‘چی بچێنیت، ئەوە ئەدوریتەوە‌

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2021-05-31     310
نەمامێکی بچکۆلانە ئەچێنیت، بەردەوام ئاوی ئەدەیت و خزمەتی ئەکەیت هەتا گەورە ئەبێت، ئەویش کەسێتیەکی تایبەت بەخۆی پەیدا ئەکات، جا بەرهەمەکەی هەرچیت بێت. دارەکان وەکو هەمو شتەکانی تر لەیەکتری جیاوازن، هیچ کات دوو داری هەنجیر لەیەکتری ناچن، هەنجیری یەکێکیان لەویتریان ناچێت، هەرچەندە سروشتەکەشیان یەکە. سروشتی دارەکان وەکو کەسێتی مرۆڤەکان وان، لە ئەوەڵ رۆژەوە بریاری لەسەر ئەدرێت، دیاری ئەکرێت چ جۆرە بەرهەمێکی ئەبێت، چەند باڵا و قەفی ئەبێت، چۆن سێبەرێک دروست ئەکات. ئەمانە هەموی لەو ساتەوە دیاری ئەکرێت کە دەست بە ئاودان و بەخزمەت کردنی ئەکەیت. چ جۆرە ئاوێکی ئەدەیتێ ئەویش ئەو جۆرە بەرهەمەت ئەداتێ و بەو جۆرە تام و بەو رەنگە و بەو قەبارەیە. ئاوی بیری بدەیتێ، جیاوازە لە ئاوی روبار، ئەویش جیاوازترە لە ئاوی کانیاوەکان. بەکورتی کەسێتی و سەروسیما و بەرهەم و ناوەرۆک و هتد هەر دارێک بەستراوە بە ژینگەکەی و ئاوەکەی و خزمەتەکەی...

رەنگە ئێستا بتانەوێت بڵێن ئەرێ کاکە بەسە، ئەمە تۆ باسی چی ئەکەیت، ئێمەش ئەم قسانە ئەزانین، ئێ دڵنیام ئەمەی کەوا ئێستا خەریکم پێتان ئەڵێم، ئەویش ئەزانن، بەڵام من مەبەستم زیاتر خۆمە کە بیزانم و دەرکی پێبکەم نەک ئێوە و دەوروبەرم. من پێویستە ١٠٠ ئەوەندە ئیش لەسەر خۆم بکەم هەتا ئێوە و کەسانی تر، ئاخر من کە خۆم دەردەداربم، چارەسەری چیم پێدەکرێت؟ کورد وتویەتی “کەچەڵ تیمارکار بوایە، تیماری سەری خۆی ئەکرد”. منیش با جارێ تیماری ناخ و دەرونی ئاڵۆزی خۆم بکەم، پاشان بێمە سەر ئێوە. کابرا بەم رۆژگارە ئامۆژگاری خەڵک ئەکات، کەچی خودی خۆی هەرگیز کەوچکێک لە دەرمانەکەی خۆی ناخواتەوە هەتا چارەسەری خودپەرستی و خودسەنتەری خۆی بکات، بەڵام من وەک ئەو نابم، پێش هەرکەس، خۆم دەرمانەکە ئەخۆمەوە بەڵکو تیماری بکات.

ئەو درێژ دادڕیەی سەرەوەم بۆ ئەمەی خوارەوەبو:

مرۆڤ هەروەک نەمامێک، لە مناڵیەوە چۆن پەروەردە ئەکرێت، چی ئەدرێتێ و چۆن مامەڵە ئەکرێت، ئەو فاکتەرانە بڕیار ئەدەن سەرئەنجام چۆن و چی دەرئەچێت. ئێمە هەمیشە ئامادەین بڵێین مرۆڤی شەرقی ئەمەی وایە و ئەوەی وایە، بە خودی خۆشمەوە تەرکیزم لەسەر ئەم خاڵەیە، من ئەم تەرکیزە بە هەڵە ئەزانم، پێویستە خوێندنەوەیەکی قوڵی سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆجی بۆ ژینگە و دەوروبەر و هەمو ئەو فاکتەرانە بکەین کە مرۆڤی شەرقی و بەتایبەت کوردی تێدا گەورە ئەبێت، ئنجا بریار لەسەر کەسێتی و ناخ و دەرونمان بدەین. ئاخر منێکی نەگبەت بەو هەمو کارەساتانەوە گەورەکراوم، لە خێزانێکی کەنەفت و پاشکەوتو و کلاسیکی و پیاوسالاراوە بۆ کۆمەڵگەیەکی بێ زانست و وێران و داروخاو، پاشان بۆ ناو ژیانێکی پڕ لە لارولەوێری، ئەمەیە بۆتە پێناسەی کەسێتی من. ئەدی خێرە ئیرادم لێئەگریت و پێت وایە ئەبێت من لەسەر باشترین رەفتار و گوفتار و هەڵسوکەوتم بم؟ ئەمە نە بیانو هێنانەوەیە و نە خۆدزینەوەیە لە راستیەکان، بەڵام وەکو نەمامە دارەکە، ئێمەش هەمومان بەرهەمی ئەو نان و ئاو و ژینگە و پەروەردەیەین کە پێمان بەخشراوە. هەمومان و دوور لە خۆشمی تیانیە، مرۆڤێکی زەبر بەرکەوتوی، دەروون ئاڵۆزی، خودسەنتەر و خودپەرستین. کامەمان زۆر بەرێز و عالی مەقام و مێشک کراوەین، ئەگەر بچوکترین پاڵەپەستۆمان بخرێتە سەر و کەمترین ئێش بە ئیگۆمان (خود) بگات، رێک ئەچینەوە سەر پلێتە ئەصڵیەکەی خۆمان و بەرهەمی ئەو ژینگە و نان و ئاوەی پێماندراوە لە دەروونێکی ئاڵۆز و شێواودا بەدەردەکەوێتەوە.

