ئۆجالان ناسین باشترین دیاریە بۆ ئۆجالان، بەبۆنەی رۆژی لەدایکبونی عەبدوڵا ئۆجالانەوە

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2020-04-04     499
مرۆڤ لەو رۆژەوەی لە دایک دەبێت ئیتر مێژووەکەی دەست پێدەکات، چاک و خراپ تۆمار دەکرێت، هەرچەندە مرۆڤ ئەوەندەی بەرپرسیاری ئێستا و داهاتویەتی ئەوەندە بەرپرسیاری رابوردوی نیە. رابوردو تیرێکە و لە کەوان دەرچوە، تازە ناتوانیت بیگێڕیتەوە، بەڵام ئێستا و داهاتو لاپەڕەیەکی سپی لێنەنوسراوە، خۆت بریار دەدەیت چۆن تۆماری بکەیت. لای من هەڵە هەتا ئەو شوێنە هەڵەیە کە ڕاستم نەکردۆتەوە، هەر کە راستم کردەوە ئیتر بە هەڵە هەژمار ناکرێت. مرۆڤ چەندە بونەوەرێکی سروشتی و کۆمەڵایەتیە، ئەوەندەش بونەوەرێکی داینامیکیە، واتە هەمیشە لە جوڵە و گۆڕاندایە، هەڵبەت گۆڕانە سروشتی و بایۆلۆجیەکانی مرۆڤ بەچاو نابینرێن و لە توانای هەست پێکردنی مرۆڤ خۆییدا نیە، بەڵام ئەوەی کە زۆر داینامیکیە و بە چاو و عەقڵی مرۆڤ خۆی دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت لایەنە کۆمەڵایەتیەکەیەتی. ئێمە دەتوانین رۆژانە جوڵە و گۆڕانکاری لە سیفات و هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتیەکانی مرۆڤدا ببینین، جاری وا هەیە ئەو مرۆڤە  ئەوەندە گۆڕاوە، تەنانەت دەورەبەرەکەی خۆی نایناسنەوە. ئەم گۆرانکاریەش زیاتر دەکەوێتە سەر خودی مرۆڤ خۆی، ئایا چەندە بۆ گۆرانکاری و جوڵە لەبارە؟ ئایا چەندە رەخنەی دەرەوەی خۆی وەردەگرێت؟ ئەی چەندە خۆی رەخنە دەکات؟ چەندە پلان و بەرنامەی هەیە بۆ ئەوەی ئیش لەسەر چاککردنی هەڵەکانی و بەرەوپێش چونی خۆی بکات. پێموایە ئەم پێشەکیە کورتە بەسە و خۆتان لە ئامانجەکە تێدەگەن.

هەمومان دەزانین کە لە سەرهەڵدانەوە هەتا کۆتایی نەوەدەکان چ پەکەکە و چ خودی ئۆجالانیش نوقمی ناسیۆنالیزمێکی کوردی ببون تا ئەو رادەیەی کە پێیان وابو دروست کردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی و لە یەک دانەوەی چوار پارچەی کوردستان دەتوانێت چارەسەری کێشەی کورد بکات. لێرەدا من پێم وایە کە کۆسپێکی گەورە هاتبوە بەردەمی ئۆجالان و دوچاری دودڵیەکی گەورەی لە نێوان ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی کوردی و سۆسیالیزمدا کردبو. چونکە ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٤ لە داستانی ژیانەوەدا باس لەوە دەکات کە ئەو خەبات بۆ سۆسیالیزم ئەکات و کاتێکیش لە کوردەوە دەستی پێکردوە لەبەرئەوەبوە کە کورد گەورەترین غەدری لێکراوە، کەواتە بەپێی ئەم قسەیە بێت ئۆجالان ئەوساش ئەو دەمارە ناسیۆنالیستیە کوردیەی تێدا نەبوە، هەر خۆشی باس لەوە دەکات کە لە