پەیڤێک لە بارەی کتێبی لە بری بیرەوەری مەلا بەختیار

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2020-10-11     1122

لەگەڵ بڵاوکردنەوەی کتێبی " لە بری بیرەوەری" مەلا بەختیار، هەرایەکی گەورەی ئیعلامی هەموو هەرێمی کوردستانی گرتەوە، هیچ کاتێک هێندەی ئەمجارە هەستم بە ترسناکی ئەو دەنگە نەشازە نەکردووە، کە هەڵگری تۆنێکی فاشیستی و توندڕەویی ترسناکە. من دەڵێم ترسناک چونکە ئەمە ترسێکی گەورەی خستۆتە ناو مەیدانی رۆشنبیری ئەم هەرێمەوە، هیچ کەسێک نەوێرێت بچووکترین رەخنە لە سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان بگرێت، یەکسەر هەواداران بەمشێوە ترسناکە پەلاماری لایەنی بەرامبەر بددەن، لە کاتێکدا یەکێک لە خاڵە جوانەکانی زۆنی سەوز، بوونی ئەم ئازادییەیە کە هەیە، گەر ئەم ئازادییە لە سلێمانیدا هەیە نەمێنێت، ئەوا هەرچی جوانیی هەیە نامێنێت، لەکاتێکیشدا کە گۆڕان گەورەترین سوودمەندبوون لەم هەوا ئازادەی کە لەم زۆنەدا هەیە.
ئەو هەرا ناشیرین و ترسناکە، وایلێکردم کە بە دوای ئەم کتێبەدا بگەڕێم و بیخوێنمەوە و دواتریش هەندێک سەرنج و تێبینی خۆم بنووسم.


یەکەمجار نییە

پێش هەمووشتێک ئەمە یەکەمجار نییە نووسەران و پێشمەرگە و سەرانی جووڵانەوەی کورد لە باشووری کوردستاندا، رەخنە لە شێواز و سیاسەت و مامەڵەکردنی ئەم جوڵانەوەیە دەگرن، لێ ئەمە هیچ لە مەزنیی و رەوایەتی ئەو جوڵانەوەیە کەم ناکاتەوە، بگرە من ئەوە بە کارێکی باشی دەبینم تاوەکو بتوانین بە چاوێکی رەخنەگرانەوە بۆ مێژوومان بڕوانین، چونکە گەر واناکەین، چاومان بە هەڵەکانی خۆمان ناکەوێت و ناشتوانین رێگای راست و دروست بۆ کێشەکان بدۆزینەوە.
30 ساڵ زیاترە کە یەکەمجار هەر لە شاخ عەلی بچکۆل، رەخنەی لە کارو هەڵسووکەوتی پێشمەرگە گرت و بڵاویکردەوە، بەداخەوە هەر زوو فەرمانی کوشتنی لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە بۆ دەرچوو. ئەویش ناچار کوردستان و ئێرانی بەجێهێشتوو روویکردە پاکستان. پاشئەویش شەهید رێباز لە کتێبی " قەندیل بەغدای هەژاند" رەخنەی توندی گرتووە، دواتریش "پشکۆ نەجمەدین، هەڤاڵ کوێستانی، مامۆستا جەعفەر، برایم جەلال، ئاوات قارەمانی، سەید کاکە، سالار رەشید، حەمەی حاجی مەحمود" چەند کەسێکی تریش رەخنەی توندیان ئاڕاستەی سیاسەتی شاخی کۆمەڵە و یەکێتی کردووە. کاک بەختیاریش مافی خۆیەتی هەم بیرەوەرییەکانی بنووسێتەوە، هەمیش بەرگری لەخۆی بکات، بەرامبەر بەو تۆمەت و تاوانانەی کە ئاڕاستەیان کردووە. تەنانەت لەناو دادگای دیکتاتۆرەکانیشدا گەر بە رەمزیش بێت، تاوانبار مافی داکۆکیکردن لەخۆی هەیە.
لەلایەکی ترەوە ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا روو دەدات، درێژەدانە بە هەمان سیاسەتی سەردەمی شاخ و بەرەنگاری، ئەوانەی لە شاخ بوون " فریشتە" نەبوون بگرە ئەوانیش هەمان ئەو کەسانەن کە ماوەی سی ساڵە حوکمی ئەم هەرێمە دەکەن.


گرنگی بیرەوەری

لە ناو گەلانی پێشکەوتودا بیرەوەری رۆڵی گرنگی لە رووی مێژووییی و فەرهەنگی و رۆشنبیریشەوە هەیە. بیرەوەری سەرکردەکان، دەبێتە کتێبێکی سپی، بۆئەوەی خاڵە لاوازەکان دیاری بکرێت و جارێکی تر ئەو هەڵانە نەکرێتەوە کە کراون. لەرووی ئەدەبیشەوە بیرەوەری بە ژانرێکی گرنگی ئەدەبیاتی جیهان دادەنرێت. کەسێکی وەکو ویسنتۆن چرچل سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا ، لەبەر بیرەوەرییەکانی ساڵی 1953 خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاداب وەرگرتووە. بەڵام بەداخەوە بیرەوەری لە هەرێمی کوردستاندا، هێندە خراپ کراوە، لەجیاتی ئەوەی خزمەتی لایەنی مێژوویی و فەرهەنگیمان بکات، زەرەری پێگەیاندووە.

