جیهان لە چاوەڕوانی جەنگێکی گەورەدا

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2022-02-13     372

ماوەیەکە تەواوی میدیاکانی جیهان باس لە بەرپابوونی جەنگێکی گەورە دەکەن لە ئۆکرانیا، بەپێی دوایین هەواڵیش بێت، وا پێشبینی دەکرێت کە لەم مانگەدا ، فلادیمیر پوتنی سەرۆکی روسیا دوا بڕیاری خۆی بدات و ئۆکرانیا داگیر بکات.

لێرەدا پێخۆشە پێش ئەوەی بێمە ناو باسەکەوە، چەند زانیارییەکی مێژووی بە خوێنەران لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئۆکرانیا و روسیا بددەم. هەردوو گەل سەر بە یەک خێزانن کە ئەویش سلاڤییە. لەرووی زمانیشەوە راستە دوو زمانی جیاوازن، بەڵام لەیەکترییەوە نزیکن. لەرووی مێژوویشەوە یەکەمین دەوڵەتی روسیا بەناونیشانی « کیفا روس» لەنزیک کیفی پایتەختی ئۆکرانیا دروست بووە. لە رووی ئاینیشەوە هەردووکیان سەر بە کڵێسەی ئەرتۆدۆکسی مەسیحین،راستە لە ئۆکرانیا بەتایبەتی لەبەشی خۆرئاوادا، کەمێک مەسیحی کاتۆلیکی هەن، لێ زۆرینە مەسیحی ئەرتۆدۆکسین. ماوەی چەندین سەدەیە ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە بەڕێوەبراوەو بەشێک بووە لە ئیمپراتۆریەتی روسیا. دواتریش کە یەکێتی سۆڤێت دروست دەبێت، دەبێتە یەکێک لە کۆمارەکانی ناو یەکێتی سۆڤێت.

تەنها لەرووی سیاسیی و ئاینییەوە تێکەڵ نین، بەڵکو لە رووی ئەدەبیی و فەرهەنگیشەوە زۆر تێکەڵن، بۆ نموونە روسەکان گۆگۆل بە باوکی ئەدەبی روسی دادەنێن، گۆگۆلیش چ باوکیی و چ دایکی ئۆکرانی بوون و خەڵكی روسیا نەبوون. بەڵام هەمیشە ئۆکرانییەکان هەستیان کردووە کە روسیای براگەورە دەیانچەوسێنێتەوە یان مافیان دەخوات. لەپاش نەمانی یەکێتی سۆڤێتیش ئۆکرانیا بۆتە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەڵام ئەم جیابوونەوەو سەربەخۆبوونەی ئۆکرانیا، بۆ زۆرینەی روسەکان زەحمەتە قبوڵ بکرێت. هەر ئەم قبووڵ نەکردنەش ئەم کێشە گەورەیەی دروست کردووە.

دیارە ئەم جەنگە تەنها جەنگی نێوان دوو وڵاتی ئاسایی نییە، بەڵکو کاریگەری گەورەی بەسەر تەواوی جیهانەوە هەیە، چونکە لەلایەکەوە روسیا زلهێزێکی جیهانییە و لە ململانێیەکی سەختدایە لەگەڵ زلهێزێکی تری جیهانی کە ئەویش ئەمریکایە. کێشەی ئۆکرانیاش، یەکێکە لە کێشەکانی نێوان ئەم دوو زلهێزەی جیهان. لەپەنا ئەمریکاشدا، تەواوی ئەوروپا شڵەژاوە، چونکە ئەم وڵاتە دەکەوێتە سەر سنوورەکانی و بەشێوەیەکی راستەوخۆش کاریگەری گەورەی دەبێت بەسەر ئەوروپاوە.

لەلایەکی تریشەوە ئۆکرانیا پێگەیەکی ستراتیژی گرنگی هەیە بۆ جیهان بەتایبەتی بۆ روسیا و ئەمریکا و ئەوروپا.

ئەمە یەکەمجاریش نییە کە روسیا پەلاماری ئەم وڵاتە بدات، پێش هەشت ساڵ دورگەی قرمی داگیرکرد و لە بەشی خۆرهەڵاتی ئۆکرانیاشەوە، مۆسکۆ پشتگیریی رووسەکانی ئۆکرانیای کرد، کە دژی حکومەتی ناوەندی بوەستنەوەو بەشێکی ئەو وڵاتە داگیر بکەن. واتە روسیا پێشتر بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەلاماری ئۆکرانیای داوە، بەڵام ئێستا دەیەوێت بە راستەوخۆ پەلاماری بدات و هەموو وڵاتەکە داگیر بکات.

هۆکاری سەرەکی ئەم جەنگەش دەگەڕێتەوە بۆ فراوانکردنی سنوورەکانی رێکخراو ناتۆ، کە هەمیشە بۆتە مایەی ترسێکی گەورە بۆ روسیا،چونکە لەپاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە، زۆربەی چاودێرانی سیاسیی و سەربازیی روسیا لەو باوەڕەدان، نابێت بهێڵن چیتر مەترسی دوژمن بگاتە سەر سنوورەکانیان، هەمیشە ناتۆش وەکو مەترسییەکی گەورە بۆسەر روسیا سەیر دەکرێت. پێدەچێت هەندێک لەو بیانوانەی کە روسیا بۆ ئەم جەنگە دەیهێنێتەوە راست بێت، بەڵام زۆرێک لە چاودێریی سیاسیش پێیان وایە کە ئەم بیانووە راست نییە، چونکە پێشتریش وڵاتانی بەلتیک و ئەسکەندەناڤیا بوونەتە ئەندامی ناتۆ و ئەمانەش هەموویان لەسەر سنووری روسیان. بەڵکو بە پێچەوانە ئەمڕۆ زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، روسیا بە مەترسی دادەنێن و رێکخراوی ناتۆ و ئەمریکاش، وەکو پارێزەر بۆ وڵاتەکانیان دادەنێن.

لەلایەکی ترەوە ئەگەر بۆ روسیا بچێتە سەر کە ئۆکرانیا داگیر بکات، ئەوا ئاشتی جیهانی تێکدەچێت، چونکە لە جیهاندا کۆمەڵێک دەوڵەتی بچووک و لاواز هەن، کە دەکرێت بەهەمانشێوە لەلایەن دەوڵەتە گەورەکانەوە پەلامار بدرێن و بەمەش ئاشتی جیهانی تێکدەچێت.

هەرچەندە لە ئێستادا دەنگی دەهۆڵی جەنگ زاڵترە، بەڵام کۆمەڵێک هەوڵی ئاشتیش هەیە، بەتایبەتی لەلایەن فەرەنسا و ئەڵمانیاوە، چونکە ئەوان نایانەوێت ئەم جەنگە دروست بێت و ئۆکرانیاش داگیر بکرێت.
بەگشتی ئێمەی کورد حەزمان بە جەنگ نییە، چونکە مەینەتیی و ئازاری جەنگمان دیوە، هیوادارین هەوڵە جیهانییەکان بۆ ئاشتیی و هێورکردنەوەی رەوشەکە بەردەوام بێت و دواجاریش دەنگی ئاشتی لە دەنگی دەهۆڵی جەنگ بەهێزتر بێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×