«ڕاستینەی دەسەڵاتی کوردی لە چیرۆکی - لەخەوما‌ی جەمیل سائیب»

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2023-02-25     652

دەبێت لە دووتوێی چیرۆک و ڕۆمانەکاندا بۆ مێژوو بگەڕێین و هەزار ڕەحمەت بۆ گۆڕی ئەدیب و نووسەرانی دڵسۆز و ڕاستگۆ، زیندوو و کۆچکردوو، بنێرین کە چەند بە وردی و بێ پێچوپەنا ڕاستییە مێژووییەکانیان بۆ گێڕاوینەتەوە و وەکوو هێلکەی پاککراو خستوویانەتە بەردەست و چاومان و پێمان دەڵێن کە ڕابەر و سەرکردە و دەمڕاستەکانمان لە مێژوودا کێ بوون، چیان کردووە و ڕاستی ژیانیان چۆن بووە. ئەگینا هەر دەبوو بەیتوبالۆرەی ناو کتێبە بەدەسیسە نووسراوەکان و قسەوقسەڵۆکی نووسەر و شاعیرە دەربار و قەڵەمفرۆش و ساختەکان بخوێنینەوە.

چیرۆکی «لەخەوما» ی جەمیل سائیبم خوێندەوە. پەکوو کابرا لەناو خەوێکدا چیمان بۆ دەگێڕێتەوە! گرنگە پێش هەر خوێندنەوەیەک هەموومان ئەم چیرۆکەی مامۆستا سائیب بخوێنینەوە. چونکە لەگەڵ ئەوەی کە ڕەنگە بە یەکێک لە سەرەتاترین ئەو چیرۆکانە هەژمار بکرێت کە بە زمانێکی پاراوی کوردی نووسراون، لەهەمان کاتیشدا وەکوو دۆکیومێنتێکی مێژوویی پێمان دەڵێت کە شێخ مەحموود و دەستەودایەرەکەی لەو سەردەمەدا خەریکی چ قاچوقوچێک بوون.

ئەم چیرۆکە لە ساڵەکانی ١٩٢٥ و ١٩٢٦ دا لە ڕۆژنامەی “ژیان” دا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ڕەنگە لە زووتردا نووسرابێت. چیرۆکەکە لە خەوێکدا ڕوودەدات و باس لە ژیانی کابرایەکی هەژاری بێدەرەتان دەکات کە لە ساڵانی١٩٢٣ و ١٩٢٤ دا لە گەرمیانەوە لەگەڵ کاروانچییەکاندا دەگاتە شاری سلێمانی. هەرچەندە سەرما و ماندووێتی و بێخەویی و برسێتی زۆر بۆ کابرا دەهێنن، بەڵام دواتر کۆڵەوارییەکەی زیاتر دەبێت و سێ زرتەبۆزی مڵۆزم لە دەروازەی شاردا یەخەی دەگرن و تۆمەتی جاسووسبوونی دەدەنە پاڵ. بەهەرحاڵ کابرا دەگیرێت و لە ژووری بینایەکدا کە پێم وایە سەرای سلێمانییە حەپس دەکرێت و لەو ژوورەوە و لە پەنجەرەیەکەوە گوێبیست و شایەتحاڵی هەموو ڕووداو و کارەساتەکانی ئەو سەردەمە دەبێت.

شێخ و دەستەودایەرەکەی خەریکن سەودا و مامەڵەیەکی ساختەکارانە و بێباکانەن بە موڵک و ماڵی خەڵکی هەژارەوە دەکەن. سێ دەستە تاقمی جیاواز لە مەلا و ئەفەنی و خوێنەوار و ئاغا و پیاوی توجار و ئەم جۆرانە دێنە دیوەخانەکەی شێخ و قالوبەلای جیاواز دەکەن و ڕاوبۆچوونی خۆیان دەخەنە ڕوو. دەستەیەک کە مەلا و پیاوی واعیز و دەستڕۆیشتووی ئاینین، داوا دەکەن شێخ لەگەڵ تورکەکان ڕێکبکەوێت، دەستەیەکی تر کە پیاوی ئینگلیزن، کۆمەڵێک ئەفەنی و سەربۆز و پڕۆبەریتانیایان لەگەڵە، دەیانەوێت لەگەڵ ئینگلیزەکان سازبێن. دەستەی کۆتایی کۆمەڵێک پیاوی پیاوانەی ڕانکوچۆخەلەبەر و کڵاووجامانە و مشکی لەسەر و خەنجەر و دەمانچە بەلاقەد و کەڵەگا و شەڕانین، دەیانەوێت کورد حوکمی خۆی بکات و نەکەوێتە ژێر دەستی هیچ لایەک لە ئینگلیز و تورک. هەڵبەت لەوێدا گەلێک جوان وێنەی شەڕەنگێزی و کەللەپووتی پیاوی کورددمان بۆ دەکات کە دەستیان بە مشتووی دەمانچەکانیانەوە گرتووە و چاویان زەق کردووەتەوە، وەکوو بڵێیت دوژمن بەرانبەریان ڕاوەستاوە!

