بۆچی بلیخانۆڤ دژی لینین و شۆڕشی روسیا وەستایەوە؟

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2023-12-28     356

ئەردەڵان عەبدوڵڵا



زۆربەی مێژوونووسان لەسەر ئەوە کۆکن کە سەرهەڵدانی شۆڕشی روسیا و دروستبوونی یەکێتیی  سۆڤیەت و رووخانیشی، یەکێکە لە رووداوە گرنگەکانی جیهان کە لە سەدەی پێشوودا روویداوە. دیارە دروستبوونی یەکێتیی سۆڤیەت بە سەرۆکایەتی ڤلادیمێر ئیلیچ لینین لە خۆڕا دروست نەبووە، بەڵکو بەرهەمی فیکریی و سیاسیی کۆمەڵێک گروپ و حزبی سیاسی چەپی روسیا بووە  کە لە سەدەکانی پێشوودا دژی رژێمی قەیسەری خەباتیان دەکرد. 


باوکی رۆحی کۆمۆنیستەکانی روسیا

هەمیشە کە باسی لە بیری کۆمۆنیزم دەکەین لە روسیا،  دەبێت  باسی بیرمەند و سیاسەتمەداری روسیا جۆرجی بلیخانۆڤ بکەین. بلیخانۆڤ لە ساڵی 1856 لەدایکبووە و لە 1918 دا کۆچی دواییکردووە. ئەو بە باوکی رۆحیی و مامۆستای هەموو کۆمۆنیست و چەپەکانی روسیا دادەنرێت، چونکە یەکەمین گروپی چەپ لە روسیا لەسەر دەستی ئەو دروستبووە، هەروەها لەڕووی فیکریشەوە رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە بڵاوکردنەوە و شرۆڤەکردنی کۆمۆنیزم، بەجۆرێک جاران دەوترا ئەگەر کتێبەکانی بلیخانۆڤ نەخوێنیتەوە، ناتوانیت لە  مارکسیزم تێبگەیت، ئەمەش قسەی لینین بوو کە یەکێک بووە لە خوێندکارەکانی بلیخانۆڤ، بەڵام دواتر لە نێوان ئەم  مامۆستا و خوێندکارەدا، جیاوازیی فیکری و سیاسیی توند  دروست دەبێت، بە جۆرێک کاتێک شۆڕشی ئۆکتۆبەر سەرهەڵدەدات و لەلایەن لینین و ترۆتسکییەوە کار بۆ دروستبوونی یەکێتیی سۆڤیەت دەکرێت، بلیخانۆڤ دژی دەوەستێتەوە، ئەمەش بەلای من و زۆرێکی ترەوە مایەی سەرنج  و تێڕامان بوو.


وەسێتنامەیەکی گرنگ

لە کۆتایی ساڵی 1999دا، نیکۆلای ئیڤانۆڤیچ مامۆستای فیزیای تیۆریی و ماتماتیکی روسیا کە لە زانکۆی بیستوانا کاری دەکرد، یەکێک لە گرنگترین بەڵگەی ساڵانی یەکێتیی سۆڤیەت ئاشكرا دەکات، کە ئەویش وەسێتنامەکەی بلیخانۆڤە کە ساڵی 1918دا نووسیوێتی. وەک بلیخانۆڤ لە وەسێتنامەکەیدا ئاماژەی پێدەکات، ئەم بەڵگەیە ئاشکرا نەکرێت تا ئەو کاتەی بەلشەفییەکان لەسەر دەسەڵاتن، بەڵکو تەنها ئەوکاتە نەبێت کە دەسەڵاتێکی دیموکراسی حوکمی روسیا بکات. تا ئێستاش نازانرێت بۆچی ئەم مەرجەی داناوە.  ئەمە تەنها وەسێتنامەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو نامیلکەیەکی گرنگی فیکریی و سیاسییە، کە تێیدا ئەم بیرمەندە مەزنە تێڕوانینی خۆی لەبارەی شۆڕشی روسیا و بەلشەفییەکان و سەرکردەکانییەوە خستۆتەڕوو. جگەلەوەش تێڕوانینی خۆی لەبارەی کۆمەڵێک بابەتی فیکریی و سیاسیی باسکردووە کە پەیوەندییان بە بزووتنەوەی چەپ و سیستمی سەرمایەداریی و سۆشیالیزمەوە هەیە. 
 