سەرەتای ساڵانی حەفتادا لەگەڵ تورکە چەپ و سۆسیالیستەکاندا لەسەر مەسەلەی کورد دەرگیری یەکتری بون. چونکە تورکە چەپ و سۆسیالیستەکان پێیان وابوە کە شتێک نیە بەناوی کێشەی کورد بەڵکو ئەویش بەشێکە لە تێکۆشانی سۆسیالیستی و لەگەڵ بەرپابونی سۆسیالیزم لە تورکیادا کێشەی کوردیش چارەسەر دەبێت. بەڵام خودی ئۆجالان باوەری بەم قسەیە نەبوە، بۆیە پێداگری لەسەر چارەسەری کێشەی کورد لە چوارچێوەی سۆسیالیزمدا کردۆتەوە، هەرچەندە وا باوبوە کە سۆسیالیزم جێگەی ناسیۆنالیزم و کێشەی نەتەوەیی تێدا نابێتەوە، بەڵام ئۆجالان پێیان دەڵێت کە چەقی تێکۆشانی سۆسیالیستیانە لە تورکیادا دەبێت چارەسەری کێشەی کورد بێت و ئەو خۆشی هەر لەوێوە دەست پێدەکات. ئۆجالان نزیکەی ٢٠ ساڵ بە دەست ئەم دودڵیەی خۆیەوە گیرۆدە دەبێت، لە نێوان سۆسیالیزمی ئینتەرناسیۆناڵ و ناسیۆنالیزمی کوردییدا کامیان هەڵبژێرێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە کە ئۆجالان دەستبەرداری هیچیان نەبوە و زۆر چالاکانە لەسەر هەردوکیان بەردەوام بوە، هەتا لە کۆتایی نەوەدەکان سەرەتای زاڵبونی بەسەر ئەم کۆسپەدا بەدەردەکەوێت.
ئەوەی لێرەدا زیاتر دەمەوێت باسی بکەم ئەو گۆڕانکاریە جەوهەریەیە کە بەرسەر خۆمدا سەبارەت بە ئۆجالان ناسی هاتوە... وەک دەوترێت هەر کوردێک لە دیدە ناسیۆنالیستەکەیەوە دەکرێت خۆشەویستیەکی بۆ ئۆجالان و ئەو بزاوتە نەتەوەییە هەبێت کە چەند ساڵ لە باکوری کوردستانەوە دەستیان پێکردوە، منیش وەکو زۆربەی گەنجی کورد، لە کۆتایی نەوەدەکاندا کە ئیتر تەمەنم گەیشتبوە فام کردنەوە، لە ئەنجامی ئەو باوەرە چوقبەستوە ئایین ئاسایەی بۆ هەبونی خۆم وەکو کورد و زیاتریش لە ئەنجامی ئەو لێشاوە ناسیۆنالیستیەی لە دوای ڕاپەرینەوە کەوتبوە وێزەی ئێمەی گەنج، خۆشەویستیەکی لەڕادەبەدەرم بۆ ئۆجالان و بۆ پەکەکە هەبو. لای من هیچ کەسێک بە ئەندازەی ئەوان کوردپەروەر و داکۆکیکاری مافە کوردیەکانمان نەبو، هەڵبەت دەرئەنجامەکەی منیش گۆترەکاری نەبو، بەڵکو وەکو لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە، بارودۆخەکە خۆی هەروابو. لە کاتی گەلەکۆمەکەی سەر ئۆجالان من خویندکاری زانکۆی بوم و لەگەڵ چەند هاورێیەکدا چنگ پڕ لە بەرد خۆمان گەیاندە نوسینگەیەکی دەوڵەتی تورک لە گەرەکی عەلی ناجی و رق و کینەی خۆمان بەسەریدا باران، هەر ئەو رۆژەش زۆربەمان بۆ یەکەمین جار شەقی ئاسایشی کوردزمانمان خوارد. هەتا ئێرە من هەر ئەوەندە ئۆجالانم ناسیبو، سەرۆکێک و قارەمانێکی دژبەری دوژمنێکی سەرسەختی کورد و داواکارێکی چاونەترسی مافی سەربەخۆبون بۆ کورد. لەم خاڵەدا چیرۆکەکەم دابڕانێکی تێدەکەوێت هەتا چەند ساڵێک لەمەوبەر.

