مرۆڤ تا کەوڵی ناسیۆنالیستی و ئاینی فڕێ نەدات، عاقڵ نابێت

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2023-04-29     578

لەم ڕۆژانەدا کوردێک بە سەرۆک شارەوانی ناوچەی لامبێثی سەربە گەورەشاری لەندەنی پایتەختی شانشینی بەریتانیا هەڵبژێردرا.

من قسەم لەسەر ئەوەنییە کە چی ئاسانکارییەک بۆ خەڵکی وەکوو ئێمە، موسڵمان و بێگانە لە وڵاتی بەریتانیادا دەکرێت تا ببینە مرۆڤ و شتێک بۆ ژیانی خۆمان و خزمەتێک بەو کۆمەڵگەیە بکەین کە لە داماویماندا داڵدەیان داین. قسەی من لەسەر ئەو کەوڵەکۆنە ناسیۆنالیستی و ئاینییە داڕزیوەیە کە ناتوانین لەو وڵاتی پێکەوەژیان و ئازادییەشدا لەخۆمانی داماڵین و لەجیاتی کوردایەتی و ئیسلامەتی، مرۆڤێتی بکەین و بێجیاوازی خزمەت بە مرۆڤەکان بکەین.

کابرا بەدەنگی هەزاران مرۆڤی جیاواز لە ڕەنگودەنگ، پێست، نەتەوە، ئاین و ئایدۆلۆجیا و ئاڕاستە بووە بە سەرۆک شارەوانی، کەچی لە دەقی پەیامەکەیدا ئایەتێکی قورئانی نووسیوە و بەناوی خوا دەست پێدەکات و بە جلوبەرگی کوردی و قاتی کەتافییەوە سوێندی یاسایی دەخوات.

بەڵێ تۆ ڕێزت لێ گیراوە و ئازادیت پێبەخشراوە کە چۆنچۆنی و بە چ جلێک و بە چ وتەیەک دەستبەکار دەبیت، بەڵام ئاشکرایە کە هێشتا ناتوانیت بەبێ جیاوازی نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی ناوچەکە بیت. چونکە جیاوازی، جیاکاری، هەڵاواردن و شۆڤێنیستی لە ناختدایە و ناتوانیت دەستبەرداری بیت. وەنەبێت ئێمە شانازی بە کوردبوونی خۆمانەوە نەکەین، بەڵام کەسێک نەبوو بە بەڕێزت بڵێ: تۆ نوێنەری ڕەشوسپی، ئینگلیز، کورد، عەرەب، فارس و تایلەندی و هتدیت… نەکەیت بەم قاتە کەتافییەوە حەیای خۆت و کوردیش بەریت؟!

دیسان دەڵێم: تا مرۆڤ کەوڵی ناسیۆنالیستی و ئاینی لەخۆی دانەماڵێت، هێشتا چارەکی دەوێت بۆ مرۆڤبوون و لانیکەم سەدەیەک لەدواوەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×