ماسک، لغاوی سیستم، یان ڕاستینەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا؟

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2020-07-28     629
ئەمرۆ نیە ئەو سیستمە جیهانیە خۆسەپێنە دامەزراوە، بەڵکو درێژبونەوەیەکی مێژویی هەیە کە هەندێک سەرەتاکەی بۆ سەرهەڵدانی دەوڵەتەشارەکانی سۆمەر دەگێڕنەوە. سیستم بەهەمو دامودەزگاکانیەوە لەخزمەتی خۆی و ئەربابەکانیدا دامەزراوە، ئامانجی مانەوە و بەدەستهێنانی سود و قازانجە بۆ خۆی و بۆ ئەو کەسانەشی سیستمەکە هەڵدەسوڕێنن. لەهەمان کاتدا سیستم پێویستی بەوەیە کە دەمەزەردی کۆیلەکانی بکاتەوە، واتە دەبێت جاروبار ئەپدەیتێک بەو مرۆڤانە بدات کە سوتەمەنی وەگەرخستن و بەردەوامی پێدانی ئەو سیستمەن. بە نمونەیەک مەبەستەکەم باشتر رون دەکەمەوە: ئەگەر سیستم وەکو مەکینەیەکی گەورەی بەرهەمهێنان تەماشا بکەین، ئەوا من وەکو تاکێک لە ناو ئەو سیستمەدا دەبمە تاکە برغویەک لە بەشێکی ئەو مەکینەیەدا. واتە مەرج نیە من ببمە بەشێکی گەورە و سەرەکی مەکینەکە، بەڵام هێشتا وەکو برغویەک من رۆڵێکی مەزن لە هەڵسوڕاندنی کۆی مەکینەکەدا دەبینم. بۆ بەرێکوپێکی کارکردنی برغویەک لە ناو ئەم مەکینەیەدا پێویستە لەلایەن ئەربابەکان و خاوەن مەکینە و دەزگاکەوە زوو زوو دەمەزەرد بکرێتەوە و گریس بکرێت و سەرلەنوێ بخرێتەوە جێگەکەی خۆی بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی لە هەڵسوڕاندنی مەکینەکەدا ببینێت. ئەگەر بێتو دەمەزەرد نەکرێتەوە، ئەوا پاش ماوەیەک برغوەکە لە کار دەکەوێت و لەگەڵ خۆشیدا مەکینەکە پەک دەخات و بەدواییدا بەرهەمهێنان بۆ خاوەن کار کۆتایی دێت. ئەمەش مەترسیدارترین دەرئەنجامە بۆ خاوەن کارەکان، بۆیە زۆر بە دەگمەن رێگە ئەدەن ئەم حاڵەتە ڕووبدات.


کەواتە ئەگەر سیستمی جیهانی کە هەمومان لە چوارچێوەکەیدا قەتیس کراوین، مەکینەی بەرهەمهێنانەکە بێت، ئەوا هەر یەکێک لە ئێمە لەناو ئەو مەکینەیەدا لەشێوەی بەشێک، پارچەیەک، یان برغویەکدا ڕۆڵی خۆمان بۆ وەگەڕخستن و بەردەوامیدان بەو سیستمە جیهانیە دەدەین. واتە ئەگەر ئێمە نەبین ئەو سیستمە ناتوانێت بە ئاسانی هەڵبسوڕێت، کەواتە ئێمە هەمو بەشێکین لە سیستم و یاریدەدەری هەڵسوڕاندنین. هەرچی سیستمیش بەسەر خۆی و بەسەر دەوروبەریدا دەیهێنێت هیچ کەسێک لە ئێمە لێی بەدەرنین و بەشی خۆمان تاوانمان بەردەکەوێت. لەهەمان کاتدا سیستم زوو زوو و ناوە ناوە دەمەزەردمان دەکاتەوە بۆ ئەوەی بمانخاتەوە جێگەکەی خۆمان لە ناو مەکینەکەی سیستمدا و بەردەوام بین لە خزمەتکردنی سیستم. دەمەزەردکردنەوەی ئێمە دەکرێت لە زۆر شێوە و فۆرمدا بێت، سادەترینیان دابین کردنی موچەیە، بڕینەوەی بیمەی بێکاریە، خزمەتگوزاری تەندروستی و سەلامەتیە، خویندنگە و زانکۆ و دامەزراوەی فیربونە کە بتوانێت ڕۆبۆتی نوێ بۆ سیستم بەرهەمبهێنێت، وە زۆر شتی تر کە بەگشتی بە خزمەتگوزاری هاوڵاتیان ناسراون. ئەگەر بێتو سیستم ئەم خزمەتگوزاریانە پێشکەش بە هاوڵاتیان نەکات، ئەوا ئەو هاوڵاتیە بەرێزانە زووتر لە خزمەتکردنی سیستم و دەزگاکەی پەکیان بکەوێت.

