با لایەنە ناشیرینەکەی بەفریش ببینین

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2019-01-21     1273

بێ بەرگییە عیللەت کە هەتیو مەیلی هەتاوە

نالی

 

 

لە ماوەی پێشوودا لە تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی کوردستان، هەر باس باسی بەرفربارین. بە دڵنیاییەوە بەفربارین بۆتە مایەی خۆشحاڵی بۆ زۆربەمان بەتایبەتی بۆ منداڵان کە خۆشییەکی زۆری تێدا دەبینن.  بەڵام لەگەڵ لایەنە جوان و سپییەکەیدا، با لایەنە ناشیرینەکەشی ببینین. بەتایبەتی بۆ خەڵكی هەژار و ئاوارە، بەفر ناشیرینترین و بارگرانیی و میوانێکی تەواو رەزا قوورسە، چونکە لە کاتی بەفر باریندا، مەینەتییەکانی ئەوان زیاتر دەبێت.

پێدەچێت بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان ، بەرفربارین و بەرگە سپییەکەی، وێنەیەکی جوان و گەشاوەو مایەی خۆشحاڵی بێت، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا لەلایەکەوە بەهۆی بوونی ئاوارەیەکی زۆر ، لەلایەکی تریش بەهۆی ئەوەی کە رێژەیەکی زۆری خەڵكی ئەم وڵاتە هەژار و کەمدرامەتن، زستان بەفربارین و سەرما، مایەی ناخۆشییە بۆیان. بەداخەوە هەتاوەکو ئێستاش ئێمە لە هەرێمی کوردستان و عیراق، هەمان سیستەمی کۆنمان هەیە و خەڵکی هەر پشت بە نەوت دەبەستێت. هێشتا نەمانتوانیوە سیستەمێکی گەرمایی باش لە ماڵەکاندا دابین بکەین، بۆ نموونە دابینکردنی سیستەمی شٶڤاج، کە لە هەموو جیهان و تەنانەت وڵاتانی دراوسێش پێڕەوی دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدا کە چ  عیراق و  چ هەرێمی کوردستانیش خاوەنی سامانێکی زۆری گازی سروشتییە.

بەداخەوە چ لە  فەیسبووک و چ لە میدیاکانیش هەر لایەنە جوانەکەی بەفربارینیان پێ پیشاندان داین و کەمتر تیشکیان خستە سەر لایەنە  ناشیرینەکەی بەفر، کەبۆتە هۆی نەخۆشیی و  ساردی بۆ ماڵە هەژار  و ئاوارەکان.

بەداخەوە هەتاوەکون ئێستاش حکومەتی هەرێم بە جددییەوە بیری لە مەسەلەی دابینکرنی نەوت نەکردۆتەوە،دابینکردنی سووتەمەنی، خاڵێکی زۆر گرنگە و ژیانییە بۆ خەڵکی، هەروەک چۆن نان و ئاوو گرنگە، نەوتیش لە زستاندا  بۆ خەڵكی زۆر گرنگە. هەتاوەکو ئێستاش زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەشە نەوتی وەرنەگرتووە، ئەمەش لەکاتێکدا ئەمساڵ زستانەکەی زۆر سەخت بووە، هەروەها ئەو بەرمیلە نەوتەش کە دەیدەن بەخەڵکی، بەراستی کەمە و بەشی پێداویستی زستانە درێژەکەی ئەم ساڵ ناکات.

هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەوپەڕی جددیەتەیەوە بیر لە دابینکردنی نەوت بۆ هاوڵاتاییان بکاتەوە، چونکە ژیانی خەڵكی بەهۆی قەیرانی داراییەوە زۆر خراپ بووەو نەبوونی نەوتیش بۆ ئەم زستانە سەختە، هێندەی تر ژیانیان ئاڵۆز تر دەکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×