'بیرۆکەی نەتەوەی دیموکراتیک'

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2020-10-12     650
پێشکەش بە کەمپینی جیهانی #ئازادی_بۆ_ئۆجالان
#کاتی_هاتوە



بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەچێت کە هەڵایەکی ناسیۆنالیستانە لە ناو کوردا بڵاودەکرێتەوە و وەک مۆرانە بەربۆتە جەستەی گەلی کورد. لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمەوە کۆمەڵێک ئەفەندی لە مەهاباد و سلێمانیەوە دەستیان بە جموجۆڵێک کرد کە ئامانجیان سەرپێ خستنی ناسیۆنالیزمی کوردی بو؛ ئەمەش لە مێژوی کوردا بە 'کوردایەتی' ناسراوە. ئەمەشیان لەسەر ڕۆشنایی شەپۆلە هەڵکشاوەکەی ناسیۆنالیزمی ئەڵمانی کرد، واتە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو ناسیۆنالیزمەی لەلایەن ئەم ئەفەندیانەوە بۆ کورد دەستنیشان دەکرا بە وردە فاشیزمێک دەستی پێکرد، هەربۆیە یەکەم هەوڵیان بۆ جیاکردنەوەی کورد لە دەوڵەتە ناوەندەیەکان و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی بو. هەندێکیش ئەم ناسیۆنالیزمی کوردیە یان کوردایەتیە بە 'ناسیۆنالیزمی سابڵاغی، یان کوردایەتی سابڵاغی'  ناودەبەن. هەتا ئێستاش زۆرێک لە مرۆڤگەلی کورد و زۆرینەی خوێنەوارەکانیش کوردایەتیان پێ داهێنانێکی بێ وێنە و بێ ڕکابەرە، پێیان وایە باشترین خەونی کوردە هاتبێتە دی، بۆیە هەتا ئێستاش هەر لەسەر ئەو ئاوازە، بانگەشەی دەوڵەتی کوردی و ناسیۆنالیزمەکەی دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا پێیان وایە کە کارەکتەرەکانی کوردایەتی بەتایبەت لە باشور و رۆژهەڵات نەیانتوانیوە کوردایەتیەکی پاک بکەن. بەڵکو کوردایەتی وەکو زوڵملێکراوێک بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆیان بەکاردەهێنن. کەچی لەڕاستیدا کوردایەتی خۆی فاشستەکە و زاڵمەکە و خوێنڕێژەکەیە و کارەکتەرەکانیش تەنها سودیان لە فاشیزم و زوڵم و خوێنڕێژیەکەی کوردایەتی وەرگرتوە. لە سەروبەندی جەنگی جیهانی دووەمدا کۆمەڵێک ئەفەندی خوێنەواری سلێمانی کەوتنە خۆ و دەستیان بە دروستکردنی حیزب و گروپ بۆ ئەم بیرۆکە ناسیۆنالیستیە کرد، ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەم ئەفەندیان خەڵکی خوێنەوار و لێهاتوی ناوچەکە بون، بەڵام نەیانتوانی خۆیان پێشەنگی ئەو جموجۆڵە ناسیۆنالیستیە بکەن، بۆیە لە ناوچەی بارزانەوە مەلا موستەفا بازرانی، کە ئەو کات لە دەوڵەتی عێراق یاخی ببون، هێنا و بە سەرۆکی ئەم حیزب و کۆمەڵه ناسیۆنالیستیە کوردیە 'کوردایەتیە' دیاریانکرد. هەڵبەت من مێژوناس نیم و شارەزاییەکی ئەوتۆشم تێیدا نیە بۆیە ناتوانم بە دیاریکراوی هۆکاری ئەم کارەی ئەفەندیە خوێنەوارەکانی سلێمانی دیاری بکەم. بەڵام زیاتر مەبەستمە باس لەو شەپۆلە نوێیەیە لە ئەفەندی و خوێنەواری کورد، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە بکەم کە لە توانایاندا نیە دەستبەرداری کارەساتی کوردایەتی ببن, هەرچەندیشە تەواو بۆیان دەرکەوتوە کە کوردایەتی یان ناسیۆنالیزمی سابڵاغی بۆ خۆی کێشەیەکی گەورەیە و وەکو ئەژدیها بەربۆتە گیانی مرۆڤی کورد. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم زانیاریەدایە 'کوردایەتی سابڵاغی کارەساتە' کە ئەم ئەفەندیە نوێیانە جموجۆڵێکی تری ناسیۆنالیستیان لای خۆیانەوە دەست پێکردوە و ئامانجیانە لەسەر هەمان ڕێچکە بەڵام بە ناوێکی نوێوە کە پێی دەڵین 'ناسیۆنالیزمی سیڤیل' واتە ناسیۆنالیزمی مەدەنی بەردەوام بن لەسەر بانگەشەکردن بۆ دەوڵەتی کوردی. ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە هیچ جیاوازیەک لە نێوان 'ناسیۆنالیزمی سیڤیل' و 'کوردایەتی' و 'ناسیۆنالیزمی سابڵاغی' دا نیە. تەنها بە هەندێک باق و بریقی مەدەنی و یاسایی کە بەدەر لە لاسایی کردنەوەی ناسیۆنالیزمی یاسایی وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر هیچی ترنیە.