مەلا بەختیار و مێژووی یەکێتی و کۆمەڵە
مەلا بەختیار یەکێکە لە سەرکردە دیار و دێرینەکانی یەکێتی، ئەو هەر لەسەرەتای خەباتی نهێنی و پاشانیش چەکداری، رۆڵی بەرچاوی هەبووە. لەپاش دەستگیرکردنی خاڵە شەهاب و هاوڕێکانی، لەگەڵ شەهید ئارام و چەند تێکۆشەرێکی تر، رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، لە دروستکردنی کۆمیتەی هەرێمەکان و رزگارکردنی یەکێتی و کۆمەڵە لە ناوچوون.پاشانیش لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی تری، هەستیان کردووە، کە کۆمەڵە و یەکێتی لە بنەما فکریی و سیاسییەکانی خۆی دوورکەوتۆتەوە، هەربۆیە بڕیاری دروستکردنی رێکخراوی ئاڵای شۆڕشیان داوە، ئەمەش لەو کاتەدا لەلایەن سەرانی یەکێتییەوە بە خیانەت دانراوە، هەربۆیە سزای توندیان بەسەردا سەپاندوون.
مەلابەختیار ئاگاداری وردەکاری سیاسەتەکانی یەکێتی بووە، هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە تاوەکو ئەمڕۆ. ئەمەش یارمەتی زۆریداوە، تاوەکو بتوانێت کتێبەکەی دەوڵەمەند بکات. نووسەر لەم کتێبەیدا هاتووە، باسێکی وردو درێژی چۆنێتی دروستکردنی کۆمیتەی هەرێمەکان و رەوشی گشتی کۆمەڵە و یەکێتی لە پاش هەرەس و دەستگیرکردنی خاڵە شەهاب و هاورێکانی و چۆنێتی دروستکردنی مەفرەزە سەرەتاییەکان کردووە. لە پەنا ئەمەشدا باسی لایەنی فکری و سیاسی و لە هەمووشی گرنگتر، سایکۆلۆژیی و کۆمەڵایەتی ئەو کەس و لایەنانە کردووە، کە لەم بزووتنەوە جەماوەریەدا بەشداربوون. ئەمەش لایەنێکی جوان و گرنگە چونکە پێشتر هیچ نووسەرێکی تر باسی ئەم لایەنەی نەکردووە.
لە هەمانکاتیشدا ئەم کتێبە پانۆرامایەکە بە سەر رووداوە گرنگ و حەساس و گەورەکانی خەباتی چەکداری لە کوردستانی عیراق، لەوانە: ' سەرەتاکانی خەباتی چەکداری و کێشە تەکنیکی و سەربازییەکانی، خلافاتە فکریی و سیاسییەکانی ناو کۆمەڵە و یەکێتی، چۆنێتی دورستکردنی یەکێتی، خلافاتی بزووتنەوەو کۆمەڵە، کارەساتی هەکاری و کاریگەرییە خراپ و گەورەکانی، جەنگی عیراق و ئێران، شێوازی ئیدارەدانی خەبات لەناو کۆمەڵە و یەکێتی بەتایبەتی لەسایەی نەوشیروان و مام جەلال دا، خاڵە باش و خراپەکانی ئەم دوو سەرکردەیە. هەڵە و زۆرجاریش تاوانەکانی پێشمەرگەی یەکێتی، چۆنێتی رزگارکردنی بێتواتە. جەنگی ناوخۆ، بەتایبەتی جەنگی بەرەی جود. شێواز و هەڵسووکەوتی پارتی و بنەماڵەی بازرانی لەگەڵ کۆمەڵە و یەکێتی. پاشتریش دانوستان لەگەڵ رژێم، کۆنفرانسەکانی کۆمەڵە و خلافاتە سیاسی و فکرییەکانی ناو کۆمەڵە و پاشتریش جیابوونەوەو لێکرترازان لەگەڵ یەکێتی و دروستکردنی ئاڵای شۆڕش و کۆمەڵێک بابەتی گرنگی تر، بەگشتی دەتوانین بڵێین ئەم کتێبەش دەبێتە یەکێک لەسەرچاوە باشەکان بۆ ئەوانەی کە لە مێژووی یەکێتی و کۆمەڵەی مارکسی لینینی دەکۆڵنەوە.