دوای چەندین ساڵ ژیان لە ئەوروپا و وردە وردە نوقم بونم لە ناو سیستمدا، وام لێهاتبو وەکو لیبراڵیکی بێ دەربەست هەڵسوکەوت و قسەم ئەکرد، هاورێیەک زۆر هەوڵی لەگەڵ ئەدام کە ئۆجالان بناسم و کتێبەکانی بخوێنمەوە، نازانم ئەو هاورێیە چی لە مندا دەبینی و بۆچی پێی وابو من سودێک لەو کتێبانە و فکرانە وەردەگرم، بەڵام بەداخەوە هەوڵەکانی بێ سودبون. رۆژێک هاورێکەم لە چێشتخانەیەکی کوردی بینی و دەستمان بە گفتوگۆ کرد، هاورێ کتێبێکی لەبەر دەستدا بو، کەوتە وەسف کردنی و بۆم دەرکەوت کە کتێبێکی ئۆجالانە و یەکێکە لە بەرگەکانی مانیفێستۆکەی کە لە زیندانەوە نوسیویەتی. لێتان ناشارمەوە گاڵتەشـم بە قسەکانی نەدەهات، ئاخر من لە ئەوپەری سەوداسەری لیبرالیانەی خۆمدا و لە ناو جەرگەی سیستم و دامەزراوەکەیدا (زانکۆ) کە ئێستا هەروەکو پەرستگایەکی سۆمەر دێتە بەرچاوم، کارم دەکرد. بەهەرحاڵ ئەو هاوڕێیە زۆری هەوڵ لەگەڵدام کە کتێبەکە ببەم و بیخوێنمەوە، منیش تەماشایەکی کتێبەکەم کرد و وێنەیەکی ئۆجالانم لە بەرگەکەیدا بینی، بە پێکەنینەوە بە هاورێکەم وت کە من کتێبێک ناخوێنمەوە وێنەی نوسەرەکەی لە بەرگی پێشەوەی درابێت (ئاخر دەرەجەی لیبراڵ). ئێستاش لەگەڵ ئەو هاورێیە جار جار بۆخۆمان بەو بارودۆخە پێدەکەنین. بەهەرحاڵ نەمبرد و نەمخوێندەوە و نەمبیست و نەمزانی و لە 'خۆم' نەهاتمە خوارەوە.

کات رۆیشت و من هێشتا هەر لەسەر کەیفی خۆمم، خزمەتکارێکی پەرستگام، چاوەروانم و لە ریزدام بۆ ئەوەی ببم بە ڕاهیبێکی بچکۆلانەی. بەخت یاوەرمبو، بوم بە ڕاهیب و دەستم بە وتنەوەی وانەکانی کرد و ببوم بە بەرگریکارێکی سەرسەختی زاگوراتەکان. زانستگەرایەک بوم بۆ خۆم، دەتوت پۆزەڤیتیزم راستەوخۆ خزمەتکارێکی منە، ئەوەندەم باوەر بە زانست بو کە هەمو شتێکی ترم رەت دەکردەوە، باوەرم وابو کە جێگەیەک بۆ فەلسەفە نەماوەتەوە، ئیتر فیزیا وەڵامی پرسیارە نادیارەکانی گەردون دەداتەوە، جێگەیەک بۆ شیعر و پەخشانیش نەماوە، بە تەواوەتی هەمو باوەری خۆم دابوە دەست زانست. ئەوەندە چەقبەستو ببوم کە پێـموابو زانست هەمو وەڵامێکی پێیە و جگە لە زانست شتێکی تر هەبونی نیە!