ئەمانەی سەرەوەم بۆ ئەوە باس کرد کە خوێنەر تێبگات لە ئێستادا سەبارەت بە کوردایەتی یاخود ناسیۆنالیزمی کوردی چی دەگوزەرێت. بەڵام ئامانجی سەرەکیم ئەوەیە کە بە کورتی و بە کوردی باسێک لە نەتەوە و جۆرەکانی و ناسیۆنالیزم بکەم و پاشان بێمە سەر ئەوەی کە کەمێک بە فراوانتر باسی باشترین و بێ دەرد و بەڵاترین جۆری نەتەوە بۆ خوێنەر بکەم، کە ئەویش 'نەتەوەی دیموکراتیکە.

بەپێی شارەزایان و هەروەها بەپێی بانگەشەی داهێنەرەکەی عەبدوڵا ئۆجالان "نەتەوەی دیموکراتیک مۆدێلێکە لە نەتەوە کە بە کەمترین شێوە ڕوبەرووی ئەو دەردانە بۆتەوە کە دەوڵەت نەتەوە بەدەستیەوە دەناڵێنێت". بەپیێ تێڕوانینەکانی ئۆجالان دەوڵەت نەتەوە تەنها تەڵەیەک و تۆڕێکی بەیەکەوە بەستراوی چەوساندنەوە و بەکاربردنە بۆ کۆمەڵگەکان. بەپێچەوانەوەی باوەری پێشوی خۆی 'دەوڵەتی سەربەخۆ و یەکگرتوی هەر چوار پارچەی کوردستان' ئۆجالان لە ئێستادا پێی وایە کە باشترین جێگرەوە بۆ ئەو دەوڵەتە ناسیۆنالیستیە، بونیادنانی کۆنفیدراسیۆنی دیموکراتیکی گەلان و پێکهاتە جیاوازەکان، گۆشکراو بە ئایدیای نەتەوەی دیموکراتیکە. قسەکردن لەسەر دەستبەرداربونی ئۆجالان لە دەوڵەتی کوردی و بیرۆکەی دەوڵەت بە گشتی بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو جێگرەوە تۆکمەیەی پێشنیاری کردوە 'نەتەوەی دیموکراتیک' هەم هەڵەیەکی گەورەیە و هەم تاوانێکیشە دەرحەق ئۆجالان و تێکۆشانە ٤٠ ساڵیەکەی دەکرێت. هەندێک بە دەستی ئەنقەست ئەم باسانە دەوروژێنن و خۆشیان لە باسی نەتەوەی دیموکراتیک دەبورن. بۆیە من پێم باشە خۆمان لە دیدی ئۆجالاندا و لە نوسراوەکانی خۆیەوە 'نەتەوەی دیموکراتیک' بناسین و بزانین چۆن نەتەوەی دیموکراتیک وەکو جێگرەوەیەکی تۆکمە، دەتوانێت ئەو کەلێنە پڕ بکاتەوە کە داماڵینی ناسیۆنالیزم لە کوردبون دروستی دەکات.