رەگوریشەی توندوتیژی
نووسەر لە سەرەتای کتێبەکەیدا باسی توندتیژی دەکات و لە سەرچاوەی فکری و مێژوویییەکانی ئەم توندتیژییە سیاسییە لە هەرێمی کوردستان دەکۆڵیتەوە، ئەوەش بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک سەرچاوەی مێژوویی و فکریی و فەلسەفی، جگە لەوەش تێڕوانینی خۆی لەمبارەیەوە باسکردووە.
نووسەر دەڵێت:
- کەم کەسم دیووە ، یەک هەناسە، وەکو هەندێک سەرکردەو کادری کۆمەڵە، نوقمی ڕقی شەخس بن و شەخسیەتی خۆشیان لەسەر بنەمای ڕق رشتن بونیات نابێ. ل ٢٥
دواتر مەلا بەختیار هەرخۆی پێمان دەڵێت، ڕق تەنها زادەی کەسایەتیی نییە، بگرە کۆمەڵێک هۆکاری تر لە پشت دروستبوونی ڕقەوەن :
- دەبێ بگەڕێین بە دوای رەگو ریشەی کۆمەڵایەتی-ئابووری – دیاردەکانی سیاسی و سایکۆلۆژی، نەک وەکو خویەکی تاکەکەس سەیر بکرێ. ئەمەش پەیوەندیان بە گەلێ مەسەلەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوریی و دابونەریتەوە هەیە، هەروەها ئایین و مەزهەبیش پەیوەندی توندوتۆڵیان هەس؟ل٢٥

کوردایەتیی و زەبرو زەنگ
مەلابەختیار پێی وایە توندوتیژی مێژووییەکی دوورودرێژی لەناو کوردستاندا هەیە، لەمبارەیەوە دەڵێت:
- هێزە سیاسییەکان هێندەی دەسەڵاتیان هەبووە، لەکاتێکدا خۆشیان قوربانی ستەمکاری بوون، بەناوی پاراستنی کوردایەتی و دژایەتی داگیرکەرانەوە، ئەوەی لەدەستیان هاتووە، لە کوردستاندا بۆ پاراستنی هەژمونیان بە زبرەو زەنگ کردوویانە.ل ٣٧
نووسەر بۆئەمەش پشتی بە مێژووی ئیمارەت و میرنشینە کوردییەکانی سەدەی پێشوو بەستوەو دواتریش باسی شۆڕشی ئەیلول و نوێشی کردووە.

جەنگی ناوخۆ
خاڵێکی تر کە پانتایی گەورە لەم کتێبە داگیر دەکات، جەنگی نێوان پارت و لایەنە کوردییەکانە لە شاخ، بەتایبەتی جەنگی یەکێتی و بەرەی جود کە پێکهاتبوو لە " پارتی، حسک، شیوعی، پاسۆک" . دیارە پێش مەلا بەختیاریش زۆربەی سەرکردەکانی یەکێتی و پارتەکانی تریش، باسی ئەم مەسەلە گرنگ لەهەمانکاتیشدا کارەساتبارەیان کردووە. لە زۆر بیرەوەریشدا پەنچەی تۆمەت بۆ مەلا بەختیار درێژکراوە، کە رۆڵی خراپی هەبووە لەم جەنگەدا. ئەویش لەم کتێبەدا وەڵامی ئەو تۆمەتانە دەداتەوە.

تیرۆری سیاسی
خاڵێکی گرنگی تر کە مەلا بەختیار لەم کتێبەدا پانتایی باشی بۆ تەرخانکردووە، مەسەلەی " تیرۆری سیاسی" بووە. ئەمەش وەکو بەشێک بووە لە سیاسەتی سەردەمی شاخ . ناوی کۆمەڵێک کەسایەتی دەهێنێت، کە بە ناڕەوا تیرۆر کراون لە پێش هەمووشیانەوە " وریای وەستا وەهاب، عەبدوڵڵا سوور و کۆمەڵێک پێشمەرگەی تر" کە بەداخەوە ئەمانە قووربانی دەستی هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی خۆیان بوون. وەکو هەمیشەش دەنگی قووربانیان کەمتر دەبیسترێت تاوەکو جەلاد، تەنانەت قووربانییەکان لەناو قەبرەکانیشدا، نابێت باسی جەلادەکانیان بکەن، ئەمەش بە بیانووی " با برینەکان نەکولێنەوە" با هەمووشتێک زیندەبەچاڵ بکەین ، بۆئەوەی وێنە راستەقینەکەی جەلادەکان ئاشکرا نەکرێت. هەربۆیە ئێمە نەمانتوانی سیستەمێکی دیموکراسی و یەکسانی و لێبوردەیی دروست بکەین. هەتا دێتیش ناعەدالەتی و ستەم و زوڵم لەم هەرێمەدا زیاتر دەبێت .

خاڵێکی جوان و شاراوەی کۆماری مهاباد
کۆماری مهاباد یەکێکە لە ئەزموونە جوانەکانی حوکمڕانی کورد، هەرجارەو شتێکی نوێم لەبارەی ئەم ئەزموونەوە بۆ دەردەکەوێت. نووسەر پێی وایە تەنها لە سەردەمی کۆماری مهابادا، توندوتیژی سیاسیی لەبەرامبەر خەڵکی نەکراوە، دەنا لە تەواوی مێژوویی سیاسی حوکمڕانی کوردیدا، توندوتیژی سیاسی بەرامبەر بە نەیارانی کراوە. ئەمەش یەکێکە لە خاڵە جوانەکانی ئەم ئەزموونە سیاسییەی کورد، کە مایەی شانازیییە.

