‘تەنها بۆ دار نا، بۆ ناعەدالەتی دێمە شەقام
د. شوان عەبدوڵا حەمەد
2021-06-07   471
رەنگە مرۆڤ هەبێت پێی وابێت ژیانی خۆی و هاونەوعەکانی زۆر لە ژیانی دار و درەخت و چیا و چۆڵێک گرنگترە. ئاساییە چونکە مرۆڤ دروستبویەکی بەرئەنجامی هەڵبژاردنی سروشتیە و بەپێی لێکدانەوە زانستیەکانی داروین غەریزەیەکی خۆپەرستیانەی ئاژەڵی تێدایە، هەروەک شێر و پڵنگ و پشیلە و مەڕ و ماڵات، هەموی شینەکە بۆ خۆیان ئەکەن. بەبەرچاوی مرۆڤەوە بەم رۆژگارە ئاژەڵی بێزمان قەگڵ و عام ئەکرێت، بەرخۆلە لەبەری دایکی هەڵەگرین و ملی لێئەکەینەوە و دوای نیو سەعات ئەیکەین بە شیشا، ئەڵێین گۆشتەکەی ئێژی مەلهەمە ئەوەندە ناسکونەرم بو. بیر ناکەینەوە ئەمە مناڵی نەوعێکی ترە لە روحلەبەر، گرنگ ئەوەیە سکی خۆمان تیربێت. لەولاوە رۆژانە بەهەزارەها دارو درەخت ئەکەین بە قوربانی خواستەکانی خۆمان، ئاگریان پێئەکەینەوە، کاغەزیان لێ دروست ئەکەین و ئەیانبڕینەوە و ئەیانکەین بە پرد بۆ پەڕینەوەی خۆمان، بۆ کەپر بۆ سەر سەرمان و هتد… تەحەدا ئەکەم کەسێکمان زۆر بەجدی بیر لەم ماڵوێرانیە بکاتەوە، بە خۆشمەوە…
ئەم قسانەم بۆ ئەوەکرد کە پێم نەیەژن کابرا دژی ژینگە و دژی دار و درەخت و رەز و باخە. نااااا باوەرم وایە کە کەم شتێکی صەناعی ئەم دنیا صەناعیە هەیە بەئەندازەی شنەی ژێر شۆڕەبیەک دڵخۆشم بکات، شتێکی وایتر نیە لە ئاودانی بڕێک هەنجیر و هەنار ئاسودەترم بکات، بەڵام ئازیزم لەم وڵاتەی ئێمە رۆژانە مرۆڤ بە دەرزەن ئەکوژرێت، خەڵک برسی و رووت و ڕەجاڵە ئەکرێت، موچە بە چکە چکەش نادرێت، سەرەتاترین مافە مرۆییەکان پێشێل ئەکرێت، بە ئاشکرا خەڵک ئەتک ئەکرێت، شەرەف و کەرامەتی ئەکرێت بە قوربانی تیکەیەک نان بۆ مناڵە نەخۆشەکەی، بۆ پاکەتێک حەب، بۆ شۆربایەکی گەرم. لەو بازاڕە جەستە بۆگەن بوە لە چڵک و چەپەڵی بێ ئاویی و بێ لانەیی، ژیان وا تەسک کراوتەوە خەریکە لە پێستی خۆی دێتە دەرێ. لەولاشەوە چینی باڵادەست و خواپێداوەکان هەر باس ناکرێن کە لە چ ناز و نیعمەتێکدا ئەژین، کەواتە وڵات خۆی هەروا وێران نیە، بەڵکو وێران کراوە و بێ وادە رۆژی قیامەت هێنراوە و جەهەنەمی خەڵکی هەژار و نەدار و بێ دەست و نوقسان جۆشدراوە.
