د. کەریم شەریف قەرەچەتانی ئەکادیمیستی زانکۆییە یان مەلا و واعظ و خەطیب؟

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2020-08-05     2924

لەم رۆژانەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی یلاوبۆتەوە کە پێم وابێت چاوپێکەوتنێکی د. کەریم قەرەچەتانیە لەگەڵ ڕادیۆی کوردستان ٢٤، د. کەریم هەندێک گفتوگۆی بێ بنەما و نازانستیانەی تێدا دەکات. لەو چاوپێکەوتنەدا د. کەریم دەڵێت گوایە کەسێک تەلەفۆنی بۆ کردوە و پێی وتوە کە دیاردەی ژن گۆڕینەوە لە کوردستاندا بڵاوبۆتەوە. لەم کاتەدا بێژەری ڕادیۆکەدا دەڵێت 'ئەمە لە سلێمانی؟' کە هەرچەندە د. کەریم ڕاستەوخۆ وەڵامی دەداتەوە کە مەرج نیە لە سلێمانی بێت بەڵکو لە شوێنێکی ئەم کوردستانەدایە، بەڵام ئاماژەی بێژەرەکە گرنگیەکی خۆی هەیە، چونکە هەرچەندە تازە بە تازە د. کەریم فێربوە، مل بەرەو ئەولا دەنێت و خوطبە و وەعڤەکانی دەبات بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکانی زۆنی زەرد، بەڵام زۆربەی کات ئەم تەنها لە زۆنی سەوز و بە تایبەت لە شاری سلێمانی گوێی لێگیراوە و چیرۆکە بێشومارەکانیشی هەمیشە لە بازنەی ئەم ناوچەیەدا سوڕاونەتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ڕاستە ئەم دیاردەیە لە شاری سلێمانیدا بڵاوبۆتەوە، یاخود د. کەریم بێ ئەوەی پێی بزانێت وەکو مقاشێک بەکارهێنراوە بۆ لێدان لە هەیبەتی خەڵکی سلێمانی؟
جگە لەوەی لەسەرەوە باسم کردوە کە گرنگی خۆی هەیە، بەڵام من پێم خۆشە زیاتر گفتوگۆکەم لەسەر زانستیبون و نازانستی بونی قسەکانی د. کەریم چڕ بکەمەوە. دەپرسم ئایا ئەم قسەیە و زۆربەی قسەکانی د. کەریم چەندیان زانستین و پشت دەبەستن بە داتا و ئامارێک کە لە توێژینەوەیەکی زانستی سەربەخۆ و تۆکمەدا هاتوە؟ کاتێک د. کەریم قسەی ناو تەلەفۆنی کەسێکمان بۆ دەهێنێت و لەسەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن دوبارەی دەکاتەوە، تا چەند کەسێتی خۆی لە چوارچێوە ئەکادیمیە زانکۆییەکەدا لادەدات و نزیک دەبێتەوە لەوەی ببێتە مەلایەکی واعظ و خەطیب؟
هەرچەندە نە د. کەریم و نە ئەو کەسەی تەلەفۆنەکەی کردوە هیچ بەڵگەیەکیان لانیە کە لەپشت گومانکردنەوە بیسەلمێنێت کە دیاردەی ژن گۆڕینەوە لە کوردستاندا بڵابۆتەوە، لەهەمان کاتدا د. کەریم خۆی باش دەزانێت کە کارێکی نازانستی دەکات و خۆی لە قوڕولیتەیەکی خەستی بالۆرە و قسەی دەماودەمەوە وەردەدات. چونکە ئەوەی د. کەریم دەیڵێت وەکو ئەم قسەیەی من وایە کە بڵێم، خەڵکی سلێمانی هەمو خەریکە لەبرسا دەمرن، هەرچەندە هەتا ئێستا ئامار و داتایەکی وام لەبەردەستدا نیە کە ڕاستی قسەکەم بسەلمێنێت، بەڵام با بڵێین کەسێک تەلەفۆنی بۆ کردوم و وتویەتی خەڵکی سلێمانیم و وا خەریکە خۆم و ماڵومنداڵەکەم لەبرسا دەمرین. بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستیە کەم ناکاتەوە کە ئەمە قسەی تەنها کەسێکە و مەرجیش نیە ئەسڵ و ئەساسی هەبێت. د. کەریمیش بەهەمان پێوەر دەکەوێتە ناو هەڵەیەکی زۆر گەورەوە و لە رێگەی خۆیەوە، ڕێگەی پشێوی و بێ متمانەیی و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی خۆش دەکات و کارێک دەکات کە هاوڵاتیان ترس و بیم بچێتە دڵیانەوە و لەهەمان کاتیشدا خۆی بەرامبەر بە لێپرسینەوەی یاسایی دەبینێتەوە.