کادری لاواز
پاشان نووسەر باسی خاڵێکی گرنگی سیاسی تر دەکات، ئەوەش پەیوەندی بە ژیانی حزبیایەتییەوە هەیە کە ئەویش مەسەلەی " کادری سیاسی" . لەمبارەیەوە دەڵێت:
- کادیرە هەلپەرسەتە لاولاوەکان زوو دەستەمۆ دەکەن و لەناو هەلپەرستەکانیشدا ، پاساوی باسکردنی سیاسەتی میلیتاریستی و سەرکوتکردنی بیری ئازاد، وردە وردە دەبێتە سیاسەتی باو. ئەگەرە دەسەڵاتە عەسکەریەکەش، مەترسی بکەوێتە سەر، پەنابردن بۆ سەرکەوتکردن تا ڕادەی تاوانکردن، ئاساییە لایان.ل ٤٦

وەڵامدانەوەی دۆست و نەیار
ئەم کتێبە زیاتر وەڵامدانەوەی هەموو ئەو کەسانەیە کە پێشتر لە دژی مەلا بەختیاریان نووسیوە، لە پێش هەمووشیانەوە: برایم جەلال، نەوشیروان موستەفا، ئەرسەلان بایز، ئاوات قارەمانی،هۆمەر شێخ مووس، فەرەیدون عەبدولقادر. هەرچەندە بەلای منەوە سەیرە کاک بەختیار رەخنەی زۆری لە کاک فەرەیدون گرتووە، لەکاتێکدا ئەو تاکە سەرکردەی یەکێتییە، کە دانی بە سیاسەتی هەڵەی خۆیاندا ناوە لە هەمبەر سەرکردە و ئەندامانی ئاڵای شۆڕش دا.
هەروەها وەڵامی هەندێک قسەی مام جەلالی داوەتەوە، کە لە کتێبی 'دیداری تەمەن' بڵاوکراوەتەوە، ئەم کتێبە لە لایەن سەلاح رەشید ئامادەکراوە. هەرچەندە ئەم کتێبە هەتا مام جەلال لە ژیاندا بووە بڵاونەکراوەتەوە بەڵکە لەکاتی نەخۆشکەوتنیدا بڵاوکراوەتەوەو نووسەرەکەشی کەسێکی نزیکی نەوشیروان مستەفا بووە، زیاتریش لە ئەڵمانیا ژیاوە، بۆیە جگە لە مەلا بەختیار، خەڵکانێکی زۆر رەخنەیان لەم کتێبە هەیە.

دەستەی دامەزرێنەر
نووسەر بە وردی باسی مێژوو چۆنێتی دروستبوونی یەکێتی نیشتمانی دەکات، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە دامەزرێنەرانەوە هەیە. نووسەر پێی وایە، کە رۆڵی کۆمیتەی هەرێمەکان لە لایەن دامەزرێنەرانەوە فەرامۆشكراوە.

نووسەر دەڵێت:
- دامەزرێنەرە راستەقینەکانی شۆڕش و رێکخستنەکانی یەکێکی لەناو وڵاتدا، سەرکردایەتی ناو وڵات بوون، نەک ئەوانەی دەرەوە. ل ٤٨
بە بڕوای منیش تا ڕادەیەک لەمەدا راست دەکات، چونکە گەر رێکخستن و مەفرەزە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە نەبوایە، هیچ کاتێک یەکێتی نەدەبووە هێزێکی سیاسی گەورەی کوردستان. پاشان منیش لەو باوەڕەدام کە چەند کەسێک بە دووری هەزاران کیلۆمەتر لە چایخانەیەکی دیمەشقدا، ناتوانن بڕیاری شۆڕشێک بددەن، چونکە گەر کۆمەڵە و رێکخستنەکانی نەبوایە، هیچ چالاکییەکەی سیاسی و سەربازی لە کوردستاندا رووی نەدەدا. جێگەی ئاماژەیە جگە لە مەلا بەختیار، کاک فەرەیدون عەبدولقادریش هەمان رەخنەی لە بارەی دامەزرێنەرانی یەکێتییەوە هەیە.
مام جەلال
نووسەر یەکێکە لە تێکۆشەرە دێرینەکانی یەکێتی و ساڵانێکی زۆر لەگەڵ مام جەلال کاریکردووە،هەروەها لەرووی خێزانیشەوە خزمایەتیان هەیە، لەبەرئەوە زۆر بە باشی ئاگاداری کاروچالاکیی و کەسایەتی مام جەلالە، لەم کتێبەشدا پانتایی باشی بۆ مام جەلال داناوە.
مەلا بەختیار لەپەنا ئەوەدا کە لە زۆر شوێندا وەسفی مام جەلال دەکات، بەڵام لەهەمانکاتیشدا رەخنەی زۆری لە سیاسەت و کارەکانی گرتووە.

