بچین بۆ دەنگدان یان نەچین بۆ دەنگدان؟؟‌

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2021-10-09     554
بەشداری هەڵبژاردن و دەنگدان و هتد بابەتگەلێکن ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە خواست و بژاردەی تایبەتی کەسەکەوە هەیە، دەنگدان وەکو زۆرینەی بابەتە شەخصییەکان مافێکی تاکە. ئەوەی لێرەدا گرینگە بیزانین ئەوەیە کە دەنگدەر بزانێت بۆچی دەنگەکەی بەکاردەهێنێت نەوەکو بۆ کێ بەکاریدەهێنێت.

تێبینی بکەن، ووردە ووردە لە جیهاندا ڕاستیەک ئاشکرا دەبێت، دەنگدان و هەڵبژاردنی سیاسی باو چیتر ناتوانێت بارودۆخە نەخوازراوەکان بگۆڕێت. سەرەڕای ئەوەش، تەنها کوردستان و عێراق نیە هەڵبژاردنێکی ساغڵەمی تێدا ئەنجام نادرێت، بەڵکو زۆرینەی کۆمەڵگەکانی وڵاتانی جیهان بە دەست ساختەکاری، زۆرلێکردن، چاوبەست و درۆ-بۆ-هەڵخەڵەتاندنی دەنگدەرەوە دەناڵێنن. لەوەش زیاتر، ئەو پرۆسەیەیی پێی دەوترێت “دیموکراسی بە نوێنەرایەتی” (واتە هەڵبژاردنی نوێنەر بۆ پەرلەمان یاخود ئەنجومەنێکی گشتی) بێکاریگەرە و دەنگدەر هەتا ئەو کاتە دەتوانێت حیساب لە دەنگپێدراو بخوازێت کە هێشتا دەنگەکەی پێنەداوە. هەڵبەت هەر ئەو ساتەی مۆرەکەت بۆ کرد و دەنگەکەی خۆت و متمانەت بەو نوێنەرە دڵخوازەی خۆت بەخشی، ئیتر مێزەکە دەسوڕێت، تۆ لە کەسێکی حیساب بۆ کراوەوە دەگۆڕێیت بۆ مرۆڤێکی یارییپێکراو و خەڵەتێنراو و دەستپێگەرمکراوە. ئەم ڕاستییە پەیوەست نیە بە شوێن و وڵاتێکی تایبەت، بەڵکو لە هەموو جیهاندا کە سیستمی “دیموکراسی بە نوێنەرایەتی” بەکاردەهێنن مەسەلەکە وەسایە!

من ئامۆژگاری کەس ناکەم کە بەشداری دەنگدان بکات یان نا، چونکە بە سروشتی خۆم حەز ناکەم کەس ئامۆژگارییم بکات، هەر بۆیەش هەرگیز ئامۆژگاری کەسی تر ناکەم، بەڵام تەنها دەپرسم: کە دەخوازی بچیت بۆ دەنگدان و دەنگەکەی خۆت وەکو سەرەتاترین مافی تاکەکەسییت بخەیتەگەڕ، ئایا دەزانی لە نێو ئەو سیستمەی هەیە تۆ وەکو ئامڕازێک بەکاردەهێنرێیت و هیچی تر؟ ئایا دەزانی هەر ئەو ساتەی دەنگەکەت بەخشی و لە دەرگای بنکەی دەنگدانەکە هاتیتە دەرەوە، تۆ مرۆڤێکی گێل و خەڵەتێنراو و دەستی دەستی پێکراویت؟ مەگەر بە پێچەوانەوە کۆی پرۆسەکە لە خزمەتی بەرژەوەندییە شەخصییەکانی خۆتدا بێت و بەرێزیشت لە خەرمانی دزی و مافیایی و زوڵم و زۆرکردندا خۆت گەوزاندبێت. ئەگەر ئەوەی دووەمە، ئەوە بڕۆ دەنگدەری زاڵم و بێویژدان و مافیا خۆتی، ئەگەر نا، دەنگدەر بزانە، ئامان بزانە، هەموویان وەک یەک مافیا و دز و شەلاتیین، هەر ئەوەیە یەکێکیان لە ئەویتریان کەمترە.



وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×