ئەم کوردەش عەجایب سەیرە!
د. شوان عەبدوڵا حەمەد
2021-07-29   1277
لەم ڕۆژانەدا وا بڵاوبووەتەوە زانکۆی سلێمانی ئەم ساڵیش لەسەر ئاستی عێراق لە پلەی پێنجەمدایە و بەوپێیەش کە هیچ زانکۆیەکی کوردستانی لە پێشەوە نیە، دەبێتە یەکەم لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. ئەمە هەتا ئێرە کێشە نیە، هەڵبەت ئیشەکە گۆترەکاری نیە و لە خۆوە زانکۆی سلێمانی پلەی پێنج و زانکۆی سەلاحەدین هەشتەمی پێنەدراوە، ئەبێت جۆرێک لە پێوانە بەکارهێنرابێت. ئەمەیان واز لێئەهێنم، بەڵام قسەم لەسەر کۆمێنتی ئەو خەڵکەیە، ئەبینی هەرچی هەڵئەستێ کۆمێنتێکی پیا ئەکات و کۆمەڵێک جنێو و قسەی سارد و سوک بە زانکۆ و بە خوێندن و بە زانست ئەڵێت. کە تەماشای پرۆفایلەکانیان ئەکەیت یان هەتا پێنجی سەرەتایی خوێندوە یاخود دەرچوویەکی ماڵوێرانی زانکۆیەکە لە کوردستان. ئازیزم ئێوە خەریکن لە داخ و رقی دەسەڵاتێکی فاشل و گەندەڵ تەڕ و وشک پێکەوە ئەسوتێنن و خوێندن و زانست لە کوردستان بە تەواوی جارانی سفر ئەکەن. ئەرێ ئازیزم یەکەم شت لە خۆت بپرسە کێ فێری ئەو نوسینەی کردووی، هەڵبەت بە خواروخێچی بەڵام هیچ نەبێت هەر نوسین و خوێندنەوەیە، ئەو کۆمێنت و جنێوەی پێ ئەنوسیت؟ دوای ئەوە، تۆ نیازتە بە کڵاوی زانکۆ رۆژئاواییەکانی وەکو کەیمبرج و ئۆکسفۆرد پێوانەی سەرکەوتن و بنکەوتنی زانکۆیەکی کوردستان بکەیت؟ یان بە چ پێوەرێک و بە چ ئەزمون و شارەزاییەکەوە هەڵسەنگاندن بۆ زانکۆکان ئەکەیت؟ بەرێزت لە چیدا شارەزایت؟ با بزانین و تێبینی و قسەکانت بە هەند وەربگرین.
لەوە دواتر، ئێوە پێتان وایە وڵاتانی ئەوروپا و زانکۆکانی و کۆمەڵگەکانی چین؟ هەموو رەجول حەدیدی زانست و زانیارین؟ ئازیزم زۆرت ئینگلیز بۆ ئەهێنم کەللەی بە قەدەر یەک مەنجەڵی مس ئەبێت، بەڵام بە حاڵە حاڵ ئەتوانێت ناوی خۆی بنوسێت. زۆر دەرچووی زانکۆکانی بەریتانیا و دڵنیام وڵاتانی تریش هەیە، هەر لەوە ئەزانێت کە وەک ڕۆبۆت فێرکراوە، یەک تۆز ئەولاتری لوتی خۆی پێشان بدە لێی تێناگات و سەری لێدەرناکات. من بەڵگەم هەیە بۆ ئەم قسانەم، فەرموون:
من دوای دابڕانێکی حەوت ساڵە لە خوێندن و زانکۆ کاتێک ڕاستەوخۆ لە قۆناغی کۆتایی بەکەلۆریۆس لە زانکۆی هەڵ لە بەریتانیا وەرگیرام، بە ترس و لەرزەوە چوومە هۆڵی محازەرە، بەڵام دوای هەفتەیەک بۆم دەرکەوت یەکەمەکەیان منم. ئەوەندەی من سەرم لە حساباتی بیرکاری و فیزیای ناو مەنهەجەکان و هاوکێشە و بەزم و رەزمی جۆرەکانی کیمیا دەرئەکرد، ئەو داماوانە نەیانئەکرد و هەر وەک ڕۆبۆت هەندێک یاسایان ئەدرایە و ئەمانیش حەلیان ئەکرد. دوای ئەو ماوەیە دەورم بووبوو بە قەرەباڵغی و ڕۆژ نەبوو بە سەعات و دوو سەعات سەعی ئیزافە بە خوێندکارە ئینگلیزەکان نەکەم. لە کاتێکدا من یەک وشە نە ئینگلیزی و نە زانستی کیمیا و فیزیا و بیرکاریم لە هیچ شوێنێکی بەریتانیا نەخوێندبوو، بەڵکو بە فرێشی مەید ئین عێراق و سلێمانی خۆم هەڵدابووە ناو ئیشی مەعمەل و مەخزەنی جلوبەرگەوە و لەوێوە ڕاستەوخۆ بازم دابووەوە بۆ ناو خوێندن. بۆیە بە بەڵگەوە ئەڵێم کە خوێندکاری عێراق و کوردستان هەم زیرەکترن و هەم زیاتریش هەوڵ ئەدەن و هەوڵیان لەگەڵ ئەدرێت و فێریش ئەبن.