تارمایی نەوشیروان مستەفا
هەر لەسەرەتای کتێبەکەیەوە هەتا دوا وشەی، تارمایی نەوشیروان مستەفای بەسەرەوەیە، من وەکو خوێنەرێک هەست بەمە دەکەم، نووسەر تەلیسکۆپێکی گەورەی خستۆتە سەر هەموو جووڵەیەکی ئەم کەسایەتییە، رەخنەی توند لە هەموو جوڵە و کارو چالاکییەکانی نەوشیروان دەگرێت، ئەو پێی وایە نەوشیروان مستەفا " کەسێکی دیکتاتۆر، تاکڕەو، قسە رەق و رووشکێن بووە بەرامبەر بە هاوڕێ و دۆست و ئەندامانی کۆمەڵە و یەکێتی، جگە لەوەش کەسێکی توندوتیژ بووە ، دیلکوژ بووە، هەڵگیرسێنەری جەنگی براکوژی بووە. لەپەنا ئەمەشدا ترسنۆکیش بووە، لە چەند حاڵەتێکدا زۆر ترساوە، بەتایبەتی لەکاتی بەدیل گرتنی لە لایەن حسکەوە.

تارمایی برایم جەلال
کەسێکی تر کە تارماییەکی زۆری بەسەر ئەم کتێبە و نووسەرەکەیەوە هەیە، برایم جەلالە. هەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی، برایم جەلال دەبێتە تارمایی بۆ ئەم کتێبە، بە چەپ و راست نووسەر رەخنەی لێدەگرێت. لە زۆر شوێندا وەڵامی کتێبەکەی برایم جەلال دەداتەوە، کە پێشتر لە بارەی مێژوویی کۆمەڵەوە نووسیویەتی. ئەمەش بە بڕوای من لە جیاتی هێز، خاڵی لاوازی بەم کتێبە بەخشیوە.

خاڵی باش و لاوازی کۆمیتەی هەرێمەکان
نووسەر بە حوکمی ئەوەی خۆی یەکێک بووە لە ئەندامە چالاکەکانی کۆمیتەی هەرێمەکان، زۆر بە جوانی باسی خەبات و تێکۆشانی کۆمیتەی هەرێمەکانی کردووە. بەڵام لەپەنا ئەوەشدا باسی هەڵەکانی کۆمیتەی هەرێمەکانی کردووە. دیارە نووسەر باسی کۆمەڵێک هەڵەی کردووە، لەپێش هەمووشیانەوە وەکو خۆی دەڵێت:
- " بە بێ رێکەوتنی هەمەلایەنە بۆ دیاریکردنی ئەرک و مافەکان، کۆمەڵە چووە ناو یەکێتی ل٥١'
واتە نووسەر چوونە ناوەوەی کۆمەڵەی مارکسی لینینی بۆ ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەهەڵە دادەنێت.
هەڵەیەکی تری کۆمیتەی هەرێمەکان بەلای نووسەرەوە: " کۆنەبوونەوەی کۆمیتەی هەرێمەکان، گەرچی دۆخی سەرەتای شۆرش سەخت بوو، لایەنی کەم، هەر وەرزێک جارێک، یەکێکە لە هەڵە کوشندە سیاسی و رێکخراوەییەکانی کۆمەڵەل ٥٤
جگەلەوەش دانانی نەوشیروان مستەفا وەکو سکرتێری کۆمەڵە بەهەڵە دادەنێت، چونکە لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەم کەسایەتیە، باڵی راستی کۆمەڵە بەهێز دەبێت و لە بنەما فکریی و سیاسییەکانی دوور دەکەوێتەوە. جگەلەوەش رێگا خۆش دەکات، بۆ لەناوبردنی کۆمەڵە و بەهێزکردنی هەژموونی مام جەلال و خەتی گشتی.