ئەمەی د. کەریم و هەندێک مەلا و واعظ و خەطیب دەیکەن ئەگەر ئامانجیشیان لێی ئەوە نەبێت بەڵام ئۆتۆماتیکی دەچێتە قاڵبی زەرە و زیان گەیاندن بە کۆمەڵگە و خێزان و تاکی کورد بە تایبەت ژنان. چونکە لە کاتێکدا ئەم کەسانە ئەم جۆرە بالۆرە و دیعایانە بڵاودەکەنەوە، کارێکی وا دەکەن کە فشاری خێزانەکان لەسەر مێینەکانیان ئەوەندەی تر زیاتر بێت و ئەوەندەی تر ژن و کچ و خوشک و دایک و کەسیان لە کونجی ماڵەوە زیندانی بکەن و یان لە هەموی خراپتر ئەگەر ڕێگەی چونە دەرەوە و کارکردن و هاتوچۆشیان پێ بدەن، خێرا سەرو لەچک بکەنە سەریان و ئیتر ئەوەندەی تر کوردستان بەرەو لێواری کارەسات ببەن. پێش ئەوەئ هەر بەرێزێک خۆی سەغڵەت بکات و بکەوێتە بێنەوبەردە لەگەڵمدا، بەڵێ من لەچک کردنی مێینەکان بە کارەساتی کۆمەڵایەتی دەزانم، هەرچەندە کارم بەسەر کەسەوەنیە و ئەو کەسانەشی لە منەوە نزیکن دەزانن کە رێزی هەمو کەسێک بەپێی ئاساتی خۆی دەگرم و بۆم گرنگە نیە چی لەبەر دەکات و دەپۆشێت، بەڵام هیچ کات لەگەڵ کارەساتی لەچکردندا یەکناگرمەوە.
رەنگە چ د. کەریم و چ ئەو برادەرەی تەلەفۆنەکەی کردوە و چ یەکێک لە ئێوەی بەرێز بڵێن بەڵێ وایە و ئێمە ئاگاداری حاڵەتێک یان دوان یان سیانین لە گۆڕینەوەی ژن لە کوردستاندا، منیش لە وەڵامدا پێتان دەڵێم ئەگەر واشبێت، ئەوە دیاردە نیە و حاڵەتی زۆر شازە و پێویست ناکات د. کەریم دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بۆ دروست بکات، چونکە من منداڵ بوم بیرم دێت لە سلێمانی ناوی هەندێک گەرەکیان دەهێنا کە گوایە ژنەکانیان دەگۆڕنەوە. هەر لەبەرئەوەی ئەو گەڕەکانە لە گەڕەکەکانی ئێمە کەمتر شەعبیتر بون و خەڵکی خوێندەوار و ڕۆشنبیرییان تێدا دەژیان. بەڵام هێشتا ئەمە ناکاتە ئەوەی کە ئێمە دەست بکەین بە بڵاوەپێکردنی ئەم ترس و بیمە کۆمەڵایەتیە.
دەپرسم کە کۆمەڵگە بە هەزارەها کێشەی تری کۆمەڵایەتی هەیە کە بەرۆکیان بە توندی گرتوە، بۆچی د. کەریم و تیمێکی پسپۆڕی خۆی توێژینەوەی زانستی تۆکمە لەسەر ئەو کێشانە ناکەن و خۆیان دورناخەنەوە لە بەیت و بالۆرە و قسەوقسەڵۆک و وەعظ و نەسیحەتکردنی خەڵکی؟ با هیچ نەبێت کورد لە دەست مەلایەک، خەطیبێک، واعڤێکی بێ زانست رزگاری ببێت.


تێبینی:
من وەکو خۆم هیج شتێکی شەخسیم لەگەڵ د. کەریم نیە، ساڵی ٢٠١٣ لە زانکۆی سلێمانی مامۆستامان بو کاتێک ئێمە خەریکی بروانامەی ڕێگەکانی وانەوتنەوە "طروق تدریس' بوین. ماڵی ئاوابێت بە دەرەجەی ئیمتیاز و شتی وا منی دەرچاند. دوای ٢ ساڵ کە گەڕامەوە بەریتانیا و چومە دەورەی بون بە مامۆستای ئامادەیی، چونکە لە سیڤیەکەمدا خۆم هەڵفشاندبو کە من لە ئێراق مامۆستابوم و دەورەم خویندوە، وایان دەزانی بلیمەتم، کەچی دوای ١٠ رۆژ بۆیان دەرکەوت سەر لەمەسەلەی مامۆستایەتی دەرناکەم و منیش هەر بە ڕێچکە کلاسیکیەکەدا کراوم بە واعظ و خەطیب، ئیتر وتیان حەپولکی خاڵە فشە، لەسەری ساڵانەوە دەست پێ بکەرەوە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×