'هاش‌و هوشی دەوڵەتی کوردی'

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2019-09-27     1278
با ڕیفڕاندۆمچی دەست پێ گەرم کراوەش بیت، ئاخر ئەگەر یەک زەڕە تێبگەیت، خۆ ئەبێت لە دوای ۲ ساڵ بپرسیت، ئەرێ ئەحواڵی دەوڵەتەکەمان چۆنە؟ ئەی باشە من لە تۆ ئەپرسم، دوای ۲ ساڵ لە ژاوەژاوی ریفراندۆم و دەوڵەتی کوردی، ئێستا سنوری ئێمە و ئەوان لە سلێمانیەوە کوێیە؟ ئەی لە هەولێرەوە کوێیە؟  ئەگەر ئەم پرسیارانەت لەخۆت نەکردبێت و وەڵامەکەشی لە خەجاڵەتیا لەرز و تای لێنەهێنابیت. ئێوە هەزار ساڵی تریش ناتوانن بە ئەندازەی ئێمە دڵسۆزی ئەم نیشتمانە و مرۆڤەکانی بن، بەڵام ئێمە نەمانتوانی سواری شەپۆلی ژاوەژاوی دەوڵەتی موراهیقانەی کوردی و تەڵاقانی بەغا و عێراق بین، چونکە ئەمانزانی:

دروستکردنی دەوڵەت ئامادەسازیی چاکی ئەوێت لە هەموو بوارەکانا و ئنجا ژن و پیاوی خۆی ئەوێت. بە"هەندە حساب بۆ کەس نەکردن ناکرێت'. ئەو مارەکردنە دەستکردە، چەند بە سوێ بێت، ئیمپریالیزمی جیهانی دروستی کردووە، خۆ بەهاش‌و هوش ناسڕێتەوە. خوێن و فرمێسک و ئارەق ڕشتنی ئەوێت. تۆ هێشتا تاراتگرتنەکەشت بە مەسینەی ئێرانیە، ئەگەر ئێران مەرز بگرێت چی ئەکەیت؟!

تەماشایەکی دەوروبەری خۆت بکردایە بتزانیایە، دەوڵەتی فارس و عەرەب و تورک و ئیلائاخری چیان بۆ تاکی ئەو کۆمەڵگایانە کردووە؟ بتزانیایە بۆ جووتیار و کرێکار و نەدار و مناڵ و ژن و هتد دەوڵەت چی کردووە؟ ئەوسا ئەتبینی کە دەوڵەت نەتەوە سەرچاوەی زۆربەی کێشەکان و پرۆژەی ئیمپریالیزمی جیهانیە لەسەر بنەمای 'پەرتکە و زاڵبە' بۆ پەرت پەرت کردنی کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێناویەتە ناوچەکە. ئەگەر تۆش بتەوێت کێشەی کۆمەڵگەکەت چارەسەربکەیت، بە ژاوەژاوی دەوڵەتی کوردی هیچ سەوز ناکەیت.

ئنجا حساب و کتابێکت بکردایە، ئەگەر سەریشی گرت کەی ئەو دەوڵەتە دائەمەزرێ، ئەی چۆن پارێزگاری لێئەکەیت؟ ئەی ئەگەر سەری نەگرت؟ ئەوسا پلانت چی ئەبێت؟ بتزانیایە تا چەند ئەتوانی خۆت ڕاگری لە ئەگەری شەڕدا؟ هیچ نەبوایە مشورێکی پردە داماوەکەی 'پردێ' ت بخواردایە کە لە پەلە پەلیا روخاندت و بە پارەی میللەت دروستت کردەوە؟ قسەکەی خۆت هێنایە دی، ئەوەی زوو ووتت؟ "ئەگەر پێمان بڵێن پردێک دروست بکەن، ئێمە نازانین، بەڵام زۆر باش بۆمان تێک ئەدرێت". پێت وابوو کڵاو ئەکەیتە سەر جەماعەتی ئەملا؟ نەتزانی ئەمان لەوسەریەوە هاتوونەتەوە. 

ئێمە ئەمانزانی کە تۆ ئەتەوێت ئەو تۆزە حەیایەی کە بە جەماعەتی بە ناو ئۆپۆزیسیۆنەوە ماوە، لەبەر چاوی میللەت ئەوەشیان لێ بسەنیتەوە، بۆ گەلی کوردی بسەلمێنی کە فیعلەن ئەو قسانەی ئەیکەن تۆزی دەم بایە، ئەوانیش بە هەموو جۆرێک تۆیان وەک سەرۆک قبوڵە و ناتوانن لە رەعیەتت دەربچن. ئەگینا ئەو موجامەلەیەی ناو دیوەخانەکەی پەرلەمان 'سەرۆکایەتی وڵات بە نەخوێنەوار ناکرێت' تەنها مزایەدەی سیاسی بوو بەسەر میللەتی هەژارا ئەیانکردن. ئەرێ بەراست ئەگەر وابوو، ئەی چۆن چوونەوە بۆ سەردانی؟

خۆ هەندێکیش دژایەتی ئەو هاش‌و هوشەی دەوڵەتەیان کرد بەرۆژەڤ بۆ خۆیان و لە رێگەی ئەوەوە عاتیفەی هەندێ خەڵکی ساویلکەیان جوڵاند. ئەگینا نالە حەپۆلی ماڵی باپیرەشم ئەیزانی ئەم ریفراندۆمە هەڵەیە و هەرچی هەیە و نیە، رێک بۆ تەنەکەی خۆڵەکەیە. زۆریش خەڵکی هۆشیار و دنیادیدە هاواریان کرد، بەڵام دەستکەوتەکە بۆ ئەوان بوو، ئەگینا ئەوانیش ئەو بلیمەتە نەبوون و نین. وەک بینیمان ئەوانیش تەواو نەیانتوانیوە خۆیان لە عاتیفەی موراهیقانەی دەوڵەتی کوردی و خۆخەڵەتاندنی سەربەخۆیی داماڵن.
ئەگینا 'نەخێر لە ئێستادا' مانای چی؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×