شۆڕشی گەلانی ئێران و پارتی و یەکێتی
نووسەر باسی کۆمەڵێک رووداوگەلی مێژوویی گرنگی کردووە، کە لێرەدا بوار نییە باسی هەمووی بکەین، بەڵام هەندێک رووداوی مێژوویی تایبەتی شۆڕشی ئێرانی گێڕاوەتەوە، کە پێشتر من نەمخوێندۆتەوە یان ئاگاداری نەبووم، ئەمەش مایەی سەرنج بوو لام. بۆ نموونە زۆر بە جوانی باسی چۆنێتی سەرهەڵدانی شۆڕش ئێرانی کردووە و رۆڵی یەکێتی و کۆمەڵە و سیاسەتی حدکا و کۆمەڵەی ئێران و رۆڵی خراپی پارتی و پشتیوانیکردنی شۆڕشی ئێران لەلایەن یەکێتییەوە و کۆمەڵێک بابەتی تر. خاڵی نوێ لەمەدا بۆمن ئەوەیە، کە سەرەتا حدکا" حزبی دیموکراتی ئێران" پشتگیری زۆری پارتی و بنەماڵەی بارزانیان کردووە، کەچی دوایی ئەوان لەجیاتی پاداشت، دەچنە پاڵ سوپای ئێران و دژی کوردی رۆژهەڵات دەوەستنەوە.
لە ل ٣٠٦ دا مەلا بەختیار دەڵێت:
- بیستمان " عەبدولوەهاب ئەتروشی" لە پاوەیە و بەتەمایە هێز بۆ پارتی دروست بکات، ناوبراو لە هەڵەبجە و هەوراماندا، ئامر هێز بووەو خەڵکەکە لێی ناڕەزا بوون، ئێمە بە پەلە چوینە ناو پاوە، پێش ئێمە بە دوو سێ سەعات، عەبدولوەهاب خۆی تەسلیم بە رژێمی عیراق کردبوو. دواتر مەفرەزیەکی دیموکرات بە رابەرێتی "سەروان شاهۆ" پەیدا دەبن و رێگایان ناددەن لە پاوە بمێننەوەو دەریان دەکەن. سەروان شاهۆ وتویەتی: هاتون عەبدلوەهاب ئەتروشی بکوژن، دیموکرات رێی تاوانی وا نادات. بەڵام ئەم سەروانە بەڕێزە، پاشان کاتێک پارتی و پاسداران پەلاماری شارە کوردییەکان دەدەن، هانا بۆ یەکێتی دەهێنێت.
_ " دوا سێ ساڵ لەو روورادوە، بێ چەک ، تێكشکا و دڵشکاو، سەروان شاهۆم بینیمەوەو پەیتا پەیتا دەیویت: بەراستی هەر ئێوە پارتیتان دەناسی.

سەرکردە و شکستی سیاسی و سەربازی
نووسەر لە زۆر شوێندا هەوڵیداوە شرۆڤەی تایبەتی خۆی بۆ رووداوەکان بکات، لە کاتی باسکردنی شکستی شۆڕشی کوردانی ئێراندا، شرۆڤەیەکی جوانی کردووە، کە بە رای من یەکێکە لە دێرە جوانەکانی ئەم کتێبە کاتێک دەڵێت:
- ئەفسەری گەورەی حکومەتەکان کە دەشکێن، نابووت دەبن، بەڵام سەرکردەی سیاسی کە لە شەڕدا دەشکێ، خۆشەویست دەبێت. ل ٣٠٣
ئەمە بەتایبەتی لە وڵاتە دیکتاتۆرەکاندا وایە، ناسر لە پاش شکستی جەنگی حەوت رۆژە لە ساڵی ١٩٦٧ دا، دەست لەکاردەکێشێتەوە، بەڵام بە ملیۆنان خەڵکی میسر دێنە سەر شەقامەکان و دژی ئەم بڕیارەی ناسر دەوەستنەوەو داوای مانەوەی لێدەکەن. هەروەها پاش چەند رۆژێک سەردانی سودان دەکات، بە ملیۆنان کەس دێنە پشێوازی، لە کاتێکدا ئەو هۆکاری سەرەکی شکستی جەنگەکە بوو. بەڵام ئەم تێزە بۆ وڵاتە دیموکراتەکان پەسەند نییە. 

مەسعود بەرزانی و راپەڕین
خاڵێکی مێژوویی تر کە مایەی سەرنجم بوو، هەڵوێستی مەسعود بەرزانییە لە بارەی راپەڕینەوە. لە ساڵی 1991 لەکاتی کۆڕەو دانوستان لەگەڵ رژێمی سەدام، مەسعود بەرزانی 48 رۆژ لە بەغدا دەمێنێتەوە، دوایی کە دەگەڕێتەوە مەلا بەختیار سەردانی دەکات، لەو دیدارە مەسعود بەرزانی وتویەتی، پەلاماردانی شارەکانی کوردستان کارێکی هەڵە بوو دەشڵێت، مەسعود بەرزانی زۆر بێهیوا بووە و وتویەتی : بەهەرشێوەیەک بووە ، رێکەوتنم لەگەڵ حکومەتی بەعس پێ باشە. . ڵ347.

داهاتووی یەکێتی
لە بەشی کۆتاییشدا نووسەر تیشکی خستۆتە سەر پەیوەندی نێوان یەکێتی و گۆڕان و گەڕانەوەی بەرهەم سالح و کۆنگرەی چواری یەکێتی. نووسەر کۆمەڵێک رەخنە و پێشنیازی خۆی لەمباریەوە باسکردووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتییەوە هەیە.
لەمبارەیەوە دەڵێت:
- یەکێتی بەهۆی هەڵە بنچینییەکانی کانی شاخ و شاری،لەناو بازنە داخراوەکەیدا قەتیس مایەوە، هەربۆیە ساڵەهایە ، هێندەی رەخنە لەسەر یەکێتی هەیە، کەمتر ستایش دەکرێ. ئەم دۆخەی یەکێتی تێیکەوتووە، بە پروپاگەندە، میدیا، سایتی ساختە و قەبەکردنی کێشە سیاسییەکانی نەیارەکانی دەرباز نابێ، ل٤٣٦
رێگاچارەش لەدیدی مەلابەختیارەوە بۆ کێشەکانی یەکێتی:
- ئەگەر یەکێتی فریای چارەسەرکردنی هەڵە بنچینییەکانی لە : هزر، فەلسەفە، پێکهاتە ، بەرنامەی گۆڕاکاری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی نەکەوێ، ئەوا دۆخی خراپتر دەبێت. ل٤٣٦