خۆشم نازانم چۆن، بەڵام رۆژێک کتێبێکی ئۆجالان کەوتە دەستم، لە بێ ئیشیدا و هەر بۆ بێتاقەتی دەستم کرد بە خوێندنەوەی، ئەوەی باش بو پرسیار و وەڵام بو بۆیە خۆش دەخوێنرایەوە. سەرەڕای سەرنج راكێشی ناونیشانەکەی 'داستانی ژیانەوە' هۆکارێکی تر بۆ خوێندنەوەی رەنگە ئەوەبوبێت کە لە بەرگەکەی نوسرا بو گفتوگۆی پرۆفیسۆر یاڵچین کوچوک لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان. پێم سەیربو، دەبێت پرۆفیسۆرێک ئیشی بە ئۆجالان چی بێت؟! وردە وردە دەمخوێندەوە و لەگەڵ هەمو پرسیارێکی پرۆفیسۆردا مەراقێکم تێدا دروست دەبو دەموت دەبێت ئۆجالان چۆن وەڵامی ئەم پرسیارەیان بداتەوە. لێتان ناشارمەوە کتێبەکەم دانەنا هەتا هەمویم خوێندەوە، دامخست و دامناو لە شوێنی خۆم یەک تەختە لێێ کەوتم، کەوتمە باورودۆخێکی سەیرەوە. پێشتر کتێبم خوێندبۆیەوە، چەند جاریش چیرۆکەکان نارەحەتیان کردبوم، بەڵام ئەم چیرۆکە جیابو، بەرجەستەبونێکی واقیعیانەی تێدابو، نەمدەویست زیاتری لەسەر برۆم، خەوم لێکەوت، بە خەبەرهاتم، تەماشایەکی کتێبەکەم کرد بەرگەکەی روی لێم بو، رقم لێی هەڵسا، دەمەو نخونم کرد، بە خۆمم وت "داستانی ژیانەوە، رێک لە جیرۆکێکی ئەفسانەیی دەچێت، تۆ کەی حەزت لەم جۆرە چیرۆکانە بوە؟ عەبدوڵا ئۆجالان؟ تۆ کەی گوێت بۆ ئەم جۆرانە گرتوە؟ شامانەکانی تۆ ستیڤن هۆکینس و ریجارد دۆکینس و ئەم بلیمەتە زانستیانەن، ئەمە چ بێ عەقڵیەک بو چەند کاتژمێرێک لەو کاتە ئاڵتونیەی خۆت بەم جۆرە وڕێنانەوە فەوتاند؟" ویستم خەیاڵی داستانی ژیانەوە و ئۆجالان لە مێشکی خۆم دەربکەم، خۆم ئامادە کرد و چوم بۆ وەرزش، لەوێ لە گەرمەی وەرزشدا خەیاڵم دەرۆشتەوە بۆ داستانی ژیانەوە، بۆ وەڵامە سەیر و دورودرێژەکانی ئۆجالان، بۆ پرسیارەکانی پرۆفیسۆر. زیاتر بیرم لە وەڵامێکی دەکردەوە، کاتێک پرۆفیسۆر لە ئۆجالان دەپرسێت، هەڵدەپەڕی؟ هەڵبەت مەبەستی هەڵپەرکێی کوردیە، ئەو چالاکیە سادەیەی کە چەند کوردێک دەستی یەکتری دەگرن و هەڵبەز هەڵبەز لەگەڵ گۆرانی و مۆسیقاکە خۆش خۆش شانی بۆ دەجوڵێنن. من هەتا ئەو ساتە هەر ئەو جۆرە لە هەڵپەرکێم ناسی بو، بۆشـم گرنگ نەبو، پێشم وابو هەڵپەرکێ پێویست نیە، ئەگەر خەڵكی سادە هەڵبپەڕن ناحەقیان ناگرم، بەڵام هەرگیز هەڵپەرکێم بە شایانی شان و شەوکەتی ئێمەی زانستگەرا نەدەزانی. بەهەرحاڵ وەڵامەکەی ئۆجالان بۆ ئەم پرسیارە زۆرلەوە جیاوازتربو کە من بە هەر شێوەیەک بیرم لێ کردبێتەوە، نزیکەی دوو لاپەڕە وەڵام، بۆ پرسیارێکی زۆر سادە و بچوک. دەیبرد بۆ ئەوسەری قوڵایی تێکۆشان بۆ مافە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتوریەکانی کورد و دەیهێنایەوە بۆ ئەم سەری چالاکیەک بۆ پاراستنی کەلتوری نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو، ئنجا لە دواییدا بە پرۆفیسۆر دەڵێت من هەڵپەرکێیەکی ئاوا هەڵدەپەرم! هاتمەوە ماڵەوە جارێكی تر داستانی ژیانەوەم خوێندەوە، بۆ سبەی بریارمدا ئیتر من هەوڵ بدەم کە ئۆجالان بناسم...

ئێرە سەرەتای ئۆجالان ناسی منە، لێرەوە قڵپ بونەوەکە دەست پێدەکات، لێرەوە ئیتر هەوڵ دەدەم ئۆجالان بناسم و هەندێک شت دەنوسم و وەکو دیاری بۆ رۆژی لەدایکبونەکەی بۆ ئیمراڵی دەنێرم و پێشکەشی دەکەم، چونکە هیچ کەسێک بە ئەندازەی ئۆجالان شایانی ئەو دیاریە نیە.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×