مەبەستمە بزانم کە سیستم هەرچەندە بەتەواوی دەستی ناوەتە بینەقاقای جیهان، بە مرۆڤ و بە هەمو زیندەوەر و بێ گیانەکانیشیەوە، کەچی هێشتا سەرقاڵی ملەقوتێ کردنە بۆ زیاتر و زیاتر ڕۆچونە ناو کرداری دەستبەسەراگرتن و کۆنترۆڵکردنی جیهان. سیستم پێی وایە کاتێک گەرەنتی مانەوەی هەتا هەتایی خۆیی دەدات، کە توانیبێتی هەمو جومگەکانی لاشەی گۆی زەوی بۆ خۆی و لەپێناوی قازانج و مانەوەی خۆییدا کۆنترۆڵ کردبێت. هەربۆیە کاتێک ئافاتێکی وەکو ڤایرۆسی کۆڕۆنا روودەدات، سیستم یەکەم و سەرەکیترین دەزگای زەبەلاحی جیهانیە بۆ وەڵامدانەوە و بەرپێگرتنی. هەرچەندە سیستم چاوەڕێی روودانی ئەم ئافاتەی نەدەکرد، بەڵام ئاشکرایە کە دەیزانی ئەگەری رودانی کارەساتەکە زۆر دوورنیە. هەر لەساڵانی سەرەتای دووهەزارەکاندا کاتێک ڤایرۆسەکانی سارس و مێرس بەدەرکەوتن ڕاهیبە زانستیەکانی زانکۆ و دامەزراوەکانی توێژینەوە زانستیەکان ئاگاداری ئەربابەکانی سیستمیان کردەوە کە ئافاتێکی گەورە بەڕێگەوەیە، نازانن کەی روودەدات، بەڵام ئەگەری رودانی زۆر زۆرە. کەچی سیستم و ئەربابەکانی ئەو ئاگادارییەیان فەرامۆشکرد. 

لەئێستادا کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە هەزارەها مرۆڤی کوشت و بەردەوامیشە لە کوشتنی زیاتریش، ماڵوێرانیەکی مەزنیشی بەسەر ئابوری جیهاندا هێناوە. بە شێوەیەک کە باس لە داروخانی سەرتاسەری بنەما ئابوریەکانی هەندێک لە وڵاتانی جیهان دەکرێت. بەنمونە لە وڵاتی بەریتانیا جاوەڕێ دەکرێت کە لە کۆتایی مانگی ١٠ی ئەمساڵدا بە ملیۆنان هاوڵاتی بێکارببن، لەهەمان کاتدا بە هەزارەها بارزگانی بچوک و گەورە هاڕە و ئیفلاس بکەن. سەرەڕای ئەوەی کە هەبونی ڤایرۆسەکە راستینەیەکی حاشا لێنەکراوە و وەکو باسیشمان کرد، سیستم زۆر بە باشی ئاگادار نەبو یاخود خۆی بۆ ئامادە نەکردبو، بەڵام هێشتا سیستم لە هەوڵدانی ئەوەدایە کە لە کارەسات و ئافات دەرئەنجامی ئەرێنی بۆ خۆی و بۆ ئەربابەکانی بەدەست بخات. بەنمونە بابەتی ماسک و داپۆشینی دەمولوت: لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و بڵاوبونەوەی، حکومەتی بەریتانیا و ڕاهیبە زانستیەکانی لە پێگەی باڵاترین پیاوی سیستمی تەندروستی و پزیشکیدا بە ئاشکرا و لەسەر تێڤیەکان دەیگوت کە ماسک و دەمولوت داپۆشین پێویست نیە و هیچ کاریگەرییەکی نیە بۆ بەدورگرتنی مرۆڤەکان لە توشبون بە ڤایرۆسەکە. ئەمە لەکاتێکدا بو کە بارودۆخەکە لە خاڵی هەرە مەترسیدارترینی خۆییدا بو، کەچی لەدوایی چەندین مانگ لە داخرانی سەرتاسەری و لەپەلوپۆخستنی ئابوری و لە کونجی ناوماڵ خستنی ملیۆنان مرۆڤ، تازە بە تازە حکومەتی بەریتانیا بە پرس و ڕا لەگەڵ ڕاوێژکارەکانیدا بریاری سەپاندنی ماسک و داپۆشینی دەمولوتی بەسەر هاوڵاتیانی بەریتانیادا سەپاند. لەکاتێکدا کە هێڵی تەشەنەسەندن و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە مل بەرەوخوارەوە و ڕۆژانەش زیاتر و زیاتر کەمتر دەبێتەوە. پێویستە ئێمە لێرەدا هەڵوێستەیەک بکەین و هەوڵ بدەین کە تێبگەین بۆچی دەزگایەکی زەبەلاحی سەرمایەداری وەکو بەریتانیا و ئەربابەکانی وا بەم شێوە غەریب و عەجیبە هەڵسوکەوت دەکەن.