چەند سەرنجێک
دیارە نووسەر لەم کتێبەیدا کۆمەڵێک خاڵی جوان و گرنگی باسکردووە، وشە و دێری زۆر جوانی تێدایە، لێ ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئەم کتێبە دوورە لە هەڵە و کەموکورتی. لێرەدا هەوڵ دەدەم چەند سەرنجێک باس بکەم:
لەسەرەتای کتێبەکەدا باسی توندتیژی دەکات، زیاتر هۆکاری ئەم توندتیژییەش بۆ سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەگەڕێنێتەوە بەتایبەتی دەرەبەگایەتی. دیارە ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکان، بەڵام هۆکارگەلی زۆر هەن بۆ توندوتیژی، بۆ نموونە " نەرجسیەت" هەر ئەم نەرجسیەتەش کۆمەڵگا بەرەو فاشیزم و جەنگ دەبات. ئەمەش فەیلەسووفی ناوداری ئەمریکی/ ئەڵمانی ئەریک فرۆم لە کتێبی " جەوهەری مرۆڤ" دا زۆر بە جوانی باسیکردووە. بەپێی تێڕوانینی فەیلەسووفی فۆکۆیاماش بێت، هۆکاری سەرەکی دروستبوونی دەوڵەت " جەنگ و توندوتیژییە"، هەروەها زۆرجاریش جەنگ بۆ دەستکەوتی ماددی و تاڵانی بووە، لەپەنا ئەوەشدا مەسەلەی شكۆمەندیش، بەشداری لە جەنگەکان لای زۆر خێڵ، مایەی شكۆمەندی بووە، بەهەمانشێوەش بۆ تاکەکاکانیش هەر وابووە.
هەروەها توندوتیژی تەنها پەیوەندی بە رۆژهەڵاتەوە نییە، بگرە بەپێچەوانەوە هێندەی لە رۆژئاوادا جەنگ و توندوتیژی هەبووە، مێژووی مرۆڤایەتییان شەرمەزارکردووە بەتایبەتی لە سەدەی بیستەمدا.

دوورکەوتنەوە لە زمانی ئەکادیمی
پێش هەموو شتێک بیرەوەری بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت، پێویستە بە زمانێکی ئەکادیمی و زانستییانە و دوور لە ڕق و کینەوە، باسی رووداو کەسایەتییەکان بکات. چرچڵ کە دوژمنێکی سەرسەختی هیتلەر بووەو رۆڵێکی بەرچاویشی هەبووە لە جەنگ لە دژی نازیەت و ئەڵمانیا ، لەتەواوی بیروەرییەکانیدا، هیچ جنێو یان زمانێکی ناشیرین بۆ هیتلەر و دوژمنەکانی بەکارناهێنێت، بگرە بە شێوەیەکی ئەکادیمی باسی رووداوەکان دەکات، بەڵام بەداخەوە زۆرجار مەلا بەختیار لە زمانی ئەکادیمی دوورکەوتۆتە، بەتایبەتی کاتێک باسی کاک برایم جەلال دەکات، پێی دەڵێت: ترسنۆک، دووڕو، جەلاد، درۆزن،فشەکەر،راپۆرتنووس،،، کۆمەڵێک جنێوی تر.
دیارە لەپشت وشەکانەوە مانای شاراوە هەیە، کاتێک کە کتیبەکە دەخوێنیتەوە هەست بەو ڕقە ئەستوورە دەکەیت، کە نووسەر لە دژی برایم جەلال و نەوشیروان مستەفا هەیەتی، ئەمەش لە زمانی نووسینەکەیدا دەردەکەویت. ئەمەش لە کاتێکدا نووسەر بەشێکی کتێبەکەی بۆ مەسەلەی رق و کینە داناوەو بە کارێکی خراپی وەسفی دەکات، بەڵام بەداخەوە خۆشی نەیتوانییوە لەم دیاردە خراپە دەربچێت.
لەلایەکی ترەوە من هەتا کۆتایی کتێبەکە لە هەڵوێستی نووسەر تێناگەم، لەکاتێکدا تۆ نەوشیروان مستەفا بە " دیلکوژ، تاکڕەو، توندتیژ" دادەنێیت، کەچی هەر خۆشتان داواتان لێکردووە ببێتە سکرتێری کۆمەڵە و لەهەموو کۆنفرانسەکانی کۆمەڵەشدا، دەنگتان پێداوە. بەهەمانشێوە لەگەڵ مام جەلالیش، لەکاتێکدا رەخنە و گلەیی زۆرتان لێی هەیە، کەچی هەر لە سەرەتاوە ئەوتان بەسەرۆکی خۆتان قبووڵ بووە.