سەرمایەداری و چینی کرێکار

هیچ بیرمەندێکی روسیا و جیهان بەو شێوەیەی بلیخانۆڤ درکی بە داهاتووی سەرمایەداریی و سۆشیالیزم و  بزووتنەوەی کرێکاران نەکردووە. لەم نامیلکەیەدا بلیخانۆڤ زۆر بە جوانی شرۆڤەی داهاتووی سیستمی سەرمایەداری  کردووە و لەهەمانکاتیشدا مەسەلەی کۆمۆنیزم و شۆڕشی کرێکاریی و دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریای شیکردۆتەوە.
بلیخانۆڤ دەڵێت:

«ئەو شیکارییەی کە لە کتێبی مانیفێستی کۆمۆنیزمدا هاتووە، تەواو دروستە بۆ سەردەمی پیشەسازیی هەڵمین، لەگەڵ هاتنە ناوەوەی کارەبادا، گرنگی و بایەخەکەی نەما. 
بە بڕوای من دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا بە تێگەیشتنی مارکس نە ئێستا و نە لە داهاتووشدا نایەتەدی، چونکە  چەند ئامێرێکی ئاڵۆز و نوێی بەرهەمهێنان  دێتە کایەوە کە بە کارەبا کاردەکەن و بە شێوەیەکی زانستی دیزاین کراون، ئەمەش وا دەکات کە پێکهاتەی چینایەتی بگۆڕن  و خودی  پڕۆلیتاریا دەکەنە چینێکی تر، ئیتر وردە وردە ژمارەی پڕۆلیتاریا کە هیچ شتێکیان نییە، لەدەستی بدەن، روو لە کەمی دەکەن، پاشان ئینتیلجیستا پلەی یەکەم دەگرێت، ئەمەش لەڕووی ژمارە و رۆڵی لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانەوە.  هێشتا هیچ کەسێکیش ئاماژەی بەم شێمانەیە نەکردووە».
بلیخانۆڤ یەکەمین فەیلەسوف بووە کە پێشبینی لەدایکبوون و بەهێزبوونی چینی ناوەندی کردووە لە سەدەی بیستەمدا، پێیوابوو کە چینی کرێکار و بەو شێوە تەقلیدییەی نامێنێت و بەرەو چینی ناوەند و رۆشنبیر هەنگاو دەنێت، ئەو ناوی ناوە « ئەنتیلیجیستا».

شۆڕشی کرێکاران و توندوتیژی

بەهۆی گۆڕانی ریشەیی لە فۆرم و ناوەڕۆکی چینی کرێکار و گۆڕینی بۆ چینێکی نوێی رۆشنبیر و تاڕادەیەک خۆشگوزەران، بۆیە بەڕای ئەو چیتر پێویست بە شۆڕش ناکات. لەمبارەیەوە دەڵێت:

«گەشەسەندنی رۆڵی ئینتیلیجستا لە پڕۆسەی  بەرهەمهێناندا، پێویستە ببێتە هۆی خاوکردنەوە و سوککردنی ئەنتاگۆنیزم «دوژمنایەتییە چینایەتییەکان».
لەلایەکی تریشەوە بلیخانۆڤ رۆڵی گرنگی ئامێرەکان لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا بەرز دەنرخێنێت، لەم گۆڕانکارییە چینایەتیەدا، بوونی ئامێرەکانیش وا دەکات کە ژیانی کرێکاران باشتر بێت. 

بلیخانۆڤ دەڵێت: «سەرمایەداری هاوچەرخ، دەمێکە درکی بەوە کردووە کە مامەڵە و کارکردن لەگەڵ کرێکارێکی تێرو پڕ و قایل، گەلێک باشترە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کرێکارێکی برسی و تووڕەدا». سەرمایەداری خۆی دەگۆڕێت و خۆی دەگونجێنێت  لەگەڵ خەباتی کۆمەڵایەتی چینی کرێکاراندا  و خۆی ئینسانی دەکاتەوە بە ئاڕاستەی  تێگەیشتن و هەڵکردن لەگەڵ ئایدیای سۆشیالیزمدا، ئەگەر شتەکە بەو جۆرەش بێت، کەواتە پێویستی بە گۆڕ هەڵکەنین نییە».