بەپێی بۆچونەکانی ئۆجالان 'نەتەوەی دیموکراتیک' هەمو ئەو پێناسە هەڵانە راست دەکاتەوە کە تا ئێستا ناسیۆنالیزم بۆ کوردبونی کردوە و دەکات. زۆر بە سادەیی 'نەتەوەی دیموکراتیک' هەمو چوارچێوەکانی یەک زمان، یەک کەلتور، یەک ئایین و یەک تێگەیشتنی مێژویی رەت دەکاتەوە و لە جیاتی ئەوە پەرە بە فرەیی و بە کۆمەڵگەبون و هاونیشتمانی یەکسان و پێکەوەژیان و هاوکاریکردنی یەکدی دەدات. 'نەتەوەی دیموکراتیک' رێگە بۆ خەڵک خۆش دەکات کە خۆیان بەبێ پشتبەستن بە دەسەڵات و دەوڵەت، لە رێگەی بە سیاسەتکردنی پێویستەوە ببنە نەتەوە. بەهەمان شێوە 'نەتەوەی دیموکراتیک' ئامانجیەتی کە بیسەلمێنێت نەک تەنها لە رێگەی بە سیاسەتکردنەوە، بەڵکو لە دەرئەنجامی نەبونی دەوڵەت و دەسەڵاتیشدا، پرۆسەی نەتەوەسازی دەتوانرێت لە رێگەی دامەزراوە خۆبەرێوەبەریەکانەوە لە ناو بازنەی کەلتوری و کۆمەڵایەتی و دیپلۆماتیکدا سازبکرێت. بەهەمان شێوەش لە بواری ئابوری و یاسا و خۆپاراستنیشدا ئەم پرۆسەیە سەرپێ بخرێت و لە ئەنجامدا 'نەتەوەی دیموکراتیک' بونیادبنرێت. پرۆسەی بە سیاسەتکردن بریتیە لە گۆڕینی شتێک (کێشەیەک، دامەزراوەیەک، یان دۆزێک) کە پێشتر کرداری سیاسەت رۆڵی تێدا نەبینیوە، بۆ شتێک کە لە ئێستادا کرداری سیاسەت رۆڵی تێدا دەبینێت.

هەڵبەت وەکو زمانەوانی و ناوەرۆکیش عەبدوڵا ئۆجالان داهێنەری بڕگەی 'نەتەوەی دیموکراتیکە'؛ هەر خۆیشی لە دوتوێی بەرگرینامەکانیدا (بە تایبەتی هەر پێنچ بەرگەکەی 'مانیفێستۆی شارستانی دیموکراتیک') زۆر بە وردەکاریەوە بابەتی 'نەتەوەی دیموکراتیک' رون دەکاتەوە. هەرچەندە لە زۆر شوێنی تریشدا خەڵکی جیا جیا لەسەر ئەم بابەتەیان نوسیوە، بەڵام ئەوەی من لێرەدا هەوڵی بۆ دەدەم بریتیە لە بە کوردی و بە سۆرانی کردنی بابەتەکە، چونکە بەداخەوە هەرچی بابەتێک لەسەر تێرەکانی ئۆجالان دەخوێنمەوە هەرچەندە بە زمانی کوردی سۆرانی نوسرابن یان وەرگێڕدرابن، بەڵام هێشتا تێگەیشتنیان زۆر زەحمەتە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری مەزنی زاراوەی کرمانجی بەسەر نوسەرەکان یان وەرگێڕەکانیەوە. لەهەمان کاتیشدا بە سەدەها وشە و زاراوەی نوێ هەڵدەدرێتە ناو نوسینەکەوە بە بێ ئەوەی هیچی بۆ خوێنەر شیبکرێتەوە. ئەمەی من دەیکەم هەوڵدانێكە بۆ ئەوەی خوێنەری سادەی زاراوەی سۆرانی بە تێزەکانی ئۆجالان ئاشنابکەم بێ ئەوەی دوای خوێندنەوەی لاپەڕەیەک لە نوسینەکانی، خوێنەر ناچاربێت کە کتێبەکە دابخات و بڵێت 'بەراستی تێزەکانی ئۆجالان زۆر قورسن و لە ئاستی تێگەیشتنی مندا نین'. هەڵبەت لەسەرەتادا ئەوە بەسەر خۆشم هات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×