هاوڕێ خۆشه‌ویسته‌ بارگرانه‌كانم

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2023-12-15     313

له‌وانه‌بێت ئه‌م ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌لاتانه‌وه‌ سه‌یربێت، هاوڕێی خۆشه‌ویست بۆ ده‌بێت بارگرانی بێت؟ ئه‌گه‌ر بارگرانن بۆچی ده‌بنه‌ هاوڕێی خۆشه‌ویست؟  له‌ڕاستیدا نه‌مده‌زانی چی هه‌ڵبژێرم بۆ ئه‌م وتاره‌، كه‌ زیاتر گوزارشت له‌ هه‌ستی خۆم ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌كتێبه‌كانم. ئه‌م كتێبانه‌ ماوه‌یه‌كی زۆرن له‌گه‌ڵمدا ده‌ژین، هه‌ریه‌كه‌شیان خاوه‌نی زه‌مه‌ن و شوێنی خۆیانن. هه‌یانه‌ مێژووی بۆ بیست ساڵ ده‌توانم بڵێم زیاتریش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ی له‌ ئه‌ڵمانیابووم. بۆ هه‌ر شوێنێك چووبێتم له‌گه‌ڵ خۆم بردوون. هه‌ندێكیان كێش و قه‌باره‌یان قورسه‌، هه‌ندێكیشیان نووسه‌ره‌كانیان ره‌زایان قوورسه‌ یان له‌ سه‌رده‌می خۆیاندا خه‌ڵكی رقیان لێبووه‌، دواتر بۆچوونی خه‌ڵكی به‌رامبه‌ریان گۆڕاوه‌. به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتیشدا به‌ناچاری هه‌موو ئه‌م كتێبانه‌م له‌گه‌ڵ خۆم هه‌ڵگرتووه‌. هه‌ر كاتێك كۆچ ده‌كه‌م یان ماڵ ده‌گوازمه‌وه‌، ئه‌م كتێبانه‌ ده‌بنه‌ خه‌می سه‌ره‌كیم، چییان لێبكه‌م؟ چۆن بیانگوازمه‌وه‌؟ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بۆڵه‌ بۆڵی حه‌ماڵ و سایه‌ق و خه‌ڵكی تر. به‌ڵام زۆرجاران سه‌یریان ده‌كه‌م، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ نووسه‌رانی كتێبه‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ومه‌ گفتوگۆیه‌كی رۆحییه‌وه‌، هه‌موو غه‌م و بارگرانییه‌كانم له‌بیر ده‌چێت. جاری واهه‌یه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وكاتانه‌ی زۆربێزارم، كتێبێك ده‌بێته‌ فریادڕه‌سم و هه‌موو غه‌م و خه‌فه‌تێكم له‌ كۆڵ ده‌كه‌نه‌وه‌، لابردنی ئه‌م باره‌ قورسه‌ به‌سه‌ر جه‌سته‌ و رۆحمه‌وه‌، هه‌موو بارگرانییه‌كی ئه‌وانم له‌بیر ده‌چێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌كاتی باركردندا.


زۆرجاریش له‌خۆم ده‌پرسم به‌تایبه‌تی كاتێك به‌رامبه‌ریان راده‌وه‌ستم، ئاخۆ ئه‌گه‌ر له‌ جیاتی ئه‌م كتێبانه‌ شتی ترم كۆبكردایه‌ته‌وه‌ بۆ نموونه‌ پاره‌ و سامانی ماددی، ئه‌وا وه‌زعم چۆن ده‌بوو؟ تۆ بڵێیت وه‌زعم باشتر نه‌بوایه‌؟ یان له‌ خۆم ده‌پرسم بۆچی وه‌كو باوكم هه‌ر زوو ده‌ستم به‌ كه‌سابه‌ت و بازرگانی نه‌كرد، بۆچی خۆم خسته‌ ناو دنیای كتێب و عیلم و مه‌عریفه‌وه‌؟ ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌هلی بازاڕ بوومایه‌ باشتر ده‌بوو یان ئه‌هلی قه‌ڵه‌م؟ هه‌ندێكجاریش كه‌ سه‌یری ئه‌مڕۆی كتێب و خوێندنه‌وه‌ ده‌كه‌م، جه‌وێكی هێنده‌ تراژیدییه‌، كه‌ ته‌واوی نووسه‌ر و رۆشنبیران بێزار و نیگه‌ران كردووه‌ و حه‌زیش به‌ مانه‌وه‌ تێیدا ناكه‌یت. ده‌می هه‌ر كه‌سێك ده‌كه‌یته‌وه‌، گاڵته‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ و كتێب ده‌كات، ئه‌وه‌ با هێرشی دڵڕه‌قانه‌ی ته‌كنۆلۆژیای بوه‌ستێت، كه‌ به‌ به‌رده‌وامی په‌لاماری جیهانی كتێب و نووسین ده‌دات،  هێنده‌ی تر له‌خۆم  نائومێد ده‌بم.
له‌ خۆم ده‌پرسم تۆ بڵێیت ئه‌و رێچكه‌یه‌ی ژیان كه‌ من ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ هه‌ڵمبژاردووه‌، هه‌ڵه‌ و ناڕاست نه‌بێت؟  تۆ بڵێیت من رێگا راسته‌كه‌م ون نه‌كردبێت؟  ئه‌مه‌ و كۆمه‌ڵێك پرسیاری تر، كه‌ نه‌ك من، به‌ڵكو هه‌موو نووسه‌رێك رۆژانه‌ رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌، به‌ گومان و ترسه‌وه‌ سه‌یری داهاتووی خۆیی و كتێبه‌كانی ده‌كات.


به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، ناتوانم خۆم له‌ جێژی كتێب و خوێندنه‌وه‌ بدزمه‌وه‌ و وازی لێبێنم، ده‌توانم بڵێم تووشی جۆره‌ حاڵه‌تێك بووم نازانم ناوی بنێم چی، ئالووده‌بوون، هۆگریی، شه‌یدایی. هه‌رچه‌نده‌ كه‌ ده‌ڵێین ئالووده‌ بوون، وشه‌یه‌كی نێگه‌تیڤ و خراپه‌، گوزارشت له‌ حاڵه‌تێكی خراپی مرۆڤ ده‌كات، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم كه‌ وشه‌ی ئالووده‌ بوون دابنێم بۆ كتێب، ده‌توانم بڵێم جۆره‌ هه‌ستێكی وابه‌سته‌ییه‌ به‌ شتێكه‌وه‌، یان ئولفه‌ت گرتنه‌ به‌ شتێكه‌وه‌. به‌ڵام له‌ كۆتاییدا ئه‌م كتێبانه‌ وه‌كو هاوڕێیه‌كی دێرین له‌گه‌ڵمدا ده‌مێننه‌وه‌، له‌ كاته‌ ناخۆشه‌كاندا، سووكناییه‌كی باشم پێده‌به‌خشن. هه‌رچه‌نده‌ خۆشـم نازانم له‌ داهاتوودا چیان لێ به‌سه‌ر دێت یان بۆ كێیان به‌جێده‌هێڵم.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×