شێخ لەگەڵ هەر لایەنێک لەو لایەنانە هاوڕایی دەردەبڕێت و بە ڕاوبۆچوونیان ڕازی دەبێت، بەڵام دواجار کە تەنها خۆی و دەستەودایەرەکەی دەمێننەوە، ڕاستی دڵی خۆی دەردەخات و پێیان دەڵێت کە ئەو بە قسەی کەس ناکات و خۆی بۆ خەڵکێکی ئاوا نافەوتێنێت، بەڵکوو ئەوەی بەرژەوەندی خۆی تێدا نەبێت نایکات. هەڵبەت هەمووشمان دەزانین کە بەرژەوەندییەکە بریتی بووە لە موڵک و ماڵ و لیرە و پارەی زۆر.
باوەڕتان بێت کاتێک ئەم چیرۆکە دەخوێننەوە، وا هەست دەکەن باسی ئەم ساتەی کورد دەکات. ناڵێیت ساڵەکانی بیستە و زیاتر لە سەدەیەک بەسەر ئەم بێسەرەوبەرەییەدا تێپەڕبووە.

تێبینی:
چەند جوانتر دەبوو گەر نووسەر، لە سەرەتاوە بە خوێنەری نەوتایە کە ئەمەی دەگوزەرێت لە خەوێکدایە، بەڵکوو هەموو ڕووداوەکانی وەکوو خۆی بگێڕایەتەوە و پاشان لە کۆتاییدا کاتێک شێخ بەدەستی خۆی و بە دار لە حەوشەی سەرادا و لەو سەرماوسۆڵە و بەستەڵەکەدا دەکەوێتە وێزەی کابرا، ئیتر کابرا خەبەری بوایەتەوە و ئینجا بمانزانیایە کە چیرۆکەکە تەنها لە خەوێکدا ڕوویداوە. هەڵبەت لە کۆتاییشدا باسی بەخەبەرهاتنەوەی کابرا ناکات، بەداخەوە نووسەر ئەوەیشی لێ پەڕاندووە. بەڵام پێم وایە هۆکاری سەرەکی کە لە یەکەم دێڕی سەرەتادا ئاماژە بەو ڕاستییە دەکات کە ئەم چیرۆکە لە خەودا ڕوویداوە، ترسی نووسەر بووە لەوەی ببێتە ئامانج بۆ لەناوبردن. دڵنیام لەکاتی خۆیشیدا لەلایەن خەڵکی چەورە و لایەنگری شێخەوە ڕووبەڕووی چەرمەسەری بووەتەوە. خۆ کێ چوزانێت منیش ١٠٠ ساڵ دوای نووسینی چیرۆکی «لە خەوما» ی جەمیل سائیب لەسەر کۆی ئەم قسانەم ڕووبەڕووی بەڵای خۆم نابمەوە!!

چەند دێڕێک لە چیرۆکەکە:
«منیش لەدڵی خۆما وتم ئیشی ئێرە وا دیارە هەمووی عیبارەتە لە خەڵک ڕووتاندنەوە و شتی باش و بە قیمەتی ئەم و ئەو زەوتکردن و بە بەرتیل هەتیو و مەتیو لەسەر ئیشی زل و گەورە دانان و ماڵی تاقمێک بەقوڕگرتن و هەموو عالەم باو و باپیریان خزمەتکاری ئەو قاپییە بوون.»

تێبینی:
کاک جەمال بابان کە پێشەکی بۆ چیرۆکەکە نووسیوە، زوڵمی لە نووسەر کردووە؛ بەوەی لە نەبوونی خۆیدا پاکانە دەکات و پاساو بۆ ناوەرۆکی چیرۆکەکە دەهێنێتەوە کە گوایا «شێخ مەحموود هەڵگری مەشخەڵی ئازادی و ئاڵای نەتەوایەتیی بووە». بەمجۆرە بۆی هەبووە ئاوا کەتنێک بەسەر گەلەکەیدا بهێنێت. بە بۆچوونی من، قسە و پاساوەکانی لە هی هەندێک نووسەری سەربەدەسەڵاتی ئەم سەردەمە دەچن.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×