لەسەر بنەمای بیردۆزی موئامەرە و وەکو هەمو هاوڵاتیەکی تر کە بەردەوام گومانی لە دەوڵەت و حکومەت و دامەزراوەکانی هەیە، هاوڕێیەک زۆر بەمتمانە بەخۆبونەوە وتی "ماسکێکی زۆر بەرهەمهێنراوە و دەیانەوێت بەسەر خەڵکیدا ساغی بکەنەوە، ئەگینا ئێستا کەی کاتی ماسک کردن و دەمولوت هەڵبەستنە". رەنگە لامان سەیربێت کە دەوڵەتی بەریتانیا خۆی بهێنێتە ئەو ئاستە نزمەی کە خەرمانی زێدە بەرهەمێنراوی ماسک بەسەر هاوڵاتیاندا ساغ بکاتەوە، بەڵام من دڵنیام کە سیستم بە کۆی دەزگاکانیەوە لەتواناییدایە کە لەو ئاستە و زیاتریش خۆی بهێنێتە خوارەوە بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی خۆی. کەچی من واز لەم مشوتمڕە دەهێنم و سەرنجی خۆم دەخەمە سەر یەکێکی تر لە ئامانجە گەورەکانی سیستم کە بریتیە لە بەردەوام کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەراگرتنی ژیانی مرۆڤ و ژیانی زیندەوارەکانی تر و گۆی زەوی بەگشتی.

لە رۆژی ئەمرۆماندا و یان بەدیاریکراوتر لەپێش ئافاتی کۆڕۆنا هەندێک، گروپێک، چەند دەستە و تاقمێک لە مرۆڤە سەرکێشەکان و ئازادەکان مابون کە سیستم نەیدەتوانی بەتەواوی دەستیان بەسەردابگرێت و کۆنترۆڵیان بکات، بەڵام بە بەکارهێنانی بیانوی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئێستادا سیستم توانیویەتی ئەو کۆمەڵە بچوکەش لە مرۆڤ بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە. ئێمە دەزانین کە سیستم لە قەیران قەیران دەخوڵقێنێت و لەئەنجامدا خواستە گڵاوەکانی خۆی بەدیدەهێنێت. لێرەشدا سیستم بیانوی کۆڕۆنا (هەرچەندە ڕاستینەیە و حاشای لێناکرێت) بەکاردەهێنێت بۆ نیشانەکردنی ئەو مرۆڤانەی کە هەتا ئێستا ملکەچی سیستم نەبون و ئەوانەشی کە وەکو ڕۆبۆتی سیستمیان لێهاتوە و بە پروپاگەندەکانی هەڵدەسوڕێن. سەپاندنی زۆرەملەی ماسک و داپۆشینی دەمولوت دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو دەستبەسەراگرتن و کۆنترۆڵکردن و نیشانەکردنەی مرۆڤەکان لەلایەن سیستمەوە. واتە سیستم ماسککردن وەکو لغاوێکی بەکاریگەر بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی دەستنیشانی بکات کێن ئەوانەی بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی خۆییدان و کێن ئەوانەی کە هیشتا لەدەرەوەی سیستم سەرقاڵی ژیانکردنن. واتە ئەگەر منتان بینی بە ماسکێکەوە، بزانن کە ئەوە لغاوی سیستمە کراوەتە دەمولوتم و من زۆر سەربەرزانە و بەخواستی خۆم تەسلیمی خواستی هەرە گەورەی سیستم بوم و چیتر ژیانی من لەدەستی خۆمدا نەماوە و ئازادیەک ئەگەر هەبوبێت ئێستا ئەوەشم لێ زەوت کراوە. 


بەکورتی و بە کوردی، ئەوەی کراوەتە دەمولوتی ئێمە، ماسکی خۆپاراستن لە کۆڕۆنا نیە، بەڵکو لغاوی سیستمە بۆ نیشانەکردنمان وەکو ڕۆبۆتێکی تەسلیم بو. ئافەرین سیستم بۆ خۆت و بۆ دەزگا و بۆ فرت و فێڵت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×