کاریگەرییەکانی کۆرۆنا بەسەر مرۆڤایەتییەوە
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
2020-03-23   855
هیچ کاتێک ڤایرۆسێک وەکو ئێستا تەنگی بە تەواوی مرۆڤایەتی
هەڵنەچنیوە، راستە مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لە نەخۆشی کوشندە بۆ
نموونە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا ئەنفلۆوەنزای ئیسپانی، جیهانی گرتەوەو
ملیۆنان کەسیش بوونە قووربانی، بەڵام وەکو
ئێستا هەموو مرۆڤایەتی زیرەی لە ڤایرۆسێک
نەکردووەو نەیتوانیوی بیخاتە زیندانی ماڵەوە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم
ڤایرۆسە، جیهان بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت، بە بڕوای من دەکرێت لێرەوە
مێژووی جیهان بکەین بە " پێش و
پاش" کۆرۆنا، ئەمیش هیچی لەو قۆناغە مێژوویانەی تری مرۆڤایەتی کەمتر نییە، ئەمیش وەکو " کۆتایی جەنگی یەکەم و دوووەم، رووخانی دیواری بەرلین و نەمانی جەنگی
سارد" وایە، کە دووبارە سیستەمی جیهانی ئەبدەیتکرایەوە، من لەو باوەڕەدام،
مرۆڤایەتی پێویستی بەم ڤایرۆسە هەبوو هەتاوەکو مێشکی ئەبدەیت بکاتەوەو لە کۆمەڵێک کێشەی گرنگ بە ئاگای بهێنێتەوە.
لە لایەکی ترەوە بە بڕوای من
کۆرۆناش وەکو هەموو رووداوێکی تری جیهانی
لایەنی باش و لایەنی خراپی هەبوو.
لایەنی پۆزەتیف
لایەنی باشی ئەوەبوو جۆرە
هاوسۆزیی و هاوکاریەکیی لە نێوان گەلانانی جیهانی دروستکرد، کە پێشتر ئەمجۆرە
هاوسۆزییە نەبوو، بەواتایەکی تر ئەم نەخۆشییە دووبارە بە ئاگای هێناینەوەو پێی
ووتین، پێش هەموو شتێک هەموومان مرۆڤین، چەندە لە یەکتری جیاواز بین و دوژمنایەتی یەکتری
بکەین، بەڵام دواجار چەند شتێکی هاوبەش، هەموو مرۆڤایەتی بە یەکترییەوە دەبەستێتەوە،
ئەمەش دەتوانم بە خاڵێکی باشی دابنێم.
هەروەها لە تەواوی جیهانیشدا
جۆرە هەڵمەتێکی گەورە لە دژی چەند دابونەریتێکی خراپ بەرپا بووە، کە پێشتر لای
خەڵکانێک هێندە گرنگیان پێ نەداوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پاکوتەمیزییەوە
هەیە.
خاڵێکی گرنگی تریش مرۆڤایەتی
لە ترسی جەنگی ڤایرۆسەکان بەئاگا هێنایەوە، دیارە پێشتر مرۆڤایەتی ترسی لەمجۆرە
جەنگە هەبوو، بەڵام پێدەچێت لە داهاتوودا ئەمەش ببێتە جەنگێکی نوێ لە نێوان
دەوڵەتانی جیهاندا. هیوادارم هیچ کاتێک دەوڵەتە فاشیستەکان دەستیان بە زانستی مۆدێرنی دروستکردنی ڤایرۆسەکان نەگات،
بەتایبەتی ئەوانەی دوژمنی سەرسەختی کوردن.
خاڵێکی باشی تری ئەم ڤایرۆسە
ئەوە بوو، دووبارە هەموو دەوڵەتەکانی جیهان بە پێشکەوتوو و پاشکەوتوشەوە، بە ئاگای
هێنانەوە لە خراپی سیستەمی تەندروستیان و پێی راگەیاندن کە کێشەی گەورەیان هەیە و
ناتوانن بەرگەی کارەساتی گەورە بگرن.
هەروەها ئەوەش بۆ جیهان
روونبۆوە، کە هەموو جیهان پێویستی بە هەماهەنگی زۆر هەیە لە بواری سیستەمی تەندروستیدا، دەتوانێم لێرەدا رۆڵی رێکخراوی
تەندروستی جیهان باش بنرخێنم، بەراستی لەم کارەساتەدا، رۆڵی باشیان بینی بەتایبەتی
لەهاوکاریکردنی دەوڵەتان لە رووی رێنمایی و هاوکاری پزیشکیەوە. بە بڕوای من پێویستە دەوڵەتانی جیهان، گرنگی زیاتر بەم
رێکخراوە بددەن، چونکە لە داهاتوودا ئەم جۆرە رێکخراوانە ، سوودی زۆر بە مرۆڤایەتی
دەگەیەنن.