لینین و بەلشەفییەکان

هەرچەندە بلیخانۆڤ خۆی یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی سۆشیال دیموکراتی روسیا لە ساڵی 1898، لە ساڵی 1903 جیابوونەوەی تێدەکەوێت و دەبنە «بەلشەفیی و مەنشەفی، کەمینە و زۆرینە». بەڵام ئەو دواتر دەبێتە یەکێک لە گەورەترین رەخنەگر و نەیاری بەلشەفییەکان و لینین بەتایبەتی. هەرچەندە ئەو رۆڵی سەرەکی هەبووە لە پێشخستنی لینین بۆ ناو حزبی کرێکارانی سۆشیال دیموکراتی روسیا، بەڵام دواتر ئەم خوێندکارە دژی مامۆستاکەی دەوەستێتەوە. 
بلیخانۆڤ دەڵێت: «دیارترین و سەرەکیترین هەڵەی ژیانم، کە قابیلی لێبوردن نییە، بریتییە لە  لینین» 


لەبارەی بەلشەفییەکانەوە زۆر شتی نووسیوە، گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:
-بەلشەفیزم ئایدۆلۆژیایەکە کە رووی لە لۆمپەن پڕۆلیتاریا و کرێکاری برسییە. 
_تەنها شت لە بەلشەفیزمدا نوێیە، ئەویش توندوتیژییەکی چینایەتی شمولی بێسنوورە، توندوتیژی بەلشەفییەکان، مەترسییەکی گەورەی لە پشتە. ناکرێت کۆمەڵگەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئینسانی، لەسەر بنەمای زەبر و زەنگ و توندوتیژی بنیات بنرێت. چونکە هەر چاکەیەک لەسەر بنەمای خراپە دروست بووبێت، لە ناواخنی خۆیدا تۆوێکی زۆر خراپتری هەڵگرتووە.

_بەلشەفییەکان لەبری بەرقەرارکردنی ئاشتی ناوخۆیی، روسیایان خستە ناو جەنگێکی ناوخۆیی گەورەوە. جەنگێکی خوێناوی و بێبەزەییانەش پێویست بوو بۆ بەلشەفییەکان، چونکە بەم رێگەیە نەبوایە، نەیاندەتوانی پارێزگاری لە دەسەڵات بکەن و جێپێی خۆیان قایم بکەن. 

_کرێکاران لەژێر سایەی سۆشیالیزمی لینیندا، لە کرێکاری کرێگرتەی سەرمایەدارەوە، دەبنە کرێکاری کرێگرتەی دەوڵەتی فیوداڵی. جووتیارانیش، هەموو قورسایی بە پیشەشازیکردنی دەوڵەت دەکەوێتە سەرشانیان، لەناو ئەم دەوڵەتە فیوداڵەشدا جووتیاران دەبنە کۆیلە.

_بیرۆکراتە حزبییەکان، لە کارمەندان و فەرمانبەرانی قەیسەری خراپتر دەبن، چونکە ئەو کارمەندەی نوێنەرایەتی و رابەرایەتی حزب دەکات، دەست لە هەموو شتێک وەردەدات و تەنها لەبەردەم «هاوڕێ حزبییەکانی خۆیدا» بەرپرسیار دەبێت.
-سەدەی بیستەم، سەدەی دۆزینەوە  مەزنەکانە، سەدەی رۆشنگەری و مرۆڤدۆستییە، ئەم سەدەیە بەلشەفیزم رەتدەکاتەوە و سەرکۆنەی دەکات.

 

گرنگیی ئەم نامیلکەیە

لەم نامیلکەیەدا بلیخانۆڤ پێشبینی دروستبوونی سیستمی دیکتاتۆری کردووە و لە هەمانکاتیشدا پێشبینی دروستبوونی دەوڵەتێک دەکات کە لەسەر بنەمای ترس دروست دەبێت، کە هیچ سوودێکی بۆ کرێکاران و جووتیاران نییە، بەڵکو لەجیاتی ئەوەی ژیانیان باشتر بکات، خراپتری دەکات. لە هەمووشی گرنگتر باس لە بیرۆکراتیی حزبی دەکات، کە دواتر دەبێتە کێشەیەکی گەورە بۆ وڵاتەکە. 