دووەم قسەم بە بەڵگەوە ئەوەیە کە لە زانکۆکانی بەریتانیا هەر کەسێک داخڵ ئەکرێت، دەرەچێت، کەوتن نیە. ئەمە واتای ئەوەنیە کە زانکۆکان و مامۆستاکانیان یەکەمی عالەمن، نەخێر زۆربەی کات ئەوەندە ئاسانکاری بۆ خوێندکار ئەکرێت، بە هەزار پاڵ هەر دەریئەچێنن، بەڵام سوور ئەشزانن کە فڕی بە زانستەکەوە نیە، بەڵکو بە ‘دەرچوونی کەمترین’ دەرئەچێت. چونکە خۆشیان ئەزانن کە لەو بازاڕە حیزەی سەرمایەداریدا بێ خەم ئیشی دەست ناکەوێت و دواتر ئیشی ئەو ئەبێت بە پاڵنان بە عەرەبانەی سوپەرمارکێتەکانەوە. لەو قۆناغەی مندا کوڕێکی سوورەی قژ زەردی قژ ئاڵۆزکاوی چاو ریپۆقاوی هەبوو ناوی Barry بوو بەڵام لەبەرئەوەی سەر بە گۆبەند بوو نازناوی Baz یان لێ نابوو. باز مانگی جارێک ئەهات بۆ محازەرە، هەڵبەت بە سەرخۆشی، کاتێک داخڵی هۆڵەکە ئەبوو نیو سەعاتی وانەکە ڕۆشتبوو، زۆربەی خوێندکارەکان و مامۆستاکانیش تەحیەیان بۆ ئەکرد، هەندێک خوێندکاری ساختەچی و چەتوون زیاتر ئەڕۆشتن و هەڵئەسان و ئەچوون تەوقەیان لەگەڵ ئەکرد و سەر لەنوێ خۆیان پێ ئەناساندەوە! ئێ ئازیز لە کۆتاییدا کاکە باز چی لێهات؟ بەسەری هەموومان وەک من شەهادەی بەکەلۆریۆسی لە کیمیادا وەرگرت، بەڵام ئێستا نازانم خەریکی چیە، روحم چووە و ئەترسم ڕۆژێک خۆم بکەم بە دائیرە و شەریکە و موختەبەرێکدا و داوای بینینی مودیر بکەم و لەگەڵ چوونە ژوورەوەم، جەنابی مودیر کاکە بازی قژ ئاڵۆزکاوی چاو ریپۆقاویی بێت. پێتان سەیر نەبێت، زۆر ئاساییە ڕووبدات، ئێستا لە خوارەوە نمونەیەکی ترتان بۆ باس ئەکەم.
لە خوێندنی دوکتۆراکەمدا بووم لە ناو کۆمەڵێک کوڕ و کچی گەنجی ئینگلیزدا ئیشم ئەکرد و چەند تاقیگەیەکمان بەدەستەوە بوو بۆ توێژینەوەکانمان کە بە هاوبەشی بەکارمان ئەهێنا. کوڕێکی ئینگلیز هەبوو لێرە ناوی تەواوی ناهێنم چونکە دوایی بووبوو بە هاوڕێیەکی باشم، بەڵام بەو بۆنەیەوە با بیزانن ئینگلیز هەگیز نابێت بە هاوڕێی هیچ کەس، وەکو فرانسۆ میرزا نۆنای هاوڕێم وتی “ئینگلیز صاحەب صەدیق نین”. بەڵام مایک کوڕێکی تەواو جیاوازتر بوو، بەهەرحاڵ دوو شەمە بۆ هەینی، بەیانیان سەعات نۆ بۆ پێنچ ئەم کوڕە لە تاقیگەدا بوو، وای پێشان ئەدا کە خەریکی ئیشە، بەڵام هەموو کاتەکەی بە تەماشاکردنی یووتیوب و فتبۆڵ و ئۆنلاین گەیمەوە ئەبردە سەر. نیوەڕۆ لە کاتی خۆییدا بە کتومتی لە سەعات دوانزە ئەچوو بۆ نان خواردن و سەعات یەک ئەگەڕایەوە، عەسران سەعات سێ کاتی قاوە خواردنەوەی بوو، ئەوەندە بە ڕێکوپێکی بە کات و شوێنەوە پابەندبوو من بەغیلیم پێی ئەبرد، چونکە من کات و شوێنم بۆ نەبوو، ڕۆژ هەبوو ئەو لە نان خواردنی نیوەڕۆ ئەهاتەوە کەچی من تازە ئەگەیشتمە دەوام! بەهەرحاڵ من سەرەتا وامەزانی بلیمەتی زانستیە، بەڵام دوایی بۆم دەرکەوت بلیمەتی خۆبردنە پێشەوە و دەبر کردنی کاروبارەکانی خۆیەتی. توێژینەوەی دوکتۆراکەی لەگەڵ گەورەترین شەریکەی دەرمانی جیهانیدا هاوبەش بوو، مانگانە