لایەنی نێگەتیف
لایەنی نێگەتیفی ئەم رووداوە
ئەوەیە، ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە دەبێتە هۆی نەخۆشخستن و مردنی خەڵکانێکی زۆر لە
جیهاندا. لەدەستدانی دۆست و خۆشەویستان، هەمووکاتێک مایەی بێزارییە بۆ مرۆڤ.
لە پەنا ئەوەشدا دوو شتی
تازەی هێنایە کایەوە، یەکەمیان: بڵاوکردنەوەی جۆرە فۆبیایەکی گەورە لە جیهاندا،
دووەمیان : راسیزمێکی گەورە.
گەر سەیری ئەم چەند مانگەی پێشوو بکەین، جۆرە
فۆبیایەکی گەورە تەواوی جیهانی گرتەوە، هەموو جیهان ترسێکی گەورەی لە دوژمنێکی ترسناک، مەرگهێنەر، زاڵم ، کوشندە
هەیە، کە ئەویش ڤایرۆسێکە، کە تەنها لەناو تاقیگە گەورەو مۆدێرنەکانی جیهان
دەبینرێت. لەماوەی پێشوودا بەتایبەتی لە سەدەی نوێدا، هیچ کاتێک جیهان وا مۆبیلیزە
نەکراوە لە دژی دوژمنێکی گەورە، کە بەنیازە ژیانی ملیۆنان کەس لەناوبەرێت. بە
بڕاوی من ئەم ترسە گەورەیەش لە ئێستا و داهاتووشدا کاریگەری خراپی بۆ کەسایەتی
هەموو مرۆڤەکان دەبێت، بەتایبەتی لەو
وڵاتانەی کە ڤایرۆسەکە زۆر بڵاوبۆتەوە.
خاڵێکی نێگەتیفی تری ئەم
رووداوە لەوەدایە جۆرە راسیزمێکی نوێی لە دژی ئەو گەلانە هێنایە کایەوە کە
نەخۆشییەکەیان تێدا بڵاوبۆتەوە، بەتایبەتی چینییەکان، لە ئێستادا لە تەواوی
جیهاندا جۆرە راسیزمێکی کوشندە لە دژی چین
وەکو گەل و دەوڵەت و کولتوور بەرپابووە، ئەمەش لە ڤایرۆسکە ترسناکترە، چونکە
ئامانجی سەرەکی بزووتنەوە فاشیستەکان، ناشیرین کردنی گەلانی ترەو بە شەیتانیکردنی
ئەوانی ترە. بەداخەوە ئەم رووداوە هێندەی تر رەوتە پۆپۆلیست و راسیزمەکانی لە
جیهاندا بەهێزتر کرد.
وانەی گرنگ
وانەی گرنگ لەم کارەساتە
ئەوەیە، دەبێت هەموو وڵاتانی جیهان چەندە كێشە و ملاملانێی سیاسیی و ئابووریان
هەبێت، دواجار دەبێت ئەوە بزانن کە هەموومان مرۆڤین و لە ژیان لەسەر ئەم زەویە
هاوبەشین، گەر مرۆڤایەتی نەتوانێت لەسەر کۆمەڵێک پرسی ئابووری و سیاسی رێکبکەوێت،
ئەوا بە ناچاری دەبێت هەموو دەوڵەتانی جیهان لەسەر کۆمەڵێک پرسی هاوبەش رێكبکەون،
لەسەروهەمووشیان پرسی " ژینگە، نەخۆشییەکان"
خاڵێکی گرنگی تریش مەسەلەی
" جەنگی ڤایرۆس یان بایلۆژی" دووبارە هێنرایەوە ئاراوە، هەرچەندە ئەم مەسەلەیە لە جەنگی یەکەمی جیهانییەوە لە نێوان
زلهێزەکاندا هەبووە لە زۆر جەنگیشدا چەکی کیمیاویی و بایلۆژی بەکارهێناوە، ئێمەی
کوردیش باجی گەورەمان لە بەکارهێنانی ئەم چەکانەدا داوە، هەتاوەکو ئێستاش هەر
قووربانی دەستی چەکی کیمیاویی و بایلۆژین.
لە لایەکی ترەوە مەسەلەی
تاقیگە مۆدێرنەکان بەتایبەتی هی دەوڵەتە زلهێزەکان، دووبارە پێویستی بە چاودێری و
ورد و تۆکمە هەیە، چونکە دزەکردنی هەر
ماددەیەکی کوشندە لەم تاقیگانە، کارەساتی گەورە بۆ مرۆڤایەتی دەهێنێت.
من دڵنیام کە سەرکەوتنی
کۆتایی بۆ مرۆڤ دەبێت لەم جەنگە ترسناک و قورسەدا، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە ئەم کارەساتە
بکرێتە وانەیەک بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی سوودی لێوەر بگرێت و هەمان هەڵە دووبارە نەبێتەوە.