پیرۆزبایی چی لەشار ئەکەن‌؟!

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2020-11-15     799

پیرۆزبایی چی لە شار ئەکەن؟؟ پیاوانی کوردایەتی، کۆنەهەوارو ئاسەوارەکانی هەبونی شاریان هەمو کرد بە گەراجی تڕومبێلی بێ روح. شارتان ئێستا وێرانەیە، وەرن با من بۆتان باس بکەم، ئەوە گەڕەکی شێخانە، ماڵەکانی هەمو خاپورکراوە، ماوەیەکی تر سمێڵ رەشێک لەسەر خۆی تاپۆیان ئەکات. ئەرێ لەوێوە ناڕۆن بۆ بازاڕ و نایبینن؟ یان ئێوە ئێستا ئەهلی سوپەرمارکێتەکانن؟ ئەی چایخانەکانی شار بەسەرناکەنەوە یان ئێوە ئێستا کۆفی خۆرەوەی مۆکە مۆرو کافێ سندرێلان؟ ئەی ئەگەر ئەیبینن، چۆن ئەم کارەساتە دڵتان ئازار نادات؟؟

من هەر جارێک کە ئەگەڕێمەوە، بە قرچەی نیوەڕۆی هاوینان ئەم کۆڵانانە ئەگەڕێم و وێنەی ئەم ماڵوێرانی و خاپورکردنە ئەگرم، کە من لە گەرەکی شێخانم، ئێوە لە کوێن؟ لە بەردەم هەوای سپلیتی کافتریای کام خوێنڕێژی شارا دانیشتون؟ وەرن سەیری حەیامان بکەن چۆن تک تک ئەتکێت؟ پیرۆزبایی چی لە شار ئەکەن؟ برۆن حەیا و حورمەتی بۆ بێننەوە. برۆن یەخەی ‘بەکر عەلی‌ کوژەکان بگرن، برۆن پێیان بڵێن بۆچی ئاوا شارتان ئەتک کرد؟ ئێوە کێن و چ بەڵایەکن و لە کوێوە هاتونەتە سەر ئەم شارە، خۆ پێم وابێت لە نیوە زیاترتان کوردایەتی نەبوایە ئەم شارەی بەچاوی خۆی نەئەبینی. برۆن بۆ لای پارێزگارە درۆزن و هەڵەوەڕەکەتان، بڵێن لاوانەوەکانت ڕاگرە، دەمامکەکەت لابەرە، تازە ئێمە ئەزانین تۆ چ دەعبایەکی، وەرە سەیرێکی گەڕەکی شێخان بکە، بزانە چۆن کاول ئەکرێت، بزانە چۆن، هەموی ئەکرێت بە گەراجی سەیارە، یەک پەنجەرەش نامێنێت، گفتوگۆیەکی لێوە بکەین. 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×