مامۆستا گەنجەکان دادەمەزرێن‌

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2021-08-18     494
فەرمانێکی نوێی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئاماژە بە دامەزراندنی ٣٣١ مامۆستا و مامۆستای یارییدەدەر لە زانکۆ حکومیەکان دەکات. هەڵبەت لای من جێگەی خۆشحاڵیە دەرفەت بە کۆمەڵێک مامۆستای گەنج و تازە دەرچوو دەدرێت خۆیان لە مەیدانی فێرکردندا تاقیبکەنەوە و هەوڵی دامەزراندیشیان لای وەزارەتەوە ڕێز دەگرم و دەستخۆشیان لێدەکەم.

دڵنیام زۆرینەی مامۆستایانی زانکۆکانی هەرێم لەگەڵ ئەم بڕیارەن و بە بریارێکی بەجێ و حەقی دەزانن، منیش بە هەمان شێوە پێی دڵخۆش بووم، چونکە پێم وایە هەموو کەسێک جا مامۆستا بێت یان نا، شایەنی ئەوەیە لە بوارەکەی خۆییدا کاربکات و لە هەمان کاتیشدا بژێوییەک بۆ خۆیی و کەسوکاری دەستەبەر بکات. هەڵبەت بە هۆکاری دانەمەزراندنی حکومی لە ئێستادا زۆربەی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان و لە ناویشیاندا مامۆستا تازە دەرچووەکان لە شوێنی تردا کە شیاو نیە بۆ پێگە و شارەزایی و بڕوانامەکانیان، کار دەکەن، ئەمەش بە دڵنییاییەوە مایەی دڵتەنگییە.

ئەوەی لای من جێگەی تێبینییە هەندێک لە مامۆستایانی زانکۆ، هەڵبەت ژمارەیەکی زۆر کەمیان، بەتایبەت ئەوانەیان خۆپەرست و چاوچنۆکن و تەنها بیر لە بەرژەوەندی خۆیان دەکەنەوە، بە لایانەوە گرنگ نیە ئاخۆ خەلکی تر پارووە نانێکیان دەست دەکەوێت یان نا، بەم بڕیارە تەنگەنەفەس بوون و کەتوونەتە تەعلیق دان و سەرکۆنەکردنی وەزارەت. جێگەی خۆیەتی لێرەدا باسی ئاستی تەماع و چاوچنۆکی ئەم جۆرە مامۆستایانە بکەین کە بە جۆرێکی لیهاتووە لە بەهای فێربوون و زانست دەرچووە، بگرە وەکو بازرگانێکی خوێندنی باڵا و توێژینەوەیان لێهاتووە و مانعیان نیە لە ساڵێکدا پەنجا خوێندکاری ماستەر و دکتۆرا وەربگرن. هەندێکیان بوون بە شەریکەبەشی مامۆستا تازەکان و وەک چەمەلەغ خۆیان بە یەک دانە خوێندکاری ماستەردا هەڵواسیوە کە ئەو مامۆستایانە بە هەزار دەردەسەری بۆیان جێبەجێکراوە. شایانی باسە، تەماعی ئەم بەرێزانە فڕیوە بۆ ئاسمان، بۆیە پێیان ناخۆشە وەزارەت یەک تاکە مامۆستای تر دامەزرێنێت، وەک بڵێی موچەکەیان لە گیرفانی ئەمان دەدرێتێ.

جێگەی دەستخۆشیە، زۆرینەی مامۆستایانی زانکۆ هەوڵ دەدەن لە فێرکردنی خوێندکارەکانیاندا زۆر سەرکەوتووبن و باشترین ڕێگە بەکاربهێنن، لە هەمان کاتیشدا ڕێزێکی تایبەتی خوێندکارەکانیان دەگرن. بەڵام گرنگیشە لە توێژینەوەی زانستیدا بەردەوامیان هەبێت و ساڵانە لانیکەم یەک پڕۆژەی نوێی توێژینەوەیان هەبێت. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسڕمانە، هەندێک مامۆستا ساڵانە بە دەیان خوێندکاری ماستەر و دوکتۆرایان وەکو قۆنتەرات قۆرخ کردووە، لە ڕاستیدا ئەم قۆرخکاریە تەنها یەک شتمان پێ دەڵێت ‘ئەم مامۆستایە بە هیچ شێوەیەک حەق نادات بە پرۆژەکە و بە خوێندکارەکە، ئاگاشی لە بەرەوپێش چوونی ئیشەکان نیە‌ چونکە ناکرێت مامۆستایەک بتوانێت سەرپەرشتی ئەم هەموو خوێندکاری ماستەر و دوکتۆرایە بکات و حەقی تەواویش بدات بە هەموویان، شتێکی ئاشکرایە کە ئەم کارە مەحاڵ و نەکردەیە. بۆیە زۆر بە ڕوونی دیارە ئەم مامۆستا بەرێزە هەرچەندیشە خۆی بە سەرکەوتوو دەربخات، یاخود بە سەرکەوتووش ببینرێت، بەڵام لە واقیعدا سەرکەوتنەکانی لەسەر حیسابی خەڵکی ترە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×