نەوەی کۆن و نەوەی نوێ
جەنگی نەوەکان بەتایبەتی لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا، پانتایی باش لەم کتێبە داگیر دەکات، مەلا بەختیار زۆر داکۆکی لە نەوەی خۆیان دەکات کە نەوەیەکی گەنج بوون، دژی ئەوانەش دەوەستێتەوە کە بە " مراهیق و توندڕەو بێ ئەزموون " وەسفیان دەکەن، کەچی بەداخەوە ئێستا خۆی دژی نەوەی نوێی سیاسی یەکێتییە.
ناڕوونی لە هەڵوێستی سیاسی
لەلایەکی ترەوە لە زۆر شوێندا نا ڕوونی لە هەڵوێستی سیاسیدا هەست پێدەکەم، بۆ نموونە لەکاتی باسکردنی شۆڕشی ئێراندا، بەشداریکردنی یەکێتی لە جەنگی بەرەنگاری خەڵکی رۆژهەڵات لە دژی سوپای ئێران و چەکدارانی پارتی، بە سیاسەتێکی " عاتفی" نا لۆژیکی دادەنێت،رەخنەی توندیش ئاڕاستەی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا دەگرێت چونکە ئەوان ئەم بڕیارەیان داوە. کەچی هەر خۆشی رەخنە لە برایم جەلال دەگرێت کە نەیتوانیوە باش بجەنگێت و بەرگری لە هاوڕێکانی بکات، لەهەمانکاتیشدا شانازی بە بەشداریکردنی خۆیەوە دەکات لەو جەنگەدا. تۆ دەبێت یان دژ بیت یان لەگەڵ بیت، لەمەشدا من وەکو خوێنەرێک لە هەڵوێستی نووسەر تێناگەم.
لە بارەی هەڵوێستی بەهادین نوریش کە بەشداری جەنگی دژ بە یەکێتی نەکردووە، راستە ئەمە کارێکی جوامێریی و مرۆڤانەش بووە، ئێوەش رۆڵی باشتان لەمەدا هەبووە، بەڵام زیاتر پەیوەندی بەوەوە هەبوو، کە ئەو کێشەی شەخسی لەگەڵ سەرانی حزبەکەی هەبوو، هەربۆیە لەلایەن هاوڕێیانی حزبی شیوعییەوە رەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت، بۆیە بەشداری جەنگی یەکێتی نەکردووە، چونکە ئەو هیواخوازبووە یەکێتی تەواوی سەرانی حزبی شیوعی بکوژێت و ئەمیش دواتر ببێتە تاکە سەرۆکی حزبەکە.

دوا قسە
پێدەچێت من لەگەڵ راوبۆچوونەکانی کاک بەختیاردا نەبم، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە مافی قسەکردن و نووسینی نەبێت. هەڤاڵانی هێژا، وشە بە وشە وەڵام دەدرێتەوە نەک بە فیشەک و سزادان، هەروەها هیج پێویستیشی بەم هەموو هەراو هەڵمەتە نەگریسە ئیعلامییە نەدەکرد. بەداخەوە لەناو یەکێتیشدا خەڵکانێک کەوتنە ژێر کاریگەری ئەم هەڵمەتەوە، هەرچەندە بەشێکیشی پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە لە ئێستادا کاک بەختیار ئەو پلەو پۆستەی جارانی نەماوە، بۆیە وا دژایەتی دەکرێت. دەردی نالی دەڵێت: "دڵم ئەڵێی حاکمی مەعزولە قووربان."
بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبە باسی زۆر بابەتی گرنگ و حەساسی ناو یەکێتی و بزووتنەوەی چەکداری کوردستانی کردووە، لێرەدا ناتوانین باسی هەموویان بکەین، تەنها ویستم تیشکێک بخەمە سەر ئەم کتێبە و چەند سەرنجێکی خۆم باس بکەم.
لە کۆتاییدا دەستخۆشی لەکاک بەختیار دەکەم بۆ ئەم کتێبە و هیوای لەشساخی و بەردەوامی لە نووسین و چالاکی بۆ دەخوازم.


سەرچاوە:

/1مەلا بەختیار. لەبری بیرەوەری. چاپی یەکەم. لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی چاودێر. 2020
/2 فرانسیس فۆکۆیاما. رەگو ڕیشەی سیستەمی سیاسی. لە سەردەمی پێش مرۆییەکانەوە تا شۆڕشی فەرەنسا. وەرگێڕانی : ئاوات ئەحمەد سوڵتان. چاپی یەکەم. دەزگای دواڕۆژ بۆ روناکبیری و راگەیاندن. سلێمانی. 2016.
/3ئەریک فرۆم. جەوهەری مرۆڤ. وەرگێرانی : ئەردەڵان عەبدوڵڵا. دەزگای موکریان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی. هەولێر. 2013

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×