ئەفغانیەکان چاوەڕێی کەس مەبن شەڕتان بۆ بکات‌و بەکۆمەڵ ڕامەکەنە دەرەوەی وڵات

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2021-08-14     1793
خەڵکی ئەفغانستان لە جیاتی ئەوەی دوای فاک و فیکی وڵاتانی رۆژئاوا بکەون و هەموو بیانەوێت هەڵبێن بۆ ئامریکا و فەرانسا و ئینگلیز بە قەولی خۆیان و لەو وڵاتانە بە دوای ژیانێکی صەناعی و بێ روحدا بگەڕێن، پێویستە هەر ئێستا لە کچ و کوڕەکانی خۆیان هێزێکی پاراستن دروست بکەن و شەڕی دژی بەربەریەتی تالیبان دەست پێبکەن. سوپا و عەسکەری مەشق پێکراوی ئەمریکا و بەریتانیا ناتوانن شەڕی ئەو وەحشانەی تالیبان بکەن.

ئەو ژنەی کە نایەوێت بکرێت بە کەنیزەکی پیاوی ڕیش درێژ و تورەکە بکرێتە بەری، با هەر ئێستا دەست بداتە چەک، هێشتا دەرفەت ماوە، با وەک ژنانی کۆبانێ بە هەلهەلە پیاوە شەهوەتبوزەکانی تاڵیبان ڕاوەدوونێن.

ئەو کوڕە گەنجەی دەیەوێت وەک بەشەر بژی و سەر و ڕیشی بتاشێت و خۆی نەکات بە شەیتان، با هەر ئێستا دەست بداتە تفەنگێک و لەگەڵ پیاوانی جەهلی تاڵیبان بکەوێتە شەڕ.

ئەو کچە گەنجەی کە چەندین ساڵە لە خوێندنگە دەخوێنێت، ئەو ژنە مامۆستایەی کە چەندین ساڵە لە خوێندنگە مامۆستایە، ئەو ژنە دکتۆرەی خەستەخانەکان، ئەو ژنە موهەندیسە، ئەو ژنە محامیە، ئەو ژنەی کە چەندین ساڵە ئازادە، ئەو پیاوەی کە پێی خۆشە کچەکەی خوێندەوار بێت، کە کوڕەکەی نەکەن بە سەماکەری پیاوانی تاڵیبان، ئەو دایکەی کە دەیەوێت مناڵەکانی وەک بەشەر بژین وەک بەشەر بمرن، ئەو پیاوە پیرەی دەیەوێت تەماشای تەلەفزیۆن بکات، گوێ لە گۆرانیە فۆلکلۆرە ئەفغانیەکان بگرێت….

هەموو ئەوانەی کە چەندین ساڵە وەک بەشەر دەژین، بەڵام پێشتریش چێژی کوللەمەرگی و کارەساتی تاڵیبانیان کردووە، با هەر ئێستا دەست بدەنە چەک و شەڕ بکەن دژی تاڵیبان، با هەموویان یەپەژە و یەپەگەیەک دروست بکەن، ئنجا ئەوسا دەتوانن بەر بە تاڵیبان بگرن، وەک چۆن ئەوان بەریان بە داعش گرت…

با بۆ یەک جاریش بێت، ئەفغانیەکان شەڕی خۆیان بکەن و چاوەڕێی کەس نەبن بۆیان بکات، با بە کۆمەڵ ڕانەکەنە دەرەوەی وڵات.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×