لەبەرئەوەی ئێمە بەرهەمی ئەو گەورەبونەین و زۆربەی کات سروشتی ئێمەی وەکو مرۆڤ دیاری کردوە، ئیتر ناتوانین لێی لابدەین. راستە لە ساتە ئاسایی و بێ کێشەکاندا، کاتێک هەمو شتەکان بەدڵی خۆمانە و ئاسودەین، وەکو ماستی مەیو واین و بێ قڕەوبڕەین، بەڵام مسۆگەر لە ناخی هەریەکێکماندا بورکانێکی نەتەقاوە خۆی مەڵاس داوە و چاوەرێی کات و ساتی خۆیەتی هەتا بتەقێتەوە و سەربکات و ناخ و دەروونی راستەقینەی خۆمان کە بەڕوکەشیەکی ساختە پەردەپۆشکراوە، دەربکەوێت.

سەرەڕای ئەو تێبینیانەی سەرەوەم، لای من ئەکرێت مرۆڤی شەرقی لەسەر بنەمای ناخ و دەروون شیکاری بکرێن بە دوو گروپەوە، گروپی یەکەممان کە زۆر بە ئاسانی و زۆربەی کاتەکان بێ هیچ فشار و پاڵەپەستۆیەک بەردەوام هەمو ئاڵۆزی و ناڕێکیە دەروونی و ناخ شێواویەکەی بەئاشکرا دەرئەکەوێت و زۆربەی کاتەکانیش ئەمانە بە ئاسایی ئەبینێت و بگرە بەرگریان لێئەکات و لەسەریشیان بەردەوامە، ئەمە گروپە کلاسیکی و نەگۆڕەکەمانە. گروپی دووەممان ئەوانەن بە خودی خۆشمەوە، کە لە کاتی فشار لێکردندا مانیفێستۆی دەروونە ئاڵۆز و شێواوەکەمان ئەکەین و هەندێک جار ئەگەینە ئاستی جنێودان و بەکارهێنانی وشەی نەشیاو و بێ بەها، بەڵام ئەوەی ئەم گروپەمان لە گروپی یەکەم جیا ئەکاتەوە ئەو راستیەیە کە ئێمەومان و ئەوانەمان کە ئەکرێت لە گروپی ئێمەبن، دان بە هەڵەکەی خۆماندا ئەنێین، لێی پەشیمانین، بەرگری لێناکەین، نەک شانازی پێوەناکەین بەڵکو سەرزەنشتی خۆشمان ئەکەین و بە وردی بەخۆماندا ئەچینەوە و دەست نیشانی کێشەکان ئەکەین و پاشان چارەسەری گونجاوی بۆ دیاری ئەکەین.

وەکو وتیشم، تەنها جیاوازی ئێمەومانان لەگەڵ گروپە کلاسیکیەکەدا و بگرە تەنها هیواشمان ئەوەیە کە ئێمە خۆمان شیکار ئەکەینەوە و هەڵسەنگاندن بۆ خۆمان ئەکەین و دواجار هەنگاو بە هەنگاو چارەسەری کێشەکان ئەکەین. بۆیە دواجار بۆ ئێمەومانان هیوایەک هەیە و ئەگەری گۆڕانکاری، ئەگەر مەزنیش نەبێت لە ئارادایە، بەڵام گروپی یەکەممان زۆر زەحمەتە کە بتوانن چارەسەری ئەو ئاڵۆزیانە بکەن، چونکە هەنگاوی یەکەم بە دەستنیشانکردنی کێشەکان دەست پێئەکات، ئنجا شیکردنەوە و دۆزینەوەی چارەسەر، بەڵام ئەوانەمان هێشتا لە نکوڵی کردنێکی بەردەوامدا ئەژین، پێیان وایە ئەوەی ئەیڵێن و ئەیکەن دروستە، هیچ لاریەک لەو دەروونە ئاڵۆزەدا نابینن، بەڵکو بەرگریشی لێئەکەن.

ئەمرۆش لە گفتوگۆیەکی دۆستانەدا ئوستازێکی هاوڕێم وتی ‘جا ئێمەی مرۆڤی شەرقی، کاممان دەروون نەخۆش نین؟ هەر ئەوەیە کە هەندێکمان لە هەندێکی ترمان زیاتر نەخۆشین”. منیش دوبارە دوو دێڕە شیعرەکەی حەزرەتی مەحویتان بیرئەخەمەوە کە ئەفەرمێ:

“شکور هۆشیارە مەحوی تێدەگات دنیا خەراباتە،
کە بەد مەستی بکات ئەهلی، خراپەی بۆچی لێ دەگرم!”

بەهیوای دەرونێکی سادە و ئاسودە بۆ هەموتان، 

د. شوان عەبدوڵا حەمەد

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×