دەستخۆشی بۆ "مولازم تەحسین و شتی تریش"

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2023-08-05     516

یەکەمجارمە نووسینێکی فەرهاد پیرباڵ بخوێنمەوە. بە چەند کاتژمێرێک ڕۆمانی «مولازم تەحسین و شتی تریش» یم خوێندەوە.
بە کورتی، بەدڵم بوو. پڕواتا بوو. کۆمەڵێک پەیامی جدی و پێویست لە دووتوێی ١٣٤ لاپەڕەدا زۆر بەجوانی دەگەیەنێت. دەنگ و بۆچوونی نووسەر بە کەمترین شێوە دەردەکەوێت. واتە زۆر هاوسەنگانە لایەنەکان هەڵدەسەنگێنێت و بوار بە کارەکتەرە جیاوازەکان دەدات دەربکەون و بۆچوونی خۆیان هەبێت. تەکنیکی گێڕانەوەی چێژبەخشە، ڕوونە و ڕاستەوخۆ دەیپێکێت، بێئەوەی وشەی زیادە بەکاربهێنێت. واتە کورت و پوخت و ڕاستەوخۆیە.

پەیامی هەرەگرنگی ڕۆمانەکە: ژنێک دەبێت بە قوربانی ململانێی نێوان دوو نیزام، نیزامێک لە شاخ، یەکێکی تر لە شار. هەردووکیشیان خۆسەپێنی و کەڵەگایەتی نەبێت، هیچی تریان ناوێت. هەردووکیان سوودی نەرێنی لە دڵسافی و سۆزداری، بگرە ساویلکەیی ژنێکی جوان وەردەگرن و هەردووکیان بۆ مەرامی تایبەت، بگرە گڵاوی خۆیشیان بەکاریدەهێنن. دواجار ژنە بەهەر کلۆجێک بووە دەیەوێت شوو بکات و ناوی خۆی لە شاردا پاک بکاتەوە و لەژێر باری گرانی کۆمەڵگە بێتە دەرەوە.
نووسەر زۆر بەجوانی وێنای ئەم ژنە و بەقوربانیکردنی لە کۆمەڵگەی ناو شاری سلێمانیدا کردووە. لەگەڵ ئەوەی فەرهاد پیرباڵ خەڵکی سلێمانی نییە، بەڵام توانیوویەتی خۆی لە ململانێی شارچێتی بپارێزێت و بگرە زۆریش شارەزا و لێزان دەردەکەوێت. خوێنەر گەر پیرباڵ نەناسێت، نازانێت کە خەڵکی سلێمانی نییە. 

زمان و ڕێنووس و خاڵبەندیش لە کۆی ڕۆمانەکەدا ڕێکوپێک و گونجاوە. خوێنەر بێزار ناکات. تەنها ڕەخنەیەک کە هەمبێت: ستراکچەر (پێکهاتەی)ی ڕۆمانەکە کەمێک ئاڵۆزە. خوێنەر دەبێت ڕاستەوخۆ بە شێوەیەکی ئاسۆیی بەشی یەکی ژیانی ڕۆژانەی ئەختەر بخوێنێتەوە، پاشان بگەرێتەوە بۆ بەشی دوو. دەکرا بە شێوە تەقلیدییەکە (شاقوڵی) بنووسرایە. گەلێک ئاسانتر دەبوو بۆ خوێندنەوە.
ڕۆمانەکە، یاخود ڕەنگە نۆڤلێت گونجاوتر بێت، کورتە، بەڵام خۆ پەیامەکان بەجوانی دەگەن. پاشان کێ بڕیاری داوە ڕۆمان هەزار لاپەڕە بێت؟ هەرچەندە لە زۆر جێگەدا هەستم دەکرد جارێ کاتی ئەوەنییە بڕۆم؛ پێمخۆش دەبوو زیاتر بمێنمەوە و زیاتر ڕۆبچمە ناو ڕووداوەکان و گێڕانەوەکان. خۆزگە ئەوەیشی بکردایە، کەمێک زیاتر وەسفی گەڕەکەکان، شەقامەکان و ڕووداوەکانی بکردایە. دواجار ڕۆمانەکە دەبێت بە مێژوویەک. بەپێی تەمەن ڕەنگە من شتێک لەبارەی کات و شوێنی ڕووداوەکان بزانم، بەڵام نەوەی نوێمان ڕەنگە ئەو شارەزاییەی نەبێت.

وەکوو خوێنەر هیچ پەیوەندییەکم بە ئینتما، لایەنگری، حەزوئارەزوو و بۆچوونە تایبەتییەکانی نووسەرەوە نییە. بۆ ئەوانە ڕەنگە قسەیەکی ترم هەبێت، بەڵام بۆ ئەم ڕۆمانەی، دەستخۆشی لە فەرهاد پیرباڵ دەکەم.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×