بۆ خاوەنداریەتی لەئۆجالان ناکەین؟
د. شوان عەبدوڵا حەمەد
2020-08-10   964
“سەبارەت بە خاوەندارێتی نا، بەڵام من وەکو خۆم ئامادەم پشتگیریتان بکەم، ئامادەم بە ڕاوێژ، بە پاڵپشتی کردن بەوەی هەرچیم پێ بکرێ لە خزمەت ئەو کۆمیتەیەدا دەبم، هەر شتێک پێویستی بە ڕاوێژ هتد..”
ئەمانە دەقاودەق وەڵامی بەرێز حاکم شێخ لەتیفە بۆ پرسیاری بێژەرەکەی ستێرک تیڤی، کە داوای کرد بزانێت تا چەند حاکم لەتیف پشتیوانی کەمپینی ئازادی بۆ ئۆجالانی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان دەکات.
هەتا ئێرە هیچ کێشەیەک لە قسەکانی حاکم شێخ لەتیفدا نیە و لەڕاستیدا هەڵوێستەکەی کە ئامادەیی هەمو پشتیوانیەک دەردەبڕێت مایەی خۆشحاڵیە و جێگەی دەستخۆشی لێکردنە، بەڵام لەگەڵ ئەم هەڵوێست دەربڕین و پشتیوانیەدا بابەتێکی تر دێتە پێشەوە کە خوێنەواران و ئەکادیمیستیان و مامۆستا و فەیلەسوف و حاکمەکانی کورد لە باشوری کوردستان ئێستاشی لەسەربێت خۆیانی لێ بەدوور دەگرن، ئەویش بریتیە لە ‘خوێندنەوەی تێزەکانی ئۆجالان و دانپێدانان بە هەبونیان و پەسەندکردنیان یاخود لانی کەم رەخنەلێگرتنیان.
هەرچەند بابەتەکە مشتومڕێکی زۆر هەڵئەگرێت بەڵام من زۆر بە کورتی باسی ئەکەم و هیوادارم بەڕێزێکی تر لە من جوانتر و فراوانتر لە دەرفەتێکدا باسی بکات. بەداخەوە من پێموایە هەتا ئێستاش ئەم دەستەبژێرە لە خوێنەواران و ئەکادیمیستیان و مامۆستا و فەیلەسوف و حاکمەکانی کورد لە باشوری کوردستان شەرمنن لە پەسەندکردنی ئۆجالان و تێزەکانی، تەنانەت ئەوانەشی وڵاتپارێزن بە دوو دڵیەکەوە پشتیوانی دەکەن، کاک حاکمیش وەک خۆی وتی خاوەنداری لێناکات بەڵکو وەکو خۆی ئامادەی هاوکاریە و چیان پێویست بێت هاوکاریان دەکات، واتە لە دەرەوەی دۆزەکە، وەکو کەسێک نایەتە ناو دۆزەکەوە، ئیشی بۆ ناکات، نایکات بە کێشەی سەرەکی خۆی بەڵکو هەرچیان بوێت هاوکاریان ئەکات. ئەمە کێشەیەکی گەورەیە لە ناو خوێنەوارانی باشوردا، لانی کەم ئۆجالان بخوێننەوە، پەسەندی مەکەن بەڵکو رەخنەی لێبگرن، ئەوەتا لە جیهاندا زۆر خوێنەواری مەزن و پرۆفیسۆر و سۆسیۆلۆجیستی بەناوبانگ و شارەزا خەریکی خوێندنەوەی ئۆجالانن، پەسەندی ئەکەن، رەخنەی لێ ئەگرن، شرۆڤەی قوڵی لەسەر ئەنوسن، پێویست ناکات ناوەکانیان بهێنم کە ئەو ئەکادیمیستانە کێن، بەڵام لەم ماوەیەدا کتێبێک بە زاراوەی سۆرانی بڵاودەبێتەوە کە نوسینی ئەو ئەکادیمیستە شارەزایانەی جیهانە لەسەر ئۆجالان و تێزەکانی.
کەچی کە دێینە سەر باشوری خەسێنراو، جگە لە کۆمەڵێکی کەم لە خوێنەوارەکان هیشتا زۆرینەی خوێنەوار و نوسەر و ئەکادیمیست و هتد ئەم دانپێدانانە بە ئۆجالان ناکەن، واتە بە چاک و بە خراپ باسی ناکەن، وەک بڵێن هەر هەبونی نیە. بەنمونە با تەماشای ئەکادیمیستێکی ناسراوی وەکو کاک فاروق رەفیق بکەین، هەتا ساڵێک لەمەوبەر و پێش چونی بۆ رۆژئاوا کاک فاروق بەباش و بەخراپ باسی ئۆجالانی نەدەکرد، دەستخۆشی لە مامۆستا هاوژینی مەلا ئەمین ئەکەم کە لەگەڵ خۆیدا بردی بۆ رۆژئاوا و لەدوای گەڕانەوەیان بۆ باشور سیمیناری ‘رۆژئاوای روح یان لە سلێمانی کرد. زۆربەمان چاوەڕێ بوین کە کاک فاروق لەم ماوەیەدا کتێبێکی چاک و بە ویقار بە زمانی شیرینی کوردی لەسەر ئۆجالان و تێزەکانی بنوسیایە، وەکو چۆن هەمیشە قسە و نوسینی لەسەر بلیمەت و فەیلەسوف و تیۆریستەکانی جیهان هەیە، با لانی کەم کاک فاروق و ئەکادیمیستەکانی تری باشور بە چارەکی نیچە گرنگی بە ئۆجالان بدەن، با قولانجێک لە گرنگیدانی خۆیان بۆ هایدگەر بۆ ئۆجالان تەرخان بکەن، با هیچ نەبێت بە ئەندازەی مارکس و ئەنگلز باسی ئەم مرۆڤە سەر و سمێڵ سپیەی کورد بکەن کە ٢٢ ساڵە بە تەحەداوە ئەژی و ئەنوسێت و ئەخوێنێتەوە و بوە بە تروسکەیەکی ڕوناکی لە شەوەزەنگێکی چڕی داهاتوی کوردزمانەکاندا.
هەر ئەم دەردە دڵیەم هەیە و ئەشزانم ناگاتە جێگەی خۆی...
دەستخۆشی و سوپاسی کاک شۆڕش خدر و کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان ئەکەم بۆ هەڵوێستەکانیان و جێگەی خۆشحاڵیمن. هەرچەندە هەر یەکێک لە ئێمە بۆ مرۆڤبون و بۆ کوردبونی خۆمان پشتیوانی ئازادی ئۆجالان ئەکەین.
ئازادی بێ مەرج بۆ ئۆجالان.