ئنجا سەرەڕای ئەم هەمو ماڵوێرانی و ئەتکردن و قوربەسەریە، جەنابت هاتوی داوام لێئەکەیت بەشداری خۆپیشاندان بکەم دژی داربڕینەوەی تورکی رەگەزپەرست؟؟ ئەیییی باشە تێمگەیەنە، ئەم ئیعترازە بۆ داربڕینەوەکەیە یان لەبەرئەوەیە کە تورک ئەیانبڕێتەوە؟ قەینا خۆمان کاولی بکەین؟ قەینا خۆمان بەم رۆژگارە پوش و پاوان بسوتێنین؟ ئەرز و ئاو و کانیاو کوێر بکەینەوە؟ ئەوەی خۆمان ئاساییە بەڵام ئەگەر تورک بیکا کفرە؟؟ من ئەمە بە دوو فاقی ئەبینم، ئەگەر تۆ دۆستی ژینگەیت و ئەتەوێ ژینگەپارێزی و دارپارێزی و وڵاتپارێزی بکەیت؟ وەرە من نیشانت ئەدەم لەکوێ ژینگە و ژن و دار و درەختمان رۆژانە ئەتک ئەکرێت، وەرە با پێکەوە نەک تەنها بۆ دارودرەخت، وەرە با لە دژی ئەم بێ ویژدانیە، ئەم بێ ئەخلاقیە، ئەم ئەتکردنە، ئەم کاولکاری و برسیکردن و دزی و تاڵان و بڕۆیە، ئەم فەساد و بەلاڕێدا بردنە پێکەوە شەڕبکەین، نەک تەنها بۆ دار، بەڵکو بۆ داراش، نەک تەنها بۆ درەخت بەڵکو بۆ سەیران و بۆ شەونم و بۆ ژیان، بۆ کەرامەت، بۆ نان، بۆ سەربەرزی، بۆ یەکتر قبوڵکردن، بۆ ئاشتی، بۆ هەزارەها جوانی تر، بۆ هەزارەها برینی تر، بۆ هەزارەها بۆی تر. وەرە با من لە پێشتانەوە بم، کە گوللە هات با لەپێشدا بەر سنگی من بکەوێت، کە تەور باری با لەپێشدا بەر سەری من بکەوێت، کە بەرق هات با لە پێشدا من دوو کەرت بکات، بەڵام ئەم دوو فاقی و دوو مەگڵەبی و بانێکە و دوو هەواییە بە من مەکە، مەمکە بە کۆنەشوعیەکان کە لە مۆسکۆ باران دەباری لە سلێمانی چەتریان هەڵەدا، مەمکە بە دوو کەرتەوە، کەرتەکەی بن دەستی خۆم فەرامۆش و بۆ کەرتەکەی غەزە و کەرتەکەی ئامەد و عەفرین مەمبرژێنە…
تۆ ئەگەر بتوانی بۆ درەخت و دار خۆپیشاندانێک بکەیت، بۆ داگیرکاری دوان، بۆ شەهیدکردنی کچ و کوڕەکانمان سیان، بۆ عەفرینی قیبلەی کوردان چوار، دڵنیام ئەشتوانی بۆ ئەم برسیکردن و ڕاو و ڕووت کردنەی سلێمانیش یەک جار، زۆر نااااا تەنها یەک جار بێیتە شەقام، ئەگەر نایەیت، ئەیی بۆ؟ مەگەر تۆ دژی ناعەدالەتی نیت؟ ئەگەر دوێنێ تۆ بۆ بڕینەوەی دارەکان لەسەر شەقام بوبیت، ئەوا من پێرێ و رۆژی پێشوتریش بەفیعلی دەیەها دار و مێوم لە خنکان و مردن رزگار کرد، بەدەست و پەنجەی خۆم ئاوم بە سۆندە بردە سەریان، شەیاتەم هەن، با پێم نەڵێی کابرا دژی دارو درەخت و سەوزە و ژیانە، من دژی هەرچی دڵرەشیە هەم، بەڵام وەرن با جیاوازی نەکەین، من ئەگەر لە تەنیشتما مناڵ و ژن ئەتک بکرێن نقەم لێوە نەیەت، پێتوایە چیم دەسەڵاتە بۆ سورەچنارێکی مەتینا و ئاڤاشین بیکەم؟!