشنی و نوێکردنەوەی گوتار و دونیابینی بزوتنەوەکە بێت.

دو: بۆ هەمو رێکخراوێکی سیاسیی مەسەلەی شەرعیەتیی دیموکراسی و دەستوری وەک مەسەلەی ئاو و هەوا وایە بۆ ژیان، نوێکردنەوەی شەرعیەتیی دامەزراوەکان لەسەروی هەمویانەوە جڤاتیی نیشیمانیی زەرورەتێکی حەیاتیی و هەنوکەییە بە شێوەیەک کە جارێکی تر بە گوێرەی دەستور رێگە نەدرێت تاکە یەک رۆژ ماوەی کارکردنی دامەزراوەکان درێژبکرێتەوە بەمەش گۆڕان دەتوانێ ببێتە پارتێکی سیاسیی تۆکمە.

سێ: لە وەفاتی نەوشیروان مستەفاوە تا ئێستا گۆڕان و گوتارە سیاسیەکەی دۆخێکی جیوەیی ناجێگیریان وەرگرتوە هەتا ئێستا بە شێوەیەکی رێژەیی ئەو ناجێگیریە بەردەوامە، ئەوەش وایکردوە هەم بەشێکی زۆری دەنگدەر هەم لایەنگر و کادری کارا و هەڵسوڕاوی دیار دوربکەونەوە، جارێکی تر جێگیربونی دۆخی بزوتنەوەکە پەیوەستە بەوەی تا چەند ئەو بزوتنەوەیە دەتوانێ باوەش بۆ هەمو ئەو توانا و دەنگ و رەنگانە بکاتەوە کە بەهەر هۆکارێک هەیە تۆراندونی.

چوار: هیچ شتێک هێندەی هۆشیاری سیاسیی بۆ هەڵسوڕاوانی گۆڕان گرنگ نیە، هۆشیاری و وەعی سیاسیی لە دیدی مندا لەسەروی دڵسۆزیشەوەیە، چونکە دڵسۆزی نا هۆشیارانە زیانی لە سود زیاترە، زۆر زەرورە هەڵسوڕاوی گۆڕان بە کەم رازی نەبێت، هەنگاوی ئاسایی نەکاتە دەسکەوت ، کلتوری رەخنە و هەڵسەنگاندن لە فکریدا هەبێت نەک ستایش و پیاهەڵدان.

پێنج: ئەوەی بۆ گۆڕان سەرمایەیەکی مەعنەوی گەورەیە و دەبێ شانازی پێوە بکا دەستوری ئێستای بزوتنەوەکەیە کە وایکردوە بزوتنەوەیەکی فەرشیی و ئاسۆیی نەک ستونیی و مەرکەزیی دروست ببێت، وایکردوە دامەزراوەکانی بە تەنیشت یەکەوە بجوڵێن نەک لەسەر و خواری یەک، وایکردوە هەڵبژاردنی پۆستەکان و گۆڕین لە پەیکەری رێکخراوەییدا لە رێکخەرەوە بۆ خوارەوە ئاسایی و ئاسان بێت، گۆڕان دەستورێکی هەیە کە رێگە نادا هیچ کەس خاوەنی دو پۆست و دو ئەرکی حیزبی و حکومی یا پەرلەمانی بێت لە یەک کاتدا، دەستگرتن بە رۆحی ئەو دەستورە و جێبەجێکردنی وەک خۆی تا دەبێتە دەستورێکی تەواو بەرجەستە و قاڵبو و رێگرتن لەوەی دەسکاری بکرێ یا بشێوێنرێت ئەرکێکی ئێجگار گرنگ و هەستیارە.

شەش: ئەوانەی نیگەرانن لە بزوتنەوەکە بەتایبەت ئەوانەی بەهۆکاری شەخصی نا بەڵکو لە ئەدائو جوڵەی بزوتنەوەکە نیگەرانن چارەسەر وازهێنان نیە لە گۆڕان، چارەسەر مانەوە و هەوڵی گۆڕانکاریە هەرچەندە سەختیش بێت، من بە هەمو ئەوانە ناڵێم هیوادارم لە دەرەوەی گۆڕان خەونی گۆڕانکاری ون نەکەن، بەڵکو پێیان دەڵیم لەناو بزوتنەوەکە خەونی گۆڕانکاری ون مەکەن چونکە گۆڕان خۆی پێویستی جدی بە گۆڕینە، ئەوەش راستیەکە هەموان دانی پێدادەنێن، وازهێنان بژاردە ئاسانەکەیە بژاردە قورسەکە مانەوە و جەنگانە لەپێناو ئامانجە باڵاکانی گۆڕان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×