لەلایەکی دیکەشەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو دەوڵەتەی بەلشەفییەکان دروستی دەکەن، دەوڵەتێکی سۆشیالیستی نییە، بەڵکو «سەرمایەداری دەوڵەتی»ە. 
بەداخەوە لەناو چەپی کوردیدا زۆر درەنگ بۆچوونەکانی  بلیخانۆڤ بڵاوکرایەوە، راستە حزبی شیوعی دژی بۆچوونەکانی بلیخانۆڤ بوو، بەڵام کۆمەڵێک حزب و گروپی چەپی کوردی تر دروستبوون، لەناو ئەدەبیاتیاندا باسی ئەم نامیلکەیەیان نەکردووە یان هەوڵیان نەداوە کە وەری بگێڕنە سەر زمانی کوردی.  
کە لە ئەڵمانیا بووم  لە رێگەی گروپێکی چەپی ترۆتسکی ئەڵمانییەوە بۆ یەکەمجار چاوم بەم نامیلکەیە کەوت، خۆشبەختانە ئێستا ئەم نامیلکەیە  لەلایەن  «فەرهەنگ عیسا» کراوە بەکوردیی و دەزگای ئایدیا چاپی کردووە،  ئەمەش کارێکی باشیان کردووە.
بەداخەوە لەناو چەپی کوردیدا رەخنەگرتن لە یەکێتیی سۆڤییەت درەنگ دەستیپێکرد، هەتا ماوەیەکی زۆر، باس لە رەخنە و کەموکوڕییەکانی ئەم دەوڵەتە نەدەکرا، بەتایبەتی سیاسەتی هەڵەی بەرامبەر بە گەلی کورد، چونکە ئەم دەوڵەتە هەر لە سەرەتاوە بە زەرەر بۆ گەلی کورد گەڕاوەتەوە. 

من لە کتێبی «ئایا روسیا دەبێتەوە بە زلهێزەکەی جاران» بە وردی باسی ئەم مەسەلەیەم کردووە، وابزانم یەکەم کەس بووم کە بەو شێوەیە باسی کاریگەرییە خراپەکانی شۆڕشی روسیام لەسەر کورد کردووە.


دوا قسە

بە دڵنیاییەوە ئەمەی بلیخانۆڤ نووسیوێتی تەنها وەسێتنامەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو شڕۆڤەیەکی قووڵە بۆ دۆخی روسیا و بەلشەفییەکان و یەکێتیی سۆڤیەت، لەمەشدا گرنگی بلیخانۆڤ دەردەکەوێت، کە ئەو وەکو بیرمەندێک و فەیلەسوفێک سەیری رووداوەکانی کردووە، تەنها لە سۆنگەی سیاسییەوە سەیری روسیا و جیهانی نەکردووە، بەڵکو لە قووڵایی فیکرییەوە دواڕۆژی ئەم شۆڕشە و یەکێتیی سۆڤیەتی خوێندۆتەوە، کە دواجاریش مێژوو راستی قسەکانی ئەوی سەلماندووە.  
خۆزگە زۆر زووتر ئەم وەسێتنامەیە بە کوردی بڵاوبکرایەتەوە، بۆئەوەی چەپی کوردی لە راستیی و دروستی یەکێتی سۆڤیەت تێبگەیشتنایە و بە ناڕەوا ئەم پیاوەیان بە خائین دانەنایە، هەرچەندە خۆشم تا ماوەیەکی زۆر وامدەزانی ئەم پیاوە خیانەتی لە شۆڕشی روسیا کردووە، بەڵام دواتر رووداوەکان راستی بۆچوونەکانی ئەوی سەلماند. 

سەرچاوە:
 جۆرجی بلیخانۆڤ. دیوی ناوەوەی شۆڕشی بەلشەفی و پێکهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت. وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: فەرهەنگ عیسا. چاپی یەکەم. دەزگای ئایدیا. سلێمانی.2022

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×