‘با هەمومان تۆبەیەکی بەحەق بکەین‌

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2021-05-03     678

بە کورتی باسی ئەکەم بەڵام هەرچی حیزبی کوردی هەیە لە کوردستانی گەورەدا لە دوو تێڕوانینەوە سەریان هەڵداوە، ئەوی کوردایەتی کە پێشتر حیزبی دیموکرات و ئێستاش پارتی دیموکرات چاوساغیان بۆ ئەکات و ئەویتریشیان رێورێبازی ئاپۆییزمە. بەدەر لەم دووانە لە ئێستادا لە ناو کوردداندا تێڕوانینێکی تر لە ئارادا نیە، حیزبەکانی باشور بە کۆی گشتی داتاشراوەی رێبازی یەکەم، ئەوی پارتی دیموکراتن و هەمویان لق و پۆپن و لەو بونەتەوە و هیچ جیاوازیان لەونیە. کاتێکیش کە لەتەنیشتی پارتی دیموکرات دایانئەنێی کت و مت ئەڵێی ئەون، ئەمە شتێکی زۆر ئاساییە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە سوکایەتی کردنە بە خەڵک لەسەر بنەمای سەربە کام لق و پۆپە، یاخود هەر سەربە لقە ئەصلیەکەیە یان گەڕاوەتەوە ناو ئەو لقە.

ئەوەی من ئەیبینم، یەکێتی بی، گۆڕان بی، سۆسیالیست بی، بزوتنەوە بی، یەکگرتوبی، نەوەی نوێ بی، هتد بی، هەر پارتیت و سەربە پارتیت و دەماری خوێن و بژێویەکەت هەرلای پارتیەوە دێت. ئەدی بۆچی ئاساییە و بگرە جێگەی سەربەرزی بو کە یەکێتیەک ئەبو بە گۆڕان؟ پارتیەک ئەبو بە گۆڕان، کۆمەلێک و یەکگرتویەک ئەبون بە گۆڕان، یان کۆمەلێک گۆڕانخواز هەر لە ئەصلدا یەکگرتو و ئیخوانی بون، بەڵام شەرمە و عەیبەیە ئەگەر کەسێک لە لق و پۆپێکەوە بێتەوە سەر ئەصلەکەی خۆی و ببێتەوە بە پارتی؟ بۆچی ئەگەر گۆڕانێک کە هەر لقێکی پارتیە، یەکێتیەک کە هەر پارچەیەکی پارتیە، ئیسلامیەک کە هەر بەچکە پارتیەکە، بێتەوە سەر ڕێبازە ئەصلەکە و تۆبەیەکی بەحەق بکات و دەستبەرداری مێژووی خۆخەڵەتاندنی پێشوی ببێت، شەرمە و عەیبەیە و خۆی فرۆشتوە؟؟

ئەوەی ئێستا لە باشوری کوردستاندا ئەیبینم، لق و پۆپەکانی پارتین کە بە کۆمەڵ و بە تۆپەڵ چەورە و ماستاوچی و کاسەلێس تێیان ئاڵاوە و نۆرە بەر کەس ناکەوێ و ئەڵێی رۆژی حەشرە بۆ خۆبردنە پێشەوە و خۆشیرین کردن، هەربۆیە لق و پۆپەکانی پارتی و بەتایبەتیش یەکێتی کە ئیتر لە ناوچەی سەوز هیچ ڕکابەرێکی نەماوە، بێ منەتە و باکی بە کەس نیە، بەجۆرێک کە تۆبەی بە حەقی کەسیش پەسەندناکات و بەڵکو بەپێچەوانەوە سزای سیاسی نەیارەکانی دوێنێی ئەدات.

ئەوەی ماوە و ئاشکرایە تەنها پارتیە کە لەباشور و تایبەت لە ناوچەی سەوز ئامادەیە تۆبەی بە حەقی کەسانی سەربە لق و پۆپەکانی خۆی وەربگرێت و ڕێگە ئەدات شایەتمانی بەحەق بە رێبازەکەی پارتی و بارزانی دوپات بکەیتەوە و بگەڕێیتەوە سەر ئەصلەکەی خۆت. ئیتر پارتی ناپرسێت لە کوێ بویت و چەندت دژایەتی کردم و سەر بە کامیان بویت و چیت ئەوێت و چەندت زەرەر داوە، چونکە پارتی بە سیستمی عەفوی عام ئیش ئەکات، چۆن خودا فەرمویەتی هەزار گوناح و یەک تۆبە، پارتیش ئەفەرمێ هەزار خیانەت و دژایەتی و جنێو و سوکایەتی بە پارتی و یەک تۆبەی بەحەق، وەرەوە سەر ئەصلەکەی خۆت و لەجیاتی بە دەستی دوو و سێ خزمەتی ڕێبازی پارتی و بارزانی بکەیت، بەدەستی یەک بیکە و با ئێمەش لە ناوچەی سەوز کەمێک نفوژمان هەلسێتەوە.

ئەگەر پارتی راست بکات و بیەوێت لە ناوچەی سەوز نفوژی خۆی هەڵسێنێتەوە و خۆی شیرین بکاتەوە و دەنگ بەدەست بهێنێت، ئەوە کات کاتی بە ڕیز وەرگرتنی تۆبەی بەحەقی نەیارە کۆنەکانیەتی، حەقە دەرگای بە رەحمەت لە هەمولایەک بکاتەوە و هەمومان وەربگرێتەوە بۆ باوەشی خۆی، ئیتر لەوەشیاندا ئارەزوی خۆیەتی، خوداش هەر یەک دوو جار دەرفەتی ئاوا زێڕین بۆ هەر کەسێک ئەرەخسێنێت. 

 

تێبینی:
سەربارەت بە رێبازی دووەم، کە ئاپۆییزمە، زۆری ماوە لە باشوردا چەکەرەبکات و ئەنجامی هەبێت و بتوانێت ببێتە ڕکابەر، ئەوەیان بۆ دوایی...

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×