لەو شەریکەیەوە بەرێوەبەرێکی باڵا ئەهات بۆ لای و لەگەڵ ئەم و سەرپەرشتیارەکەی کۆبونەوەی دوور و درێژیان ئەکرد. ئەم هەتیوە ئەوەندە زۆڵ بوو لەگەڵ بەرێوەبەرە باڵاکەدا چەقاندبووی و لە ڕێگەی فوتبۆڵەوە کردبووی بە هاوڕێ و زۆربەی کاتی کۆبوونەوەکانیان بە باسی فوتبۆڵ بەسەر ئەبرد، لەجیاتی باسکردنی توێژینەوە و ئیشەکانی. بەهەرحاڵ ساڵ هات و ساڵ ڕۆیشت کاتی کۆتایی هاتنی دوکتۆراکەی، جەنابی بەڕێوەبەر جێگەیەکی لە پرۆگرامی سەرکردە داهاتوەکانی شەریکە بۆ مەیسەر کرد و دوکتۆر مایکیش وردە وردە خۆی خزاندە ناو سیستمەکە و دەستی بە زۆڵێتی خۆی کرد. ئێستا ڕەنگە بڵێن ئەو برادەرە خەریکی چیە؟ خۆ قابیلە بیکەن بە دوکتۆر و شت؟ ئاخر ئەو سێ ساڵی دوکتۆراکەی لە گەیم و یووتیوب زیاتری نەکرد، ئەی چۆن ئەبێت بە هیچ! دەی بەسەری هەر هەموومان ئێستا بەرێوەبەری گشتی توێژینەوەی زانستی شەریکەیەکی زەبەلاحی دەرمانی عالەمیە و مەرکەزی سەرەکی لە شاری لەندەنە و کاکیشم موچەی ساڵانەکەی چارەکە ملیۆن پاوەندە و ئۆفیسەکەی سەیارەی تیا ڕابگرە.
بەرێزان ئێوە باسی چی ئەکەن؟ خۆ دنیا هەر ئاوا ڕەش و سپی نیە، ئەوەی لە ناو ئەم سیستمە قۆڕەی پارە پەیاکردنەدا ئەگوزەرێت، دەردی کابرا ئەڵێ “هۆرەی گەرەکە”.
خۆلاسەی کەلام، من ناڵێم زانکۆکانی کوردستان لەوانەی بەریتانیا پێشکەووتووترن، نەخێر جیاوازیەکە دوو شتە، لە زانکۆکانی بەریتانیا فێر ئەکرێیت چۆن ببیت بە ڕۆبۆتێکی کار بۆ سیستم، هەرچی جیهاز و ئالەتی تازەیە ئەخرێتە بەردەستت و تاقی ئەکەیتەوە، واتا لە بواری پراکتیکیدا شارەزا ئەبیت، بەڵام نابێت مل بلەقێنی ئەگینا وون ئەبیت. لە زانکۆکانی کوردستان و عێراقدا کەموکورتیەکی زۆری بواری پراکتیکی هەیە و جیهاز و ئالەت زۆر نیە و گرنگی زۆر بەم بوارە نادرێت، بەڵام ئەوەی کە تێیدا سەرکەوتوون بواری تیۆری و ناوەرۆکە زانستیەکەیە. بە گەرەنتی ئەم قسەیە ئەکەم، دەرچوویەکی بەشی کیمیای زانکۆیەکی عێراق و دەرچوویەکی بەشی کیمیای زانکۆیەکی بەریتانیا بهێنە، ئەوەی عێراقەکە لە بواری تیۆری لێی ئەباتەوە، دڵنیاتان ئەکەمەوە دەرچووە بەریتانیەکە ناتوانێت هاوکێشەیەکی کیمیاوی بە ڕێکوپێکی هاوسەنگ بکات. من خۆم چەندین ساڵ دەرسم بە هەردوولا ووتووە، ڕیشم بە دەست خوێندکاری ئینگلیزەوە سپی بوو کە لە قۆناغی کۆتایی بەکەلۆریۆس جەدوەلی زەرب نازانێت!
هیوادارم کوردە گیان واز لە سوک کردن و بێ بەها کردنی هەموو شتەکان بهێنێت، باشە ئازیزم زانیمان فەیسبوکت هەیە و کەچە خوێندەواریەکیشت هەیە، بەڵام بێ واتایە لە ژێر هەموو پۆستێکدا کۆمێنتێکی خراپ ئەنوسیت، یان لە هەمووی سەیرتر، هەرچی پۆستێک ئەبینم لە ژێریدا ‘جڕتێکی’ جەنابی موحەتەرەمتی تێدا نوسراوە. بەرێزم فەیسبوک گەورەترین مەجلیسی دنیایە، تۆی بەرێز نەک لە گەورەترین بەڵکو لە بچوکترین مەجلیسدا جڕت لێ ئەدەیت؟ ئەی خێرە دەستت بەم بێڕێزیکردنە ڕاهێناوە و زوو زوو بەکاریئەهێنیت؟
باقی وە سەلام