ڤایرۆسی کۆرنا و توندڕەرویی ئایینی

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2020-03-20     731

لە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەواوی وڵاتانی جیهان، ناچاربوون هانا بۆ کۆمەڵێک ڕێوشوێنی تایبەت بەرن بۆ خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە کوشندەیە، وەکو داخستنی دامودەزگا حکومییەکان و شوێنە گشتییەکان، هەروەها داخستنی مزگەوت و کڵێساکان بۆ ماوەیەکی کورت، ئەمەش بە دڵی هەندێک کەس نەبوو بەتایبەتی توندڕەوە ئاینییەکان.
کەناڵی " الحرة" ی ئەمریکی راپۆرتێکی گرنگی لەمبارەیەوە بڵاوکردۆتەوە، تێیدا باسی تێڕوانینی زۆرێک لە بزووتنەوە توندڕەوەکان دەکات لە جیهاندا. مەلایەکی سەلەفی توندڕەویی مەغریبی داخستنی مزگەوتەکان بە کوفر دادەنێت، قەشەیەکی توندڕەوی مەسیحی ئەمریکیش داخستنی کڵێساکان بەکاری شەیتان دادەنێت و پێی وایە کڵێساکان پاکترین شوێنی جیهانن و هیچ ڤایرۆسێک زاتی نییە زەفەریان پێ بەرێت.
داخستنی مزگەوت کارێکی ناشەرعییە
لە مەغریب لە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەت بڕیاڕیدا تەواوی شوێنە گشتییەکان و دامودەزگا حکومییەکان و مزگەوتەکانیش دابخات، لە پاش ئەمە، مەلایەکی سەلەفی توندڕەو بە ناوی " أبو النعيم"" گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی تویتەر بڵاوکردۆتەوە، تێیدا دەڵێت: ئەم کارەی حکومەت کوفرە و دژی ئاینی ئیسلامە، موسڵمانان ڤایرۆس کۆرۆنا کاریان تێناکات.
جگە لەوەش هەوادارانی ئەم مەلایە لە دژی بڕیارەکەی حکومەت، چوونە بەردەم مزگەوتێک کە دەرگاکەی داخرابوو، نوێژی جەماعەتیان کرد.
کوێت
لە کوێتیش مەلایەکی سەلەفی دژی داخستنی دەرگای مزگەوتەکان بوو، " حاكم المطيري" سەرۆکی بزووتنەوەی سەلەفی توندڕەو لە کوێت، لە تویتێکیدا دژی داخستنی مزگەوتەکان وەستایەوە، هەروەها دژی فەتوای پیاوانی ئاینی سعودیەش وەستایەوە، کە فەتوایان دابوو، کارێکی شەرعییە موسڵمانان خۆیان لە نەخۆشی بپارێزن. ئەو بە پێچەوانەوە داوای کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکانی کرد.
ئێران
لە ئێرانیش لە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەربڵاو، حکومەت بڕیاری داخستنی مزگەوت و مەرقەدە پیرۆزەکانی دا، هەروەها داوای لە هاوڵاتیان کرد لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوەو نەچنە شوێنی قەرەباڵخیەوە، بەڵام هەندێک توندڕەویی ئاینی لە مەرقەدی " مەعسومە" لە شاری قوم ، کۆبوونەوە و دژی بڕیارەکەی حکومەت ناڕەزاییان دەربڕیی و ویستیان بە زۆر دەرگاکە بکەنەوە. هەروەها لە شاری مەشهدەیش بەهەمانشێوە، کۆمەڵێک مەلای توندڕەو دژی بڕیاری داخستنی مەرقەدە پیرۆزەکان وەستانەوە.
ئەمریکا
لە ئەمریکاش توندڕەوی ئایینی دژی بڕیاری حکومەت وەستانەوە، کاتێک جینا ریموند ژنە حکامی ولایەتی رۆد ئایلاند، داوای لە خەڵکی کرد، ئەم ماوەیە نەچنە شوێنی قەرەباڵخییەوە و لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە. بەڵام ئادەم یونگ ، قەشەی کڵێسای قەدیس پۆلس، لە تویتێکیدا داوای لە گەنجەکان کرد، کە رۆژی یەک شەممە بێنە کڵێساو تاوەکو نوێژ بکەن. دەشڵێت، کڵێسا پاکترین شوێنە و هیچ ڤایرۆسێک کاری تێناکات.
رۆژ لە دوای رۆژیش ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا زیاتر بڵاودەبێتەوە، هەتاوەکو ئێستاش هیچ دەرمانێک لە دژی نەدۆزراوەتەوە. لە ئێستادا جیهان لە جەنگێکی گەورەدایە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە، گەرچی توندڕەوەکان هێشتا باوەڕ بەم رەوشە ترسناکە ناکەن.
سەرچاوە:
1/ رجال دين يرفضون إجراءات الوقاية من كورونا،سایتی کەناڵی الحرة. www.alhurra.com

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×